ڕاپۆرتی جیهانی

03:49 - 18/02/2020

ناتۆ باوی نەماوە یان لە گیانەڵڵادایە؟‌

پەیسەر

دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٠١٥، بە گاڵتەجاڕییەوە دەیگوت: ناتۆ باوی نەماوە، ئەو رێکخراوە تەنیا دۆلارمان لێ دەکێشێتەوەو ئەمریکا دەدۆشێ!
چوار ساڵ دوای ئەو قسانەی ترەمپ، ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا نائومێدانە گوتی: بەداخەوە ئەم رێکخراوە لە گیانەڵڵادایە!

 
ماکرۆن لە کاتێکدا ئەم قسەیەی کرد، کە تورکیا یەکلاییکردبوویەوە موشەکیS400 لە روسیا کڕیوە. ئەمریکای ترەمپ گاڵتەی بە ناتۆ بێت و تورکیای دووەم هێزی ناتۆ چەک لە روسیا بکڕێ. ئایا وەڵامی قسەکانی ترەمپ و ماکرۆن نین بەوەی هەم باوی نەماوە و هەم لە گیانەڵڵادایە؟


مانگی دیسەمبەری پار، بە کۆبوونەوەیەکی لوتکە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ کرایەوە. بەرپرسانی ئێستای رێکخراوەکە گەشبینانە باسی داهاتوویان دەکرد، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئەوروپا نەک جێی گەشبینی نین، بەڵکو نوقڵانەی خراپ لێدەدەن سەبارەت بەو رێکخراوەی کە ساڵانێکی زۆر، تاقە ئومێدی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوابوو.


ئێستا لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا، مشتومڕی گەرم لەسەر ئەوەیە ئایا دەکرێ بەبێ ئەمریکا ئیدارە بە رێکخراوەکە بدەن؟ ئەمریکییەکانیش خەریکی هەڵسەنگاندنی دنیایەکن بەبێ ناتۆ. بەڵام وادیارە هیچ لایەکیان نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی.
ناتۆ بۆ ئەوە دامەزرا تا ببێتە پەرژینێکی سەربازیی و سیاسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا. بەڵام ئێستا وادیارە رۆڵی ئەم رێکخراوە بەرەو نەمان بچێ. چونکە سەرکردەکانی رۆژئاوا، راشکاوانە و بە ئاشکرا تانەوتەشەری لێدەدەن.


ساڵانێک بوو ناوی ئەم رێکخراوە بەس بوو بۆ ئەوەی، هێز و بازووی رۆژئاوا نیشان بدرێ بەرامبەر بە هەڕەشە هەنووکەیی و درێژ مەوداکان.


لوتکەیەکی بێ ئومێد
ئەمریکا لایەک دامەزرێنەری ناتۆیە، هەم لەو کاتەوەشەوە دامەزراوە خۆی هێزی یەکەمی ئەم رێکخراوەیە. بەڵام ئێستا سەرۆکی ئەم وڵاتە دەڵێ رێکخراوەکە بۆ دۆشینی ئەمریکایە و هیچی تر.


بودجەی ساڵانەی ناتۆ لە نێوان ٧٠٠ تا ٨٩٠ ملیار دۆلاردایە. بەشی هەرەزۆری ئەم پارەیە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێ. وڵاتانی ئەندامیش پێویستە لەسەریان هەریەکەیان بڕی ٢٪ی بودجە دابین بکەن تا بڕی پێویستی ساڵانە تەواو بکرێ.


وادیارە ترەمپ رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی یارمەتییە داراییەکانی واشنتۆن بۆ ناتۆ.  ئەوەتا لە بودجەی ٢٠١٩ی ئەم رێکخراوەدا، ئەمریکا بڕی ئەو پارەیەی دەیدا بە ناتۆ کەمکردووەتەوە بۆ ٦٨٥ ملیار دۆلار.


لە کاتێکدا ساڵی 2013 لە كۆی 890 ملیار دۆلار بودجەی ساڵانەی ناتۆ، ئەمریکا 695 ملیاری لەئەستۆ گرتبوو. کەواتە ساڵی رابردوو ئەمریكا 11 ملیار دۆلاری كەمكردووەتەوە.

 

بۆیە وڵاتانی ئەوروپا ناچاربوون لەسەر بودجەی خۆیان، پارە کەمکراوەکەی ئەمریکا پڕ بکەنەوە.

ئەوروپییەکان بیر لە ناتۆ دەکەنەوە بەبێ ئەمریکا ئەمریکاش بیر لە دنیایەک دەکاتەوە بەبێ ناتۆ

سەربازێکی بەهێز سیاسییەکی لاواز
لە کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە ٥/١٢/٢٠١٩ کە لە بەریتانیا بەسترا، لە راگەیەنراوەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتبوو: تائەو کاتەی چەکی ئەتۆمی هەیە، ناتۆ بە بەهێزیی وەک هاوپەیمانییەکی ئەتۆمیی دەمێنێتەوە.


