ڕاپۆرتی جیهانی

07:35 - 05/01/2020

بۆچی کوژرانی قاسم سلێمانی لە کوژرانی بن لادن و بەغدادی گرنگترە‌

پەیسەر

بە ئامانجگرتنی ئەو ئوتۆمبێلەی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیسی سەرکردەی حەشدی شەعبی هەڵگرتبوو، بۆمبێکی هەواڵیی گەورە بوو کە لە جیهاندا تەقییەوە. کاریگەرییەکانی ئەم رووداوە لە سەر تێکچوونی پێوەندییە ئاساییەکانی جیهان، لە کوشتنی ئوسامە بن لادن و ئەبووبەکر بەغدادی زیاترە.


هۆکارەکەیشی بۆ ئەو نیگەرانییانە دەگەڕێتەوە کە لە بارەی هەڵگیرسانی شەڕی راستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەن، شەڕێک کە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر دەکات.

بۆ کوژرانی بن لادن و ئەبووبەکر بەغدادی، حکومەت یا هێزێکی کۆمەڵایەتی بەرین لە ئارادا نەبوو کە تۆڵەیان بکاتەوە. بە پێچەوانەوە بۆ نەفرەتلێکردنیان کۆدەنگییەکی جیهانی لە ئارادا بوو.

 سلێمانی لە هەندێک وڵات لایەنگری پڕسۆزی هەیە

بەڵام قاسم سلێمانی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، کەسی سەرەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بوو لە ناوچەکەدا و ئەڵقەیەکی زنجیری سەختی هێزە یەکەمەکانی دەسەڵات بوو، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی سادەی پنتاگۆن لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (هەورەبروسکەی نیلی)دا کوژرا.

ئەم رووداوە جیهانی تووشی سەرسووڕمان کرد، بە تایبەت لەو رووەوە کە سلێمانی لە هەندێک وڵات لایەنگری پڕسۆزی هەیە. لە دنیای سیاسی ئەمریکایشدا ژمارەی ئەو کەسانەی دژی کوشتنی سلێمانین کەم نییە. دیارە لەگەڵ ئەوەی بۆ نیگەتیڤبوونی رۆڵی سلێمانی هاوڕای حکومەتی ئەمریکان.  

سەرسوورهێنەربوونی رووداوەکە تەنیا لە کوشتنی قاسم سلێمانی و هاوڕێکانیدا نییە، چونکە بۆ جارێکی دیکە پەردە لە سەر چاڵە قووڵ و تاریکەکانی سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی و هاوتەریبەکانی لە عێراق لا دەدات کە بە ئاسانی بوون بە تەڵەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە. حکومەتی ئەمریکا راشکاوانە ئەم پەیامەی گەیاند؛ نائەمنکردنی باڵیۆزخانە و ناوەندە سەربازیی و بازرگانییەکانی سەر بە ئەمریکا لە عێراق، باجی قورسی وەک کوشتنی کەسە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکانی لە ناوچەکەدا بە دوادا دێت.

لەو چرکە ساتەوەی کە ترەمپ راشکاوانە لە تویتێکدا هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و بە دوای ئەودا مایک ئەسپر وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند؛ حکومەتی ئەمریکا لە عێراق چووەتە ناو سیاسەتێکی نوێوە و سیاسەتێکی دیکە کەشتیوانیی دەکات. پێشبینی دەکرا وەڵامی ئەمریکا بۆ ئێران زۆر قورس دەبێ.

بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئەو هەڕەشانەیان بە جدی وەرنەگرت، بگرە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لە دۆخی هەڵچووی عێراقدا و بە ئاگاداربوون لەوەی کە بەشێکی گرنگی خەڵکی عێراق دژایەتییان دەکات، قاسم سلێمانی چووە ئەو وڵاتە. واتە لە حاڵێکدا کە چەندین مانگە لە عێراق ناڕەزایەتی جدی بەرامبەری هاتووەتە ئارا. بڕوابەخۆبوونی درۆیینە و هەڵسەنگاندنی هەڵە بۆ خۆڕاگرتنی ترەمپ لە ئاست کاردانەوەی تۆڵەسێنەرانە و خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا، بوونە هۆی ئەوەی قاسم سلێمانی بە دڵنیایی بچێتە ناو خاکی عێراق.

حکومەتی ئێران کەوتووەتە ناو دۆخێکی زۆر تایبەت و جیاوازەوە

ئێستا بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، گەیشتووەتە رادەیەک کە بە شێوەیەکی بێوێنە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت لە شەڕی بریکارانەوە بڕوات بەرەو شەڕی راستەوخۆ، ئەمەیش وای کردووە پێشبینیکردنی رووداوەکانی داهاتوو ئاسان نەبێت.
بە لە بەرچاوگرتنی شێوازی مێژوویی کۆماری ئیسلامی، ئەو حکومەتە کارادانەوەی بەرامبەر بەم رووداوە خاو و ناوهاوسەنگ دەبێ، بەڵام توندبوونی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بە هێرشی حەشدی شەعبی و کەتیبەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کوشتنی هاووڵاتییەکی مەدەنی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە کەرکوک، کە ئەمریکا پێیوایە بە بەشداری هێزی ئێرانی کراون، کاردانەوەی هاوسەنگ نییە و بە رادەیەک قورس و سووکایەتیپێکەرانەیە کە نەنواندنی کاردانەوەی خێرا بەرامبەری بۆ ئێران تێچووی زۆری هەیە.

دیارە حکومەتی ئێران کەوتووەتە ناو دۆخێکی زۆر تایبەت و جیاوازەوە. تا ئێستا ستراتیژی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەمریکا چ لە سەردەمی رابەرایەتی خومەینی و چ لە سەردەمی خامەنەییدا، پارێزکردن بووە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا. بەڵام ئێستا دۆخێک هاتووەتە ئارا کە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتەی تووشی کێشەی گەورە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە بە بوونی کەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپ بەو تایبەتمەندییە ناباوانەیەوە لە ناو کۆشکی سپیدا، دەکرێ هەڵسوکەوتی هێرشبەرانەی حکومەتی ئەمریکا چاوەڕواننەکراو و کراوە بێت. لەم رووەوە دۆخەکە زۆر ئاڵۆز دەنوێنێ.

حکومەتی ئەمریکا پەیامێکی راشکاوانەی بڵاو کردووەتەوە، بەوەیکە نائەمنکردنی باڵیۆزخانە و ناوەندە ئابووریی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، قبوڵ ناکات و ئامادەیە بە توندترین شێوە بەرەوڕووی بێتەوە.

دیارە کاردانەوەی تۆڵەسێنەرانەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لە قۆناغی یەکەمدا پێویستی بە شیکردنەوەیەکی گشتگیرە لە بارەی چۆنیەتی ئەم رووداوە و جۆری ئاشکرابوونی کات و شێوازی ئامادەبوونی قاسم سلێمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا. جارێکی دیکە چاڵە قوڵ و تاریکەکانی سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی تیشکیان تێ کەوت و ئاشکراکران، سیستەمێک کە لە بەرامبەر دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆرئاوا و ئیسرائیلدا لاوازە.

کۆی ئەم هۆکارانە وا دەکەن هەڵسەنگاندنی داهاتوو دژوار بێت. بە هەمان ئەندازە کە بڕواهێنان دژوارە بەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەیەکی کورتدا ئاراستەی مێژوویی (کاردانەوەی خاو و ناهاوسەنگ) خۆی بگۆڕێت. بە هەمان ئەندازە ئەوەیش دژوارە کە پێمانوابێ لەم رووداوەدا کۆماری ئیسلامی بێدەنگ دەبێ و تەنیا بەوە رازی دەبێ کە هەست و سۆزی خەڵک بجوڵێنێ و قاسم سلێمانی بە پاڵەوانی ئەفسانەیی پێشان بدات.

