ڕاپۆرتی جیهانی

05:04 - 28/01/2020

چارەنووسمان لە سەردەمی پیری و "بێکەڵکی"دا چی دەبێ؟‌

پەیسەر

"کوشتنی پیرەژنەکان بۆ من کارێکی ئاسایی بوو، هەموویان لە قەراغ رووباری گەورەدا مردن، رەنگە زۆربەیانم بە زیندوویی ناشتبێ، ژنەکان لە من دەترسان، ناحەقیشیان نەبوو".
ئەم قسانە کیم هیل و ماگدێلینا هورتادۆی خەڵکناس، لە زمان پیاوێکەوە دەیانگێڕایەوە کە سەر بە خێڵی ئاچی بووە لە خۆرهەڵاتی پاراگوای.
بە وتەی ئەو؛ دایەگەورەکان لە کاروباری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵەکاندا بەشداربوون، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆر پیربوون، هیچ سوودێکیان نەبووە و نەدەبوو لە سەر بنەمای هەست و سۆز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
شێوازە ئاساییەکەی کوشتن، لێدانی سەریان بوو بە تەور، بەڵام بۆ پیاوە پیرەکان لە داب و نەریتی خێڵی ئاچیدا، چارەنووسێکی دیکە رەچاو کرابوو، ئەوان لە خێڵ دەردەکران و مافی گەڕانەوەیان نەبوو.
بە راستی ئەرکی ئێمە بەرامبەر بەساڵاچووان چییە؟ ئەم پرسیارە بە قەدەر تەمەنی مرۆڤایەتی کۆنە.
ئەگەر کۆمەڵگە نەریتییەکان بکەین بە پێوەر، وەڵامی تەواو جیاواز بەم پرسیارە دراوەتەوە.

لە ناو خێڵی کوالونگی دانیشتووی پاپواگینای نوێ، دابونەریت وابوو کاتێک مێردی ژنێک دەمرد، دەبوو کوڕەکەی دایكی خۆی بخنکێنێت

هەروەک جەرێد دایمۆندی خەڵکناس، ئاماژەی پێ دەکات، هەڵسوکەوتی خێڵی ئاچی، لە دەرەوەی رێسا نییە، لە ناو خێڵی کوالونگی دانیشتووی پاپواگینای نوێ، دابونەریت وابوو کاتێک مێردی ژنێک دەمرد، دەبوو کوڕەکەی دایكی خۆی بخنکێنێت.

چوکچییەکانی دانیشتووی شومالگان، بە پێدانی بەڵێنی وەرگرتنی پاداشت لەو دنیا، بەساڵاچووەکانییان هاندەدا خۆیان بکوژن

چوکچییەکانی دانیشتووی شومالگان، بە پێدانی بەڵێنی وەرگرتنی پاداشت لەو دنیا، بەساڵاچووەکانییان هاندەدا خۆیان بکوژن.
بەڵام زۆر خێڵی دیکە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەساڵاچووان، تەواو جیاواز بوو، لەو خێڵانەدا پیرسالاریی زاڵ بوو و دەبوو گەنجەکان بە فەرمانی بەساڵاچووەکان بجوڵێنەوە.
تەنانەت هەندێکیان چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبوو، کەسە پێگەیشتووەکانی خێڵ، خواردنی بە ساڵاچووە بێ ددانەکان بجوون بۆ ئەوەی ئاسان بۆیان قوت بچێت.
بەڵام وادیارە لە هەموو ئەو کەلتوورانەدا خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی کە پێیانوابووە مرۆڤ تا کاتێک جەستەی رێگەی پێ دەدات دەبێ کار بکات، بەڵام ئێستا بارودۆخ جیاوازە.           

مێژووی پێدانی خانەنشینی بە سەربازان، لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ئیمپراتۆرییەتی رۆما.

زۆربەمان چاوەڕوان دەکەین لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنێکی دیاریکراو، مووچەی خانەنشینیمان پێ بدرێت، واتە پارەیەک کە لەلایەن حکومەت یا خاوەنکاری پێشوومانەوە دەدرێت، ئەویش نەک لە بەرامبەر کارێکدا کە ئێستا دەیکەین، بەڵکوو وەک پاداشت و پێزانینێک بەرامبەر ئەو کارەی لە رابردوودا کردوومانە.
مێژووی پێدانی خانەنشینی بە سەربازان، لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ئیمپراتۆرییەتی رۆما. بەڵام تا سەدەی نۆزدەیەم هیچ چین و توێژێکی دیکەی نەگرتەوە. ئەڵمانیا یەکەم وڵات بوو لە ساڵی ١٩٨٠دا و لە سایەی هەوڵەکانی بیسمارک، راوێژکاری باڵای ئەو کاتی وڵات بڕیاریدا هەموو هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە خانەنشینییان پێ بدرێت.
بەڵام هێشتا مافی بەربەشبوون لە پشتیوانییەکانی حکومەت بۆ هەموو بەساڵاچووانی جیهان، جێبەجێ نەکراوە.

