ڕاپۆرتی جیهانی

05:26 - 08/01/2020

كوشتنی قاسم سولەیمانی و بڕیارێكی دواخراو‌

پەیسەر

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە هێرشی ئاسمانی ئەمریکادا بۆ سەر ئەو ئوتۆمبێلەی بەرەو بەغدای دەبردن. ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی دیموکراتەکان و کاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، ئەویش بەو شێوە توندە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی خستووەتە بەردەم جەنگێکی بێپایانی دیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چاک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکرات لە سینات، رۆژی هەینی لە وتارێکیدا لە کۆنگرێس، وتی:" ئەم کارە وڵاتەکەمان بەرەو جەنگێکی بێپایانی دیکە دەبات، لەو جۆرە جەنگانەی کە سەرۆک کۆمار پێشتر بەڵێنی داوە دووبارەیان نەکاتەوە، بەڵام لێی نزیکتر بووەتەوە".

دیموکراتەکان هەروەها رەخنە لە ترەمپ دەگرن بەوەی کە سەرۆکەکەیانی لە کۆنگرێس لە بارەی ئەو هێرشە ئاگادار نەکردووە و دەڵێن ترەمپ بۆ هێرشەکردنە سەر ئێران پێویستی بە مۆڵەتی کۆنگرێسە.

بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێ کە نایەوێت لەگەڵ ئێران بچێتە شەڕەوە. دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆنامەوانیدا وتی:" ئێمە بۆ بەرگرتن بە هەڵگیرسانی شەڕ ئەو کارەمان کرد نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕ".

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش وتی: ئەم هێرشە بۆ ئەوە کرا کە رێگری لە هێرشێکی گەورە بکات بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کە پێدەچوو بەمنزیکانە جێبەجێ بکرێت.

دیموکراتەکان لە بارەی بەشداربوونی قاسم سولەیمانی لە کوشتن و بریندارکردنی سەربازانی ئەمریکیدا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و کۆماریخوازەکان هاوڕان. بەڵام دەڵێن وەڵامی حکومەت بە پرسیارەکانی ئەوان لە بارەی چەندایەتی پێویستبوونی ئەو هێرشە، رازی نەکردوون.

ئادام شیف، سەرۆکی کۆمسیۆنی زانیارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رۆژی هەینی دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی کۆنگرێس لەگەڵ حکومەت، وتی، هێشتا لە بارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر قاسم سولەیمانی لەم بارودۆخەدا، وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

شیف هەروەها وتی:"هێشتا دڵنیا نەبووە لەوەیکە دۆناڵد ترەمپ ستراتیژ یا پلانێکی درێژخایەنی لە بەرامبەر ئێراندا هەبێت".

تۆم یودال، سیناتۆری دیموکراتیش وتوویەتی، ئەو زانیارییانەی حکومەت لە بارەی بە هەڕەشەبوونی قاسم سولەیمانی لە داهاتوویەکی نزیکدا خستوونیە روو، لە ئاستێکدا نین کە پێیان رازی بێت.

بۆچی لەم قۆناغەدا؟           
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، چەن جارێک دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە قاسم سولەیمانی بکوژن، بەڵام جۆرج بووش و باراک ئۆباما بە هۆی نیگەرابوونیان لە تێچووی زۆری کارێکی لەو شێوەیە بە جێبەجێکردنی رازی نەبوون.
هەندێک لە چاودێران دەپرسن کەواتە ئەمجارە چ جیاوازییەکی لەگەڵ جارەکانی پێشوو هەیە کە دۆناڵد ترەمپی وا لێ کردووە دەست بداتە کوشتنی قاسم سولەیمانی؟

پی جی کراولی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی وەزیرایەتی هیلاری کلینتۆندا، بە بی بی سی وت: حکومەتی ترەمپ بەربڵاوبوونی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدادی وەک بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان لە لایەن ئێرانەوە لێک داوەتەوە، هەر بۆیە دەستی داوەتە کوشتنی سولەیمانی.

هێرشکردنە سەر قاسم سولەیمانی بە دوای گرژییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی کەنداودا دێت.

دۆناڵد ترەمپ لە بەهار و هاوینی رابردوودا، دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە و تۆمەتبارکردنی ئێران بە هێرشکردنە سەردامەزراوە نەوتییەکانی سعودیا و چەند نەوتهەڵگرێک، کارادنەوەی سەربازیی بەرامبەر ئێران نەنواند.
خۆڕاگرتنی ترەمپ لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو هێرشانە، ناڕەزایەتی هەندێک لە کەسانی دەوروپشتی و کەسایەتییە موحافزکارەکانی بە دوادا هات.

بەڵام هەفتەی رابردوو، دوای کوشتنی بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە هێرشێک بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە عێراق، چەندین بنکەی سەربازیی هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا، لە لایەن ئەمریکاوە هێرشیان کرایە سەر.

ئەو هێرشانەی ئەمریکا، هێرشی چەکدارانی سەر بە ئێرانی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لێ کەوتەوە و بە دوای ئەوەدا بوو کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کوشتنی فەرماندەی سەربازیی ئێرانی دەرکرد.

لوک کافی، یەکێک لە شرۆڤەکارە باڵاکانی دامەزراوەی توێژینەوەی هێڕێتج، لە واشنتۆن کە ژوورێکی بیرکردنەوەی نزیک لە موحافزکارانە، دەڵێت؛ ئێران دۆناڵد ترەمپی خستووەتە دۆخێکەوە کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی دەست بداتە هێرشی سەربازیی.
کافی بە بی بی سی وت:" ترەمپ بە هۆی ئەوەی دژ بە دەستوەردانی سەربازییە، هەوڵی ئەدا بەر بە هاتنە ئارای دۆخێکی لەم شێوەیە بگرێت. پێموایە پێشتریش بژاری (کوشتنی قاسم سولەیمانی) خرابووە بەردەم ترەمپ، بەڵام ئەو پێی رازی نەبوو، دواجار لەم هەفتەیەدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە چیدی بەسە".

بیرەوەری بنغازی
دۆناڵد ترەمپ هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە پەیامێکی کورتدا لە تویتەرەکەی نووسی:"لە دژی بنغازی"م.

هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بۆ ترەمپ بیرهێنەرەوەی هێرشێکی هاوشێوەیە کە ٨ ساڵ پێش ئێستا لە لیبیا رووی دا، بەڵام هاوشێوەکەی ئەو هێرشە لە بەغداد و لە سەروبەندی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بۆ ترەمپ دەرفەتێک بوو کە لە رێگەی وەڵامدانەوەیەوە پەیامێک بگەیەنێت، بەوەیکە ئەو بە پێچەوانەی حکومەتی پێشوو، بەری بە هەڕەشەکانی سەر بەرژەوەندییە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا گرتووە.

لە یازدەی سێپتەمبەری ٢٠١٢ دا گرووپی چەکداری ئەنسارولشیعە هێرشیان کردە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە بنغازی کە بە هۆیەوە کریستۆفەر ستیونز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیپلۆماتێکی دیکە کوژرا.

دۆناڵد ترەمپ یەکێک لەو کەسانە بوو کە زۆر جاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هۆی نەگرتنە بەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرگرتن بەو هێرشە، رەخنەی توند گرتبوو.

ئەو هەروەها کارادنەوە سەربازییەکەی ئەمریکای بەرامبەر هێرشکەران وەک بەرژەوەندیخوازی سیاسی باراک ئۆباما لێک دایەوە کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو ساڵەدا کاری بۆ کردبێت.

جگە لەوە، دۆناڵد ترەمپ چەندینجار لە تویتەرەوە هۆشداری دابوو بەوەی کە باراک ئۆباما بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە هەڵبژاردنەکاندا و بە مەبەستی شاردنەوەی کێشەکانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا دەست دەداتە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران.
هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا، هێرشکردنە سەر قاسم سولەیمانی لە بەغداد و لە سەروبەندی لێپێچینەوەی ترەمپ لە کۆنگرێسدا، دەچوێنن بە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا لە سەروبەندی لێپێچینەوەی کۆنگرێس لە بیل کلینتۆنی سەرۆک کۆماری ئەو کات و لە ساڵی ١٩٩٨دا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە عێراق کردی.

ساڵی هەڵبژاردنەکان
کوشتنی قاسم سولەیمانی بابەتێک بوو کە ماوەی ساڵانێک مێشکی فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.

فەرماندە مەیدانییەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە قۆناغی دەستبەسەرداگرتنی ئەو وڵاتەدا، بە گەورەترین دوژمنی خۆیان دەزانی، بەڵام سیاسەتمەداران بە هۆی ئەوەی نیگەرانی لێکەوتەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بوون، خۆیان لە کوشتنی دەبوارد.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ ئامانجی لە هێرشکردنە سەر قاسم سولەیمانی، ئەوە نەبووە کە شەڕ لەگەڵ ئێران هەڵگیرسێنێت یا حکومەتی ئەو وڵاتە بڕوخێنێت.

بەڵام بەرپرسانی ئێرانی ئەو کارەیان بە دەستپێشخەری شەڕ لە قەڵەم داوە و باسی توڵە سەندنەوەی قورس دەکەن.

بەدەر لەوەی کارادنەوەی ئێران چی دەبێت. کوشتنی گرنگترین فەرماندەی سەربازیی ئێران لە ساڵێکدا کە بڕیارە تیایدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سینات لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بکرێن. تا ماوەیەکی دوور و درێژ یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان دەبێت کە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا مشت و مڕی لە سەر دەکرێت.