ڕاپۆرتی جیهانی

03:17 - 09/02/2020

ئێران بەدوای چیدا دەگەڕێت‌

كوردستان ئەحمەد

سەرەڕای ئەوەی گورزی كوشندەی ئابوری بەر كۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووە و لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودس و هێرشە موشەكیەكەی ئەو وڵاتە بۆسەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریكا لە عێراق، هیچ لێدوانێكی توند لە نێوان ئێران و ئەمریكا دژی یەكتر  نەبووە، ئەوە لەكاتێكدایە  ئێران هەر لەسەر پەیامەكەی خۆی سورە و دەیەوێت ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی سوریا و عێراقدا دەربكات.

لەیادی شۆرشی  كۆماری ئیسلامی ئێراندا  عەلی ئەكبەر ویلایەتی دەڵێت: ئەوان سورن لەسەر قسەكانی خۆیان و لەسەر ئەوە سورن كە دەبێت ئەمریكا ئێراق و ئێران جێبهێڵێت .

لەگەڵ ئەوەشدا سوپای ئێران وەك دیاریەك بۆ گەلەكەی ئەمڕۆ موشەكی جۆری رەعد 500ی نمایشكرد و ڕایگەیاند ئەو موشەكە دیاری سوپایە بۆ خەڵكی كۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێت: بێگومان موشەك و چەكی نوێیان دەبێت و سوپاكەیان تادێت بەهێزتر دەبێت.

هەرچەندە ئێران لە ئامادەكاریی تەواودایە بۆ ئەندامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی، بەڵام دۆخی سیاسی و پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتە تادێت خراپتر دەبێت و ئاڵۆزیەكانی لەگەڵ ئەمریكا زیاتر دەبێت.

ولایەتی گەورەبەرپرسی ئێرانی و یەكێك لە كەسایەتییە گرنگ و دیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران  لەیادی چلەمین ساڵەی سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی ئێراندا هەڕەشە لەهێزەکانی ئەمریکا دەكات و دەڵێت: دەبێت ئەمریكا هەم سوپاكەی و هەم سیاسیەكانیشیان  لەخاکی عیراق دەرکرێن، ئەگەر خۆیان نەچنە دەرەوە لەو وڵاتە ،  ئەوا بەزەبری هێزی وڵاتەكەیان دەیانكەنە دەرەوە، نایەڵن عێراق كە دۆست و خاكی پیرۆزی شیعەكانە ئەمریكا خاوەنداریەتی لێبكات.

دوای شەری ئیدلیب چی روودەدات؟
ئێستا دۆخی ئیدلیب لە سوریا لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و بەبەردەوام شەر لە كوچەكانی ئەو شارەدا هەیە، لەلایەكی تریشەوە ئەمریكا سەرقاڵی بونیادنانەوەی سوپاكەیەتی لە سوریا و ئێستا بڕیاری نوێ هەیە كە ئەمریكا بنكەیەكی نوێی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە.

لەبارەی دۆخی سوریاوە ویلایەتی دەڵێت:  ئێستا شەڕێكی گەورە هەیە لە سوریا و دوای ڕزگارکردنەوەی ئیدلب نۆبەتی خۆرهەڵاتی فوراتە و ئەوێش  ڕزاگار ئەکرێت و کۆتایی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا دێت لە سوریاش.

بەدرێژای چەندساڵی رابردوو ئێران هەڕەشەی لەناوبردن و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاو عێراق دەكات ، لەرووی كردەییەوە ئێستا ئەمریكا لە سوریا و عێراقیش بنكەی سەربازی گەورەی لەسەر زەوی هەیەو كۆنترۆڵی ئاسمانی ئەو دوو وڵاتەی كردووە، پەیتا پەیتا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە حەشارگەو بنكەو بارەگاكانی سەر بەسوپای پازداران بۆردومان دەكرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەمریكا لە دوا ین گۆڕانكاریی خۆیدا لە سوریا لەرێگای دەروازەی وەلید ی سنوری نێوان عیراق سوریاوە ، کەل وپەلی سەربازی و چەندین ئۆتۆمبێلی  بارهەڵگری سەربازی گەیاندۆتە تەل بەراک لە شاری حسەکەو خەریکی دامەزراندنی بنکەی سەربازی دوانزەمینی خۆیەتی لە سوریا .

ئێران و ئەمریكا لە سوریا بەتەمای چین؟
ئێستا لە سوریا چەندین ھێزی گەورە و چەندین گروپی چەكداری (مورتەزەقە) ی سەربازی هەن،
 كە فەرمان لە توركیاوە وەردەگرن، بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەو شەرە بەوەكالەتە جیهانیەی كە هەیە خەریكە لە ئیدلیب یەكلای دەبێتەوە و ئێران دەیەوێت لەو شەرە بەوەكالەتەدا پشكی خۆی لە ئابوری سوریادا هەبێت.

هەموو هێزەكانی سوریا بەشوێن وزەوەن و جەنگی ئەوەدەكەن وزە بەدەست بهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، هەرگیز ئەم ڕاستیەی نەشاردۆتەوەو بەئاشکرا بەهەموو ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی جیهانی ڕاگەیاندوە: کە ئامانج وستراتیژیەتی وڵاتەکەی لەوچوارچێوەیەدا کاریی هاوكاریی بە دەسمایەوە سەر ئەکرێت، ئەوان لە سوریان بۆ ئەوەی  كێڵگە نەوتیەكان بپارێزن.

هەرچی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیشە لەبەرانبەر ئەمریکا هەرچیەکی توانیان کردیان وبێ ئەنجام بوون ، لەبەر ئەوە نامەکانی ترامپ ڕوون وئاشکران ، یان لەگەڵمانیت یان دژمانیت.

ئێستا لەو هاوكێشە گەورەیەی سوریادا هەم ئێران و هەم توركیاش دەزانن كە كەوتونەتە هەڵەیەكی گەورەوە چونكە ئەوان بە پشتیوانی چین و روسیا دەیانویست لە ناوچەكە بەردەوامبن و كاری  خۆیان بكەن، بەڵام  دەركەوت كە روسیا و چین ناتوانن هیچ پشتیوانیەكی ئێران و هێەكانی تریش بكەن، بۆ ئەوەی لە سوریا پێگەی خۆیان هەبێت.


لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریانە و ئەو توانایانەی ئێران بەگەڕیخستن لە سوریا هێشتر ئەو وڵاتە دەیەوێت بەردەوامبێت و لەسوریا چنگی خۆی لە شتێك گیربكات، “مرگ بر ئەمریكا “ دەڵێتەوە.

بەجۆرێك لە جۆرەكان مادام ئێران دەیەوێت بە یەك هاوكێشە سەیری كێشەی سوریا وعێراق بكات و بەجێنفوسی خۆی دەزانێت،ئەمریكاش دەیەوێت لەهەردوو وڵات دەریان بكات، لە سوریا راستەوخۆ هێرشیان دەكاتە سەر و لە عێراقیش بەتەواوەتی دژایەتی ئێران دەكات.

پێدەچێت دۆسیەی سوریا و عێراق لە ململانێ ئابوری و سیاسیەكانی نێوان ئێران  ئەمریكادا زنجیرەی سیناریۆ جۆراو جۆرەكان زیاتر ببن  ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت تا دۆخەكە بە ئاراستەی كەسێكیان بەلایەكدا دەكەوێت.