نزیکه‌ی یەک لەسەر سێی بەساڵاچووانی جیهان، خانەنشینی وەرناگرن و زۆربەی ئەوانەش کە وەریدەگرن بەشی بژێوییان ناکات.

نزیکه‌ی یەک لەسەر سێی بەساڵاچووانی جیهان، خانەنشینی وەرناگرن و زۆربەی ئەوانەش کە وەریدەگرن بەشی بژێوییان ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک وڵات، چەند نەوە خانەنشینییان وەرگرتووە و خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە قۆناغی پیرییدا بە باشیی بپارێزرێن. هەرچەنده‌ وەڵامدانەوە بەو چاوەڕوانییە بووە بە کێشەیەکی گەورە.
ساڵانێکە شارەزایانی ئابووریی هۆشداریی لەو قەیرانانە دەدەن کە هێواش هێواش بەرۆکی سندوقەکانی خانەنشینی دەگرن.
کێشەکە په‌یوەندی بە رێژەی دانیشتووانەوە هەیە. نیو سەدە له‌مه‌وبه‌ر ژنانی تەمەن ٦٥ ساڵی دانیشتووی وڵاتانی ئەندامی (رێکخراوی پەرەسەندن و هاوکاری ئابووریی)، بە شێوەی مامناوەند ١٥ ساڵی دیکە دەژیان، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە گۆڕاوە بە ٢٠ ساڵ.
لە لایەکی دیکەوە، ژمارەی منداڵانی خێزانێک لە ٧/٢ وە دابەزیوە بۆ ٧/١، واتە سەرچاوەی هێزی کاری داهاتوو رووی لە وشکبوونە. ئەم گۆڕانکارییانە لێکەوتەیان زۆرە، هەندێکیان باشن و هەندێکیشیان خراپ.

ساڵانی ١٩٦٠، لە جیهاندا بەرامبەر هەر خانەنشینێک ١٢ خاوەن پیشە هەبوون. ئێستا ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٨ کەس و تا ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت بۆ ٤ کەس

سندوقەکانی خانەنشینی لە دۆخێکی خراپدان. ژمارەی خانەنشینان لە داهاتوودا زۆر زیاتر دەبێ و ژمارەی ئەو باجدەرانەش کە بڕیارە پشتگیری خانەنشینان بکەن تا دێت کەمتر دەبێ.
ساڵانی ١٩٦٠، لە جیهاندا بەرامبەر هەر خانەنشینێک ١٢ خاوەن پیشە هەبوون. ئێستا ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٨ کەس و تا ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت بۆ ٤ کەس.
ئێستا مووچەی خانەنشینی حکومی و خانەنشینی تایبەت، هەردووکیان تێچوویان زۆرە. ماوەیەکی زۆرە خاوەنکارەکان هەوڵ دەدەن پارەیەکی کەمتر بدەن. ٤٠ ساڵ پێش ئێستا لە گرێبەستی کاری زۆربەی ئەمریکییەکاندا، ئەوە دیاریی کرابوو کە لە تەمەنی خانەنشینیدا مووچەکەیان چەند دەبێت. ئێستا ئەو گرێبەستە لە نێو ١٠ کەسدا بۆ یەک کەس دەکرێت.

بەشێکی گەورەی هێزی کار لە تەمەنی خانەنشینی نزیک بووەتەوە و پێدەچێت مووچەی خانەنشینییان لەوە کەمتر بێت کە چاوەڕوانی دەکەن

