ڕاپۆرتی جیهانی

04:07 - 21/02/2020

بۆچی پرینتەرەکان خاڵی نەبینراو چاپ دەکەن‌

پەیسەر

رۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٧، هێزەکانی ئێف بی ئای، لە شاری ئوگۆستای ویلایەتی جۆرجیا، چوونە سەر ماڵی بەڵێندەرێکی حکومیی بە ناوی ریلیتی لی وینەر. ئێف بی ئای سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوو لە بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە دەوترا دزەی کردووەتە راگەیاندنەکان. هێزەکانی ئێف بی ئای، وتوویانە خاتوو وینەریان لە رێگەی نوسخەی دیجیتاڵی ئەو بەڵگەنامە نهێنییەوە دۆزیوەتەوە کە ماڵپەڕی ئینتەر سپێت بڵاوی کردبووەوە. بە گوتەی هێزەکانی ئێف بی ئای، لە سەر نوسخە دیجیتاڵییەکە چرچ  و لۆچییەک هەبووە کە ئاشکرای کردووە ئەو کەسەی دزەی پێ کردووە، سەرەتا چاپی کردووە و "دەستێک لە فەرمانگە بردوویەتییە دەرەوە".

ئێف بی ئای دەڵێت؛ خاتوو وینەر دانی بەوەدا ناوە کە نوسخەکە (راپۆرتی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا) ی چاپ کردووە و ناردوویەتی بۆ ماڵپەڕی ئینتەر سپێت.

ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی هەواڵی دزەکردنی بەڵگەنامەکە بڵاو بووەوە، تۆمەتی سەر خاتوو وینەریش راگەیەندرا. ئیدی لەو بارودۆخەدا شارەزایان سەرقاڵ بوون بە بەڵگەنامەکەوە کە چیدی لە ئینتەرنێتدا بڵاو بووبوەوە و دەست دەکەوت.

شارەزایان لە کاتی تاوتوێکردنی بەڵگەنامەکەدا بابەتێکی گرنگیان بۆ ئاشکرا بووە، ئەویش دەرکەوتنی کۆمەڵێک خاڵی رەنگ زەرد بوون، کە بە شێوازی لاکێشی لە سەر بەڵگەنامەکە چاپ کراون. خاڵەکان بە چاو نەبینراون، بەڵام لە نزیکەوە هاوشێوەی کۆد بوون. دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی کە خاڵە زەردەکان بە وردی کاتژمێر و رۆژی چاپکردنی ئەو لاپەڕەیە پێشان دەدەن. جگە لە کاتی چا‌پکردن، ژمارە سریاڵی پرینتەرەکەیش لە رێگەی خاڵە زەردەکانەوە دەردەکەوێت.

 

شارەزایانی ئاسایش و هەڵسووڕاوانی بواری ئازادییە مەدەنییەکان، ئەو خاڵە وردانە بە باشی دەناسن. زۆربەی پرینتەرە رەنگییەکان ئەو خاڵانە بە بابەتێک زیاد دەکەن کە بڕیارە چاپ بکرێت، بە بێ ئەوەی بەکارهێنەری پرینتەرەکە پێی بزانێت.

لە بارەی ئەم بابەتە دیاریکراوە و تا ئێستا، ئێف بی ئای بە ئاشکرا راینەگەیاندووە کە گومانلێکراوەکەی لە رێگەی خاڵە وردەکانەوە دۆزیوەتەوە. وەزارەتی دادی ئەمریکایش کە هەواڵی تۆمەتەکەی خاتوو وینەری بڵاو کردەوە، ئامادە نەبوو هیچ روونکردنەوەیەکی زیاتری لە بارەوە بدات.

بەڵام ماڵپەڕی ئینتەرستێپ کە بەڵگەنامە نهێنییەکەی بڵاو کردووەتەوە. راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی کرد کە " تۆمەتەکانی سەر وینەر نەسەلمێنراون، هەروەها ئەو بانگەشەیەیش کە ئێف بی ئای لە بارەی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی وینەر دەیکات نەسەلمێنراوە".

بەدەر لە تۆمەتەکەی سەر خاتوو وینەر، بوونی خاڵە وردەکان لە سەر بەڵگەنامەیەک کە بە پێچەوانەی خواستی ئاژانسی نیشتمانی ئەمریکا گرنگ کەوتووەتەوە، سەرنجی زۆر کەسی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

تێد هان، بەرپرس لە کۆمپانیای دۆکیومێنت کلاود، دەڵێت: ئەگەر سەرنجت لە سەر خاڵەکان چڕ بکردایەوە، بە روونی دەتبینین. هان لە یەکەم کەسەکان بوو کە خاڵەکانیان بینی. ئەو هەروەها دەڵێت: کاتێک ئەم شتانە واقیعن، کەواتە سەرنجڕاکێش و مایەی تێڕامانن.

