ڕاپۆرتی جیهانی

03:37 - 12/02/2020

چۆنە منداڵان زۆر بە کەمی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن؟‌

پەیسەر

رۆژی ٥ی ئەم مانگە، هەواڵی تووشبوونی منداڵێکی تازە لەدایکبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبوویەوە ئەویش ٣٠ کاتژمێر دوای لەدایکبوونی. ئەم هەواڵە زۆر بە خێرایی بە هەموو دنیادا بڵاوەی کرد چونکە حاڵەتێکی دەگمەن بوو.

توشبوونی ئەو منداڵە، کەم تەمەنترین کەسە کە تائێستا تووشی ئەو نەخۆشییە بووە. ئەمە لەکاتێکدا زیاتر لە هەزار کەسی مردوون و بە ٣٠ وڵاتی جیهاندا بڵاو بووەتەوە.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە تائێستا ژمارەیەکی زۆر کەم لە منداڵان تووشی نەخۆشییەکە بوون.

یەکێک لە دوایین توێژینەوەکان کە لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە و لە گۆڤاری (فیدراسیۆنی پزیشکانی ئەمریکا)دا بڵاو کراوەتەوە. لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی نەخۆشەکانی (نەخۆشخانەی جین یین تان) لە شاری ووهان، ئامادە کراوە. واتە ئەو شارەی کە ناوەندی پەرەسەندنی ئەو ڤایرۆسەیە.

بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نادیار، وا دێتە پێش چاو کە منداڵان لە دەست ئەم ڤایرۆسە دەرباز دەبن

بەپێی توێژینەوەکە زیاتر لە نیوەی تووشبووان کە لەو نەخۆشخانەیەدان، تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٩ ساڵاندایە و ١٠%شیان تەمەنیان لە ٣٩ ساڵ کەمترە. ئەمە لەگەڵ حاڵەتە دەگمەنەکەی تووشبوونی ئەو منداڵە.

کەمیی رێژەی تووشبوون لە منداڵاندا
سەبارەت بە کەمی رێژەی منداڵانی توشبوو بە کۆرۆنا، چەند بۆچوونێک لە ئارادایە، بەڵام شارەزایان وەڵامێکی تەواویان بەدەستەوە نییە.
ئەیان جۆنز، پرۆفیسۆری ڤایرۆسناس لە زانکۆی رێدینگ دەڵێ: " بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نادیار، وا دێتە پێش چاو کە منداڵان لە دەست ئەم ڤایرۆسە دەرباز دەبن یا بە قورسی تووشی نابن. بە واتایەکی تر منداڵان نەخۆشییەکی سووک دەگرن کە هیچ نیشانەیەک بە دەستەوە نادات، بۆیە نایانبەنە لای پزیشک یا نەخۆشخانە، بەو شێوەیە تۆمار ناکرێن".

سیستمی بەرگریی منداڵ و مێرمنداڵان، بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوکردنە ڤایرۆسییەکان

هەروەها ناتالی مەک دێرموت، مامۆستای زانکۆی لەندەن، لەگەڵ ئەم بۆچوونە هاوڕایە و دەڵێ:" سیستمی بەرگریی منداڵانی سەروو تەمەن ٥ ساڵان و مێرمنداڵان، بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوکردنە ڤایرۆسییەکان. رەنگە ڤایرۆسەکە بچێتە ناو لەشیانەوە، بەڵام توشی نەخۆشییەکی سووکیان دەکات کە نیشانەی هەوکردن نیشان نادات".

هاوشێوەی ئەمە پێشتریش روویداوە ئەویش بڵاوبوونەوەی سارس – بوو کە ئەویش کەمتر منداڵانی نەخۆش دەخست. نەخۆشی سارس کە لە ساڵی ٢٠٠٢ – ٢٠٠٣دا بڵاوبوویەوە، سەرچاوەی لە جۆرێکی دیکەی کۆرۆنادا بوو. سارس ٨ هەزار کەسی تووشکرد و نزیکەی ٨٠٠ کەسیشی کوشت، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان منداڵ بوون.

ساڵی ٢٠٠٧ ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، ١٣٥ حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە سارسی راگەیاند، بەڵام هیچ حاڵەتێکی مردنی منداڵان و مێرمنداڵان تۆمار نەکرا.

بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە پارێزراوبوون
خاتوو مەک دێمورت پێیوایە؛ لەوانەیە منداڵان بە قەدەر گەورەکان لە بەردەم هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنادا نەبووبن، چونکە تەشەنە سەندنی ڤایرۆسەکە لە کاتی پشووەکانی ساڵی نوێدا دەستیپێکرد، واتە ئەو کاتەی خوێندنگەکان داخرابوون.
تاڕادەیەک دەکرێ بڵێین هەموو پارێزگاکانی چین، بڕیاریاندا خوێندنگەکان بە داخراوی بمێننەوە و هەندێکیان تا کۆتایی مانگی شوبات ناکرێنەوە.