ئەوەی ئێستا لە گرێبەستەکاندا دیاری دەکرێت، بڕە پارەیەکە کە بڕیارە خاوەنکار بیخاتە ئەژماری بانکیی خانەنشینی کارمەند یان کرێکارەوە، واتە بریتی نییە لە مووچەیەک کە بتوانرێت لێی خەرج بکرێت. بە پێی لۆژیک نابێ گرێبەستەکانی ئیستای خانەنشینی لە گرێبەستەکانی پێشوو خراپتر بن، بەڵام خراپترن. تەنانەت بە جیاوازییەکی زۆریشەوە.
هۆگریی خاوەنکارەکان بۆ ئەم گرێبەستە نوێیانە، بە تەواوەتی روونە. خۆپابەندکردن بە مووچەی خانەنشینی لەوانەیە زۆر لە سەریان بکەوێت.
بۆ نموونە جۆن جینوی لە بەرچاو بگرن، ئەو وەکوو سەرباز لە شەڕی ناوخۆی ئەمه‌ریکادا شەڕی کردبوو. دوای مردنی مووچەی خانەنشینییەکەی، ده‌درایه‌ هاوسەرەکەی. جینوی لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ ژیانی هاوسەریی پێکهێنا. سوپای ئەمه‌ریکا تا ساڵی ٢٠٠٣ مووچەی خانەنشینی بە گێرترود جینوی دەدا، واتە تا ١٤٠ ساڵ دوای شەڕەکە.
ئابووریناسان لە بارەی مەترسییەکانی داهاتوو هۆشداریی دەدەن. بەشێکی گەورەی هێزی کار لە تەمەنی خانەنشینی نزیک بووەتەوە و پێدەچێت مووچەی خانەنشینییان لەوە کەمتر بێت کە چاوەڕوانی دەکەن. هەر لەبەرئەوەیە حکومەتەکان لە هەموو دنیادا هەوڵ دەدەن خەڵک هان بدەن بۆ ئەوەی پارەیەکی زیاتر بۆ قۆناغی خانەنشینی خۆیان پاشەکەوت بکەن.
بەڵام کردنی داهاتوو بە ناوەندی سەرنجی خەڵک کارێکی ئاسان نییە. بە پێی توێژینەوەکان؛ کەسانی خوار تەمەن ٥٠ ساڵ کە بیر لە دۆخی دارایی خۆیان لە قۆناغی خانەنشینیدا دەکەنەوە، بەراورد بە کەسانی سەروو تەمەن ٥٠ ساڵ ژمارەیان کەمترە.
مرۆڤ کاتێک بۆ کڕینی خانوو پارە کۆدەکاتەوە، یا منداڵی بچووکی هەیە، لەوانەیە زۆر بیر لە ژیانی قۆناغی پیریی و پرسە داراییەکانی ئەو قۆناغە نەکاتەوە. تەنانەت رەنگە تێگەیشتنێکی وردی بۆ ئەو قۆناغەی تەمەنی خۆی نەبێت.
ئابووریناسان چارەسەری زیرەکانەیان خستووەتە روو، وەکوو بە ئەندامکردنی ئۆتۆماتیکی خەڵک لە پرۆژەکانی خانەنشینی و پاشەکەوتکردنی بەشێکی گەورەتری مووچەی زیادکراوی داهاتوو.
ئەم شێوازی "پاڵ پێوەنان"ە کارێکی باشە. فەرمانبەر/کرێکار دەتوانێ لەو پرۆژانە بکشێتەوە، بەڵام هەندێکجار بیری دەچێت یا دەرفەتی نابێ و رەنگە پشتگوێی بخات و لە ئەنجامدا پاشەکەوتی زیاتر دەکات. بەڵام ئەمە چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی دانیشتووان ناکات.
فەرمانبەر/کرێکار هەرچەندە پارە پاشەکەوت بکات، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە کرێکارانی ئێستا دەبێ سەرمایەی پێویست بۆ پشتگیری خانەنشینانی ئێستا دابین بکەن. جا لە رێی باجەوە بێت، یان لە رێی پێدانی کرێ بە خانەنشینان بێت، یان لە رێی کارکردن بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە پشکەکەیان بۆ سندوقەکانی خانەنشینییە.
کەسانێک پێیانوایە کە پێویستە تێڕوانین بۆ پرسی خانەنشینان بە تەواوەتی بگۆڕێت. هەندێک قسە لە بارەی "خانەنشینکردنی" خانەنشینی دەکرێت. پێدەچێت وەکوو باو و باپیرانمان ناچاربین تا ئەو کاتەی دەتوانین، کار بکەین.

سەردەمانێک به‌ساڵاچووان بانکی زانیاری بوون و بۆ گەنجان و رێنوماییکەریان بوون، بەڵام ئێستا زانیاریی زوو کۆن دەبێت. تا خوێندنگە و ویکیپیدیا هەبێ، کێ پێویستی بە دایەگەورەکان دەبێ؟

نابێ نەریتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکانی رابردوو لە بیر بکەین، چونکە وا دێتە پێشچاو کە لە ئەنجامی بڕیاری دژوار و مایەی نیگەرانی دروست بووبن. ئەو هۆکارەی وای دەکرد پێگەیشتووانی خێڵ پارووی بەساڵاچووان بجوون تاوەکوو بۆیان قوت بچێت، یا بیانبەن لە قەراغ رووبار بە تەور بیانکوژن، بەسترابووەوە بە سوود و زیانی ئەوان بۆ خێڵەکەیان.
لە خێڵەکانی وەکوو ئاچیدا، بەساڵاچووان زیانیان لە سوود زیاتر بووە، چونکە ئەو خێڵانە بەردەوام لە کۆچکردندا بوون و زۆر کاتیش خواردنی کەمیان دەست کەوتووە. بەڵام کۆمەڵگەکانی ئێستا، سەرمایەی زیاتریان هەیە و سەرقاڵی کۆچکردنیش نین، ئەگەر بیانەوێ دەتوانن تێچووی روو لە بەرزبوونەوەی خانەنشینی دابین بکەن.
هەرچەنده‌ جیاوازییەکی دیکەیش لە ئارایە. سەردەمانێک به‌ساڵاچووان بانکی زانیاری بوون و بۆ گەنجان و رێنوماییکەریان بوون، بەڵام ئێستا زانیاریی زوو کۆن دەبێت. تا خوێندنگە و ویکیپیدیا هەبێ، کێ پێویستی بە دایەگەورەکان دەبێ؟
دەبێ هیوا بخوازین رێزگرتن لە بەساڵاچووان سوود و زیانی تیادا لە بەرچاو نەگیرێت. هەروەها ئەگەر بڕوامان وایە کە ژیانی رێزمەندانە مافی هەموو بەساڵاچوویه‌کە، وا باشترە زۆر بە روونی و بە رێکوپێکی باسی بکەین.