 

یەکێکی دیکە لە شارەزاکان کە بەڵگەنامەکەی تاوتوێ کردووە، رۆب گراهامە، ئەو توێژەری پرسە ئەمنییەکانە و لە پۆستێکی لە وێبلاگێکدا روونی کردووەتەوە کە خاڵە وردەکان چۆن دەستنیشان دەکرێن و کۆدەکانیان دەکرێنەوە.

ئەو دەڵێ ئەگەر خاڵەکان بخەنە سەر لاپەڕەیەکی تۆڕئاسا، کاتژمێر و خولەک و رۆژ و ژمارە جۆراوجۆرەکان دەردەکەون. چەند شارەزایێکی دیکەیش کە کۆدی خاڵەکانیان کردووەتەوە، هەمان کاتژمێر و رۆژیان لێ دەرکەوتووە.

خاڵە وردەکان، ساڵانێکی دوور و درێژە باون. دامەزراوەی سنووری ئەلیکترۆنی (EFF)، لیستێکی ئەو پرینتەرانەی لە لایە کە لە سەر لاپەڕە چاپکراوەکان خاڵی ورد بە جێ دەهێڵن.

تیم بێنت کە یەکێکە لە شرۆڤەکارانی کۆمپانیای وەکتور ٥ بۆ راوێژکاری لە بارەی سۆفتوێر، بەڵگەنامەکەی هەڵسەنگاندووە و پێیوایە خاڵە وردەکان جگە لە سیخوڕی، بۆ مەبەستی دیکەیش سوودیان لێ وەردەگیرێت. دەکرێ لە رێگەیانەوە بەڵگە ساختەکان دەستنیشان بکرێن. بۆ نموونە کەسێک بەڵگەنامەیەک دەهێنێ و دەڵێ ئەمە ساڵی ۲۰۰٥ ئامادە کراوە، دەستبەجێ لە رێی خاڵە وردەکانەوە دەتوانین بزانین قسەکەی راستە یا ناڕاست.

 

دامەزراوەی سنووری ئەلیکترۆنی، ئامرازێکی هەیە کە لە رێگەیەوە دەکرێ بزانی خاڵە وردەکان باس لە چی دەکەن. ئەگەر کاغەزێکی لەو شێوەیەتان بەر دەست کەوت دەتوانن بەو ئامرازە بیخوێننەوە.

پەیامە شاراوەکان
جۆرەکانی هاوشێوەی نووسینی شاراوە یا (ستێگانۆگرافی) لە رابردووی دوورەوە باو بوون. نووسینی شاراوە واتە شاردنەوەی پەیامێک لە وێنەیەکدا کە بە ئاشکرا دیارە و لە پێش چاوە.

بۆ نموونە زۆربەی دراوە کاغەزییەکان، شێوەی ٥ خاڵیی سەیریان لە سەرە، کە بە یوریون ناسراوە. زۆربەی ئامێرەکانی فۆتۆکۆپی و سکانەرەکان وا دروست کراون کە ئەگەر شێوە ٥ خاڵییەکە لە سەر کاغەزێک هەبێ، ئەوا کۆپی یا سکانی ناکەن.

لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، سیخوڕەکانی ئەڵمانیا لە مەکسیک کۆمەڵێک خاڵی وردیان بە ناو زەرفێکی نامەدا لکاندبوو، ئەوان لەو پەیامەدا داوایان ئامێری رادیۆیی و مەرەکەبی نەبینراویان کردبوو، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان خاڵەکانیان خوێندەوە و پلانەکەیان ئاشکرا بوو. ئەوەی مایەی سەرنجە لە راستیدا زۆربەی خاڵە وردەکان کۆد نەبوون، بەڵکوو کۆمەڵێک پیت و وشە بوون کە بە قەدەر خاڵێک بچووک کرابوونەوە.

ئەم جۆرە لە پێوەندی شاراوە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا و دوای ئەو جەنگەیش، بە تایبەت لە سەردەمی جەنگی سارددا باو بوو. کۆمەڵێک راپۆرت هەن کە پێشان دەدەن هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای خۆرئاوا سوودیان لەو شێوازە بینیوە.

