ڕاپۆرتی جیهانی

03:22 - 31/01/2020

مەنزوور پەشتین.. ئەو گەنجەی سوپای پاکستانی هەراسان کردووە‌

پەیسەر

دەیان هەزار کەس لە پەشتوونەکان داوا ده‌كه‌ن حکومه‌تی پاکستان کۆتایی بە کوشتنی نایاسایی و خەڵک رفاندن بهێنێت، ئێستا گەنجێک له‌ناویاندا ده‌ركه‌وتووه‌ و بووته‌ کاریزما و قسەکەریان.

 
مەنزوور پەشتین، گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵە، بووەتە رابەری ناڕەزایی خه‌ڵك دژی حكومه‌ت و بزووتنەوەیەکیان پێكهێناوه‌ و مەترسییان بۆ هاوسەنگی لەرزۆکی پێش هەڵبژاردنە سەرانسەرییەکانی پاکستان دروستکردووە، بەڵام رابەرێک کە ئاسایی نایه‌تە پێش چاو.


ئەو نوێنەرایەتی خەڵکێک دەکات کە دەڵێن؛ بە درێژایی چەندین دەیەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستاندا، هەڵسوکەوتی بەربەریانەیان لەگەڵدا کراوە. دامەزراوە ناحکومییەکان دەڵێن؛ هەزاران کەس لە دانیشتووانی ناوچە خێڵەکییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و بەلوچستان و پاکستان، بێسەروشوێن کراون.

ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ بەرپرسانی حکومی هۆشدارییان دابووه‌ خه‌ڵك كه‌ كۆتایی به‌ گردبوونه‌وه‌كان بهێنن و چه‌ند سەرکردەیه‌كی ئەو بزووتنەوەیان دەستبەسەر کرد، به‌ڵام هەزاران کەس لە گردبوونەوەی شاری لاهوردا بەشدارییان کرد.

"بزووتنەوەی پاراستنی پەشتوون"، رێکخراوێکی تەواو ئاشتیخوازە و داواکارییەکانی لە چوارچێوەی یاساکانی پاکستاندان، بەڵام روونە کە فشارێکی جدیی لە سەر سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.


تەنانەت ژەنەراڵ قەمەر جاوید باجوا سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان، کە بەهێزترین کەسی سەربازیی ئەو وڵاتەیە، هاتووەتە ناو بابەتەکە و ناڕەزاییەکانی بە كارێكی رێکخراو ناوبرد و ده‌ڵێت، فەرمان لە دوژمنێکی دەرەکی وەردەگرن، لە كاتێكدا وا دەردەکەوێ كه‌ ناڕەزاییەکان خۆڕسک بن و ده‌ستی ده‌ره‌كییان له‌پشته‌وه‌ نه‌بێت.

خەڵک دروشم دەدەن :"ئەمە چ جۆرە ئازادییه‌کە؟" پێکەوە و لە شێوەی سروود ئەم دروشمە دەڵێنەوە کە بە ئاشکرا ناڕەزایی بەشێکی بەربڵاوی خەڵک لە شێوازی حکومەتی پاکستان بۆ "ڕووبه‌ڕووبوونەوەی تیرۆریزم" پیشان دەدات.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم ناڕەزاییانە ئەوەیە کە پەشتوونەکان ساڵانێکی زۆرە لە نێوان گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان و سوپای پاکستاندا گیرۆدە بوون. پیاوێکی خەڵکی دۆڵی سوات دەڵێ؛ لە یەکێک لە ناوچەکان هەم سوپای پاکستان و هەم گرووپی تاڵیبان خاڵی پشکنینیان داناوە. ئەگەر کەسێک ریشی نەبێ، تاڵیبان تۆمەتباری دەکات بەوەی کە لایەنگری حکومەتە، ئەگەر کەسێکیش ریشی هەبێ حکومەت بە به‌كرێگیراوی گرووپە توندڕەوەکانی دادەنێ.

 لە نزیک گردبوونەوەکان، لە کابینەیەکدا هەڵسووڕاوان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەن کە دەوترێ لەلایەن دامەزراوە هەواڵگرییەکانەوە دەستبەسەرکراون و نەبراونەتە بەردەم دادگا. ئەمە یەکێک لە هەستیارترین پرسەکانی پاکستانه‌، خەڵکێکی زۆر لە رۆژنامەنووسان کۆدەبنەوه‌، دەیانەوێت لەبارەی ئەو ئەندامانەی خێزانەکانیانەوە قسە بکەن کە بێسەروشوێن کراون.


