ڕاپۆرتی جیهانی

02:10 - 13/02/2020

بۆچی قۆناغى نوێى داعش راگه‌یاندنى شه‌ڕه‌ دژی ئیسرائیل؟‌

پەیسەر

گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)، بەم دواییە رایگەیاندووە کە دەیەوێ ستراتیژی خۆی بگۆڕێت و لە دەرەوە و ناوەوەی ئیسرائیل، ئیسرائیلییەکان بکاتە ئامانج. هەروەها ئامانجی کۆتایی خۆی بە "رزگارکردنی بەیتولموقەدەس" راگەیاندووە.

داوای لە شەڕکەرانی داعش لە هەموو جیهان کرد یەهوودییەکان بکەنە ئامانج

سەرۆکی داعش لە پەیامێکدا لە رۆژی ٢٧ی مانگى رابردوو ئەم ستراتیژە نوێیەی راگەیاند. لە پەیامەکەدا کە لە لایەن ئەبوو هەمزە ئەلقوڕەیشی وتەبێژی داعش خوێندرایەوە، حه‌وت جار ناوی "بەیتولموقەدەس" هات و جەخت کرایه‌وه‌، هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا داعش کردوویەتی، لە پێناو ئامانجێکدا بووە کە ئەویش "رزگارکردنی بەیتولموقەدەس" بووە.

هەروەها داوای لە شەڕکەرانی داعش لە هەموو جیهان کرد:"شارۆچکەکان و بازاڕەکانی یەهوودییەکان بکەنە ئامانج، سەرزەمینەکانیان بکەن بە شوێنی تاقیکردنەوەی چەک و مووشەکە کیمیاییەکانی خۆتان".

ئەبوو هەمزە داوای لە فەلەستینییەکان کرد؛ بچنە بەرەی پێشەوەی خەبات دژی بە یەهوودییەکان و بەرنامەکانی وەکوو رێککەوتنی سەدە بخەنە ژێر پێ، ئەو بەرنامەیەی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن ترەمپ-ەوە باسی کرا.

"هیواتان بە حەماس نەبێ"
داعش ویستی لە پەیامەکەیدا خۆی بە تاکە رزگارکەری فەلەستینییەکان بناسێنێت، هەر بۆیە سه‌ر زه‌نشتى گرووپی ئیسلامخوازی حەماسی غەزەی کرد.
لەو پەیامەدا حەماس بە گرووپێکی "وڵاتفرۆش" ناوی هێنرا کە نەک هەر داردەستی ئێرانە، بگرە جگە لە دروشمدان هیچ کارێکی دیکە ناکات. بۆیە هیچ سوودێکیشی بۆ فەلەستینییەکان نابێت.

هەرگیز نەبینراوە کە ئەو گرووپە هەوڵی دابێ یەهوودییەکان و ئیسرائیل، بە ئامانجی ژمارە یەکی خۆی پێناسە بکات

هەموو گرووپە جیهادییەکان بە تایبەتیش داعش، بەردەوام حەماسیان بە هۆی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی فەرمیدا ئیدانە کردووە، چونکە پێیانوایە ئەو کارەی لەگەڵ ئیسلام لە دژایەتیدایە، هەروەها بە هۆی نزیکبوونی لە ئێران، حەماس بە دوژمنی خۆیان دەزانن و بە (مورتەد) لە قەڵەمی دەدەن.

سه‌رنج لەسەر یەهوودییەکان
لە حاڵێکدا کە داعش، وەکوو زۆربەی گرووپە جیهادییەکانی دیکە لە بانگەشە و هەڕەشەکانیدا بە گشتی یەهوودییەکان و ئیسرائیلی لەگەڵ "سەلیبییەکان" پۆلێن کردووە، بەڵام هەرگیز نەبینراوە کە ئەو گرووپە هەوڵی دابێ یەهوودییەکان و ئیسرائیل، بە ئامانجی ژمارە یەکی خۆی پێناسە بکات.

بۆ نموونە داعش لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا هەڵمەتێکی میدیایی هاوئاهەنگی بە گەڕ خست کە کۆمەڵێک ڤیدیۆی لە خۆ دەگرت و تیایاندا فەلەستینییەکان هان دەدران هێرش بکەنە سەر یەهوودیییەکان، دیارە ئامانجی ئەوە بوو سوود لەو شەپۆلی توندوتیژییە وەربگرێت کە ئەو کات لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکاندا پەرەی سەندبوو.
مەبەستی داعش لەو هەڵمەتە میدیاییە ئەوە بوو کە پاساو بۆ هێرشنەکردنی بۆ سەر ئیسرائیل بێنێتەوە. لە ڤیدیۆکاندا دەوترا داعش ئێستا لە سوریا و عێراق شەڕ دەکات، بەڵام چاوی لە سەر "بەیتولموقەدەسە".