ئێستا هەموو کەس دەتوانێ بۆ پاراستنی داراییەکانی، نووسینی وردیلە بە کار بهێنێ. هەندێک کۆمپانیای وەکوو ئالفا دات لە بەریتانیا. جۆرە لەزگەیەکی هەمیشەیی دەفرۆشن کە بە خاڵی ورد تەنراون و لە سەر هەر خاڵێک ژمارە سریاڵێکی مایکرۆسکۆپی دانراوە. ئەگەر پۆلیس شتێکی دزراو بدۆزێتەوە لە رێگەی ئەو ژمارە مایکرۆسکۆپییانەوە دەتوانێ خاوەنەکەیشی بدۆزێتەوە – ئەمە لانیکەم لە تیۆریدا راستە.

 

زۆربەی ئەم پەیامە وردانە لە شێوەی کۆد نین، بەڵام نموونەیەکی باشن بۆ ئەوەی کە پێشان بدەن نووسینە وردەکان چۆن دەتوانن لە سەر بەڵگەنامە یا کاڵاکان شوێنپێیەک بۆ دۆزینەوە جێ بهێڵن.

لە هەندێک شێوازی نووسینی شاراوەدا هەر لە بنەڕەتەوە پیت و ژمارە و نیشانە بە کار ناهێنن. ئالێن وود وارد، شارەزای پرسە ئەمنییەکان لە زانکۆی ساری لە باشووری لەندەن، ئاماژە بە نموونەیەک دەکات کە بە کورتکراوەکەی دەڵێن "بەرف"  (SNOW). ئەم ناوە لە پیتە یەکەمەکانی Steganographic Nature Of Whitespace دروست کراوە، کە بە واتای "جەوهەری بۆشایی سپی بۆ نووسینی شاراوە" دێت. لەم شێوازەی نووسینی شاراوەدا بۆشایی بەتاڵی هەر دێرێکی کۆتایی دەق واتای خۆی هەیە. داڕشتە و ژمارەی ئەو بۆشاییە بەتاڵانە (یا سپییانە) پەیامە شاراوەکە ئاشکرا دەکەن.

ماڵپەڕی "بەرف" نووسیویەتی:"دۆزینەوەی شوێنپێیەکی سپی لە ناو دەقێکدا بە واتای دۆزینەوەی ورچی جەمسەرییە لە کڕیوەدا".

هەر وەها وود وارد دەڵێت؛ بۆ دۆزینەوەی کەسێک کە بەڵگەنامەیەکی بردووە یا چاپی کردووە، زیاتر لە رێگەیەک لە بەردەستدایە:" دەزگای وەکوو ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جگە لەوەی دەتوانن شوێنپێی کاغەزی چاپکراو هەڵبگرن، رابردووی هەموو ئەو نووسینانەیشیان لە بەردستدایە کە لەو دەزگایەدا چاپ کراون. چونکە دەزانن کە خەڵک بە چیرۆکی خاڵە وردە زەردەکانیان زانیوە و بۆ شوێنپێهەڵگرتن ناکرێ تەنیا پشت بەو خاڵانە ببەستن".

خاڵە وردەکان بەردەوام وەک بابەتێکی ئەخلاقی مایەی مشتومڕ بوون. بەوەیکە ئایا ئەوە کارێکی راستە پرینتەرەکان بە بێ ئاگاداری خاوەنەکانیان لە سەر ئەو شتانەی چاپی دەکەن، زانیاری دابنێن؟ کەسانێک هەن کە پێیانوایە خاڵە وردە زەردەکان، مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن. زانکۆی ئێم ئای تی، وێبسایتێکی دامەزراندووە کە خەڵک دەتوانن لە رێگەیەوە بەرامبەر کۆمپانیای بەرهەمهێنی پرینتەرەکەیان ناڕەزایەتی دەرببڕن.

 

پاش ماوەیەک لە دامەزراندنی وێبسایتەکە زیاتر لە ٤٧ هەزار کەس سکاڵایان لە سەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی پرینتەر تۆمار کرد.

دیارە ژمارەی ئەو کەسانەیش کەم نییە کە بڕوایان وایە گرتنە بەری رێوشوێنی لەو شێوەیە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ پاراستنی بەڵگەنامە نهێنییەکان پێویستە. لە ناویشیاندا تێد هان کە دەڵێت:" پێویستە حکومەت بتوانێ هەندێک بابەت بە نهێنی بهێڵێتەوە، هیواخوازم خەڵکی دیکەیش گرنگی بە ئاسایشی و پاراستنی بواری خۆیان بدەن. هەروەها پێویستە رۆژنامەنووسان بیر لە پاراستنی خۆیان و سەرچاوەکانیان بکەنەوە".