ڕاپۆرتی جیهانی

12:50 - 23/12/2018

ئەو هاوڕێیانەی لە ترەمپ بێهیوا بوون‌

پەیسەر

لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، کەم مانگ هەیە وەزیرێک یان کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکا بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەیان لەگەڵ ترەمپ دەست لە کارنەکێشنەوە یان ترەمپ دووری نەخستبێتنەوە، جگە لە مایک پێنسی جێگری نەبێت، هەموو ئەو کەسانەی لەسەرەتاوە کاریان لەگەڵ ترەمپ دەکرد، ئێستا لەگەڵیدا نەماون.

برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش


مەکگۆرک لە ساڵی ٢٠١٤وە دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لەلایەن ئۆباماوە وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەستنیشان کرا، دوای دەست بەکاربوونی ترەمپیش لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو، رۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بەهۆی ناڕەزایی لە بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەستی لەکارکێشایەوە، ترەمپ بۆ ئەوەی لە گرنگی دەست لەکارکێشانەوەکەی کەم بکاتەوە رایگەیاند، ئەو کەسە هەر ناناسێت.

جەیمس مەتیس، وەزیری بەرگری


٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەستی لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی ترەمپ لە بڕیارێکی لەناکاودا رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێنێتەوە.
مەتیس دژی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە رۆژئاوای کوردستان، هەروەها دژی کشانەوەی ئەمریکاش بوو لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

رایان زینکە، وەزیری ناوخۆ


رۆژی ١٥ی کانوونی یەکەم دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ترەمپ و زینکی لەسەر چی ناکۆک بوون.

جۆن کیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆشکی سپی


رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ترەمپ رایگەیاند کیلی لە کۆتایی ٢٠١٨دا لە پۆستەکەیدا نامێنێت، ناوبراو جەنەراڵێکی خانەنشینی هێزی دەریایی ئەمریکا بوو و ماوەی ساڵ و نیوێک بوو بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆشکی سپی بوو.

جیف سیشنز، سەرۆکی داواکاری گشتی


رۆژی ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ دەستی لەکارکێشایەوە، لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەیدا نووسیوویەتی : " بەڕێز سەرۆک لەسەر داوای تۆ دەست لەکار دەکێشمەوە".
هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سێشێنز بەو جۆرەی ترەمپ دەیەویست لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەدەکرد.

نیکی هیلی، باڵیۆزی  ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان


٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ دەست لەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی ترەمپ کرد، بەڵام تا کۆتایی ٢٠١٨ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەی لەناکاو بوو و هۆکارەکەشی ڕوون نەکردوەتەوە.

سکۆت پرۆیت، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەپاڕێز


٦ی حوزەریرانی ٢٠١٨ دەستی لەکارکێشایەوە، ترەمپ رایگەیاند بەهۆی ئەو رەخنانەی کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە وازی لە پۆستەکەی هێناوە.

دەیڤد شۆلکین، وەزیری کاروباری خانەنشینانی سەربازی

٢٨ی ئازاری ٢٠١٨ دەستی لەکارکێشایەوە، تۆمەتبارکرابوو بەوەی حێزانەکەی لەسەر خەرجی حکومەت سەفەری ئەوروپای کردووە.

‌هێربەرت مەکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی

٢٢ی ئازاری ٢٠١٨ دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە واشنتۆن ئاشکراکرا، ناچارکرا دەست لەکاربکێشێتەوە.

رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوە


١٣ی ئازاری ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ لەڕێی تویتێکەوە هەواڵی دوورخستنەوەی تیلەرسنی لە پۆستەکەی بڵاوکردەوە، ترەمپ خۆی دەڵێت لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ناکۆک بوون.

گاری کۆهن، راوێژکاری ئابووری سەرۆک کۆمار


٦ی ئازاری ٢٠١٨ دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاریدا باج لەسەر هاوردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم زیاد بکات. 

هۆپ هیکس، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆشکی سپی


٢٨ی شوباتی ٢٠١٨ واتە رۆژێک دوای ئەوەی لەسەر دۆسیەی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، دەستی لەکار کێشایەوە، هیکس لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەراندا وتبووی بەهۆی پۆستەکەیەوە ناچارە جاروبار درۆ بکات.

رۆب پۆرتەر، بەڕێوەبەری سکرتاریەتی کۆشکی سپی


هاوڕێیەکی نزکی دۆنالد ترەمپ بوو، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەوەی لەگەڵ هاوسەرەکانی پێشووی تووندوتیژ بووە، ناچارکرا رۆژی ٨ی شوباتی ٢٠١٨ دەست لەکاربکێشێتەوە.

ئەندرۆ میکابی، جێگری ئێف بی ئای


هەفتەیەک دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە ترەمپ دەیەوێت لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە، دەستی لەکارکێشایەوە، ترەمپ پێیوابوو مەک کیب پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دیموکراتەکاندا هەیە و کەسێکی بێ لایەن نییە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا

تۆم پرایز وەزیری تەندروستی


تەنیا بۆ ماوەی هەشت مانگ وەزیر بوو و رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧ دەستی لەکارکێشایەوە، تۆمەتبار کرابوو بەوەی لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دۆلار گەندەڵی کردوە.

ستیڤ بانۆن ستراتژیستی کۆشکی سپی


کەسێکی توندڕەو بوو و رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی دۆنالد ترەمپدا، دەوترێ کۆشنەری زاوای ترەمپ رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دوورخستنەوەی ناوبراودا.
ئەنتۆنی سکاراموچی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆشکی سپی
تەنیا بۆ ماوەی دە رۆژ لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو کە لەلایەن ترەمپەوە دوورخرایەوە.

رینس پریبوس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆشکی سپی


٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەلایەن دۆنالد ترەمپەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو.

شۆن سپایسەر، وتەبێژی کۆشکی سپی


٢١ی تەموزی ٢٠١٧ دەستی لەکارکێشایەوە، تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو.

جەیمس کۆمی، سەرۆکی ئێف بی ئای


رۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٧ لە بڕیارێکی لەناکاودا لە پۆستەکەی دووری خستەوە، هۆکاری دوورخرانەوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمی بە شێوەیەکی جدی لێکۆڵینەوەی دەکرد لەو دۆسیەی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

مایکل فلین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی


رۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠١٧، بە بڕیارێکی ترەمپ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، فلین تەنیا بۆ ماوەی سێ هەفتە لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو.
دەوترێت فلین پەیوەندییەکی بەهێزی هەبووە لەگەڵ پۆتین و ئەردۆغان، هۆکاری دوورخستنەوەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەر لەوەی ترەمپ لە ئیدارەی ئەمریکادا دەست بەکار بێت بەبێ ئاگاداری ترەمپ و جێگرەکەی سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر روسیا لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە واشینتۆن کۆبووەتەوە.

سالی ییتیس، بریکاری سەرۆکی داواکاری گشتی


لە سەردەمی ترەمپدا تەنیا بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو، هۆکاری دوورخستنەوەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ڕووی یاساییەوە شەرعییەتی بڕیارەکەی ترەمپی سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشتکردنی هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکای خستبووە ژێر پرسیارەوە.