بەڵام چاودێرانی سیاسی و تەنانەت خودی ئەو کەسانەیشی ساڵانێک لەو رێکخراوەدا بەرپرسیارێتیان هەبووە دەڵێن: لێدوانە توند و گاڵتەچییەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناتۆ، دەبێتە هۆی رەنجاندنی سەرانی ئەوروپا و دواجار ناتۆ بەرەو پوکانەوە دەبەن.


وێسڵی كلارك، جەنەراڵی خانەنشین لە سوپای ئەمریکا و پێشووش لە ناتۆدا سەکردایەتی کردووە دەڵێ: هەرچەندە ترەمپ توانی ئەو پارەیەی ئەمریكا دەیدا بە ناتۆ کەم بکاتەوە، بەڵام کە قسە دەکات وەکو ئەوەیە ئەوروپییەكان بخاتە بەردەم لێپرسینەوەوە. ئەگەر ئەمە بەردەوامبێ ئەوا پەرەچەكرداری سەرانی ئەوروپای بەدوادادێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ناتۆ بەرەو پوکانەوە بچێ.

هەر ساردییەک لەنیوان تورکیا و ناتۆدا بێتە ئاراوە ئەوا بە قازانجی کورد دەشکێتەوە

ئه‌ندرێس فۆگ راسموسن سكرتێری پێشووی ناتۆ کورت  وپوخت دەڵێ: ناتۆ له‌ جه‌نگی سارده‌وه‌ تائێستا، له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌هێزترینه‌، به‌ڵام له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ لاوازترینه‌".


سەرباری هەموو ئەو لێدوانە نائومێدکەرانەی ترمپ و ماکرۆن لەلایەک و قەیرانی دارایی ناتۆ لەلایەکی ترەوە، بەڵام (مێرسیا جیوانا) جێگرى ئه‌میندارى گشتیى ناتۆ لە یادی حەفتا ساڵەی رێکخراوەکەدا گەشبینانە گوتی: هەرچەندە تەنگەژەی ئابووریمان هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم ناتۆ ده‌توانێ 70 ساڵى دیكه‌ به‌رده‌وامبێ.


کورد و ناتۆ
تورکیا یەکەم وڵاتی ئیسلامیی ئەندامی ناتۆیە، بەگوێرەی دەستووری ناتۆ هەر وڵاتێکی ئەندام هێرشی بکرێتە سەر یان مەترسی بۆ دروستبێ، ئەوا هەموو ئەندامان بەرگری لەو وڵاتە دەکەن.

بەم پێودانگەی رێکخراوەکە، ساڵانێکی زۆرە ناتۆ هەمیشە چاوپۆشی لە تاوان و کاولکارییەکانی سوپای تورکیا لە کوردستان کردووە. نەک هەر ئەوە بەڵکو مافی بە تورکیا داوە بەناوی بەرگریکردن لەخۆی.

بەڵام چەند ساڵێکە نێوانی تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ، ساردی و هەندێجار گرژیشی تێکەوتووە. لە دواهەمین کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە بەریتانیا لە ٥/١٢/٢٠١٩ تورکیا شکستی هێنا لەوەی ناتۆ بخاتە ژێر باری ئەوەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان، وڵاتانی ناتۆ بە راشکاوانە نیگەرانی خۆیان گەیاندە ئەنقەرەو خوازیاربوون زوو کۆتایی پێبهێنێ.

بەهێزترین وڵاتی ناتۆ باوەڕی بە رێکخراوەکە نەماوە، دووەم وڵاتیشی دەچێ لە روسیا موشەکی S400 دەکڕێ!

هەر ساردییەک لەنیوان تورکیا و ناتۆ، یان کەوتنە گیانەڵڵای ئەم رێکخراوە وەکو ماکرۆن وەسفی کرد، ئەوا بە قازانجی کورد دەشکێتەوە. چونکە ئەم رێکخراوە ساڵانێکە هەموو مافێکی داوە بە تورکیا بۆ سەرکوتی کورد و چەوساندنەوەی زیاتر.

بەهۆی هەبوونی تورکیا لە ناتۆ، هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان دەبوارد لە هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد.
بۆیە نەمانی باو یان کەوتنە گیانەڵڵای ئەم رێکخراوە، بە قازانجی کورد دەشکێتەوەو دەستی کورد و وڵاتانی ئەوروپا ئاوەڵا دەکات لە بەستنی پەیوەندی هەمەجۆر لەگەڵ یەکتر.

رێکخراوی پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکوور- ناتۆ رۆژی ٤ی نیسانی ١٩٤٩ دامەزراوە
ئێستا ٢٩ ئەندامی هەیە
بودجەی ساڵانەی ئەم رێکخراوە ٧٠٠ تا ٨٩٠ ملیار دۆلارە
ساڵی رابردوو ئەمریکا 685 ملیار دۆلاری بودجەی ناتۆی دابینکردووە
وڵاتانی ئەندام پێویستە ساڵانە ٢٪ی بودجەی رێکخراوەکە دابین بکەن
ئێستا ٢٠ هەزار سەربازی هەیە
بۆ کاتی پێویست دەتوانێ سێ ملیۆن  و٥٠٠ هەزار سەرباز ئامادە بکات

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە