ڕاپۆرتی جیهانی

11:09 - 04/03/2020

ئایا بایدن ركابەری ترەمپ دەكات؟‌

كوردستان ئەحمەد

هەڵبژاردنی سەرۆكیایەتی ئەمریكا لە قۆناغەكانی كۆتایی نزیك دەبێتەوە وهەریەكە لە پارتی دیموكرات و پارتی كۆماریەكان،بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیان چر تر كردوەتەوە و پەیتا پەیتا لە پاریگایی نیشتیمانی ولایەتەكان كەمپینی گەورەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی هەردوو پارت بەرێوە دەچێت و دیموكراتەكان خەریكە دەنگی تەواوی خۆیان بۆ جۆ بایدن جێگری سەرۆكی پێشوی ئەمریكا یەكلای دەكەنەوە و دەیكەنە ركابەریی سەرەكی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا.

كەریی دووەمی هەڵبژاردنی یەكلایكردنەوەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ناو پارتەكانی ئەمریكادا دەستی پێكردووە و ئاماژەكان باس لەوە دەكەن كە پێدەچێت جۆ بایدن وەك كاندید دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمریكا دیاریی بكرێت و لەبەرامبەر دۆناڵد ترەمپدا كە هەمییشە رەخنەی لێدەگرێت كاندید بكرێت.

سێشەمەی مەزن چییە؟
رۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە واتە 3ی ئاداری2020 بە سێشەمی زێرین یان مەزن لە مێژووی ئەمریكادا دادەنرێت، چونكە لەو رۆژهەدا یەكێك لە كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكایەتی  لە پارتی دیموكراتەكان یەكلای دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی لە گەریی دووەمی هەلبژاردنە ناوخۆیەكاندا  كە لە بەشێكی زۆر لە ویلایەتەكانی ئەمریكادا دەكرێت یەكێك لە كاندیدەكان نزیك دەبێتەوە لە كاندیدی كۆتایی ئەو حزبە.

بایدن بردیەوە
یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكانی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا یە كە لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کە بە سێشەمەی مەزن ناسراوە ، سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار كردو لە پێش هەموو كاندیدەكانی دیكەی پارتەكەیەتی .

ئەنجامەكان دەڵێن:بەپێی ئەو هەڵبژاردنەی كە لە 14 ویلایەتی ئەمریكا دا كراوە  جۆ بایدن توانیویەتی لە حەوت ویلایەت سەركەوتنی بەرچاو گەورە تۆمار بكات و ركابەرە گەورەكەشی كە بێرنی ساندەرزی یە  تەنها لە سێ  ویلایەت دەنگی پێویستی بەدەست هێناوە .

كرنگی سێشەمەی مەزن چییە
هەڵبژاردنی سێشەمەی مەزن، یەكێكە لە هەڵبژاردنە گەورەكانی ئەمریكا، چونكە تارادەیەك دەنگ بۆ لایەنێك یەكلای دەبێتەوە و  كاندیدێك بەتەواوەتی دەردەكەوێت، كە دەبێتە كاندیدی لایەنەكە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی بەرایی ئەمریکا لە سێشەمەی مەزندا ، تاوەکو ئاستێکی زۆر كاندیدی  پارتەکانی ئەندام  لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە لەبەر ئەوی لە رۆژیی سێشەمەی زێریندا  14 ویلایەت و دوورگەیەکی سەر بەئەمریکا هەڵبژاردن بەڕێووەدەچێت، لە ئەمریكا و هەركاندیدێكیش لەو 14 ویلایەتە براوەبێت بێگومان دەتوانێت ببێتە براوەی كاندیدی پارتەكە.

ئەوە لەكاتێكدایە  لەم 14 ویلایەتە هاوکات پێشتر لە چوار ویلایەتی دیکە هەڵبژاردنی بەڕێوەچووە و بڕیارە هەر ب داهاتوودا هەڵبژاردن لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا و لە 40 وڵاتی دیکەش بۆ رەوەندی ئەمریکی بەڕێوەبچێت.

بایدن چی دەڵێت؟
دوای یەكلای بونەوەی  بەشێكی زۆر لە دەنگەكانی 14 ویلایەت بۆ جۆ بایدن، وتارێكی پێشكەش كردوو رایگەیاند: ئەم ئەنجامانە پێمان دەڵێن: ئەمریكا بەرەو قۆناخێكی نوێ هەنگاو دەنێت و وڵاتێكی نوێ ئامادیە و شەوێکی باشە و وا دیارە باشتر دەبێت، بەبێ هۆ بەم رۆژە ناڵێن سوپەر تیوزدەی".

هەروەها وتیشی: دەبێت گەلی ئەمریكا لەدەست سەركردەی بازرگان  خڵكی خۆویست دور بكەوێتەوە و پێویستە تەواوی ئەم وڵاتە لە دەستی ئەو كەسانە دەربهێنرێت كە ئایندەی ئەمریكا  بەرەو هەڵدێرێكی گەورە دەبەن.

بۆچی ئەمریكیەكان دەنگ بە بایدن دەدەن؟

جۆ بایدن یەكێكە لە كەسایەتییە سیاسییە گەورەكانی ئەمریكا، كە پێشتر وەك جێگری سەرۆكی ئەمریكا كە ئەو كاتە باراك ئۆباما بوو، توانی كاریی كەورە بۆ ئەمریكا بكات و رۆڵێكی باش ببینێت لە سەركەوتنی باراك ئۆبامادا و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ئەزمونی رابردویەوە ، توانیویەتی كەمپینێكی بەهێزی هەبێت ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێكی دیكە لە كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە پارتەكەی خۆی لە كاندید بون كشایەوە و داوای لە لایەنگرانی كرد دەنگ بدەن بە جۆ بایدن.

لەلایەكی تریشەوە باراك ئۆباما و خێزانەكەی كە پێشتر سەرۆكی ئەمریكا بوون، رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی كەمپینەكەی بایدندا و هاوكاریی دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەبەردەوام لە رێگەی میدیاشەوە كار لەسەر ئەوە دەكات دەنگی خەڵكی بەدەست بهێنێت.

شەری ترەمپ و بایدن
هەر لەسەرەتای كاندید بونی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمریكا، پێكدادان و لێدوانی زۆر توند لە نێوان، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدندا روویدا، كار گەیشتە ئەوەی هێندەی نەمابوو بەهۆی بایدنەوە ترەمپ لە كارەكەی وەك سەرۆكی ئەمریكا دور بخرێتەوە و لەكارەكەی نەمێنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا ترەمپ وەك كاندیدی دیموكراتەكان و ركابەریی خۆیی سەیری جۆ بایدن دەكات و رەخنەی ئەوەی لێدەگرێت كە وەك ئۆباما لاوازە و ناتوانێت ئەمریكا بەرێوە بەرێت.

جۆ بایدنیش لەكەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی خۆیدا زۆر جار هێرش دەكاتە سەر ترەمپ و بەنەزان و ئاژاوە گێری ناوی دەبات و پێی وایە كە سەرۆكێكی باش نییە و ئەمریكای توشی كێشە و دوژمنی زۆر كردووە.

پێدەچێت لە قۆناغی كۆتاییدا، هەریەكە لە دۆناڵد ترەمپ وەك كاندیدی كۆمارییەكان و جۆ بایدن وەك كاندیدی دیموكراتەكان ركابەری یەكتر بكەن بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆكی ئەمریكا.