ڕاپۆرتی جیهانی

03:30 - 08/03/2020

سیاسەت لە سەردەمی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

نزیکەی مانگێکە تویتەری سەرکردەکانی جیهان و لێدوانە توندەکان راگیراون و جیهان خاڵییە لە هەڕەشەوگوڕەشە، ئەم خامۆشییە بەهۆی ئەوەیە کە کۆرۆنا هەڕەشە لە هەمووان دەکات.

لە بری چاوسوورکردنەوەو سەرکۆنەکردنی یەکتر، ئێستا وڵاتان زیاتر سەرقاڵن بە خۆپارێزییەکی جدییەوەو نایانپەرژێتە سەر دەوروبەر.

بەرپرسێکی ئێران بە قسەیەکی تێکەڵ بە گاڵتەوە دەڵێ: کۆرۆنا پەتایەکی دیموکراتە و بێ جیاوازی هەمووان بەسەر دەکاتەوە.

کۆرۆنا لە وڵاتی چینەوە سەریهەڵدا کە زلهێزەکان لە ئابوورییەکەی تۆقیبوون، ئێستا بە جۆرێک بە چاوی بەزەییەوە سەیری دەکەن

پێشتر جیهان گوێی راهاتبوو بەناوی پەتاکانی: ئەنفلۆنزای باڵندە، ئەنفلۆنزای بەراز، پەتای ئیبۆلا و پەتای سارس. بەڵام لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠٢٠ـەوە، لیستی پەتا جیهانییەکان (کۆرۆنا)یشی هاتەسەر کە ئەمەیان لە هەموویان ترسناکتر و جیهانگیرتربوو.

کۆرۆنا لە وڵاتی چینەوە سەریهەڵدا، ئەم وڵاتە کە زلهێزەکانی جیهان لە خێرایی گەشەی ئابوورییەکەی تۆقیبوون، ئێستا بە جۆرێک بە چاوی بەزەییەوە سەیری دەکەن چونکە زۆری ژمارەی قوربانییەکان، سۆزی دنیای بۆ خۆی راکێشاوە.

لە بیست ساڵی رابردوودا، جیهان چەندین پەتا و نەخۆشیی تێدا بڵاوبوویەوە کە بەهۆیانەوە هەزاران کەس لەو وڵاتانەی توشی پەتاکە بوون، گیانیان لەدەستدا وەکو:
- سارس ساڵی ٢٠٠٣
- پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە ساڵی ٢٠٠٦
- ئەنفلۆنزای بەراز ساڵی ٢٠٠٩
- پەتای ئیبۆلا ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣

 
بەڵام ئەم پەتا و ڤایرۆسانە لە یەک کاتدا هەموو جیهان یان زۆرینەی وڵاتانیان نەدەگرتەوە، بەڵکو چەند وڵاتێک توش دەبوون و دواتر کۆنترۆڵ دەکرا.

ئەمریکا رکابەرەکەی بەجێ دەهێڵێ
هێشتا جیهان ناوی کۆرۆنای نەبیستبوو کە ئەمریکا وەکو یەکەم وڵات، لە سەرەتای مانگی شوباتدا زۆربەی ستافی باڵیۆزخانەکەی لە پەکین کشاندەوە و دەستبەجێ هەموو گەشتەکانی بۆ وڵاتی چین راگرت.

دوای بڕیارەکانی ئەمریکا، دەمودەس وەزارەتی دەرەوەی چین، هەموو ئەو هەنگاوانەی ئەمریکای بە "بڵاوکردنەوەی ترس" ناوبرد و رەخنەی ئەوەی لە کۆشکی سپی گرت "لە بری ئەوەی هاوکاریمان بکات لە روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، کەچی هەنگاوی ترسێنەر دەگرێتەبەر و لە چین دەچێتە دەرەوە".

هەفتەیەک دوای ئاشکرابوونی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە چین، وەزیری دارایی و خەزێنەی ئەمریکا لێدوانێکی دا و گوتی: بەهۆی ئەو زەربەیەی بەر ئابووری چین کەوتووە، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی داهاتی ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر بەرز بێتەوە.

ئەم قسانەی وەزیری دارایی و خەزێنەی ئەمریکا، ناڕەزایی و نیگەرانی لێکەوتەوە کە لە کاتێکدا چین کەوتووەتە ژێر باری بەڵا و ئافاتێکی سروشتی وەکو کۆرۆنا، کەچی ئەمریکییەکان فرسەت دەهێنن وەبەرهێنانی ئابووری لەسەر دەکەن.

ئێستا لە جیهاندا تا چەند ژمارەی قوربانی و توشبووت زۆربێ، ئەوەندەش سۆزی جیهان بە دەست دەهێنی

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا هەستیان بە شەرمەزاری کرد لە دوای ئەو قسانە، هەموو جۆرە لێدوانێکیان راگرت. نەک هەر ئەوە بەڵکو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە رایگەیاند: له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌ پێویسته‌كان، یارمه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌ده‌ین كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه.

