ڕاپۆرتی جیهانی

05:30 - 25/01/2020

20 هەزار سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵات چی دەكەن؟‌

كوردستان ئەحمەد

تادێت ئاڵۆزیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و سوریا چڕتر دەبێتەوە، و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە هێزی ئەمریكیان تێدایە و ئێران دەیەوێت هەژموونی سەربازی و سیاسی خۆی تێدا بهێڵتەوە و لە ڕێگەی هێزە بندەستەكانیەوە دەیەوێت لە چەند وڵاتێكی ناوچەكە هێزەكانی ئەمریكا بكاتە دەرەوە.

ئەو هەوڵاتەی ئەمریكا لە كاتێكدایە پەیتا پەیتا هێزی زۆر و پێداویستی سەربازی لە پنتاگۆنەوە دەگاتە سوریا و عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەمریكا بە ئاسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هیچ هێزێك چۆڵناكات و دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێز تر و ستراتیژی تر بكات.

ئێستا ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 20 هەزار سەربازی هەیە و دابەشكراون بەسەر چەند وڵاتێكی بەهێزی ناوچەكەدا، هەرچەندە پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو كە هێزەكانیان دەكشێننەوە  وڵاتەكەی خۆیان و ئەمریكیەكان دەبێت پشوو بدەن و لە پێناو هیچ شتێكدا نەكوژرێن.

هەرچەندە ئەو لێدوانانەی ترەمپ تەنا لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بوو، بەڵام چەند هێزێكیشی كشاندەوە لەگەڵ ئەوەش چەندینجار ڕایگەیاند كە هێزەكانیان لە عێراق و سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە  بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێری جموجۆڵە سیاسی و سەربازی و هەروەها هەواڵگریەكانی ئەو وڵاتە بكات.

كوشتنی سولەیمانی و بەهانەیەك بۆ هێنانی هێزی نوێ
دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای هێزەكانی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لە لایەن ئەمریكاوە كوژرا، ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران زیاتر بوو ، وە بەوەڵامدانەوە موشەكیەكەی ئێرانیش بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد كەتێیدا 34 سەربازی ئەمریكا بریندار بوون، ئەو ئاڵۆزیانە گەیشتە ڕادەیەكی وەها كە ئەمریكا لە هەرە باشترین هێزەكانی لە ئەمریكاوە ڕەوانەی  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و ئەردەن و سوریا بكات وەك یەكەی هێزەكانی شەیتانی 82 و یەكەی هێزەكانی  دەلتا فۆرس و یەكەكانی ئەلفا  یوئێس كە لە هەرە باشترین هێزەكانی ئەمریكان.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هێزی جۆراو جۆر و كەشتی جەنگی و تانك و فرۆكەی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  جێگیر كردووە كە بوەتە هۆی ئەوەی  گومانی ئەوە بكرێت كە پێدەچێت ئەمریكا لە ئامادەكاریی تەواودابێت بۆ رووبەرووبونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی ئێران.

هێزەكانی ئەمریك چۆن دابەشكراون

هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەی دەوریەكی كامل بە چوار دەوری ئێراندا، واتە دروست بە دەوری ئەو شوێنەی كە ئێران دەیویست هیلالی شیعی دروست دەكرد، ئەمریكا هێزەكانی دارێژاون و ئامانج لێی ئەوەیە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە وڵاتە شیعە مەزهەبیەكاندا

ئێستا لە چوار دەوری ئێراندا بەتەواوەتی هێزی ئەمریكی چ لە دەریا و چ لە ئاسمان و چ لە زەویش دەبینرێن ئەوەش وایكردووە كە ئێران بەتەواوەتی ترسی لەوە هەبێت كە ئەمریكا بیەوێت رووبەرووی ببێتەوە و سزاكان لە سزای ئابوریەوە بگۆڕدرێن بۆ  هێرشی سەربازی ، هەرچەندە ئێران دەستەوەستان نابێت لەبەرامبەر هەر هێرشێكدا بەڵام جوڵەكانی ئەمریكا لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكن، ئێران گومانی خوێناویان لێوەدەكات، پێدەچێت بیەوێت رووبەرووی ببێتەوە.