خاتوو مەک دێمورت دەڵێ:" گەورەکان زیاتر سەرقاڵی پارێزگاریکردنن لە نەخۆشەکان. ئەوان منداڵەکان دەپارێزن یا ئەگەر کەسێک لە ماڵەوە تووش بووبێ، ئەوان منداڵەکانیان دەنێرێن بۆ شوێنی دیکە".
بە بۆچوونی ئەو ئەگەر نەخۆشییەکە زیاتر پەرە بسێنێ و بڵاوبوونەوەی لە کۆمەڵگەدا زیاتربێ، پێدەچێ بارودۆخەکە بگۆڕێ.

بە هەرحاڵ سەرەڕای پەرەسەندنی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا زیادبوونی رێژی تووشبووانی منداڵی بە دوادا نەهاتووە.

وەک باسکرا هاوشێوەی ئەمە لە رابردوویشدا هەبووە، ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، حاڵەتەکانی تووشبوونی منداڵان بە سارسی هەڵسەنگاندووە و رایگەیاندووە ئەگەری ئەوە کەمە کە منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ لە نەخۆشخانە بهێڵرێنەوە.

ئایا نەخۆشییەکە بۆ گەورەکان قورسترە؟
لەگەڵ ئەوەی حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگمەن بووە. شارەزایان پێیانوایە هۆکارەکەی ئەوە نییە کە منداڵان تووشی ئەو نەخۆشییە نابن. ئەگەری هەیە ئەم نەخۆشییە بخرێتە ریزی ئەو نەخۆشییانەی کە بەراورد بە منداڵان، گەورەکان بە قورسی دەیگرن، وەکوو دەردە مریشک.

ئاندرۆ فریمەن، شارەزای نەخۆشییەکانی هەوکردن لە زانکۆی کاردیف دەڵێ:" ئەوە زۆر جێی دڵنیایی نییە کە بوترێت منداڵان لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا پارێزراون، رەنگە هۆکارەکە ئەوەبێ کە منداڵان چ نیشانەیان تیادا دەرکەوتبێ یا دەرنەکەوتبێ، پشکنینیان بۆ ناکرێ".

ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی شەکرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە لە بەرامبەر کۆرۆنادا لاوازن 

کریستێل دانلی، شارەزای ئاماری چارەنووسساز لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە و لە بارەیەوە پشت بە پرسی بڵاوبوونەوەی سارس لە هۆنگ کۆنگ دەبەستێ و دەڵێ:" هاوکارانمان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە رەوتی نەخۆشییەکە لە منداڵاندا سووکترە".

نەخۆشییە رێخۆشکەرەکان
ئەو گەورە ساڵانەی کە نەخۆشی وایان لەگەڵدایە، بەهۆیەوە سیستمی بەرگری لەشیان کەوتووەتە ژێر فشارەوە وەکو شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، بۆیە لە بەرامبەر ڤایرۆسەکانی وەکوو کۆرۆنادا لاوازن.

پرۆفیسۆر جۆنز دەڵێ:" هەو کردنی سییەکان – قورسترین خەساری ڤایرۆسی کۆرۆنا – زۆرتر توشی ئەو کەسانە دەبێ کە سیستمی بەرگری لەشیان لاواز بووە و تەندروستییان تەواو نییە، یا لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیاندان".

بۆ ئەنفلۆنزا و هەوکردنەکانی دیکەی کۆئەندامی هەناسەیش بە هەمانشێوەیە.

تاڕادەیەک دەتوانین بڵێین نیوەی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی جین یین تان لە شاری ووهان، لەو کەسانە پێکهاتوون کە نەخۆشییە رێخۆشکەرەکانیان لەگەڵدا بووە.

منداڵان بە بڵاوکەرەوەی ڤایرۆسەکان نەناسراون
لە راستیدا منداڵان بە کەسانی ئامادەی تووشبوون و بڵاوکردنەوەی هەوکردنە ڤایرۆسییەکان دانراون و بە گوتەی شارەزایان تەنانەت "بڵاوکەرەوەی سەرەکی" ڤایرۆسەکانن.

ئەیان جۆنز دەڵێ:" منداڵان بە ئاسانی هەوکردنەکانی کۆئەندامی هەناسە دەگوازنەوە، هەرکەس منداڵەکەی دەچێتە باخچەی منداڵان، ئەوە باش دەزانێ".

کەواتە دەکرێ چاوەڕوان بین کە ژمارەی منداڵانی تووشبوو یا گیانسپاردوو زۆر زیاد بکات، بەڵام تائێستا شتێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە.

رەنگە سیستمی بەرگری منداڵان زیاتر ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکانی هەبێ، یا ڤایرۆس بە شێوەیەکی سووکتر لە منداڵاندا دەربکەوێ. بۆیە نابرێنە لای پزیشک و نەخۆشخانەکان و تۆمار ناکرێن و پێیان نازانرێ.
وەڵامی روونتر بە تێگەیشتنی زیاتر لە تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەست دەکەوێت.

لەوانەیشە هۆکار ئەوەبێ کە منداڵان نەچوون بۆ خوێندنگە و گەورەکان پارێزگارییان لێ کردوون. بەڵام دەبێ بۆ دەرکەوتنی راستیی ئەم ئەگەرانە چاوەڕێ بکەین تابزنین کاتێ منداڵانی چین گەڕانەوە بۆ خوێندنگەکانیان چی روو دەدات.