داعش لە رابردوودا بە هۆی هێرشنەکردنە سەر ئیسرائیل و چڕ بوونەوەی هێرشەکانی لە سەر وڵاتانی ئیسلامی، رەخنەی زۆری لێ گیراوە. وەڵامی داعش بۆ رەخنەکان ئەوە بووە کە تاکتیکی گرووپەکەیان بریتییە لەوەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە شکست پێ بێنن کە دەوری ئیسرائیلیان گرتووە و دەیپارێزن و رێگە نادەن گرووپە جیهادییەکان دەستیان بە ئیسرائیل بگات.

ماوەیەکی زۆر ئەلقاعیدە بۆ کۆ کردنەوەی هێز، سوودی لە پرسی فەلەستین وەردەگرت

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٧ "بەیتولموقەدەس" ی وەک پایتەختی ئیسرائیل بە فەرمی ناسی، داعش تەنیا گرووپی جیهادی بوو کە ئەو بڕیارەی ئیدانە نەکرد. کاردانەوەی داعش بەرامبەر بەو بڕیارە زۆر لێڵ بوو و هەوڵیدا تیایدا حەماس بە تاوانبار بناسێنێت.
سەوت زەرقاوی کە یەکێکە لە لایەنگرە ناسراوەکانی داعش، لە بارەی دوایین پەیامی داعش دەڵێت:"دواجار ستراتیژی نوێ دەمی ئەو کەسانەی داخست کە بەردەوام دەیانپرسی بۆچی داعش هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل".

پێدەچێت ستراتیژی نوێی داعش تا رادەیەکی زۆر ئیلهامی لە ئەلقاعیدە وەرگرتبێت، ماوەیەکی زۆر ئەلقاعیدە بۆ کۆ کردنەوەی هێز، سوودی لە پرسی فەلەستین وەردەگرت.
هەرچەند تا ئێستاش ئەلقاعیدە هیچ هێرشێکی ئەوتۆی بۆ سەر ئیسرائیل نەکردووە و بەردەوام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئامانجی ژمارە یەکی خۆی پێناسە کردووە. بەڵام لە دروشم و بانگەشەکانیدا هەمیشە سوودی لە پرسی فەلەستین وەرگرتووە.

بۆچی ئێستا؟
ئەبوو هەمزە لە پەیامەکەدا بە روونی نەیگوت، بۆچی لەم قۆناغە تایبەتەدا بڕیاریان داوە دژی یەهوودییەکان و بە تایبەت ئیسرائیل شەڕ رابگەیه‌نن.
دەکرێ یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێ کە ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی، سەرۆکی نوێی داعش، دەیەوێ بە راگەیاندنی ئامانجی لەم شێوەیە خۆی دەربخات، تەنانەت ئەگەر تەنیا لە ئاستی قسەیشدا بێ.

ئەبووبەکر بەغدادی سەرۆکی پێشوو، توانیبووی ناوچەیەکی جوگرافی زۆر داگیر بکات و "خەلافەت"رابگەیه‌نێت، هەر بۆیە تەنیا بەردەوامبوونی بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشەکانی ئێستا لە میدیاکاندا، بۆ ناساندنى ناوی سەرۆکی نوێ بەس نییە.

داعش نەیتوانی شوێنپێی خۆی لەسەر زەمینی فەلەستینییەکان قایم بکات

جگە لەمەش، لەو رووەوە کە ئەم پەیامە نوێیە، هیچ زانیارییەکی نوێ لە بارەی سەرۆک بە ئێمە نادات و تەنیا ئیرادەی بۆ هێرشکردنە سەر یەهوودییەکان پیشان دەدات، دەکرێ بمانگەیێنێتە ئەو ئەنجامەی کە داعش دەیەوێ بە سوودوەرگرتن لە ئامانجێکی گەورە، رەوایەتی بە سەرۆکی نوێ ببەخشێت. رەنگە ئامانج لە راگەیاندنی ئەم ستراتیژە نوێیە کۆتاییهێنان بێت بەو قسە و باسانەی لە بارەی ناسنامە و رەوایەتی ئەو بۆ دەوربینینی لە پێگەی "خەلیفە"دا دەکرێت.

