ڕاپۆرتی جیهانی

02:54 - 16/01/2020

سەدەو نیوێک زیاترە زەوی وەکو ١٠ ساڵی رابردوو گەرم نەبووە‌

پەیسەر

سێ رێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتی لە بواری کەشناسی و ئاسمانگەڕییدا دەڵێن: بە کۆتایهاتنی ساڵی ٢٠١٩ گۆی زەوی گەرمترین ١٠ ساڵی خۆی تێپەڕاند.

 
رێکخراوەکانیش بریتین لە: ئاژانسی ناسای ئەمریکی، رێکخراوی نەتەوەیی کەش و ئۆقیانووسناسی ئەمریکا - نوا، لەگەڵ رێکخراوی کەشناسی بەریتانیا.
ئەوان دەستنیشانیان کردووە، ساڵی ٢٠١٩ دووەمین ساڵی گەرم بووە لە دوای گەرماکەی ساڵی ۱۸۵۰ــەوە.

بەگوێرەی راپۆرت و هەڵسەنگاندنی ئەو رێکخراوانە، لە دوای ٢٠١٦ـەوە، زەوی و مرۆڤایەتی گەرمترین ساڵیان تێپەڕاندووە لە ماوەی ١٧٠ ساڵ لەمەوبەرەوە. ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو شەپۆلی گەرمایە تا ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوامبێ.
رێکخراوی کەشناسی بەریتانیا دەڵێ: ساڵی ٢٠١٦ گەرمترین ساڵی ئەو دەیەبووە کە تێپەڕیوە. ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە جیهان ۱.۱ پلە گەرمتر بووە لە پێش قۆناغی شۆڕشی پیشەسازیی.

د. کاڵین مۆریس لە رێکخراوی کەشناسی بەریتانیا روونیکردووەتەوە، هەموو ژمارەکانی بەردەست ئێمە نیشانی دەدەن که ساڵی ۲۰۱۹ بەراورد بە ساڵەکانی ۲۰۱۵ و ۲۰۱۸ گەرمترین ساڵ بووە.  تێبینی ئەوە کراوە  هەر دەیەیەک لە پێش دەیەی دوای خۆی گەرمتر دەبێ.

پڕۆفیسور لیز بێنتڵی لە ئەنجومەنی کەشناسی رۆیاڵ دەڵێ: " کەڵەکەبوونی دووائۆکسیدی کاربۆن لەناو ژینگەدا، هەرگیز بە ئەندازەی ئەم سەردە زیادی نەکردووە. لەنێوان گەرما و بەرزبوونەوەی دوائۆکسیدی کاربۆندا پەیوەندییەکی بێچەندوچوون هەیە. لەم دەیەی دواییدا خۆمان بینمان کە گەرما تا چ رادەیەک بەرزبوویەوە، بە زیادبوونی کەڵەکەبوونی دوائۆکسیدی کاربۆن، پلەی گەرمایش ئەوەندەی تر دەچێ بەرەو سەر"


سەرباری ئەم ژمارانە لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام رێکخراوی کەشناسی بەریتانیا پێشبینی ئەوە دەکات، ساڵی ٢٠٢٠ لە ریزبەندی ساڵە گەرمەکاندا دەمێنێتەوە و ساڵێکی گەرم چاوەڕێی گۆی زەوی دەکات.