ڕاپۆرتی جیهانی

04:18 - 09/01/2020

بۆچی موشەكەكانی ئێران هیچ ئامانجێكیان نەپێكا؟‌

كوردستان ئەحمەد

ئێران ئامادە نەبوو تەرمی قاسم سولەیمانی بنێژێت، هەتا تۆڵەی كوشتنەكەی نەكاتەوە، هەر لەبەر ئەوەبوو كاتیان بە ناشتنی تەرمەكەوە دەكوشت، سەر ئەنجام دوای ئەوەی  تەرمەكە گەیشتە زێدی لە دایكبونی و لەگەڵ هاتنی نیوەشەو بەكاتی هەرێمی كوردستان چەندین موشەكی ئاراستەی بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق كرد.

ئەو موشەكانەی ئێران كە ئاراستەی عێراقی كردن تەنانەت یەك سەربازی ئەمریكیشی بریندار نەكرد، هیچ ئامانجێكی نەپێكی، ئەوەش بوە هۆی ئەوەی گومان لە هێزو دەسەڵات و موشەكەكانی ئێران و هەروەها گومان لە هێرشەكەش بكرێت كە بۆچی لەنیوەشەوێكی گەرم و پر هەرەشەدا ئەمریكا قبوڵی دەكات ئێران هێرشی موشەكی بكاتە سەر بنكە سەربازیەكانی لە عێراق.

ئایا  ئێران كە دەیویست تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بكاتەوە، بۆچی هێرشێك دەكات كە هیچ سەربازێكیش بریندار ناكات، هەندێك سەرچاوەش دەڵێن پێش ئەنجامدانی هێرشەكە هیچ سەربازێك لە بنكەی عەین ئەسەد نەبوون،  و دۆناڵد ترەمپ لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەیدا ڕایگەیاند: ئێمە هیچ زیانێكمان پێنەگەیشتووە لە هێرشەكەی ئێراندائەوەش بەهۆی ئەوەی كە پێشتر ئامادەكاریی تەواومان بۆ كردوو، ئەوەش وەك ئەوە وایە بڵێت كە ئاگاداریی هێرشەكەبوو.

ئایا هێرشە موشەكیەكەی ئێران تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوەبوو، یان دەیویست دەست بەشەڕێكی گەورە لە ناوچەكەدا بكات، لەلایەكی تریشەوە بۆچی ئێران بنكەی عەین ئەسەدی هەڵبژارد لەكاتێكدا چەندین بنكەی نزیكتری ئەمریكا هەن كە موشەكەكانی ئێران بە ئاسانتر دەیگەشتنێ و دەیتوانی  هێرش بكاتە سەر ئەو بنكانە.

زەهێل و ئیندیپەیدن وەك دوو میدیای ئینگلیزی چەند زانیاریەكیان بڵاو كردوەتەوە كە گوایە ئەمریكا پێش هەڵدانی ساروخەكان، بەتەواوەتی زانیویەتی كە ئێران هێرشی مشەكی دەكات و دەشی زانی كە هێرشەكان بۆ سەر عەین ئەسەد و بنكەی هەریری هەولێر دەبێت و ئامادەكاریی تەواویشی كردووە بۆ ئەوەی كە رووبەرووی تەواوی موشەكەكان ببێتەوە بۆ ئەوەی هیچ زیانێكی نەبێت لە هێرشەكەدا.

دوو سیناریۆ لەسەر ئەم رووداوە باس دەكرێن یەكێكیان دەڵێت ئێران لە رێگەی سەركردەكانی عێراقەوە ئەمریكای ئاگادار كردوەتەوە لەوەی هێرش دەكەنە سەربنكەی عەین ئەسەد و ئەوانیش دەتوانن بەرگری بكەن

سیناریۆی دووەمیش دەڵێت لە رێگەی كونسوڵخانەی سویسراوە ئێران پەیامی هێرشی گەیاندووەتە ئەمریكا و ئەمریكاش ئامادەكاریی تەواوی بۆ ئەم هێرشانە كردووە.

ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا سی ئای ئەی هیچ زانیاریەكی لەسەر ئەو هێرشانە رانەگەیاندووە و باس لەوە نەكراوە كە پێشتر زانیاری دەقیق هەبووبێت لەسەر ئەو هێرشانەی ئێران ئەنجامیان دەدات لەسەر عێراق.

بۆچی ئێران هێرشی كرد
كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بەتوندی و بەزمانی هەرەشە و شەرەوە قسەی لە بەرامبەر ئەمریكا دەكرد و دەیوت كە بەتوندی وەڵامی ئەمریكا دەدەنەوە، بەڵام هێرشەكەی ئێران لەچاو ئەو هەرەشانەی كە دەیانكرد و ئەو هێزەی كە نیشانی دەدا لە بەرامبەر ئەمریكادا لەرێگەی سوپای پاسدارانەوە زۆر بچوك و بێ ئامانج بوو، بەشێوەك چۆن دەبێت كەسی دووەمی وڵاتەكە بكوژرێت و ئێرانیش تەنها چەند موشەكێكی ئاراستەكردبێت كە هیچ ئامانجێكی نەبوبێت.

لەراستیدا دەبوو ئێران هێرش بكاتە سەر ئەمریكا لەبەر ئەوەی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیەوە شكۆی بەتەواوەتی شكابوو، هەروەها لە ناوخۆی وڵاتیشدا زۆر بێ هیوابوو بوو هەرەشەیەكی زۆری شەقامی لەسەر بوو، كە شەقامی ئێرانی بەتەواوەتی تورە بوو ، ئەگەر ئێران هێرشی نەكردایە فشاری شەقام توشی هەڵەیەكی گەورەتری دەكرد.

لەگەڵ ئەوەش پارستنی سیادە و دەسەڵات و سەروەری خۆی شتێكە كە ئێرانیەكان بەئاسانی دەستبەرداریی نابێت و دەبێت شكۆی خۆی بزانێت، بۆ وێنە هەرچەندە ئێستا دەزانێت كە وڵاتەكەی توشی روخانێكی گەورەی ئابوری بوەتەوە بەڵام هەر تەنەزول بۆ ئەمریكا ناكات و هەموو هەینەك هاوار دەكات مەرگ بەر ئەمریكا.

لەبەر پاراستنی شكۆ و كەرامەتی خۆی و بێدەنگ كردنی شەقام و هەروەها بەهێزبونی خۆی لەرووی سیادەوە ئەو موشەكانەی ئاراستەی ئەمریكا كردو وتوانی شكۆ بۆ خۆی و شەقامەكەشی بگێرێتەوە.

بۆچی موشەكەكانی ئێران ئامانجیان نەپێكا؟
ئێران  دان بەوەدا دەنێت كە موشەكەكانی توانای زۆر بەرزیان نییە و هەروەها وردیش نین لە پێكانی ئامانج و توانای پێكانی مەودای دوریان نییە بەتایبەتی ئەگەر ئاراستەی شوێنێك بكرێن كە سیستمی بەرگری ئەمریكی تێدا چالاك بن.

لەلایەكی تریشەوە موشەكەكانی ئێران هیچكامیان دروستكراوی وڵاتەكەی خۆی نین و بەشێكی زۆریان رووسین و بەشێكی تریشیان ئامادەكراوی وڵاتی خۆیەتی ، واتە گومان لەسەر توانا و زیرەكی و بەهێزی موشەكەكانی ئێران هەیە.
پێدەچێت ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئەمریكا و ئامانج نەپێكانی بەهۆی لاوازی توانا موشەكیەكان بێت، كە هەر بەراستی ئێران موشەكی نییە و ئەوانەشی كە هەیەتی هێندە بەهێز نین بتوانن ئامانج بپێكن، خۆ ئەگەر هەندێك ئامانج بپێكن بێگومان جێگەی هیوای ئەوەندە نین كە بتوانن بەرژەوەندی گەورەی ئەمریكا لەناو بەرنن و ببنە هۆكاری پشتیوانی ئەوەی ئەو وڵاتە شەر لەگەڵ وڵاتێكی وەك ئەمریكادا هەڵگیرسێنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا بەشێك سەركەوتوی خۆی لە پرسی هێرشە موشەكیەكانی ئێراندا بۆ بەهێزی تۆری هەواڵگری و چاودێریی خۆی دەگێڕێتەوە كە توانیویەتی پێشوەخت بە هێرشەكە بزانێت ولەڕێگەی سیستمی چالاككراوی پاتریۆتەوە رووبەرووی ئەو موشەكانە ببێتەوە و هەموویان لەناو ببات، ئەوەش گومانی ئەوە دروست دەكات كاتێك هێرش كرایە سەر ئارامكۆ لە سعودیە بۆچی ئارامكۆ نەیتوانی ئەو موشەكانە رابرگرێت لە كاتێكدا پاتریۆت لە سعودیەش چالاكە.

لەلایەكی ترشەوە پێدەچێت  هەربەراستی هەماهەنگیەكی راستی نێوان ئەمریكا و ئێران بێت و ئەمریكا رەچاوی ئێرانی كردبێت و رەزامەندی دەربریبێت لە هێرشە موشەكیەكان، چونكە هیچ سەربازێك یان كەسێك برینداریش نەبوو لەو هێرشەدا.

بەهەر جۆرێك بێت سیناریۆ بێت یاخود لاوازی موشەك و خراپی كارپێكردنی موشەكەكان بێت ئێستا هێرشێك كراوە و ئێران دژی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامی داوە بەڵام بێ ئەنجام بووە و هیچ كەس نەكوژراوە،لە ئەنجامدانی ئەم كردەیەدا گرنگ هێرشە موشەكیەكەیە نەوەك ئەنجامی هێرشە موشەكیەكە.

لەگەڵ ئەوەش ئێران بەهەرجۆرێك بوو توانی بە عێراق و بە ئەمریكا و بە جیهانیش بڵێت بێگومان هەرچیەك بتوانم و لەدەستبێت ئەتوانم ئەندامی بدەم ئەگەر بە ئاراستەكردنی موشەكی هەرەمەكیش بێت بۆ چەند ناوچەیەك لە رێگەی موشەكەكەوە واتە ئەو پەیامەی كە بەراستی سوپا هەڵیگرتبوو  لەسەر زەوی جێبەجێی كرد.

لەلایەكی تریشەوە عه‌لی حاجی زاده‌، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بۆسه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د ته‌نیا ویستی كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا به‌ئامانجبگرێت و نیازی كوشتنی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كانی نه‌بوو.

حاجی زاده‌ ده‌شڵێت "هێرشه‌كه‌ی سه‌ر عه‌ین ئه‌سه‌د سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌وره‌ی ئێرانه‌ و له‌داهاتوودا به‌رده‌وامیی ده‌بێت".

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا بەرەسمی رایگەیاند كە هیچ سەربازێكیان بریندار نەبووە و بنكە سەربازیەكەشیان سەلامەت  و تەنها هەندێك زیانی سەرەتایی هەبووە كە بە ئاسانی كۆنترۆڵ دەكرێن.

كێ جەنگی دەوێت؟
ئێستا بەهەرجۆرێك سەیری هاوكشێشە ئاڵۆزەكە دەكەیت دەبینیت ئێران بەردەوامە لەهەرەشە و ئەمریكاش لە رێگەی  سەرۆكەوە دەستی ئاشتی بۆ ئێران راكێشاوە وەك خۆی دەڵێت دەیانەوێت ئێرانیەكان خۆش بژین.

ئێستا تۆپەكە لە یاریگای ئێراندایە ئایا دەیەوێت دەستبكات بەگفتوگۆ یاخود دەیەوێت شەربكات و موشەك بنێت بە ئەمریكاوە؟ واتە ئێران كلیلی هەردووكی لە دەستدایە دەتوانێت رووبكاتە جەنگ و جیهان بكاتە دوژمنی خۆی دەشتوانێت دۆستایەتی هەڵبژێرێت و جیهان بكات بە دۆستی خۆی.

چونكە ئەگەر ئەمجارە ئێران هێرش بكات لە ژێر هیچ بیانویەكدا بێت ئەمریكا وەڵامی دەداتەوە و بەجۆرێك لە جۆرەكانیش جیهان دەبێتە لایەنگری ئەمریكا و پێدەچێت قورستر لەسەر تاران بكەوێت