ڕاپۆرتی جیهانی

02:55 - 09/03/2020

نەوت.. قوربانییەکی تری کۆرۆنا‌

پەیسەر

جیهان ئێستا گرفتارە بەدەست کۆرۆناوە، بەڵام هەواڵی دابەزینی بەهای نەوت بۆ ٣١ دۆلار، ئەوەندەی تر بازاڕە لەرزۆکەکەی توشی شڵەژان کرد.

چین کە ناوەندی بڵاوکردنەوەی کۆرۆنایە، گەورەترین کڕیاری نەوتە لە جیهاندا. تا پێش کۆرۆنا ئەم وڵاتە رۆژانە  پێویستی بە ١٤ ملیۆن بەرمیل نەوت هەبووە.

بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و بەشی زۆری کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وەستێنراون، چین ٢٠٪ی پێویستی بە نەوت دابەزیوە. ئەمەش وایکردووە ئۆپیک بیر لەوە بکاتەوە کە ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک لە سەرووی هەموویانەوە سعودیە، کەوتنەخۆ بۆ مسۆگەرکردنی نرخێکی تاڕادەیەک جێگیری نەوت لە سەردەمی کۆرۆنادا. بەڵام بەهۆی ئەوەی روسیا وەکو یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی نەوت  وگاز لە دەرەوەی ئۆپیک نەدەچووە ژێرباری پلانەکانەوە، ئۆپیک سەرکەوتوو نەبوو.

روسیا ئامادە نییە بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ئۆپیکەوە کە گرنگترینیان کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە

رۆژی هەینی رابردوو ٦ی ئازار، ئۆپیک و روسیا کۆبوونەوە تا لەسەر ئەو پلانانە گفتوگۆ بکەن کە بۆ بازاڕی سەردەمی کۆرۆنا دایانڕشتووە. بەڵام روسیا ئامادە نەبوو بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ئۆپیکەوە کە گرنگترینیان کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە بە جۆرێک ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەم بکرێتەوە.

روسیا نەوتی ئۆراڵ بە ٢ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشێ بە وڵاتانی باکووری رۆژئاوای ئەوروپا، بەڵام سعودییەکان رایانگەیاندووە، ئامادەن  نەوتی سووک ١٠،٢٥ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە بفرۆشێ بەو وڵاتانە. ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە لە نرخدا و زەربەیەکی گەورەیە لە نەوتی روسیا کە هەناردەی بازاڕەکانی ئەوروپای دەکات.

سەرکێشییەکانی سعودیە وادەکات کە بەهای نەوت ٣٠ دۆلار و لەوانەیە بۆ ٢٠ دۆلاریش دابەزێ

شرۆڤەکار (یادگار سدیق) شارەزای بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەڵێ: سعودیە بەنیازە شەڕی دابەزاندنی نرخ بکات بەوەی، لە مانگی ئایندەوە ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بکات بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل کە ئێستا ٧.٩ ملیۆن بەرمیلە. ئەگەر پێویستیش بکات ئەم بڕە بەرز بکاتەوە بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەو هەنگاوە چاوەڕوانکراوەی سعودیە کە بەرهەم زیاد بکات و نرخ داشکێنێ، ئەوا بازاڕ تووشی شۆک دەکات. نەک هەرئەوە بەڵکو ئەم سەرکێشەی سعودییەکان وادەکات کە بەهای نەوت بۆ ٣٠ دۆلار و لەوانەیە ٢٠ دۆلاریش دابەزێ.
لە بارودۆخێکی وەکو ئێستا کە کۆرۆنا هەموو لە جیهاندا ئاڵوگۆڕی هێناوەتە ئاراوە، شڵەژانی بازاڕ و قەیرانی دارایی شتێکی چاوەڕوانکراوە. زانكۆی نیشتمانیی  ئوستورالیا سەبارەت بە زیانەکانی ئەم پەتا جیهانگیرە،  پێشبینیکردووە ئەو زیانەی لە ئابووری جیهان دەکەوێ بگاتە سەرووی  2.3 ترلیۆن دۆلار.

بۆ ئەو وڵاتانەی کە کۆڵەکەی سەرەکی ئابوورییەکەیان نەوتە، ئەم دابەزینە لەناکاوەی بەهای نەوت قەیرانەکە و بارگرانییەکە زیاتر دەکات. بە تایبەت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێستا یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە، ئەم شڵەژانەی بازاڕی نەوت کاریگەری زیاتر دادەنێ.

شارەزایان روونی دەکەنەوە چونکە زیاتر ٩٨٪ی داهاتی وڵاتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر فرۆشی نەوتە، ئەوا هەر کەمبوونەوەیەکی بەهای نەوت، راستەوخۆ کاریگەری لە ئابوورییەکەی دەکات نەخوازە کە پەتایەکی ترسناکی وەکو کۆرۆناش بڵاوبووبێتەوە کە چارەسەر و خۆپارێزییەکانی ئەم پەتایە، بودجە و تێچوویەکی زۆری دەوێ.