تووڕەیی خەڵک لە دامەزراوەی بەهێزی سوپا له‌م دروشمەدا دەرکەوتووه‌: "ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ تیرۆر به‌رپرسن کە جلوبەرگی سەربازییان لە بەردایە". پرسیاردروستکردن لە سەر سوپا بەم راشکاوییە لەم ساڵانەی دواییدا هاوشێوەی نەبووە و وادیارە رووی لە پەرەسەندنە.

تا ئێستا راگەیاندنەکان بە هیچ شێوەیەک هەواڵی پێوەندیدار بە "بزووتنەوەی پاراستنی پەشتوون" بڵاوناکەنەوە، بزووتنەوەیەک کە سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی راکێشاوە. لە بەرامبەردا راگەیاندنە کۆنترۆڵکراوەکانی پاکستان، گرنگییەکی زۆر بە خۆپیشاندانی ئەو گرووپە بچووکانە دەدەن کە دژی "بزووتنەوەی پاراستنی پەشتوون" ڕژاونه‌ته‌ سەر شەقام.

مەنزوور پەشتوون بە زمانە خێڵەکییەکەی خۆی، واتە زاراوەی "مەحسود" قسە دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی گەنجەکانی دیکەی خێڵەکەی، ئەو کەسێکی خوێندەوارە و زمانەکانی ئوردوو و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.

مەنزوور دەڵێت؛ هیچکاتێك پێیوانەبووە کە دەتوانێت پشتگیرییەکی لەو شێوەیە بۆ خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لەو شتەی کە دەیەوێت بیگۆڕێت، هیچ دوودڵ نییە.
ئەو لە مانگی ئازاردا بە پەیامنێری بی بی سی وتووە: "خەڵک سەرکوتکراون و ئەو ژیانەیان پێ قبوڵ ناکرێت. رێوشوێنەکانی حکومەتی سەربازیی و سوکایەتیکردنی سەربازانی سوپا، رێزی لە خەڵک سەندووەتەوە".

لە مانگی شوباته‌وه‌، مەنزوور و لایەنگرانی بە سەرانسەری ناوچەکانی پەشتووندا، لە کوەیتەوە بگرە تا پیشاوەر، گەڕاون و خەڵکێکی زۆریان بۆ لای خۆیان راکێشاوە و چیرۆکی بێ کۆتایی بەڵا، مەرگ و وێرانییان ئاشکرا کردووە.

زۆر کەس "بزووتنەوەی پاراستنی پەشتوون" بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسی پاکستاندا دەزانن. وڵاتێک کە شەڕی بریکارانە خەڵکانێکی زۆری لێ کردووەته‌ قوربانی، ئەویش نەک هەر لە ناوچە خێڵەکییەکان و باکووری خۆرئاوا، بگرە لە بەلوچستان، ویلایەتی سەند لە باشوور و تەنانەت لە ناوچەکانی باکوور لە سنووری چین.

مەنزوور پەشتین دەڵێ؛ بزووتنەوەکەی لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکات، بەڵام كاریگه‌ری ناڕاسته‌وخۆی لەسەر هەڵبژاردنەگشتیه‌كه‌ی وڵات ده‌بێت كه‌ بڕیارە هاوینی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

بابر سەتار، پارێزەر و شرۆڤەکار لەو بارەیەوە نووسیویەتی؛ پێدەچێت ئاگایی و ویژدانی کۆمەڵایەتی مەنزوور پەشتین، رەگی لە ناسنامەی پەشتوون بوونیدا بێت، بەڵام پرسیارێک کە مەنزوور ورووژاندوویەتی په‌یوەندی بە هەموومانەوە هەیە.