هەڕەشەکردنی خامەنەیی بە تۆڵەسەندنەوەی قورس و راگەیاندنی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە کۆماری ئیسلامی کارادانەوەی تۆڵەسێنەرەوانەی دەبێ، بەڵام روون نییە لە چ ئاستێکدا دەبێ. بە تایبەت کە خامەنەیی لە پەیامەکەیدا باسی پێشکەوتنی داهاتووی هێزەکانی ناسراو بە "بەرەی خۆڕاگری" کرد. لە لایەکی دیکەوە پرسی هاوسەنگی هێز، پێشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە رووبەڕووبوونەوەی باودا  لاوازە.

حکومەتی عێراق کە سەروەری نەتەوەیی لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێشێلکراوە

بزوێنەری گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە حکومەت و کۆمەڵگەی عێراقە. کاردانەوەکان بەرامبەر کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی مەهەندیس، نەک هەر لە عێراق بگرە لە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێشاندەری کەشێکی دوو جەمسەرین. لایەک دڵخۆشە و ئاهەنگ دەگێڕێ، لایەکی دیکە زۆر تووڕە و نیگەرانە و لەم دۆخەدا هەست بە ترس دەکات.

حکومەتی عێراق کە سەروەری نەتەوەیی لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێشێلکراوە، خۆی فاکتەرێکی کاریگەرە، بەڵام بێتوانایی ئەم حکومەتە لە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشی سەر بە حەشدی شەعبی وایکردووە حکومەتی ئەمریکا خۆی بە خاوەن ماف  بزانێ، بە جۆرێک کە دەست بداتە ئۆپەراسیۆنی بەرگریکارانە لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی لە عێراق-دا و لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیدا.

پەیوەندی پێکەوە بەستراوی ئەمنیی، ئابووریی و سەربازیی عێراق بە ئەمریکاوە، رێگەی پێنادات لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا لایەنی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێت. بە تایبەت کە ئەم حکومەتە لە عێراقدا ناڕازی زۆرە. دیارە حکومەتی عێراق گیرۆدەی شەڕی رووبەڕووی نێوان ئێران و ئەمریکا لە خاکەکەیدا بووە، شەڕێک کە زیاتر دەبێتە هۆی لاوازبوونی و سەرباری هەوڵەکانی نەیتوانی بەر بەم رووداوە بگرێت.

فاکتەرێکی گرنگی دیکە کاردانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانە. ئەگەر لە کەشی گشتی ئێراندا، کۆمەڵگە لەگەڵ حکومەت نەبێ و دژی کوشتنی قاسم سلێمانی نەوەستێتەوە، ئەو کات بۆشایی هێزی نەرم کاردانەوەی تۆڵەسێنەرەوانەی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە.

بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی حکومەت دەزانن کە هەر چەشنە کاردانەوەیەک، کاردانەوەی بەرامبەری بە دوادا دێت و زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی پێک بەرامبەر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئەزموونی گەمارۆ تاکلایەنەکانی ئەمریکا پێشان دەدەن کە ئەو گەمارۆیانە بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتی خەڵکی لە کۆماری ئیسلامی لێ کەوتووەتەوە و چینەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت هەژاران ئامادەنەبوون بچنە پاڵ حکومەت و لە پێناو ئەو ئامانجانەدا کە حکومەت بانگەشەیان بۆ دەکات برسییەتی بکێشن. لە بارودۆخی ئێستایشدا روون نییە خەڵک تا چەند بەرگەی دژواریی ئابووریی دەگرن، تەنانەت ئەگەر هەیە ناڕەزایەتییەکان سەر هەڵبدەنەوە و پەرە بسێنن.

لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆدا و بە تایبەت ئەو خەندەقی خوێنەی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا دروست بووە. کێشەیەکی دیکەیە کە ناکرێ لە لێکدانەوەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە بەرچاو نەگیرێت. لە حاڵەتێکدا نەبێ کە هاوشێوەی ئەم دواییە هەڵەکردن لە لێکدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی، بە تایبەت توندکردنەوەی گرژی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بێ و کۆماری ئیسلامی بە هەڵە لە سەر بنەمای هەست بڕیار بدات کە دیارە ئەنجامی مەترسیداری دەبێ.

