ڕاپۆرتی جیهانی

11:50 - 23/01/2020

ئايا ئەمریكا لە عێراق سیستمی بەرگریی هەیە؟‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی ئێران هێرشی موشەكی كردە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار، پرسێكی گرنگ كەوتە بەرباس و گفتوگۆی سەربازیەوە لە عێراقدا، ئەوەش ئەوەیە ئایا عێراق هیچ سیستمێكی بەرگری هەیە كە بتوانێت بەرگری لە خۆیی بكات؟، وە ئایا ئەمریكا كە لە عێراقدایە هیچ سیستمێكی بەرگری تایبەت بەخۆی هەیە كە بتوانێت پارێزگاری لەخۆی بكات؟


عێراق لە دوای روخانی ڕژێمی سەدام حوسێنەوە توشی داروخانی ئەمنی و سەربازیی بووە، هەم سوپاكەی و هەم بەرگری وڵاتەكەی توشی گرفتی گەورە بووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق باس لە بونیادنانەوەی سوپاو وەزراەتی بەرگری دەكات بە هاوكاریی چەند وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكا و ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەرگری  لە وڵاتەكەی بكات و سیستمی بەرگریەكەی بەهێز بكات.

تائێستا هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی كە عێراق  بتوانێت بەرگریەكەی بەهێزبكات سیستمێكی بەرگری بەهێزی هەبێت، هەرچەندە لە ئێستادا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی بەرگری ئێس 300 ی روسی بكڕێت.

هەرچەندە ئەوە دەبێتە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق، و ئەمریكا ڕێگەنادات عێراق كارێكی لەو شێوەیە بكات، لەبەرامبەریشدا چەند فشارێكی گەورە لە سەر عێراقە بۆ ئەوەی سیستمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی بكرێت كە بەهاكەی بۆ هەر یەكدانەیان ملیارێك دۆلارە.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بەرپرسانی بەرگری عێراق ڕایانگەیاندبوو: حكومەتی عێراق نایەوێت سیستمی بەرگری ئەمریكی پاتریۆت بكرێت لەبەر ئەوەی هەم تێچوی زۆرە و هەمیش ئەو سیستمە سەركەوتوو نییە و ناتوانێت بەتەواوەتی كارەكانی خۆی بكات.


ئایا عێراق هیچ سیستمێكی بەرگری هەیە؟
بەپێی قسەكانی وەزارەتی بەرگری عێراقی بێت جگە لەو سیستمە بەرگریە كۆنانەی كە بەشێوەی كلاسیك لە عێراقدا كاریان كردووە و تائێستاش بەردەوامن ، ئەو وڵاتە هیچ سیستمێكی نوێی بەرگری نییە و تائێستاش بەشێوازی كۆن ئاسمانی وڵاتەكەی دەپارێزێت.

لەدوای 2003 ەوە  عێراقیەكان لەگەڵ ئەمەریكیەكان ڕێك كەوتوون كە ئاسمانی عێراقیان بۆ بپارێزێت تا ئەو كاتەی كە عێراق لەسەر پێی خۆی ڕادەوستێت و لە ڕێكەوتنێكی دیكەدا كۆتایی بەو ڕێكەوتننە دێنن، بەڵام كاتێك عێراقیەكان بە چاوی خۆیان بینیان ئاسمانەكەیان پارێزراو نیەو ئەمەریكیەكان ناتوانن ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن، هەربۆیە پەنایان بردووەتەوە بەر روسیا تا سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان پێ بفرۆشێت، هەرچەندە چەند جارێك تیمی عێراقی چوونەتە ڕوسیا بەڵام تا ئێستە گرێبەستی نێوانیان سەری نەگرتووە، هەندێك پێیان وایە لە ژێر كاریگەرییەكانی ئەو فشارانەدایە كە ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لەسەر عێراق هەیانە.


