ڕاپۆرتی جیهانی

10:38 - 08/03/2020

پێشبینییەکان بۆ زیانە گیانیی و ماڵییەکانی کۆرۆنا‌

كوردستان ئەحمەد

زانكۆی نیشتمانیی  ئوستورالیا سەبارەت بە زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەکردووەو تێیدا پێشبینی دەکات ڤایرۆسەكە 15 ملیۆن كەس بكوژێ و بڕی 2.3 ترلیۆن دۆلار زیانی ئابووریشی بەدواوەبێ ..

لەبەر ئەوەی چین سەنتەری بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەكەیە، دواتریش بەرەو هەموو جیهان گوازراوەتەوە،  ئەم وڵاتە ماوەیەكی زۆرتر گرفتار دەبێ بەدەست پەتاکەوە.

 بەپێی بەدواداچوونەكانی لێكۆڵینەوەكە  لە هەفتەی كۆتایی وەرزی سەرمادا، ڤایرۆسەكە زۆر توندتر دەبێتەوە و ژمارەیەكی زۆرتر لە خەڵكی جیهان دەبنە قوربانی كە خەمڵێنراوە بە 3.4  رێژەی ئەوانەی توشی ڤایرۆسەكە بوون.

هەروەها باس لەوەش كراوە ئەو ڤایرۆسە تەنیا لە ساڵی یەكەمی تەمەنیدا لە چینەوە بۆ سەرتاسەری جیهان، 15 ملیۆن كەس بەهپیەوە گیانلەدەست دەدەن و پێدەچێ تەمەنی ڤایرۆسەکە درێژ و زیانی گەورەتریشی هەبێ.

بەپێی پێشبینییەكانی بەدواداچوونەكە، لە چین و هیندستان بە رێژەیەكی زیاتر لە ئەمریكا، خەڵك ببنە قوربانی کۆرۆنا کە لەوانەیە جیاوازیەكە بگاتە ملیۆنێك  کەس. بەڵام لە ئەمریكا رێژەی مردن بە ڤایرۆسەكە بگاتە 230000 هەزار كەس .

ئەمە لەكاتێكدایە كە حکومەتی ئیتاڵیا  رۆژی یەکشەممە بڕیاریدا زیاتر لە 16 ملیۆن كەس كەرەنتینە بكرێن، چونکە ئەو وڵاتە زیانی گەورەی  گیانیی و ئابووری بەرکەوتووە لە دوای ئێران و چین.

لە لێكۆڵینەوەكەدا دەربارەی بەریتانیا هاتووە: بەریتانیا تاكە وڵاتە كە كەمترین رێژەی مردن بە كۆرۆنا تێیدا تۆمار دەكرێ، رێژەكەی خەمڵاندووە بە 55 هەزار  كەس. لە ئەڵمانیاش 79 هەزار كەس گیان لەدەست بدەن و لە فەرەنساش 60 هەزار كەس.

زیانە ئابورییەكانی كۆرۆنا
بەپێی بەدواداچوونەكانی زانكۆی  نیشتمانیی ئوستورالیا، ئەم ڤایرۆسە بڕی 2.3 ترلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری جیهان دەگەیەنێ. ئەوەش قەبارەیەكی زۆر گەورەیە بۆ ئابووری جیهان.


هەریەكە لە چین، كۆریا و چەند وڵاتێكی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرترین زیانی ئابوورییان بەردەكەوێ و بڕێکی زۆر لە داهات و سامانەکانیان تەرخان دەکەن بۆ روبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا.


لێكۆڵینەوەكە باس لەوەش دەكات كە زیانە ئابووریی و تەندروستی و ژینگەییەكانی ئەو ڤایرۆسە، بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوامبێ و چەند وڵاتێكی گەورەی وەك چین، كاتێكی زۆریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن بە هێزتربن و ئابووری و كەشێكی سەقامگیر بۆ وڵاتەكەیان دابین بكەن.

ئەگەربێ و ڤایرۆسەكە بگاتە وڵاتانی ئەفریقا و بەشێکی زیاتری ئاسیا بەهۆی ئەوەی كەمترین توانای پێشكەوتووی پزیشكییان هەیە، ڤایرۆسەكە زیاد لە پێویست بەرەو پێشەوە دەڕوات و ئەگەری ئەوەی هەیە بگاتە  هەموو جیهان و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی بەهۆیەوەگیان لەدەست بدەن.