ڕاپۆرتی جیهانی

03:45 - 04/01/2020

ئایا ئێران و ئەمریكا گفتوگۆ دەكەن؟‌

كوردستان ئەحمەد

ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بەهۆی كوشتنی جەنراڵ قاسم سولەیمانیەوە و هەروەها هێرشە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكە و بارەگا و سەركردەكانی حەشدی شەعبی تادێت زیاتر دەبێت و لە ئێستاشدا هیچ هیوایەك بۆ گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە نەماوەتەوە، هەر چەندە لە ماوەی رابردوودا سویسرا و یابان ڕۆڵی گەورەیان بینی بۆ ئەوەی ئێران و ئەمریكا بچنە گفتوگۆی راستەوخۆوە.

هەرچەندە ئەمریكیەكان چەندین جار پەیامی ڕاستەوخۆیان بۆ ئێران ناردووە كە دەیانەوێت گفتوگۆ بكەن بۆ گەیشتن بەڕێگەچارەیەكی ریشەی بۆ كێشەكانی نێوانیان بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران بەهەموو شێوەیەك گفتوگۆ لە ژێر هەرناوێكدا رەتدەكاتەوە و ئامادەنیە لە گەڵ سەرانی ئەمریكادا كۆبونەوە ئەنجام بدات.

یابان و سویسرا رۆڵی ئاشتی دەبینن
سەرۆك وەزیرانی یابان شینزۆ ئابێ كە یەكێكە لە دۆستە هەرە نزیكەكانی خامنەی و رۆحانی لە ماوەی رابردوودا سێ جار سەردانی تارانی كرد و جارێكیش نامەی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە رێبەرانی باڵای شۆرشی ئیسلامی و داوای ئەوەی كرد كەببێتە  نێوبژیوانی هەردولا و ئاشتی لە نێوانیاندا بەرقەرار بكات، بەڵام  دەستەی باڵای دەسەڵاتی ئێران ڕایگەیاند بەتوندی هەموو  دیدار و چاوپێكەوتنێك لە نێوان  وڵاتەكەیان و ئەمریكا رەت دەكەنە وە و دەستیان بەرووی شینزۆ ئابێیی دۆستیانەوە نا رێگەیان نەدا یابانیەكان ئاشتی دروست بكەن.

ئەوە لەكاتێكدایە سویسراش بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامێكی روون بە ئێران بدات كە ئەمریكا بەراستی هاتوەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ئەمریكادا دروست بكات، بەڵام ئێران چەندین جار دەستی بەڕویی سویسراوە ناوە و ئامادەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەك نەبووە بە نێوەندگیری سویسرا.

لەدوای  کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرمانداری  باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو نامە لەنێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وەڵامێکی توندی نامەکەی ئەمەریکایان داوەتەوە، ئەگەرچی ئەمەریکییەکان دەیانەوێ دۆخەکە هێور بکەنەوە، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بڕیاری تۆڵەکردنەوەی داوە.

ھەر لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، لەلایەن ئەمەریكاوە بەشێك لە وڵاتان لە ھەوڵدان كە ئێرانییەكان ھێوربكەنەوە، بۆ ئەوەی كاردانەوەیەكی بەپەلە و مەترسیداریان نەبێ، یەكێتی ئەوروپا داوادەكات هەردوو لادان بەخۆدا بگرن و هیچ هەڵەیەكی گەورە نەكەن و دژی یەكتر نەوەستنەوە.

هەرچەندە سعودیە هاوپەیمانی پیشەیی ئەمریكایە  بەڵام  دژبەرێكی داوای ھێوركردنەوەی دۆخەكە دەكات و داوادەكات ئێرانی و ئەمریكیەكان رووبەرووی یەكتری نەبنەوە.

ویلایەتی فەقێ ددان لە واشنتن دەسوێ
سولەیمانی بۆ تاران وەك تۆپێنەرترین كەسایەتی وایە و  دەتوانین بڵێین بەو هێرشە راستەوخۆیەی ئەمریكا كە ئەوە یەكەم جارە ئەمریكا ئەنجامی بدات، كەسی دووەم ی ئێران كوژرا، بە لێدوان و ھەڵوێستەكانی بەرپرسانی ئێرانەوە دیارە كە كۆماری ئیسلامی ئێران تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی دەكاتەوە، ئەگەرچی دیار نییە چۆن و كەی و لەكوێ؟

 بەڵام بەپێی لێدوانە توندەكانی خامنەی و سوپای پاسداران و هێزەكانی دیكەی ئێران بێت ئەمریكا گورزی كوشندە دەخوان و هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریكا خۆی و هاو ئاوازەكانی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەرچەندە ئەمریكا دەڵێت ئەوان شەریان ناوێت لەگەڵ ئێراندا بەڵام  ترەمپ دەڵێت دەبوو زوتر قاسم سولەیمانی بكوژرایە و لەناویانببردایە.


چوای هەموو جیھان لەرسەر ئێرانە كە ئایا كاردانەوەكەی چۆن دەبێت و جۆری كاردانەوەی كرداری ئێرانەچۆن؟ ئایا ئێران تۆڵە دەكاتەوە، وەڵامەكەش رۆژی ھەینی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دراوەتەوە، ئەوان دەڵێن بێگومان تۆڵە دەكەنەوە، بەڵام رایان نەگەیاندووە كە چۆن ئەو تۆڵەیە دەكەنەوە.

ئێران و ئەمریكا نامە ئاڵوگۆڕدەكەن
ئەمریكا لە رێگەی باڵوێزخانەی سویسراوە لە تاران  نامەیەكی گەیاندە دەستی ئێران و تێیدا داوای كرد كە دەبێت هەردوولا بچنە گفتوگۆوە و دەست بە قسەكردن لەسەر بابەتی لێكتێگەیشت و گفتوگۆی بابەتیانە دەستپیبكەن.

لە نامەكەدا باس لە دۆخەكە كراوە و ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی ئەم نامەیەوە گفتوگۆ ئەنجام بدات بە هەرشێوەیەك كە دۆخەكە هێور بكتەوە و چارەسەری كێشەكان بكات.

كاتێك ئێران وەڵامی پەیامەكەی دایەوە زۆر بەتوندی هەرەشە لە ئەمریكا دەكات  دەڵێت : بێگومان بەتوندی هێرش دەكرێتەوە سەر ئەمریكا و تۆڵەی حاجی قاسم لە ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانی ئەو وڵاتە دەكەنەوە.

بەپیی ناوەڕۆكی نامەكان بێت كە لە پشت هەموو لێدوانەكانەوەن هیچ هیوایەك بۆ گفتوگۆ لە نێوان تاران و واشنتندا دروست نابێت  ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا فشارێكی زۆر گەورە لەسەر ئێران هەیە بۆ ئەوەی فشار بكات و تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوە.

لەهەردوو قۆناغەكەدا چ ئاراستەكە بەرەو شەر بێت یاخود بەرەو گفتوگۆ لە ئێستادا بۆ ئێران و ئەمریكا لەبار نییە، هەموو ئاراستەكان بۆ ئەوە دەرۆن كە ئێران ئەم دۆخە قبوڵ ناكات، پپێدەچێت ئێران لە نزیكترین كاتتدا لە رێگەی هاوئاوازەكانیەوە بتوانێت هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا.