ڕاپۆرتی جیهانی

02:12 - 29/01/2020

سندوقە رەشەكەی هیتلەر‌

پەیسەر

رۆدوڵف یەكێك بوو لە جەنەراڵە گەورەكانی ئەڵمانیا كە باوەڕپێكراوترین و بەهێزترین پیاوی ئەڵمانیا بوو و هیتلەر متمانەی پێدەكرد و دەسەڵاتێكی زۆری پێدابوو، بەڵام كەسایەتیەكی روخاو دەرون شێواوی هەبوو، هەرگیز نەیدەهێشت چواردەورەكەی بزانێت  بەو شێوەیەیە.

 
رۆدوڵف فرانس هۆس كێیە؟

رۆدوڵف فرانس هۆس لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٠٠ لە ناوچەی بادن بادنی ئەڵمانیا لە خێزانێکی کاسۆلیکی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی تەواو دەكات و پاشان واز لە خوێندن دەهێنێت، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بۆ ماوەیەکی کەم لە لیواكەی باوكی و  لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی دەست بە خزمەت دەکات.
لەسەدەرمی منداڵی و خوێندنی سەرەتاییدا هیچ هاوڕێیەکی نەبووە، گۆشەگیر و بێدەنگ بووە، تەواوی هاوڕێکانی لە تەمەنی هەرزەکاریی و لە ڕیزەکانی سوپادا ناسیوە.

هەرچەندە زانیاری زۆر لەسەر ژیانی نییە. بەڵام ئەو زانیاریانەشی لەسەری بڵاوكراونەتەوە سەرچاوەكەی كتێبی"بەرپرسی ئۆشفیس"ی یاداشتەكانی رۆدۆڵفە كە لە زیندان نوسیویەتی.

رۆدوڵف فرانس هۆس لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم بۆ پاڵپشتی سوپای عوسمانییەکان، کە ئەوکات هاوپەیمانی ئەڵمانیا بووە، دەچێتە تورکیا و هەر لەو ماوەیەدا دێتە بەغدا و کوت و عەمارە و لەوێشەوە بۆ فەلەستین.

لەو ماوەیەدا و لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا پلەکەی بۆ چاودێریی باڵا لەناو سوپادا بەرزدە کرێتەوە، بەمەش دەبێتە بچوکترین ئەفسەر لە ڕیزەکانی سوپای ئەڵمانیا، کاتێک هەواڵی ڕاگرتنی جەنگ لە ساڵی ١٩١٨ بڵاودەبێتەوە، هۆس لەلایەن سوپای بەریتانیاوە لە دیمەشق دەستگیر دەکرێت و وەک دیلی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دواتر هەڵدێ و دەگەڕێتەوە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا.

رۆدوڵف فرانس هۆس  دەچێتە ڕێكخستنی نازییەكانەوە
دوای ئەوەی  ئاگربەستی ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨،ئەنجام دەدرێت  رۆدوڵف فرانس هۆس دەچێتەوە بەر خوێندنی دواناوەندی و قۆناغی خوێندن تەواودەکات. لەوێشەوە پەیوەندی بە گروپێکی سەربازی نەتەوەیی پێشکەوتوخوازەوە دەکات، یەکەمجار دەبێتە فەیلەقی خۆبەخش لە رۆژهەڵاتی پروسیا، لە ماوەی ڕاپەڕینی سیلیزیا دژی ئەڵمانەکان، بەشداریی چەند هێرشێکی ڕێکخراو دەکات دژ بە گەلی پۆڵەندا.

 زۆر سەرسام دەبێت بە نازییەكان و دەست دەكات بە گفتوگۆ لە بارەی  تێگەیشتنی بیری نازیەت و لە ساڵی ١٩٢٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی نازییەوە دەکات دوای ئەوەی گوێبیستی وتارێکی هیتلەر دەبێت لە میونخ و لەگەڵ دەرکەوتنی چالاکی و توانا شاراوەکانی، لە ساڵی ١٩٢٣دا دەبێتە سکرتێری تایبەتی هیتلەربە سندوقە ڕەشەکەی هیتلەر ناوی دەڕوات.

رۆدوڵف فرانس هۆس ساڵی ١٩٣٤ دەچێتە ڕیزی هێزی پاراستنی تایبەتی نازی و هەر لەوساڵەدا ئەرکی رێکخستنەوەی هێزەکەی پێدەدرێت، دەبێتە جێی سەرنجی هاینریش هیملەر، کە بەهێزترین پیاوی ئەدۆڵف هیتلەر و وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بووە.

ئەو فەرماندەیە ئەوەندە بە رۆدوڵف فرانس هۆس سەرسام دەبێت، وێنەکەی لە تەنیشت وێنەکەی هیتلەرەوە لە ژوورە تایبەتەکەی خۆیدا هەڵدەواسێت، دەیکاتە بەرپرسی کاروباری زیندانیان.
رۆدوڵف فرانس هۆس  دەبێتە بەرپرسی زیندان

لە سەرتاكانی مانگی  ئایاری ساڵی ١٩٤٠ رۆدوڵف فرانس هۆس دەبێتە فەرماندە و بەرپرسی زیندان و سەربازگە ترسناکەکەی ئۆشفیس لە رۆژئاوای پۆڵەندا، کە ئەوکات بەشێک بووە لە خاکی ئەڵمانیا و سەر بە هەرێمی سیلیزیا بووە.
ئەو ناوەندە سەربازیە كە ئەركی قورسی لەسەر شانە  لە نزیک شاری ئۆشفینم بونیات نراوە، رۆدوڵف فرانس هۆس بۆماوەی سێ ساڵ و نیو بەرپرسی زیندانەکە بووە کە جێگەی ١٠ هەزار زیندانیی تێدا بووەتەوە.

