09:42 - 05/01/2020
بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان..نه شیش بسوتێت نه كه‌باب
ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌مڕۆ پێنج بڕیارى ده‌ركرد، به‌ڵام به شه‌ش خاڵ دڵنیایى به ئه‌مریكادا كه بڕیاره‌كان دژى ئه‌و نین. په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هه‌ستیار و پڕ مشتومڕى ئه‌نجامدا، چاودێران له جیهانه‌وه چاویان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه بوو. شیعه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ى له شه‌قام دروشم ده‌ڵێنه‌وه له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مان بڕیاریان نه‌دا، هه‌ندێك كه‌فوكوڵ به‌و چه‌ند بڕیاره كه‌مه‌ى په‌رله‌مانه‌وه دیاره، به‌ڵام شیعه‌كان لۆژیكیان پێش هه‌ست و سۆز خست. بڕیاره‌كان نه ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌كات به بردنه ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌كانى، نه رێككه‌وتنه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ئێجگار چاره‌نوسساز بوو به‌تایبه‌ت بۆ كورد، كه هاوشانى سوننه‌كان چوونه ده‌ره‌وه‌ى هۆڵى په‌رله‌مان، به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران ئه‌م چه‌ند رۆژه ته‌نانه‌ت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان به دوور ده‌گرن له لێدوان بۆ میدیاكان، ده‌ترسن بكه‌ونه به‌ر سزاى تۆڵه‌ى لایه‌كى شه‌ڕه‌كه، ئه‌و شه‌ڕه‌ى عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانى و به‌خوێنى عێراقییه‌كانیش به‌ڕێوه‌ده‌چێت. كورد ئه‌مڕۆ ئه‌مریكاى هه‌ڵبژارد، كه پێده‌چێت ئه‌وه‌ش بیخاته به‌ر فشارى گه‌وره‌و دوورنییه باجیشى هه‌بێت، به‌ڵام ئیتر رۆژى خۆ یه‌كلاییكردنه‌وه بوو.
هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا جێگه‌ى خۆى گرت
شه‌وى شه‌ممه محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بانگهێشت كرابوو بۆ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له عێراق، به زمانێكى توند قسه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌مریكییه‌كان له‌رێگه‌ى حه‌لبوسییه‌وه به‌روونى هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه و توڕه‌یى خۆیان له ئه‌گه‌رى به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه پیشانداوه، ئه‌وه‌بوو كۆبوونه‌وه‌كه دواخرا بۆ ئه‌مڕۆ، ئه‌مڕۆش بڕیاره‌كانى به‌وجۆره نه‌بوون كه به‌یه‌ك جارى عێراق بخاته به‌ره‌ى دژى ئه‌مریكاوه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌كانى به عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماریش گه‌یاندووه، پوخته‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا به‌م جۆره‌بوون:
-واشنتن سزاى ئابوورى ده‌خاته سه‌ر عێراق و رێگرى ده‌كات له فرۆشتنى نه‌وت، ئه‌مریكییه‌كان گوتویانه داهاتى نه‌وت بۆ حه‌شدى شه‌عبى ده‌ڕوات كه مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى، بۆیه چیتر رێگه ناده‌ن عێراق نه‌وت هه‌نارده بكات.
-هه‌روه‌ها گوتوویانه داواى قه‌ره‌بووى ماددى له عێراق ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ر خه‌رجییه‌كان كه به ترلیۆنێك و ٣٠٠ ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرێت. عێراق ناتوانێت بچێته ژێر بارى دانه‌وه‌ى هیچ قه‌رزێك.
-هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو رێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌كانیان كردووه، ئه‌وه‌ش به‌هاى دینارى عێراقى دهڕمێنێت، كه به‌پشتیوانى ئه‌مریكا شوێنى خۆى گرتووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌جددى وه‌رگرت، بۆیه‌ش بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان به‌وجۆره بوون كه نه‌شیش بسووتێت نه كه‌باب، به بڕیارێكى كرچ و كاڵ هه‌م دڵى شه‌قامى توڕه‌و گریاوى شیعه بده‌نه‌وه، هه‌م ره‌چاوى توڕه‌یى و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا بكه‌ن. ده‌قى بڕیاره‌كان ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌و نامه‌یه‌ى موقته‌دا سه‌در بوو كه بۆ په‌رله‌مانى ناردبوو له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه، موقته‌دا داوایكردبوو، باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا دابخرێت، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به یاسا بكرێت به تاوان، سه‌ربازگه‌كانى ئه‌مریكا دابخرێن و سه‌ربازه‌كان بكرێنه ده‌ره‌وه، بایكۆتى كاڵاى ئه‌مریكى بكرێت، كه‌تیبه‌ى شه‌ڕكه‌ر درووستبكرێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه.