ئێستا لە ئەمریكا  تەنها لە ناو كوێت دا بەنزیكەی 16 هەزار سەربازی سەرزەوی و چەندین هێزی گەورەی سەربازی و هەروەها پێداویستی سەربازی و بنكەی چاودێری و تەنانەت فرۆكەی گواستنەوەی سەربازی و سەرباز گوێزەرەوە و تیمی چاودێریی وردی هەواڵگریشیی هەیە

لە لایەكی تریشەوە ئێستا ئەمریكا لە وڵاتی بەخرێن خاوەنی 13 هەزار سەربازە لە سەر زەوی و وەك وڵاتەكانی دیكە ئەم بنكانەی كە لە بەخرێنیش هەن خاوەنی پێداویستی سەربازی و هێزی تایبەت و چەك و وردەكارییە سەربازیەكانن

ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا لە ئەفغانستان ئەمریكا 13 هەزار سەربازی لەسەر زەوی هەیە، هەر چەندە ئەمریكا دەڵێن لە ئێستادا لە كۆبونەوە و گفتوگدان لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵتە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی هێزەكانی  بكشێنێتەوە بەڵام پێدەچێت چەندین ساڵی تری بوێت كە هێزەكانی ئەمریكا بچنە دەرەوە لە ئەففانستان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەمریكا لە قەتەر خاوەنی 13 هەزار سەربازی هەیە كە تەواوی پێداویستییە سەربازیەكان و بنكەی چاودێری و هێزی وردی لێكۆڵینەوەی هەیە.

ئەوە لە كاتێكدایە ئێستا لە عێراق ئەمریكا شەش هەزار سەربازی هەیە كە دابەشبوون بەسەر چەند بنكەیەكی سەربازی گەورەدا و چەند بنكەیەكیشیان دەكەوێتە هەرێمی كوردستانەوە.

هەروەها لە كەنداوی فارس، ئەمریكا شەش هەزار سەرباز و لە ئیمارات پێنج هەزار سەرباز و لە دەریای سووریش چوار هەزار سەرباز و لە ئوردونیش سێ هەزار سەربازی هەیە.

لە هەر یەكە لە سعودیە و سوریا و عومانیش هێزی سەربازی و بنكەی سەربازی هەیە كە لە سعودییە سێ هەزار سەربازی هەیە و لە سوریا حەوت هەزار سەرباز و لە عومانیش شەش هەزار سەربازی هەیە.

 دابەشبونی ئەو هێزانە بەشێوەیەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە توانیویانە چواردەوری ئێران بگرن و هەموو هێزەكان لە بنكەكانی خۆیانەوە یەكەی چاودێری و یەكەی پەیوەندی ناوخۆییان هەیە كە پێكەوەیان دەبەستێتەوە و هەموو یەكەكانیش ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە پنتاگۆن و كۆشكی سپیەوە.

واتە هەر جوڵەیەك لە هەر بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا رووبدات ڕاستەوخۆ واشنتن و پنتاگۆن پێی دەزانێت و تەواوی ئامێر و فرۆكە پێداویستییە سەربازیەكان لە رێگەی ئامێری جی پی ئێسەوە بەستراونەتەوە بە ئامێرێكی گەورەتر لە واشنتن و پنتاگۆنەوە كە ئاگاداری تەواوی ئامێرەكانن و بنكەكان لە ژێر چاودێری وردی مانگی دەستكردیدان.

بەشێك لە بۆچونەكان باس لەوەدەكەن كە ئەمریكا بۆ رووبەروو بونەوەی ئێران ئەو هێزانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر كردووە و لە هەركاتێكدا بێت پلانی خۆی بۆ ئەگەری گورزی سەربازی لە ئێران جێبەجێ دەكات.