زیندانەکە کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە ئەفسەر و هەڵسوڕێنەرانی کاروباری زیندانیانی لە پەنادا بۆ دروستکراوە، ئەوکاتە بۆ زیندانیانی شەڕی سۆڤیەت و پۆڵەندییەکان و جوتیار و ڕۆشنبیرەکان دروستکراوە.

كۆمەڵكوژی جوەكان دەكات
هەر لە سەرەتاكانی حوزەیرانی ساڵی  ١٩٤١ هۆس لەسەر بانگهێشتی فەرمی هیتلەر لەگەڵ فەرماندە هیملەر دەگەڕێنەوە ئەڵمانیا بۆ ئەرکێکی تایبەت، لەلایەن هیملەرەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، کە هیتلەر فەرمانی پێکردووە چارەسێکی کۆتایی بۆ کێشەی جووەکان بدۆزێتەوە.

بەڵگەنامەكان دەڵێن  رۆدوڵف فرانس هۆس کە لەکاتی دادگاییەکەیدا لە دادگای نۆرنبێرگی ئەڵمانیا تۆمار کراوە، فەرماندە هیملەر سەربازگەی ئۆشفیس بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی جووەکان دەستنیشاندەکات، ئەوەش بەهۆی ئاسانی گواستنەوەیان بۆ سەربازگەکە لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە.

لەبەر ئەوەش فەرماندە هیملەر فەرماندە هۆس بۆ ئەو کارە قورسە ڕادەسپێرێت، هۆس بەبێ پرس و ڕاوێژ لەگەڵ کەسە نزیکەکانی، بە نهێنی پرۆسەکە دەستپێدەکات، تەنانەت ئەم هەواڵە بە هاوسەرەکەشی ڕاناگەیەنێت لە کاتێکدا لەگەڵیدا ژیاوە لەناو کەمپی زیندانەکەدا.

رۆدوڵف فرانس هۆس یەکەم تاوانی کۆمەڵکوژیی لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤١ ئەنجامدەدات، بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕۆژانە بە سێ شەمەندەفەر دوو هەزار جولەکە لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەستگیردەکرێن و دەگوازرێنەوە ئەم سەربازگە نهێنییەو لە ژوورەکاندا دەرگایان لەسەر توند دەکرێت و بە گازی سیانید و دوانەئۆکیسدی کاربۆن دەخنکێنرێن، دواترش لاشەکانیان لە دارستانەکانی نزیک سەربازگەکە فڕێدەدرێن.

جووەكان دەتوێنێتەوە
لە ٨ی ئەیلولی ساڵی ١٩٤٤ هۆس ٣٤٠ هەزار جوو لەماوەی تەنها ٥٦ ڕۆژدا لە زیندانەکە لەناودەبات، بەهۆی زۆری لاشەکانەوە، فەرمانی کردبوو بەشێک لە تەرمەکان لەو کورە تایبەتانەدا بسوتێنرێن کە لە زیندانەکەدا بۆ توانەوەی لاشەی زیندانیەکان درووستکرابوون.

هۆس دەستگیر دەكرێت
كاتێك جەنگ بەرەو كۆتای دەچوو ، فەرماندە هیملەر ئامۆژگاریی هۆس دەکات ڕابکات و خۆی حەشار بدات، بۆماوەی ساڵێک هۆس توانی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دواجار و لە ١١ی ئازاری ١٩٤٦ لە جوتروبێڵ لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی هاوسەرەکەی و کوڕەکەی هاوکار دەبن لە دۆزینەوەی و شوێنپێ هەڵگرتنی.

هەرچەندە سەرەتا رۆدوڵف فرانس هۆس نکوڵی دەکات لە ناسنامەکەی و حاشا دەکات کە ئەو بێت، بەڵام دواجار لە ڕێگەی ئەنگوستیلەکەی دەستییەوە دەناسرێتەوە، چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام بێسوود دەبێت.

هۆس لە دادگای نۆرمبێرگ لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٦ دان بەهەموو تاوانەکانیدا  دەنێت و دەڵێت، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی بە غاز و ئاگر لەناوبردووە، هەروەها ٥٠٠ هەزار زیندانیشی لەتاو برسێتی و نەخۆشیدا کوشتووە.

هۆس کۆمەڵکوژییەکە لە ماوەی تەنها دوو ساڵدا کۆتایی پێدەهێنێت، لە بەهاری ١٩٤٢ بۆ پایزی ساڵی ١٩٤٤، دەوترێت ٩٠%ی قوربانییانی ئەم زیندانە جولەکە بوون، لە نێویشیاندا ١٥٠ هەزار پۆڵەندی و ٢٣ هەزار ڕۆمی و ١٥ هەزاریان سەربازی سۆڤێتی بوون.

هۆس  لەسێدارە دەدرێت
ئەو سەربازگەیەی كە رۆدوڵف فرانس هۆس  كاری تێدا دەكرد و چەندین ملیۆن كەسی تێدا كوشت  لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ لەلایەن سۆڤییەتەوە ڕزگار کرا، لەو دەمەدا سۆڤیەت بە پاڵپشتی هاوپەیمانان ئەڵمانی نازییان تێکشکاندبوو، ئۆشفیس دوایین قەڵای نازییەکان بوو کە دەسەڵاتە سەربازییەکەی تێکشکێنرا.

بەم شێوەیەش رۆدوڵف فرانس هۆس  لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا و لە ١٦ی نیسانی ١٩٤٧ لەسەر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە سەربازگەی ئۆشفیس بیرکینو بە تۆمەتی تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی لە سێدارە درا، پاش ئەوەی لە دادگای نۆرنبێرگ سزاکەی بەسەردا سەپێنرا.