ڕاپۆرتی جیهانی

03:10 - 23/01/2020

بۆچی نوێخوازیی دینیی نەیتوانی بە ئامانج بگات؟‌

پەیسەر

رێبەرانی بزووتنەوە ریفۆرمخوازەکان، لە سەدەونێوێک پێش ئێستاوە و لەو کاتەی خه‌لافه‌تی عوسمانی لە سەرەمەرگدابوو و بەرامبەر پێشنیازە ریفۆرمخوازانەکانی بیرمەندانی وەک جەمالەدینی ئەفغانی کاردانەوەی نیگەتیڤیان هەبوو، لە لایەکی دیکەوە کۆلۆنیالیستەکانی خۆرئاوا بە سەر مسوڵماناندا زاڵ بوون و سامانە سروشتییەکانیان تاڵان دەکردن و وڵاتانی ئیسلامییان لە نێو خۆیاندا دابەش دەکرد. لەگەڵ ڕووبه‌ڕووبوونەوەی کۆلۆنیالیستەکانی خۆرئاوا، بۆ چاکسازیی و نوێکردنەوەی بیر و بۆچوونەکانی، مسوڵمانانیش هەوڵه‌كانیان خستەگەڕ وهەنگاوی بنەڕەتییان نا.

"پێشینیانی ریفۆرمخواز" کاتێک خۆیان لە نێوان دۆخی جێی بەزەیی مسوڵمانان و به‌ره‌وپێشچوونی سەرسووڕهێنەری خۆرئاواییەکان لە هەموو بوارەکاندا بینی و بەراوردیان کرد، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كه‌ بیر و بۆچوون و کەلتووری ئایینی مسوڵمانان لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم یه‌كناگرنه‌وه‌ و سەردەمیان بە سەرچووە.

ئەو ریفۆرمخوازانە دەشیانزانی کە دواکەوتوویی و نشوستی مسوڵمانان بە پشتتێکردن و دابڕان لە کەلتوور و نەریت و مێژووی کۆنیان قەرەبوو ناکرێتەوە و دەبێ میراتی هزریی رابردوو بخەنە ژێر رەخنە و پێداچوونەوە و سەرلەنوێ دروستی بکەنەوە، بە جۆرێک بتوانێ لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەمدا بگونجێ و وەڵامدەرەوەیان بێت.

پێشینیانی ریفۆرمخواز لەو پێناوەدا بەردەوام هەوڵیان دا تاوەکو رەگ و ریشە بۆ بیر و بۆچوونه‌كانیان بدۆزنەوە و بەو شێوەیە زیندووێتی ئیسلام نیشان بده‌ن. هەرچەندە ئاسته‌نگی زۆریان بۆ دروستبوو، بەڵام هیچ کات بە تەواوەتی نەوەستان.

بیروبۆچوونی ریفۆرمخوازان هەمیشە لە ناوخەڵکدا گوێگری دەدۆزییەوە، بە تایبەت لەو کاتانەدا کە مسوڵمانان دەکەوتنە قەیرانەوە و دەیانویست رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.

بەو حاڵەشەوە، ڕەوتی نوێکردنەوەی بیری ئیسلامی بە درێژایی سەدەونیوی رابردوو نەیتوانیوە تەنانەت ١ لەسه‌ر ١٠ی ئامانجه‌كانی دەستبەر بکات. هەرچەنده‌ له‌ سه‌ره‌تادا ده‌سكه‌وتیان هه‌بوو، بەڵام لە درێژەی رێگەدا کۆسپی جدیان کەوتە بەردەم و زۆر گۆڕەپانیان بۆ رکابەرەکانیان چۆڵ کرد.

کام هۆکارانە بوونە مایەی شکست و پەراوێزکەوتنی رەوتی نوێخوازیی لە جیهانی ئیسلامدا و بۆچی ئەو رەوتە نەیتوانی ئەو ئامانجانە دەستەبەر بکات کە چاوی تێ بڕیبوون؟

ئەستووربوونی سیاسەت
ئەو رابوونە ریفۆرمخوازانەیەی کە بە جەمالەدینی ئەفغانی دەستیپێکرد، لایەنگری ریفۆرمخوازیی هەمەلایه‌نە بوو و پێویستیی ریفۆرمی لە بیری دینییدا، لە ڕیفۆرم له‌ رەهەندە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان جیانەدەکردەوە و یه‌كپارچه‌ دەیبینی. بۆ نمونە، کاتێک جەمالەدین باسی ریفۆرمی دینیی دەکرد، وەک رێخۆشکەرێک بۆ ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە قەڵەمی دەدا و هیچ شتێکی لێ جیانەدەکردەوە.