ئەو بابەتەی "بزووتنەوەی پاراستنی پەشتوون" ورووژاندوویەتی، په‌یوەندی سەپێنراوی نێوان هاوڵاتییان و حکومەتی پاکستانە، لە بارەی تایبەتمەندییەکان، كاره‌ له‌پێشینه‌كان و دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی ئێمەوەیە کە پرسەکانی مافی ژیان، ئازادی، رێز و یەکسانی لای ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

سەرەڕای بایکۆتکردنی هەواڵی په‌یوەندیدار بەو بزووتنەوەیە لەلایەن راگەیاندنەکانەوە، ئەوان بە هاوکاری ئەو هەڵسووڕاوانەی کە زۆربەیان خەڵکی ناوچە هەژارەکانن و تا دێت ژمارەیان زیاد دەکات، توانیویانە پەیامەکانی خۆیان لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبکەنەوە.

مەنزوور پەشتین دەڵێ؛ ساڵی رابردوو دوای ئەوەی بە هۆی خۆپیشاندان دژی سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکەی دەستبەسەرکراوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فریای کەوتوون.
مەنزوور لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەشی پەشتووی بی بی سی وتوویەتی: "هێزەکانی سوپا ماڵی ئێمەیان گەمارۆدا و باوکم و ماممیان لە خاڵی پشکنینی نزیک گەڕەکەکەمان دەستبەسەرکرد. کاتێک بۆ سۆراخی ئەوان چووم، منیشیان دەستبەسەرکرد و خستمیانە ژوورێکەوە، لەوێ وتیان ناڕەزایی بەرامبەر سوپا کاریگەری خراپی ده‌بێت".

هەواڵی دەستبەسەرکردنه‌كه‌ی بە خێرایی گه‌یشته‌ هاوڕێکانی و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە توانیان خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیریکردنی سازبکەن.

پەشتین دەڵێ: "دوایی هێزەکانی سوپا منیان لەو ژوورەوە گواستەوە بۆ لای عەمیدێک کە پێی وتم ئێمە تۆ بەردەدەین، بەڵام بە هاوڕێکانت بڵێ خۆپیشاندان رابگرن".
مەنزوور پەشتین لە وەزیرستانی باشوور لە دایکبووە و گەورە بووە، واتە ئەو شوێنەی کە لە دوای رووداوی ١١ی سێپتەمبەر یەکەم پەناگەی تاڵیبان بوو.

هاوشێوەی زۆر ناوچە و بەشی دیکەی باکووری خۆرئاوای پاکستان، ئازادی و دارایی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلایەن سوپا یان گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە بە بارمتە گیراون، کە سەرەڕای هەموو رەتکردنەوەکان بە هێزی بریکاری سوپا دادەنرێن.

مەنزوور کە کوڕی مامۆستایە، توانیویەتی بخوێنێت و دوای ساڵی ٢٠١٠ کە خێزانەکەی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ناوچەی وەزیرستانیان جێهێشت، له‌ خوێندن به‌رده‌وامبوو. لەو قۆناغەدا زۆربەی خێزانەکانی نیشتەجێی گوندەکەی ناچاربوون بگوازنەوە بۆ ناوچە دووركانی وه‌ك بانوو، پیشاوەر و که‌راچی.
ئەو نەوەیە به‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ وه‌زیرستانی زێدی خۆیان و بێ ده‌سه‌ڵاتییان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا هۆشیاری سیاسیان بۆ دروستبوو.

ئەفراسیاو ختەک سیناتۆری پێشوو دەڵێت: "سکڵاوی ناو گڕکان، بە درێژایی ساڵانی ‌پڕ لە کێشە و پشێویی، ‌کەڵەکە بوو و چاوەڕێی تەقینەوە بوو. بۆیە درەنگ یا زوو، ئەمە رووی دەدا".


رۆژی ۱۳ی كانوونی دووه‌م، گەنجێكی خه‌ڵكی وه‌زیرستانی باشوور بە ناوی نەقیبوڵا لە بەریەککەوتنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا کوژرا، کاتی تەقینەوەی گڕکانه‌كه‌ هات. پۆلیس رایگەیاند نه‌قیبوڵا سەر بە گرووپە توندڕەوەکان بووە، بەڵام خێزانەکەی دەڵێن حەزی کردووە ببێت بە مۆدێل.

