ڕاپۆرتی جیهانی

11:17 - 01/03/2020

نێوانی روسیا و تورکیا بۆچی تێکچوو؟‌

پەیسەر

پێنج ساڵ زیاترە ئەردۆغان هەر فریای ئەوە دەکەوێ، رۆژێک لە واشنتۆن و رۆژێکیش لە مۆسکۆبێ تا نێوانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو دوو زلهێزەدا ئاسایی بکاتەوە. هەموو ئەو کێشانەیشی ئەردۆغان ناچاردەکەن بچێ بۆ ئەو دوو پایتەختە، کێشە و قەیرانی سوریایە.

لەوەتەی روشی سوریا تێکچووە لە ٢٠١١ـەوە، نێوانی تورکیا و روسیا ئەگەر مانگێک خۆش و بێکیشەبووبێ، ئەوا سێ مانگ ئاڵۆز و پڕ لە تەنگەژە بووە. بەڵام هەفتەیەک زیاترە ئەو ناکۆکییانە سەریکێشاوە بۆ خوێنڕشتن و تائێستا نزیکەی ٥٠ سەربازی تورکیا بە بۆردمانی روسیا کوژراون.

سوچی و ئاستانە
تورکیا و روسیا ساڵی ٢٠١٧ رێککەوتننامەی ئاستانەیان ئیمزاکرد کە تایبەت بوو بە قەیرانی سوریا. بەڵام چونکە بەند و خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکران، ساڵی دواتر واتە ٢٠١٨ رێککەوتننامەی (سوچی) یان ئیمزا کرد.
لەو رێککەوتننامەیەدا بە ڕوونی ناکۆکی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ سەبارەت بە داهاتووی سوریا دەستنیشانکرا و ئاماژەیان بە کۆتاییهێنانیان کرد. روسیا راشکاوانە پشتی ئەسەدی گرتووەو بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکات، تورکیاش بە ئاشکرا پشتیوانیی لە نەیارانی ئەسەد دەکات. بۆیە لە سەرەتای رێککەوتنەکانی ئاستانە و سوچیدا، پێشبینی ئەوە دەکرا کە هیچکام لەو رێککەوتننانە سەرکەوتوو نەبێ.

لەو رۆژەوەی هەلیکۆپتەرە سەربازییەکەی روسیا لە ئاسمانی سوریا خراوەتە خوارەوە، ئەردۆغان ساڵێکی بێکێشەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەک و روسیا لەلایەکی ترەوە تێنەپەڕاندووە

پێیەک لە واشنتۆن پێیەک لە مۆسکۆ
ساڵی ٢٠١٥ کاتێک سەربازانی تورکیا هەلیکۆپتەرێکی سوپای روسیایان لە سوریا خستەخوارەوە، قەیران و تەنگەژەیەکی گەورە لەنیوان ئەو دوو وڵاتەدا هاتە ئاراوە. مۆسکۆ هەڕەشەی توندی کرد و هەموو پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا پچڕاند.

بۆ چارسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەردۆغان خۆی چوو بۆ مۆسکۆ بۆ کۆتایهێنان بەو قەیرانە. لەو سەردانەیدا ئەردۆغان ژمارەیەک رێککەوتننامەی ئابووری و سەربازیی لەگەڵ پوتین ئیمزا کرد. کە بەشێک لەو رێککەوتننامانە بوونە هۆی نیگەرانی ئەمریکا و پەیمانی ناتۆ.

لەو رۆژەوەی هەلیکۆپتەرە سەربازییەکەی روسیا لە ئاسمانی سوریا خراوەتە خوارەوە، ئەردۆغان ساڵێکی بێکێشەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەک و روسیا لەلایەکی ترەوە تێنەپەڕاندووە.

کڕینی موشەکی بەرگریی ئێس ٤٠٠ لە روسیا، پڕۆژەی سزادانی تورکیا لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکا، هێرش و داگیرکاری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆتایی ٢٠١٩ هەموو ئەمانە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بوون بۆ مۆسکۆ لە پاش خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرە روسییەکە.
چاودێرانی سیاسەتی تورکیا دەڵێن: ئەردۆغان بەهۆی ئەوەی سیاسەتێکی روون و شەفافی نییە لە ناوخۆ و دەرەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە قەیران لە دوای قەیران توشی تورکیا بکات. شیرازەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکادا پچڕاندووەو توانای گرێدانەوەی نییە.

هەموو ئەو گرێکوێرەو کۆسپانە دەڵێن: داهاتووی ئەردۆغان داهاتوویەکە لە سەرکەوتن و مانەوەوە دوورەو لە شکست و دۆڕانی حەتمییەوە نزیکە

لەگەڵ روسیاشدا بە جۆرێک کەوتووەتە کێشمەکێشەوە، کە نەدەتوانی تیایدا سەرکەوتووبێ نە دەتوانێ پاشەکشەی لێ بکات. دەستبەرداری سوریا نابێ و دەشیەوێ روسیا لە دەست نەدات، بەڵام پوتین هەرگیز بەو خواست و نفوزەی ئەردۆغان دەیەوێ لە سوریا، رازی نابێ.

داهاتووی ئەردۆغان
ئێستا ئەردۆغان لە رەوشێکی تابڵێی خراپدایە چ لەناوخۆ چ لە دەرەوە. لەناوخۆ نەیار و موخالیفەکانی تادێت زۆرتر دەبن هەر لە کوردەوە بیگرە تا هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دوێنێ و بزووتنەوەی رەگداکوتاوی فەتحوڵڵا گولەن.
لەسەر ئاستی دەرەوەش، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیل پەیوەندییەکی خراپ و شلوشێواوی هەیە. لەگەڵ ئێران و عێراقی دراوسێ ناکۆکی قوڵ و چارەسەر نەکراوی هەیە، لەولاشەوە روسیا بووەتە دێوزەمەیەکی تر بەسەر بەرژەوەندییەکانییەوە لە سوریا. بۆیە هەموو ئەو گرێکوێرەو کۆسپانە دەڵێن: داهاتووی ئەردۆغان داهاتوویەکە لە سەرکەوتن و مانەوەوە دوورەو لە شکست و دۆڕانی حەتمییەوە نزیکە.