هاوکات تا رادەیەک دەتوانین بڵێین کە داعش هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەست داوە و ئەو شکستە گورزی قورسی لە پێگەی وەشاندووە. هەر بۆیە پێویستی بە پەیامێکی تازە و خەڵەتێنەرە، تاوەکوو بتوانێ لە رێگەیەوە په‌یوەندی لەگەڵ مسوڵمانان دروست بکاتەوە و لە ناویانەوە ئەندام رابکێشێت. کەواتە بۆ ئەوەیش چی لە "رزگارکردنی بەیتولموقەدەس" باشترە؟

روون نییە هاوکاتبوونی راگەیاندنی ئەم ستراتیژە نوێیە لەگەڵ راگەیاندنی رێککەوتنی سەدە تا چەند بە ئەنقەست بووە، بەڵام ناکرێ گرنگی کاتی راگەیاندنەکەی لە بەرچاو نەگرین.
زۆربەی فەلەستینییەکان و مسوڵمانان نیگەرانی خۆیان لە رێککەوتنی سەدە راگەیاند و بە دڵنیاییەوە داعش هەوڵ دەدات بۆ بەرژەوەندی خۆی سوود لەو دۆخە وەربگرێت.
هەرچەند داعش توانیبووی لە لووتکەی دەسەڵاتیدا لە چەندین وڵاتدا تەشەنە بکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی شوێنپێی خۆی لەسەر زەمینی فەلەستینییەکان قایم بکات.

 لقی داعش لە بیابانی سینا بەراورد بە لقەکانی دیکەی داعش لە دۆخێکی باشتردا نییە

لایەنگرانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیرییەکی توندی ئەم ستراتیژە نوێیە دەکەن و ریکلامی تایبەت بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بڵاو دەکەنەوە. یەکێک لە ریکلامەکان بنیامین نەتانیاهوی سەرۆکی ئیسرائیل پێشان دەدات کە خەریکە بۆ دەمامکی دژە کیمایی دەگەڕێ و لە پشتییەوە کۆمەڵێک مووشەک بەر زەوی کەوتوون. ریکلامێکی دیکە بە زمانی عیبری هۆشداری دەدات لەوەی کە بە زووترین کات چەکدارانی داعش هێرش دەکەن.

هەڕەشەی راستەقینە یا فشە؟
داعش داوای لە شەڕکەرەکانی لە بیابانی سینا و سووریا کردووە، کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە بکەن، وا پیشان دەدات کە ئەو هێزانەی بە چەکی کیمیایی تەیار کراون.

بەم پێیە ئایا پەیامە نوێکەی داعش تەنیا جۆرێکە لە بانگەشە یا بە راستی دەبێ بە جدی وەربگیرێت؟
گومانی تیادا نییە داعش چێژ لەوە دەبینێ کە لە سەر شانۆ ئامادە بێ، پەیامە نوێکەیشی تا رادەیەک هەر بۆ ئەوە بووە ناوی لە سەردێری هەواڵەکاندا بێت. ئامانجێکی دیکەی پەیامەکە ئەوە بووە کە لە رێگەی ناوی (فەلەستین)وە هێز کۆ بکاتەوە.

پێدەچێت کەشی سیاسی ئێستا و ئەو گرژییانەی بەهۆی "رێککەوتنی سەدە" وە هاتوونە ئارا، لە بەرژەوەندی ئەم گرووپە بکەونەوە. زۆربەی گرووپە جیهادییەکان وەک کاردانەوە بەرامبەر "رێککەوتنی سەدە" هیوایان خواست تووڕەیی فەلەستینییەکان ببێتە هۆی ئەوەی مسوڵمانان دەستە و دامێنی جیهاد ببنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧، لقی داعش لە بیابانی سینا لە دوو قۆناغدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆمەڵێک مووشەکی بەرەو یەکێک لە شارەکانی باشووری ئیسرائیل هاویشتووە. ئەو هێرشانە زیانێکی ئەوتۆیان نەگەیاند. ئەو لقەی داعش بانگەشەی ئەوەیشی دەکرد کە لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل. جارێک بە هاویشتنی مووشەک بۆ ناوخۆی ئیسرائیل، جارێکیش بە هاویشتنی مووشەک بۆ یەکێک لە رێڕەوە سنوورییەکانی بیابانی سینا.

لەگەڵ ئەوەی لقی داعش لە بیابانی سینا بەراورد بە لقەکانی دیکەی داعش لە دۆخێکی باشتردا نییە، بەڵام بەردەوام بانگەشەی هێرشکردن دەکات، دیارە هێرشەکانیشی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە. لە مانگى یه‌كى ئەمساڵدا ژمارەیەک لە لایەنگرانی داعش باسیان لە ڤیدیۆیەکی په‌یوەندیدار بە لقی سینای ئەو رێکخراوە دەکرد، کە لە ٢٠١٩دا بڵاوی کردووەتەوە و تیایدا مووشەکێکی دژە فڕۆکە دەبینرێ و توانای سەربازی داعش پیشان دەدات.

ستراتیژی نوێی داعش بۆ هێرشکردنە سەر یەهوودییەکان و ئەو رووداوانەی تووڕەیی مسوڵمانانی لە رێککەوتنی سەدە بە دوای خۆیدا هێناوە، پێدەچێت بەو واتایە بن کە هێرشەکانی داهاتووی داعش لە سەر ئامانجەکانی یەهوودییەکان چڕ ببنەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا