ڕاپۆرتی جیهانی

10:56 - 02/03/2020

ئەوروپا لەبەردەم هەرەشەی ئەردۆغاندا‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی توركیا هێزێكی زۆری لە سەر سنورەكانی وڵاتەكەی و سوریا كۆكردەوە بە نیازی ئەوەی هێرشێكی گەورە بۆ سەر  شاریی ئیدلیب ئەنجام بدات، بەڵام لە لایەن  سوریا و روسیاوە بەتوندی وەڵام درایەوە و لە ماوەی رابردووشدا بەدەیان سەرباز لە سوپای توركیا لە سنورەكانی شاریی ئیدلیب لە لایەن روسیا و سوریاوە كوژراون و لەو نێوەندەشدا بۆ ئەوەی ئەوروپا یارمەتی توركیا بدات، توركیا چەندین جار داوای لە ناتۆ كردووە كە هاوكاریی توركیا بكات، بەڵام ناتۆ رەتی كردووەتەوە لەو شەرەدا بەشداریی بكات.

لە ئێستادا توركیا بۆ ڕازیكردنی ئەوروپا بۆ یارمەتیدانی سوپاكەی تا هێرش بكاتە سەر  شاریی ئیدلیب و بەدەستی بهێنێت، دەرگای سنورەكانی وڵاتەكەی بەرووی ئەوروپادا كردوەتەوە و لە ئێستاشدا ئەوروپا لەبەردەم هەرەشەیەكی دیكەی پەنابەراندایە، كە بەگوێرەی زانیاری و ئامارەكان توركیا پلانی هەیە زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارەی سوریا و وڵاتەكانی دیكە بنێرێتە ئەوروپا، ئەوەش بۆ رازیكردنی ئەوروپایە لە پرسی رووبەرووبونەوەكانی سوریا و روسیادا لە ئیدلیب.

هەرچەندە رەجەب تەیوب ئەردۆغان لە كۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا لە ئەستەنبووڵ رایگەیاند: ئەوان هەرگیز پەشیمان نین لە هێرش كردنە سەر ئیدلیب، بۆ پاراستنی وڵاتەكەی پێویستە هەموو شتێك بكەن، چونكە ئەو پێی وایە هێرشی سوریا و ئەسەد بۆ سەر ئیدلیو رادەستكردنەوەی ئەو شارە بە حكومەتی بەشار ئەسەد واتە هێرشكردنە سەر توركیا و بچوكردنەوەی توركیا لە قاڵبی خۆیدا.

لەو نێوەندەشدا ئێستا توركیا داوا لە یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ دەكات  كە هاوكاریی بكات، ئەگەر نا تەواوی ئەو ئاوارانەی لە وڵاتەكەیدان دەیانێرێتە ئەوروپا كە ژمارەیان لە سەرو سێ ملیۆن ئاوارەوەیە.

ئەوە لەكاتێكدایە سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە سنوورەکانی وڵاتەکەیان دەکەن و رێگە بە هاتنی کۆچبەران نادەن، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بیەوێت بێتە نێو خاکی یۆنان دەیگەڕێننەوە بۆ تورکیا.

سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کریاکۆس میتسوتاکیس، لە توویتێکیدا لەبارەی  ناردنی کۆچبەران بۆسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی نووسیویەتی "ئاسایشی نەتەوەییمان بڕیاریانداوە ئاستی رووبەڕووبوونەوە لەسەر سنوورەکانمان بۆ ئەوپەڕی زیادبکەن، تاوەکو مانگێکی دیکە ئێمە هیچ داواکارییەک بۆ مافی پەنابەرێتی پەسند ناکەین و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هاتنی کۆچبەران بۆ نێو وڵاتەکەیان نادەن، هۆشداری بە کۆچبەران دەدات کە هەوڵنەدەن بێنە نێو یۆنانەوە، چونکە دەیانگەڕێننەوە.

