ڕاپۆرتی جیهانی

06:09 - 28/01/2020

رەتکردنەوەی دیارییەکی عەبدولکەریم قاسم لە هەورامانەوە‌

پەیسەر

رانان: د.هەردی مەهدی میکە

  دوای سەرکەوتنی ئینقلابی عەبدولکەریم قاسم لە مانگی تەموزی ١٩٥٨ و بەهۆی پشێوی و ناڕێکی کاروباری دەوڵەتەوە، قاسم بڕیارێک دەدات بە بەخشینی خوێندنی ١٩٥٨ - ١٩٥٩و هەموویان بە دەرچوو حساب بکرێن. بەم بڕیارە گوتراوە " زەحف"
بەڵام دانیشتوانی گوندی گوڵپ لە هەورامان، لەڕێی نامەیەکەیەوە کە پەنجەمۆر و ئیمزای چەند باوکێکی بەسەرەوەیە، داوا دەکەن ئەم بڕیارە منداڵەکانیا ئەوان نەگرێتەوەو بە کەوتوو حسابیان بکەن. لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردە ئەم هەلەی بەخشیوەتە قوتابیانی هەموو عێراق.
ئەم نامەیە هەڵوێستی باوکان و سەرپەرشتیارانی فێرخوازانی گوندی گوڵپ ڕوون دەکاتەوە، کە چەندە پەرۆشی فێربوونی منداڵەکانیان بوون و داوایان لە بەڕیوەبەری قوتابخانەکە کردووە منداڵەکانیان  بە زەحف دەرنەچێنرێن.

مێژووی نامەکە  دەگەڕێتەوە بۆ 26/11/1958 واتا نزیکەی چوار مانگ دوای کودەتای ١٤ی تەموز ی عەبدولکەریم قاسم. لە نامەکەدا ناوی یانزە قوتابی و یانزە باوک و بەخێوکەری قوتابییەکان و پۆلەکەیان هاتووە.
پێنجیان لە پۆلی یەکەم، سییانیان لە پۆلی دووەم و سێی تریش پۆلی سێیەمدا بوون.
ئەو باوکانەی ئەم نامەیان نووسیوە، تەنیا یەک کەسیان خوێندەواریی هەبووەو ئیمزای کردووە، ئەوانی تر پەنجە مۆریان کردووە چونکە ئیمزایان نەبووە. نامەکە بە خەتی ڕوقعە نوسراوەو لە خوارەوەی لاپەڕەکەشدا ناوی سێ شاهێد هاتووە کە هەرسێکیان مامۆستابوون لە قوتابخانەی گوڵپ ئەوانیش: ئەکرەم ئەحمەد، محەمەد تۆفیق محەمەد و مەلاعەبدوڵڵا حەمەعەلی.

لەناو خەڵکدا ئەم بڕیارە بە "ساڵی زەحفەکە" ناسرا، دەکرێت ئەو بڕیارە هاوشێوەی بڕیاری عبووری ئەم سەردەمە بچوێنرێ. بە گوێرەی ئەو چاوپێکەتنانەی لەبارەی ئەم بەڵگەنامەیەوە کراون، لەناو خەڵک و پەروەردەدا وەک تەنز تا ساڵانێک دواتر هەر خوێندکارێک ئاستی باش نەبوایە، لە ناو باوکان و مامۆستایاندا وەک تووڕەبوون و گلەیی، ڕەخنەیان لە عەبدولکەریم قاسم دەگرت، بۆ نموونە م.جەلال قەرەداخی ھەر جارێک خوێندکارێک لە وانەی بیرکاری وەڵامی پرسیارێکی نەزانیبایە: "دەیگوت چاوت کوێربێ عەبدولکەریم قاسم".
کاتێک بریاری زه‌حف ده‌رچوو واتا به‌بێ تاقیكردنه‌وه‌ قوتابیان له‌ هه‌موو عێراق پۆلێك ده‌رچن ، خه‌ڵک بە گشتی ده‌ستیانكرد به‌ چه‌پڵه‌لێدان و به‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ باشه‌كانی قاسمیان ژمارد، به‌لام خه‌لكی گولپ و به‌ تایبه‌تی باوكانی قوتابیان ئه‌و بریاره‌یان ره‌تكرده‌وه.

سەرنج:
١- یەکێک لەو ١١ قوتابییە کچە بەناوی (فەرخیە حەمەکەریم) و لە پۆلی سێیەمدا بووە. 
٢- بەپێی پەنجە مۆرەکانبێ لەو ١١ باوکە١٠یان لە باوکان خۆێندەوارییان نەبووە و پەنجە مۆرییان لە بری ئیمزا کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گرنگی خوێندنیان دەرک کردووە و ڕەزامەند نەبوون منداڵەکانیان بە ناشایستەیی بنێردرێتە پۆلێکی پێشتر.
٣- یەکێک لە مامۆستا وانەبێژەکان، مەلای مزگەوت بووە و لەبەر پێویستی خۆبەخشانە وانەی وتووەتەوە. 
٤- لەناو ئەو یانزە فێرخوازەدا، ئێستا(ساڵی٢٠١٩) تەنیا چوارییان لە ژیاندا ماون.
٥- بە گوێرەی زانیارییەکانی توێژەر و بەراوردکردنی بە نوسراو و تۆمارکانی دیکەی قوتابخانەکە، نووسراوەکە بە خەتی بەڕێوەبەری قوتابخانە مامۆستا ئەحمەد حسێن نووسراوە کە خەڵکی بیارەیە و رۆژی ٧/٣/٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە، مامۆستایەکی بە خزمەت و چالاکی ناوچەی هەورامان بووە. 
هەڵکەوتەی گوندی گوڵپ: سەر بە ناحیەی بیارەیە لە پارێزگای ھەڵەبجە. لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی سەرگەت و لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی نارنجڵە و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی باخەکۆن لەڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی دێکۆن هاوسنوورە.
*پەراوێز: بە سوپاسەوە بۆ دەستکەوتنی زانیارییەکان، سوود لە زانیاریی و ڕاوبۆچوونی بەڕێزان: قەیس قەرداخی، د.ناجیح گوڵپی، هەڤاڵ ئەحمەد حسێن کوڕی بەڕێوەبەری خوێندنگەکە وەرگیراوە و پرسیارییان ئاراستە کراوە.