هیچ كام له داواكارییه‌كانى موقته‌دا له بڕیاره‌كانى په‌رله‌ماندا جێگه‌ى نه‌كرایه‌وه، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه بۆئه‌وه‌ى ره‌چاوى زۆرى توڕه‌یى ئه‌مریكییه‌كان كراوه، ته‌نانه‌ت زانیارى هه‌یه محه‌مه‌د حه‌لبوسى له‌سه‌ر چه‌ند به‌ڵێنێكى كه‌سیى شیعه‌كان به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كردووه، حه‌لبوسى له كه‌سایه‌تییه نزیكه‌كانى ئێرانه‌و لاى ئه‌مریكییه‌كانیش په‌سه‌نده، ده‌گوترێت جاروباریش نێوه‌ندگیرى له‌نێوان هه‌ردوولا كردووه‌و په‌یامى هه‌ردوولاى به‌یه‌ك گه‌یاندووه.
بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان
-پابه‌ندكردنى حكومه‌ت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش. وه كۆتاییهێنان به كرده‌ى سه‌ربازى و جه‌نگیى له‌عێراق.
-پابه‌ندكردنى حكومه‌ت به كۆتاییهێنان به‌بوونى سه‌ربازیى بیانى لهخاكى عێراق، وه رێگریكردنیان له به‌كارهێنانى زه‌وى و ئاو و ئاسمانى عێراق بۆ هه‌ر هۆكارێك.
- حكومه‌تى عێراق پابه‌ند ده‌كرێت، كه به‌دیاریكراوى چه‌ك ته‌نها به ده‌ستى ده‌وڵه‌ته‌وه بێت.
-وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق هه‌ڵده‌سێت به تۆماركردنى سكاڵا له ئه‌نجومه‌نى ئاسایش دژى ئه‌مریكا، به هۆكارى ئه‌نجامدانى پێشێلكارى.
-حكومه‌ت لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه له رووداوى كوشتنى موهه‌ندیس و سوله‌یمانى پێكدێنێت و له حه‌وت رۆژدا ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌داته‌وه به په‌رله‌مان، ده‌شێ هه‌نگاو بنرێت بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌مریكا و عێراق.
بۆچى بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان كاریگه‌رییان نابێت؟
یه‌كه‌م؛ دێڕى كۆتایى بڕیاره‌كان جۆرێكه له دڵنیایى و هه‌م دانپێدانانى په‌رله‌مانه به‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌مریكا و عێراق ته‌نها به یاسا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، دڵنیاییشه كه رێككه‌وتنه‌كه ههڵنهوهشاوەتهوه، ته‌نانه‌ت داڕشتنى دێڕه‌كه به‌وجۆره‌یه ده‌ڵێت،(ده‌كرێت رێوشوێن بگیرێته به‌ر بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌ك) ناڵێت (ده‌بێت رێوشوێن بگیرێته به‌ر). جۆرێكیشه له دڵنیایى كه بڕیارى ده‌ركردن، هێزه‌كانى ئه‌مریكا ناگرێته‌وه، چونكه په‌رله‌مان جارێكى دیكه دانى ناوه به رێككهوتنهكهداو دانیشى ناوه به‌وه‌ى ته‌نها به یاسا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌وه‌ش واته به‌پێى یاسا هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌مێننه‌وه. یاسا له‌سه‌رووى بڕیاره، بڕیار یاسا هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه.
هێنانى ئه‌م دێڕه بۆ ناو بڕیاره‌كان زۆرتر بۆ دڵنیایى ئه‌مریكایه، ئه‌گه‌رنا بوونى ئه‌و دێڕه پێویست نییه له‌نێو بڕیاره‌كان، كه له سایتى په‌رله‌مان بڵاوكراوه‌ته‌وه. چونكه خۆشیان ده‌زانن ئه‌و دێڕه ره‌نگه شه‌قامى شیعه نیگه‌ران بكات، پێیان واده‌بێت ئه‌م بڕیارانه ئامانجى ئه‌وان نین.
