ڕاپۆرتی جیهانی

03:30 - 15/02/2020

روسیا و توركیا لە سوریا چیان لێدێت؟‌

كوردستان ئەحمەد

تادێت ئاڵۆزیەكانی نێوان روسیا و توركیا لە سوریا لە بارەی ئدلیب و هێرشەكانی توركیا بۆ  سوریا نیگەرانی زیاتری لێدەكەوێتەوە و روسیا بەتەواوەتی لە توركیا نیگەرانە و چەندین جار لە لایەن كرملنە وە هۆشداری دراوەتە توركیا كە بەهەنگاوەكان و كردارەكانیدا بچێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئاڵۆزیەكانی سوریا گەیشتوەتە رادەیەك راستەوخۆ هێزە ئەمریكیەكان و هێزە سوری و هێزە بیانیەكانی دیكە و روسیاش بەتەواوەتی لە كایەیی سەربازیدا رۆڵدەبین و هێزەكانیان خەریكە رووبەرووی یەكتر دەبنەوە و هێرش دەكەنە سەر یەكتر.

بەڵام ئێستا چەند گروپێكی چەكداریی لە سوریا هەیە كە توركیا پشتیوانی دەكات ئەوەش بونەتە كێشەیەكی گەورە لە و وڵاتەدا  و لە ئێستاشدا روسیا نیگەرانی تەواوەتی داوەتە توركیا لەو بارەیەوە و دەیەوێـت توركیا پشتیوانیان نەكات.

روسیا چی دەڵێت بە توركیا؟
لەسەرو بەندی ئاڵۆزیەكانی ئیدلیبدا و لە هەفتەی توندی رووبەرووبونەوەكانی ئیدلیب،  دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕۆژی چوار چوارشەممە وتی: ڕێکەوتنەکانی سوچی ، لایەنەکان روسیا،تورکیا،ئێران ناچاری جێبەجێکردنی چەند پابەندبونێکی دیاریکراو ئەکات کەلەسەریان ڕێککەوتوون ، هەروەها وتی تورکیا بە پێی بەڵگەنامەی سوچی ئەبێت هەڵسێت بەلەناوبردنی گروپە تیرۆریستیەکان کەلە ئیدلب گردبونەتەوە.

دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملن  وتیشی:  ڕوسیا نیگەرانە لەوهێرشانەی کە لەلایەن ئەوگروپە چەكدارە توندرەوانە دەكرێتە سەر بنکەوبارەگا سەربازیەکانی روسیا ،کەئەوە جێی قبوڵکردن نیەو لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکانی سوچی دا نایاتەوە و پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیردرێن و ئەو هێزانەش كەپشتیوانیان دەكات بەرپرسی ئەو دۆخەن.

دەشڵێت ئەو لایەنانەی كە پەیوەندیان بەو گروپانەوە هەیە راست ناكەن و پابەند نیە بەلەناوبردنی گروپە تیرۆستیەکانەوەو بەکاریان دێنێت بۆ ئامانجی سیاسی خۆییان و دەیانەوێت پێگەی خۆیانیان پێبەهێز تر بكەن.

ئەردۆغان کەوتە داوەکەوە
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملن دەڵێت: جارێکی تر بە ناچاری گرێبەستی موشەکی S400ی ڕوسیش هەڵ ئەسەپێرن و پارچەکانی نادەین بە توركیا  تابتوانێت بەکاریان بهێنێت ، لە لایەكی تریشەوە  روسیا دەڵێت: ئامادەن  بۆ ئەوەی بتوانین  توركیا سڕبكەین و ڕێگەنەدەین كارەكانیان ئەنجام بدەن لە توركیادا.

لەلایەکی ترەوە ئەمریكا  فڕۆکەی F35ی ئەمریکیش بە ئاسانی ناداتە ترویكا هرەچەندە  کە تورکیا بەشداری کارایە لە كرینی ئەو فرۆكەیەدا و ئەو وڵاتەشە  چەندین ملیار دۆلاریان لێ سەندوون وەک پێشەکی بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەنی فرۆكەكە، لە راستیدا ئێستا ئەمریكا ئامادە نییە فرۆكەوانی خۆی بۆ بنێرێت یاخود فێریی فرۆكەوانی بكات بەپێی لێدوانەکانی  گەورە بەرپرسانی ئەمریكا

توركیا لەسوریا زۆر كاریی كرد  نەیتوانی پاڵپشتی تەواوی ئەمریکی وڕوسەکان بەدەست بهێنێت ، بەڵکو لەلایەن هەردو وڵاتی زلهێزەوە بەکار هێنرا ، لەکۆتایی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی سوریادا کاریان پێی نەماوە، بەکوشتنی قاسمی سلێمانی و نەهێشتنی هەژموونی ئێران لەو وڵاتە ئیتر تورکیایان خستە سەر دووڕیانێکی مەترسیدار ، ئەویش یان کشانەوە لە سوریا   کە کێشەی زۆر بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان ئەخولقێت و ناتوانێت بەرگەی فشاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بگرێت لەبەرانبەر ئەو شکستە گەورەو مێژووییەی خۆیدا .

 کە لەلایەن سەرانی جەهەپە و ئی پارت و هەدەپەو زۆربەی لایەنەکانی تریشەوە بەئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ سیاسەتی دەست تێوەردانی ئەردۆغان لەسوریا ڕاگەیاندوە ، لەکاتێکی وەهادا ئەگەری هەیە هەموو شەقامی تورکیای لێ بوروژێنن، کەلەسایەی ئەوسیاسەتدا وێڕای زەرەری زۆری ئابووری ، هیچ دەستکەوتێکی سیاسی نابێت و بەڵێنەکانی چێبەجێ نابن.

ئەرۆغان شەرێكی دۆڕاو دەكات
لەم چەند رۆژانەی دوایدا توركیا سوپایەكی بێشوماری بردوەتە پارێزگای ئیدلیب، ئەوەش وادەكات لە ئیدلیب توركیا بكەوێتە شەرێكی دۆڕاوەوە، لەبەر ئەوەی توركیا هیچ شەرعیەتێکی نیە تا لەخاکی سوریادا بمێنێتەوە ، چ جای هێزی زیاتر بەرێتە نێو ئەو وڵاتەوە .

ئایا ڕوسیا وئێران دەستبەرداری هێزەکانی بەشار ئەبن؟ پشت ئەکەنە سوریا ؟ ئەمریکا وناتۆ هاوکاری ویارمەتی تورکیا ئەدەن ؟ یان ئەردۆغان وەک کارتی فشار بەکاردێنن لەبەرانبەردەستکەوتی زیاتر لەسوریا ؟ ئەوە ئەو پرسیارانەیە كە دۆخی ئیدلیب وەڵامیان دەداتەوە و میدیا جیهانیەكان شرۆڤەی دەكەن و ئاراستەی شەرەكە دیاریی دەكەن

ئەمانە هەمویان ئەگەری کراوەن لە قۆناغی ئێستای سوریادا ، گریمانەی هەرە لەپێش  ڕێکەوتنی زیاتری نێوان زلهێزەکانە لەنێوان خۆیاندا ، لەسەردابەشکردنی داهاتوی ناوچەکە بەشێوەیەك كەخۆیان سودی لێدەبینن و قازانجی لێدەكەن