بەڵام دواتر، کاتێک سەرکردەکانی رابوونە ئیسلامییەکان لەگەڵ کۆلۆنیالیزم ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، لە رەهەندەکانی دیکەی ریفۆرم غافڵ بوون و تەنیا لەسەر خەباتی سیاسیی چڕبوونەوە. ئەو دۆخه‌ دوای رزگاربوون لە کۆلۆنیالیزمیش بەردەوام بوو، دەستەبژێری دەسەڵاتدار وا تێگەیشتن بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتیان ئەوەندە بەسە کە خۆیان لەگەڵ دامەزراوە دینییە باوه‌كان  بگونجێنن و پێویستیان بە رەوتی نوێخوازیی دینیی نابێ.

سیستمە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان پێیانوابوو گوتاری باوی ئایینی لەگەڵ ئەوەی بەرامبەر بەرنامەی بە مۆدێرنکردنی ئەوان دەوەستێ، مەترسییەکی جدیی بۆ دیکتاتۆرییەت و خۆخوازیی بێ لغاویان دروست ناکات، هەر ئەوەش بۆ ئەوان بەس بوو.

لەو پێناوەدا دەوڵەت – نەتەوە تازە دامەزراوەکان، هیچ هەولێکیان نەدا تاوەکو دامەزراوە پەروەردەییە دینییەکان نوێ بکەنەوە و بونیادیان بنێنه‌وه‌. پیداچوونەوە بە وانەکانی خوێندندا بکەن و لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەمدا بیانگونجێنن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانە ببنە کۆسپێکی سەرەکی لە بەردەم نوێخوازانی دینییدا و بە ئامرازی جۆرواجۆر گۆڕەپانیان پێ چۆڵ بکەن، بە تایبەت کە بەرپرسانی ئەو دامەزراوانە بە زمانی خەڵک و لە ئاستی خەڵکدا دەدوان و توانایان هەبوو خەڵک لە دژی نوێخوازان راپەڕێنن.

نەگونجانی سیكۆلاریزمی شەڕخواز لەگەڵ رەوتی نوێخوازیی دینیی         
لەو نێوەندەدا، ناکرێ رۆڵی نیگەتیڤی رەوتە توندڕەوە سیکۆلارەکانیش لەبەرچاو نەگرین. ئەو رەوتانە نەک هەر لە پێناو نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی بیری دینییدا هەنگاوێکیان نەنا، بگرە بە هێنانە ئارای وتەزای جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت، هەوڵیان دا دین پەراوێز بخەن و لە بازنەیەکی سنوورداردا کورتی بکەنەوه‌.

کێشەی ئەو جۆرە کەسانە لەوەدا بوو کە لە گرنگی و رۆڵی بەرچاوی دین لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بێئاگابوون و بە شەڕخوازی و رەخنەی بێ لەمپەر و ڕقاوی لە کەلتووری باو، ئاویان کردە ئاشی دوژمنانی نوێکردنەوەی بیری دینییەوە. ئەوان ئەو خاڵە سادەیەیان لە بیرکردبوو کە چاکسازی لە بوارەکانی دیکەی ژیاندا بە بێ نوێکردنەوەی بیری دینیی ناکرێت.

دوژمنایەتی ئیسلامی سیاسیی لەگەڵ رەوتی نوێخوازیی دینیی
بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی گورزێکی کاریگەریان لە میراتی هزریی پێشینانی ریفۆرمخواز وەشاند، تەنانەت لە هەندێک شوێندا بە تەواوەتی قەڵاچۆیان كردن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی لە کەشێکی پڕ لە گرژی و هەڵچوو و لێوانلێو لە رەشبینی و دوژمنایەتیدا گەشە و باڵایان کرد، کارەکانیان لە سەر بنەمای وەهمی پیلان و ناسنامەخوازیی بوو، بەردەوام ئەو پەیامەیان دەگەیاند کە ئیسلام لە مەترسیدایە و دوژمنان بەردەوام بۆی لە بۆسەدان و ئەرکی ئەوانه‌ بەرگری لە ئیسلام بکەن و بە سەر رکابەرەکانیدا سه‌ری بخه‌ن.

ئەو بزووتنەوانە بەهۆی ئەوەی ئاماده‌نەبوون تێگەیشتنی خۆیان لە دین بخەنە ژێر رەخنە و هەڵسەنگاندنەوە و بە خودی دینیان دەزانی و هیچ گرنگییان بە پێویستییەکانی سەردەم نەدەدا، لەگەڵ رەوتی نوێخوازیی دینیی کەوتنە ڕووبه‌ڕووبوونەوە و دژایه‌تی، تەنانەت چه‌ندین کەسایەتی کاریگەری ئەو رەوتەیان تەکفیر و بەدناو کرد و هەوڵی زۆریان دا تاوەکو نوێخوازانی دینیی بێدەنگ بكه‌ن و پاشەکشێیان پێ بکەن. لە هەوڵەکانیشیاندا سەرکەوتوو بوون.

خاڵە لاوازەکانی ڕەوتی نوێخوازیی دینیی
له‌رزۆكیی رەوتی نوێخوازیی دینیی لە ناو خۆیدا، دەکرێ هۆکارێكی دیكه‌ی شکستی ئەو رەوتە بێت كه‌ توێژی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ، هەندێکجار جیاوازی نێوانیان هێنده‌ی جیاوازی زەوی و ئاسمانە. هەرچەنده‌ خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو توێژانە لەوەدایە کە لە گرنگی ئیسلام بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ریفۆرمی کەلتووری تەواو بەئاگان، هەر لە سەر ئه‌و بنەمایه‌ش پێیانوایە ئاشتکردنەوەی ئامانجەکانی دین لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی، پێویستی بە کاری تیۆری بەردەوام هەیە.

گرنگی نەدان بە ئەولەوییاتەکان و توندڕەویی بەشێکی ئەو توێژانە و بێ میتۆدبوونی کارە تیۆرییەکانیان بوونە هۆی ئەوەی بەرامبەر رەخنەکان و بانگەشەکانی دوژمنەکانیان لاواز بن و نەتوانن لە ناو ئاپۆرای خەڵکدا شوێنپێیان بکەنەوە. سەرقاڵبوون بە مشتمڕی لاوەکی و گوێنەدان بە پرسه‌ گرنگ و ناوەندیه‌كان، لە ترسی کاردانەوەی عەوام و بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی، هێندەی دیکە بوونە هۆی لاوازبوونیان و ئەو رەوتەیان لە زۆر شوێن بە لاڕێدا برد.

رۆڵی سستبوونی جیهانی ئیسلام لە شکستپێهێنانی نوێخوازیی دینیدا
رەوتی نوێکردنەوەی بیری ئیسلامی، نەیدەتوانی لە بۆشاییدا گەشە بکات و پێویست بوو هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە هزرییەکانی ناو کۆمەڵگە گەشە و باڵا بکات و بەری هەبێت. ئەمە لە دۆخێكدا کە جیهانی ئیسلام – بە شێوەیەکی گشتی – بە درێژایی چەندین دەیە لە دۆخێکدا نەبوو کە گۆڕانکارییەکی قووڵی وا بێنێتە ئارا تاوەکو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌ له‌خۆبگرێت و ئاستی که‌لتووری گشتی بەرز بکاتەوە و لە رووی زەینییەوە ئامادەیان بکات بۆ بیرکردنەوە لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون، ناچاریان بکات تێگەیشتنێکی دروستیان لە بارەی دۆخی جیهانه‌وه‌ هه‌بێت.

له‌به‌رئه‌وه‌ دەبینین جیهانی ئیسلام یەکێکه‌ له‌و ناوچانه‌ی نەخوێندەواریی تیایدا زۆر بڵاوە. لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا، رەوتی نوێکردنەوەی بیری ئیسلامی تەنیا توانی لە ناو دەستەبژێرێكدا شوێنێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، نەیتوانی تەشەنە بکاتە ناو خەڵکه‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە، سیستمە سیاسییەکانی جیهانی ئیسلام به‌ دیموکراسی و بەشداریکردنی سیاسیی خەڵک و سەروەری یاسا و ئازادی تاکەکەسی و ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤ نامۆ بوون. لە دۆخی سەرکوتكردن و کپکردنی سیاسیدا هیچ کەسێك چاوەڕوان ناکات رەوتی نوێکردنەوەی بیری دینیی پەرەبسێنێت و رەواجی هەبێت. لەو دۆخەدا رێگە بۆ گەشەکردنی گرووپە توندڕەوەکان و ده‌ركه‌وتنیان خۆش دەبێت.

کێشەی سەرەکی ئەوەیە لە وڵاتانی ئیسلامی – زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان - هێشتا کەم و زۆر جیاوازی چینایەتی، هەژاریی و بێکاریی، گرنگینەدان بە کەرامەتی مرۆڤ بێ ئەندازیە. دیارە لە دۆخێکی دژوار و نەخوازراوی لەو شێوەیەدا، گوتارە توندڕەوانەکان دەرفەتی پەرەسەندنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گوتاری نوێکردنەوە و باشکردنی دین دەکەوێتە سووچێکەوە.

سەرچاوە: بی بی سی