ئەو رووداوە بووه‌ چەخماخەی خۆپیشاندانەکانی بەردەم یانەی پەیامنێرانی شاری ئیسلام ئاباد. سەرەتا گرنگی ئەوتۆی پێنەدرا، بەڵام وردەوردە خۆپیشاندەران زیادیانكرد. كۆنتێنه‌رێكیان بردە شوێنەکە و ئامێر و سیستمی دەنگییان بۆ دابینکرد و وتاردان دەستیپێکرد. لەهەندێک لە وتارەکاندا بە توندی رەخنە لە دامەزراوە هەواڵگرییەکان گیرا.
دوای 10 رۆژ خۆپیشاندانه‌كان گۆڕا بە بزووتنەوەیەکی فراوانتر (بۆ رزگارکردنی خەڵکی پەشتوون لە دیکتاتۆری)یەتی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی پاکستان. خەڵک لە ناوچە جۆراوجۆر و دوورە دەستەکانەوە، بۆ خۆپیشاندان روویان دەکردە ئیسلام ئاباد و زۆربەیان وێنەی کەسە بێسەروشوێنکراوەکانیان پێ بوو و سۆراخیان دەکردن.

مەنزوور پەشتین دەڵێ: "من تەنیا ئاگاداری ناوچەکەی خۆمان بووم، بەڵام کاتێک هەواڵی ناوچەکانی دیکەشم زانی و لە رووداوەکان ئاگاداربوومه‌وه‌، بۆ نموونە لە سوات یا باجوور، بۆم دەرکەوت لە هەموو شوێنێک دۆخەکە بەو شێوەیە بووە".

مەنزوور باس لە رووداوێک دەکات کە دوو هەفتە پێش دەستبەسەرکرانی لە تشرینی یه‌كه‌می رابردوودا روویدا و خۆپیشاندانی لێ کەوتەوە. لە گوندێک بە ناوی شامکای لە وەزیرستانی باشوور، بە هۆی تەقینەوەی بۆمب سەربازێک دەکوژرێت. "سوپا باری نائاسایی لە ناوچەکە راگەیاند، داوای لە خەڵک کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ژنەکانیان ناچارکرد له‌لایەک ڕیزبن و لەبەر چاوی ئەواندا دەستیانکرد بە ئەشکەنجەدانی یەک بە یەکی پیاوەکان، مێرمنداڵێک کە پەرکەمی لەگەڵ بوو، به‌به‌رچاوی دایک و باوکیه‌وه‌ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستدا".

 

کەسانێک پێیانوایە پەشتوونەکان بە هۆی ناردنی گەنجەکانیان بۆ ناو گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان، خۆشیان بێبەشنین لەو دۆخەی به‌سەریاندا هاتووە، بەڵام مەنزوور پەشتین ئەوە رەدەکاتەوە.
ئەو دەڵێت: "سوپای پاکستان گرووپە توندڕەوەکانی بەهێزکردووە و ئیسلامی وەک فاکتەرێکی ورووژێنەر بەکارهێناوە".

"ئەمە قسەی من نییە، قسەی سەرهەنگ ئیمامی کارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگری پاکستانە، کە دەڵێت راهێنانی بە ٩٥ هەزار گەنج کردووە، یا قسەی پەروێز موشەڕەفی فەرماندەی پێشووی سوپای پاکستانە کە دەڵێت، خۆمان راهێنانمان بە گرووپە توندڕەوەکان کردووە و ئێمە موجاهیدەکانمان لە سەرانسەری جیهانەوە هێناوه‌. ئەوانە پاڵەوانەکانی ئێمە بوون".

مەنزوور پەشتین دەڵێت: "هەرکاتێك بیانەوێ بۆردومانمان دەکەن، هەرکاتێك بیانەوێ خۆراکمان بۆ دەنێرن، هەر کاتێكیش لە بەرژەوەندییان بێ خەڵکەکەمان بنێرن بۆ کوشتنی کەسانی دیکە، دەیانبەن راهێنانیان پێدەکەن و یارمەتییان دەدەن".

"ئه‌وان وەزیرستانیان داگیركردووه‌، ٣٠ ساڵی خایاند تا ئێمەی خێڵەکی لەوە تێبگەین ‌کە له‌ پێناو ئیسلامدا شەڕمان لەگەڵ رووسەکان نەکردووە، بەڵکوو له‌پێناو پارەی ئەمریکییەکاندا شەڕمان کردووە".
سەرچاوە: بی بی سی