دووه‌م؛ په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ بڕیارى ده‌ركرد نه‌ك یاسا، له‌كاتێكدا به‌هه‌مان نیسابى یاسایى ده‌یتوانى یاسا په‌سه‌ند بكات و ئه‌م بڕیارانه‌ى ئێستا بكات به یاسا، له‌وه‌دا ئه‌زموونى هه‌یه و ساڵى ٢٠١٨ بۆ ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان به‌خێرایى یاساى ده‌ركرد، ده‌یتوانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ به كراوه‌یى بهێڵێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى یاساكه بخاته رۆژێك یان چه‌ند رۆژى دواتر، به‌پێى پله‌به‌ندى هێزى یاساكان. ده‌ستوور یاساى باڵایه، دواى ده‌ستوور یاسایه، دواى یاسا بڕیار و دواتریش رێنمایى و په‌یڕه‌و دێن. واته بڕیار یاسا هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه یاسا بڕیار هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تى، رێككه‌وتنى وڵاتان كاتێك له په‌رله‌مانى ناوخۆى وڵاته‌كان په‌سه‌ند ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌و وڵاته ده‌بێته یاسایه‌كى ناوخۆیى، جگه له‌وه‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تیش رێككه‌وتنه‌كه‌ى رێكخستووه. رێككه‌وتنى ئه‌مریكا و عێراق كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیكردووه هێزى یاسایى هه‌یه و ته‌نها به یاسا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه نه‌ك بڕیار.
سێیه‌م؛ ده‌قى بڕیاره‌كانى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان، هیچ ئاماژه‌یه‌كى تێدانییه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌مریكا و عێراق، به‌ڵكو باس له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى هاوپه‌یمانان له ساڵى ٢٠١٦ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش كراوه، له‌كاتێكدا ئه‌و رێككه‌وتنه پێویستى بوونى زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه‌و نه‌شمێنێت كاریگه‌رى ئه‌وتۆى نییه. جگه له‌وه‌ش ئه‌مریكا له‌رێگه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌وه نه‌هاتووه‌ته عێراق. ته‌نانه‌ت ئێران به كرده‌كانى دژی داعش، وەک به‌شێك بووه له‌و هاوپه‌یمانییه‌ی دژى داعش دروستكرابوو.
چواره‌م؛ ده‌ركردنى هێزه بیانییه‌كان یه‌كێكه له بڕیاره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به حكومه‌ت سپاردووه كه جێبه‌جێى بكات، حكومه‌تیش رێككه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه و رێككه‌وتنه‌كه بووه‌ته یاسا، كه‌واته به‌و بڕیاره ناكرێت هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ربكرێت و ئاسته‌نگى یاسایى دروست ده‌بێت. به‌پێى بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه هه‌ر لایه‌ك بییه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، ده‌بێت پێش یه‌ك ساڵ به نوسراوێكى فه‌رمى لایه‌نى دووه‌م ئاگادار بكاته‌وه.
پێنجه‌م؛ یه‌كێك له بڕیاره‌كانى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ته‌نانه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكا و دژى ئێرانییهكانە، چونكه ده‌ڵێت، چه‌ك ده‌بێت ته‌نها به ده‌ستى ده‌وڵه‌ته‌وه بێت، گروپه میلیشاكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌شێكى زۆریان تائێستا پابه‌ندى بڕیارى سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بوون بۆئه‌وه‌ى بچنه ریزى سوپاى عێراقه‌وه. ئه‌مریكاش چه‌ندین جار داوایكردووه كه چه‌ك ته‌نها لاى ده‌وڵه‌ت بێت نه‌ك گروپى چه‌كدار.
شه‌شه‌م؛ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٦ سه‌باره‌ت به بوونى هێزه‌كانى توركیا رایگه‌یاند، كهبوونى ئه‌وان نا یاساییه‌و به‌پێى بڕیارى په‌رله‌مان ده‌بێت بچنه ده‌ره‌وه‌ى خاكى عێراق، به‌ڵام هێزه‌كانى توركیا لهخاكى عێراق له‌و کاتەوە تا ئێستا زیاتر بوون. پێناچێت بۆ ئه‌مریكا بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مان كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى هه‌بێت.