بەڵام دوای ئەوەی ئاسمانی عێراق چەندین جار پێشێل كرا و سنورەكەی بەزێنرا حكومەتی عێراق  لەگەڵ روسیا  لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگریی ئێس 300 یان پیبفرۆشێت، ئەوەش لە پێناوی پاراستنی ئاسمانی عێراق دا لە ئەگەری هەر هێرشێك، بەرپرسە عێراقیەكە ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەوان لە گفت و گۆی چڕدان بۆ ئەوەی عێراق ڕازیی ببێت ئەو سیستەمەیان پێ بفرۆشێت، هەروەها باس لەوەش دەكات كە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و روسیا زۆر باشەو بەردەوامیش كار بۆ ئەوە دەكەن.

بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق  و حكومەتی روسیا هیچ رێككەوتنێكیان لەسەر ئێس 300 واژۆ نەكردووە و پێدەچێت گفتوگۆی كرینی سیستمەكە كاتێكی زۆری بوێت ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە عێراق لە رویی بەرگریەوە هێشتر لە ژێر  هەژمون دەسەڵاتی ئەمریكادایە و ئەركی پاراستنی لە ئەستۆی ئەمریكادایە.

ئاسمانی عێراق لە نێوان روسیا و ئەمریكادا
ئەگر ئەمریكا سیستمی بەرگری پاتریۆت بە عێراق بفرۆشێت، و بەتەواوەتی لە سنورەكانی خۆیدا بچەسپێنرێت ئەوا كێشە بۆ ئەو فرۆكە و موشەك چەكە روسیانە دروست دەكات كە روسیا لە عێراقدا هەیەتی یاخود خۆی خاوەنداریەتیان لێدەكات، ئەگەریش سیستمی بەرگری روسی بكرێت ئەوا تەواوی عێراق و ئاسامنەكەی بۆ ئەمریكا دەبێتە جێی مەترسیەكی گەورە ئەوەش هەرگیز لە لایەن ئەمریكاوە قبوڵكراو نییە.

بۆیە یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق ئەوەیە كە ناتوانێت لە نێوان هەردوو سیستمی روسی و ئەمریكیدا خۆی یەكلایی بكاتەوە لە لایەكی تریشەوە ئەو پارەزۆرەی نییە كە لە سیستمی بەرگری ئەمریكیدا سەرفی بكات و دۆست و لایەنكرانیشی رێگە بەوە نادەن بەرگری عێراق ببێتە بەرگریەكی ئەمریكی، لەبەر ئەوەی ئەمریكا لە رێگەی عێراقەوە سیخوری بەسەر وڵاتەكەیانەوە نەكات.

ئایا ئەمریكا سیستمی بەرگی لەعێراقدا هەیە؟

هەموو رۆژێك گوێبیستی ئەوە دەبین كە بنكەسەربازیەكانی ئەمریكا لەعێراق لەلایەن  هێزەدەرەكیەكانەوە موشەك باران دەكرێت و تائێستاش ئەمریكیەكان لە عێراق زیانی پێگەیشتووە، ئەوەش گومانی ئەوەی دروست كردووە كە ئایا ئەمریكا لە عێراق هیچ سیستمێكی بەرگی هەیە یاخود نا.

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی سپۆتینگی روسی بێت، ئەمریكا لە عێراق چەند سیستمێكی بەرگری هەیە  كە چاودێری و پاراستنی بنكەكانی خۆی پێدەكات و لەناوخۆی شارەكانی عێراقدان، بەڵام دوای ئەوەی كە ئێران هێرشی كردە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و زیانێكی زۆری بە ئەمریكیەكان گەیاند، گومان لەسەر ئەو زانیاریانە دروست بوو كە ئایا ئەمریكا هیچ سیستمێكی بەرگری هەیە لە عێراق یاخود نا، لەلایەكی تریشەوە هەندێك زانیاری و گفتوگۆ باس لەوەدەكەن كە ئەمریكا خۆی ئاگاداریی ئەوە بووە كە ئێران هێرش دەكاتە سەربنكەی عەین ئەسەد ئەوەش لە تۆڵەی  كوشتنی قاسم سولەیمانیدایە بۆ ئەوەی گرژیەكان زیاتر نەبن و شەقامی ئێرانی و شیعی هێور كەنەوەوە رێگەیان بەو هێرشە داوە.