رووی یاسایی، روویەکی دیکەی پڕ کێشەی ئەم رووداوەیە. لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، کوشتنی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی حکومەتی ئێران کە لە ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نراوە، سزایەکە لە دەرەوەی یاسا و هیچ روویەکی یاسایی نییە.

لە رووی سەربازیی و ستراتیژیشیەوە، کارەکەی ئەمریکا، واتە کوشتنی زیاد لە ٢٥ ئەندامی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و کوشتنی یەکێک لە کاریگەرترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر کوژرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی ئەمریکادا، بە کارێکی نەگونجاو دەزانرێ. 

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی پەڕاوێکی قەبەیان بۆ قاسم سلێمانی ئامادە کردووە. بە جۆرێک کە دەیسەلمێنێ راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کوشتنی سەربازانی ئەمریکادا دەستی هەبووە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا هەموو سوپای پاسدارانی ئێرانی خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە و لە دیدی سیستەمی سیاسی ئەمریکاوە بە ئامانجگرتنی هەر ئەندامێکی ئەو سوپایە کارێکی رەوایە. ئەمەیش بڕیاردان لە بارەی رووی یاسایی ئەم رووداوە تووشی ئاڵۆزی دەکات.

 ئەگەر هەیە کە پێگەی کۆماری ئیسلامی لاواز بێ و بکەوێتە دۆخی بەرگرییەوە

هۆکارێکی گرنگ بۆ بڕیاردان لە بارەی ئەم بابەتە، روونبوونەوەی رۆڵی گریمانکراوی کۆماری ئیسلامی و خودی قاسم سلێمانییە لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کەرکوک و تێکدانی بەشێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.      

 هەندێک ئاماژە بوونی ئەو رۆڵە پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام هێشتا یەکلاکەرەوە نین. ئەگەر بەراستی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا دەیخاتە پاڵ قاسم سلێمانی راست بن. ئەو کات دەسەلمێنرێ کە دەستپێشخەری دوژمنکارانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوە. بە پێچەوانەیشەوە ئەمریکا بە دەستپێشخەر دادەنرێ و ئەو کات بە کردار واتای راگەیاندنی شەڕ دەدات.

دوای ئەم رووداوە پەرەسێنەرە، لێکەوتە ئەمنییەکانی بەدەرن لەوەی پاساوهەڵگرە یا پاساوهەڵگر نییە. بۆیە روون نییە بڕیاری حکومەتی ئەمریکا بۆ گرتنە بەری ئۆپەراسیۆنی شێوە تیرۆریستی، باشبوونی دۆخی ئەمنیی عێراقی لێ بکەوێتەوە. تەنانەت ئەگەر هەیە هەڕەشەکانی سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە روو لە زیادبوون بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەیە کە پێگەی کۆماری ئیسلامی لاواز بێ و بکەوێتە دۆخی بەرگرییەوە.

پێدەچێت توندبوونی هەڵسوکەوتی ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دژ بە پەرەسەندنی هەژموونی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، سەرەتایەک بێ بۆ پێچەوانە بوونەوەی پرۆسەی پەرەسەندنی هەژموونی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوەی بۆ ناو سنوورەکانی خۆی.

ئێستا دۆخەکە زۆر ناڕوونە و دەبێ چاوەڕێ بکرێت و بزانرێ ئایا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە تووشی هەڵچوون بووە، بەرەو قۆناغێکی نوێی گرژی و تێکگیرانی سەربازیی هەنگاو دەنێت؟ یا نزیکبوونەوەی شاخەکانی ئێران و ئەمریکا لە خاڵی سوور و هاتنە ئارای هەڵسەنگاندنی واقعیی هاوسەنگیی هێز، ئەنجامی پێچەوانە دەدات و دۆخەکە بەرەو دوورکەوتنەوەی ناچاریی لە گرژیی دەبات؟

سەرچاوە: رادیۆ فەردا