مردن بۆ شەیتانی گەورە راگیراوە
ئێران وەکو دووەم وڵاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دوای چین، ئێستا گیرۆدەیە بە زۆری ژمارەی قوربانیان و توشبووانی ئەم پەتا ترسناکەوە. ئێستا لە جیهاندا تا چەند ژمارەی قوربانی و توشبووت زۆربێ، ئەوەندەش سۆزی جیهان بە دەست دەهێنی.

دوژمنایەتییە ٤١ ساڵانەکەی ئەمریکا و ئێران، لەم رۆژانەدا بەهۆی کۆرۆناوە پێیناوەتە خاوبوونەوەیەکی زۆرەوە. دوو مانگ لەمەوبەر تویتەری ترەمپ و خامنەیی رابەری ئێران، ئاگریان لێدەباری دژی یەکتر. بەڵام ئێستا هەڕەشەوگوڕەشەکان گۆڕاون بە لێدوانی یارمەتیدەرانە.

رۆژی ٤ی ئازار، ئەمریکا رایگەیاند: ئامادەبوون و ئێستاش ئامادەن لە روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، دەستی یارمەتی بۆ ئێران درێژ بکەن. بە بەراورد بە لێدوانەکانی دوو مانگی رابردوو، ئەم قسانە شتێکی زۆر جیاوازن.

هەفتەی رابردوو ستیڤای گریشام سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند: سەرۆک ترەمپ بڕیاریداوە، موچەی سێ مانگی خۆی (کەدەکاتە ١٠٠ هەزار دۆلار) تەرخان بکات بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە باسی خاوبوونەوەی گرژی  وهەڕەشەکاندا، ئەم باسە ئیدلیبی سوریا ناگرێتەوە 

لەناو ئەو هەوڵانەی ترەمپ باسی کردووە، یارمەتیدانی وڵاتانی توشبووی کۆرۆناشی تێدایە لەوانە ئێران و چین. بەڵام بەناو ناوی هیچ وڵاتێک نەهێنراوەو دیار نییە هاوکارییەکان چۆنچۆنی پێشکەش دەکرێن. 

کۆرۆنایەکی نۆ ساڵیی لە ئیدلیب
لە باسی خاوبوونەوەی گرژی  وهەڕەشەکاندا، ئەم باسە ئیدلیبی سوریا ناگرێتەوە چونکە هێشتا لەم پارێزگا خوێناوییەی سوریادا، کوشتنوبڕین بەردەوامە. لەلایەک سوپای تورکیا و سوریا، لەلایەکی تر فڕۆکەکانی روسیا و تورکیا ئێخەی ئەم ناوچەیە بەرنادەن و بەردەوامن لە بەردانەوەی بۆمبی وێرانکەر.

ئێستا کە جیهان سەرقاڵە بە کۆرۆناوە، کەچی هێزە بەشەڕهاتووەکان لە ئیدلیب بەردەوامن لەو شەڕ و گرژییانەی لە ساڵی ٢٠١١ـەوە دەستیپێکردووە.

روسیا ناوەستێ
لە سەردانەکەیدا بۆ هیندستان لە سەرەتای هەفتەی رابردوو، ترەمپ رەخنەی لە روسیا گرت کە تۆمەت دروست دەکات گوایە بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا، دەستی ئەمریکای تێدایە.

پێش ئەو قسانەی ترەمپ بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، روسیا سەرپەرشتی هەڵمەتێک دەکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تا وا لە خەڵکی جیهان بگەیەنن کە کۆرۆنا دروستکراوی ئەمریکایە و بۆ وێرانکردن و نابووتکردنی ئابووری چین.

بەڵام ئەم گومانەی ئەمریکا، لە رۆژی ٧ی ئەم مانگە بوو بە شتێکی راستی کاتێ وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند: تاوانباری سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی کۆرۆنادا، ئەمریکایە و بەس.

لەلایەکی ترەوە لەم ئانوساتەدا کە جیهان سەرقاڵە بە کۆرۆنا و رێگاکانی خۆپارێزیی لەم پەتا جیهانییە، روسیا بەردەوامە لەسەر هەڕەشەکانی لە تورکیا سەبارەت بە شاری ئیدلیب.

وادیارە تەنیا تورکیا و روسیا لە قۆناغی پیش کۆرۆنادان و لە بری خۆپارێزیی لەو پەتایە، سەرگەرمن بە مەسەلەی داگیرکردنی ئیدلیب و قەیرانی سوریاوە.

دوژمنی دیار .. دوژمنی نادیار
ئێستا وڵاتانی جیهان، سەرباری دوژمنایەتی و ململانێ، کێبەرکێی سیاسی  وئابووری، پێکڕا لە بەردەم یەک دوژمنی هاوبەشدان کە ئەو دوژمنە نە دەنگی هەیە نە رەنگ، نە سوپای هەیە نە ئابووری. بەڵام دەبێ هەمووان بە سوپا و ئابووری بەهێزەوە رووبەڕووی ببنەوە. بۆ ئەمەش دەبێ تا ماوەیەک دەست لە دوژمنە دیارەکانیان هەڵگرن.