 کریاکۆس ئەوروپیەكان دڵنیا دەكات

کریاکۆس میتسوتاکیس لە بارەی پەنابەران و سنوریی وڵاتەكەی خۆیەوە دەڵێت : سنوورەکانی یۆنان سنووری دەرەوەی ئەوروپان و دڵنیایی دەدات بە وڵاتانی ئەوروپی کە بۆ دڵنیاکردنەوەیان  پێیان دەڵێت: ئێمە وەك پێشتر كاردەكەین و سنوری وڵاتەكەمان دەپارێزین و پابەندی رێككەوتنامەی  (  TFEU) دەبین و رێگە نادەین هیچ پەنابەرێك بێتە وڵاتەكەمانەوە.

لەگەڵ ئەوی كە توركیا بۆ رێگریكردن لە پەنابەران لەگەڵ ئەوروپا رێككەوتووە و بری سێ ملیار یۆرۆی بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە كە دەبێت پابەتندی رێككەوتنەكەی نێوانیان بێت ئەگەر توركی پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبێت بێگومان ئەوروپاش فشارێكی گەورە لەو وڵاتە دات و پێدەچێت چەندین سزای جۆراو جۆریی بدات.


ئێستا لە سنوری یۆنان و توركیا و مەقدۆنیا ژمارەیەكی زۆر پەنابەر و ئاوارەیی سوریا هەن كە چاوەرێ دەكەن سنوریان بۆ بكرێتەوە و بچنە ناو ئەوروپاوە بەڵام لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەك ئەوروپا سنوری بەسەر ئەو پەنابەرانەدا داخستوە و نە توركیا دەهێلێت بگەرێنەوە نە یۆنانیش دەهێڵێت بچێتە خاكەكەیانەوە.


بە گوتەی بەرپرسانی باڵای تورکیا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە چوونەتە خاکی ئەوروپا و ئەو ژمارەیەش بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرز دەكەنەوە، كە ئەگەر ئەو پەنابەرانە بچنە ئەوروپاوە ئەوا فشارێكی گەورە بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا دروست دەبێت.

ئایندەی پەنابەران چی لێدێت؟
ئێستا لە سنوری یۆنان وتوركیا و بولگارییا ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەران كە پێدەچێت ژمارەیان بۆ سێ ملیۆن پەنابەر بەرز ببێتەوە هیچ لایەنێك ئامادە نییە بیان گرێتە خۆی ، نەتوركیا دەهێڵێت بگەرێنەوە كەمپەكانی توركیا، نە بولگاریا و یۆنانیش وەریان دەگرێت، تا ئێستاش هەڵوێستی روونی تەواوی وڵاتانی ئەوروپا لە سەر پەنابەران نییە.

لەلایەك توركیا وەك چەكێك دژی ئەوروپا بەكاریان دەهێنێت، لەلایەكی تریش لە سنورەكانی یۆنان بەتوندی دژی ئەو پەنابەرانە وەستاونەتەوە و پێدەچێت دۆخێكی ناهەموار چاوەڕیی ئەو پەنابەرانە بكات، كە ببنە بەرداشی ئاژاوەیەكی گەورە لە نێوان دوو زلهێز دا كە لە جەمسەرێك توركیایە و دڵنیایە لەوەی بەكاریان دەهێنێت بۆ مەرامەكانی خۆیی ، جەمسەرێكی تر ئەوروپایە كەچی دیكە وڵاتانی ئەندام تێیدا توانای وەرگرتنی ئەو رێژە زۆرەی پەنابەرانیان نییە.

لەم دۆخەشدا پێناچێت بە ئاسانی ئایندەی سێ ملیۆن پەنابەر لە نێوان ئەوروپا و توركیادا یەكلای ببێتەوە و لەو نێوەدەشدا بە هەزاران پەنابەر توشی دۆخێكی خراپ و گوزەرانێكی شێواو دەبنەوە.