هەرچەندە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو كە هیچ قوربانیەكی گیانیان لەو هێرسانە نەبووە بەڵام چەند بەڵگەیەك باس لەوەدەكەن كە لەو هێرشانەی ئێراندا بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد سەربازی ئەمریكی كوژراو برینداریش هەیە، بەڵام تاهیچ بەڵگەیەكی فەرمیی نییە كە ئەو زانیاریانە پشتراست بكاتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكی له‌ زاری به‌رپرسانی پنتاگۆن بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، واشنتن به‌نیازه‌ بۆ پاراستنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عێراق، سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی (پاتریۆت) بڵاوبكاته‌وه  بە جۆرێك كەتەنها چاودێری بنكەكانی خۆی پێدەكات.

ئەو هەواڵە لەكاتێكدایە  كه‌ به‌هۆی مووشه‌كبارانی ئێرانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی تووشی زیانی جه‌سته‌یی بوونه‌ و بۆ چاره‌سه‌ریش ده‌بردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق.

زانیاریەكان دەڵێن ئەمریكا بە گرنگیەوە دەروانێتە دۆخەكەو كاری جدی لەسەر ئەوەدەكات لە نزیكترین كاتدا پاتریۆت لە عێراق جێگیر بكات بەهۆی ئەوەی لە هێرشە مووشەكیەكاندا  11 سه‌رباز دووچاری له‌قینی مێشك بوونه‌، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ربازان هه‌ستیان به‌ سه‌ر سوڕان كردووه‌، به‌ڵام گرفتی ته‌ندرووستی ئه‌و سه‌ربازانه‌ مه‌ترسیدار نییه‌.

فۆكس نیوز دەشڵێت له‌ كاتی هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار، كه‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ عێراق، سه‌ربازانی ئه‌و وڵاته‌ نه‌یانتوانی هیچ مووشه‌كێك بخه‌نه‌ خواره‌وه‌، به‌و پێیه‌ی سیسته‌می دژه‌ مووشه‌كیان نییه‌.

پنتاگۆن لە هێرشە موشەكیەكان دوودڵبوو
لەدوای هێرشە مووشەكیەكانەوە پنتاگۆن لە گفتوگۆی ئەوەدایە بۆچی نەیانتوانیوە بنكەی عەین ئەسەد لەو زیانە زۆرە بپارێزن كەبەسەریدا هاتووە،لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بەگرنگیەوە نەیانڕوانیوەتە هێرشە موشەكیەكانی ئێران
هەر لەو چوارچێوەیەدا به‌رپرسێكی پنتاگۆن به‌ فۆكس نیوزی راگه‌یاندووه‌، له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوونه‌ ئێران هێرشی مووشه‌كی ئه‌نجام بدات و ئه‌و كاره‌یان به‌ ئه‌گه‌رێكی دوور داناوه‌.

بەڵام وادیارە هێرشەموشەكیەكان تەلیزمێكیان بە پنتاگۆندا هێناوە و بڕیاریانداوە سیستمی بەرگری لەعێراق بۆ بەرگری كردن لە خۆیان دابنێن و هانی عێراقیش دەدەن كە سیستمی بەرگری پاتریۆت بۆ وڵاتەكەی بكرێت و لە كۆڕبەندی داڤۆسیشدا دۆناڵد ترەمپ ئەوەی بە بەرهەم ساڵح وتوە كە پێویستە بەرگری لە خۆتان بكەن، و سیستمێكی تۆكمە بۆخۆیان بەكاربهێنن.

لەلایەكی تریشەوە ئێستا دۆخی سەربازی و ئاسمانی عێراق لە جوڵەی بەردەوام و گۆڕانكاریدایە، لەلایەك ئاسمانی عێراق بەدەست ئەمریكاوەیە و لەلایەكی تریشەوە هێزەعێراقیەكان دەیانەوەێت ئەمریكا لە عێراق بكەنەدەرەوە، لەئەگەری رودانی ئەو كارەدا و بەهۆی بێتوانیای عێراق لە پاراستنی ئاسمانەكەیدا پێدەچێت  گرژیەكان لە عێراقدا زیاتر ببن.