ڕاپۆرتی جیهانی

07:15 - 09/03/2020

كەرەنتینە و بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا‌

پەیسەر

هەرچەندە بەناوهێنانی موچڕكە بە گیانی مرۆڤدا دێت و پێی وایە بە چوونە ئەو شوێنە هەنگاوێك لە مردنەوە نزیكە، بەڵام لە ڕاستیدا كەرەنتینە بۆ ئەوەیە هەنگاوێك لە مردن دورمان بخاتەوە، ئامانج لە دروستكردنی كەرەنتینەكان پاراستنی گیانی تاك و دوورخستنەوەی مەترسییە لەسەر ژیانی كۆمەڵگە، هەر بۆیە بەیەكێك لە ڕێگە چارەكان و كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دادەنرێت.

ساڵی ڕابوردوو 2019بە دەركەوتنی سەروفەساڵی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كۆتایی هات و سەرەتای 2020 بە مەترسی و ھەڕەشەكانی ئەو ڤایرۆسە دەستی پێكرد، هەرزوو لایەنە پەیەوەندیدارەكانی زۆرینەی وڵاتانی دونیا كەوتنە خۆیان و بەمەبەستی ئابڵۆقەدان و كۆنترۆڵكردنی جێگەیان بۆ ئەوكەسانە جیاكردەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون، یان گومانیان لەسەربوو كە تووش بووبن، ناوی ئەو شوێنانەیان نا (كەرەنتینە).


كەرەنتینە چیە؟
كەرەنتینە (یان ژووری تەندروستی) لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئیتالیە quarantina و بە مانای ٤٠ رۆژ دێت. ئەو چل رۆژە بۆ تەوقدان و دابڕینی ئەو کەسانەبووە کە گومانیان لێکراوە هەڵگری پەتا و نەخۆشی بوون.

جیاكردنەوەی ژورێك یان خانویەك یان باڵەخانەیەكە بەمەبەستی هێشتنەوە و چارەسەركردنی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسێكن یان گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێت‌، تا ئاستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە سنوردار بكرێت، مانەوە لەو شوێنانەدا كاتییەو دوای تەواو بوونی كاتەكە كەسەكان بە پێی ڕێنمایی پزیشكیی و بڕیاری لایەنی پەیوەندیدار ڕێگەیان پێدەدرێت بچنەوە سەر ژیان و گوزەرانی ئاسایی خۆیان‌.

كەرەنتینە كەی سەریهەڵدا؟
بیرۆكەی كەرەنتینە لە سەدەی چواردە و لە شاری بوندوقییەی ئیتاڵیاوە سەریهەڵدا، ئەوكاتەی دەسەڵاتدارانی شارەكە زانیییان ئەو كەشتیانەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە دێن هۆكارێكن بۆ گواستنەوەی هەندێك پەتا بۆ ناوچەكەیان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاریاندا ڕێگەنەدەن ڕاستەوخۆ سەرنشینەكانیان بڵاوەپێبكەن.
لەسەرەتادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لەنێو كەشتییەكاندا دەوەستێنران، دواتر ماوەكە درێژكرایەوە بۆ 40 ڕۆژ، دواتریش هەر لە بوندوقیە و لە ساڵی 1423 زاینی، یەكەم ژووری تەندروستی كرایەوە، ئەویش لە دورگەیەكی نزیك شارەكە، زۆر بە خێرایی وڵاتانەی تریش بیرۆكەكەیان وەرگرت و جێبەجێیان كردو لەو ڕێگەیەشەوە توانییان پەتاكە كۆنترۆڵ بكەن.


بۆچی ئێستا كەرەنتینە بەکاردەهێنرێ؟
لە ئێستادا و لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی حاڵەتی كۆرۆنایان لێ‌ دەستنیشان كراوە ئەم ژوورە بوونی هەیە و لە باشووری كوردستانیش لە چەندین شوێن لە شارو شارۆچكەكان بوونیان هەیە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی هاوڵاتیانە لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە و چاودێری ئەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوەی كوردستان گەڕاونەتەوە یان گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێت‌.

ماوەی مانەوەی كەسەكە لە كەرەنتینە وەستاوە لەسەر جۆری پەتاكە و ئاستی خێرایی چارەسەركردن لە وڵاتەكەدا، ئامانج لە بوونی كەرەنتینە پاراستنی تاك و كۆمەڵگەیە لەبڵاوبونەوەی پەتا و نەخۆشیە گوازراوەكان، هەربۆیە لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیای پێشكەوتوو مەرجی تەندروستی و ژیاندروستی و مافەكانی كەسیی وەستێنراو لەكەرەنتینەكان بە یاسا دیاریكراوە. سەرەڕای كەمتەرخەمی و بەدەمەوە نەچوونی پێویستی ئەو كەرەنتینانە بەڵام هێشتا دەكرێت بەچاوی ئەرێنیەوە لێیان بڕوانین.

کەرەنتینە لە ئیسلامدا

هەرچدەندە لە مێژووی ئیسلامدا شتێک نییە بەناوی کەرەنتینە، بەڵام هاوشێوەی ئەو رێوشێنانەی لە کەرەنتینەدا هەن، لە مێژووی ئیسلامیشدا هەیە. بۆ نموونە ئەو تاعوونەی لە وڵاتی شام لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا بڵاوبوویەوە.

عومەری کوڕی خەتاب کاتێ بیستی لە شام تاعوون بڵاوبووەتەوە، فەرمانیدا بە لەشکر و موسڵمانان کە نەچنە ناو شامەوە. لەسەر ئەمە ئەبوعوبەیدەی جەڕاح وەکو رەخنەگرتن گوتی: ئایا دەتەوێ خۆمان لەو قەزاوقەدەرە لابدەین کە لەلایەن خودای گەورەوە بۆمان هاتووە؟

خەلیفە عومەر لە وەڵامدا نموونەی رووداوێکی پێغەمبەری ئیسلامی هێناوەتەوە کە دەڵێ: ئەگەر لە شارێکدا بووی تاعوونی تێدا بڵاوبوو بوویەوە، تۆ لێی مەیە دەرەوە. ئەگەر شارێکیش دەزانی تاعوون بڵاوبووەتەوە تۆ بۆ مەچۆ.

 

جیهانیش سەرقاڵە:
ئاژانسی هەواڵدەریی و رۆژنامەنووسی فەرەنسی بڵاوی كردووەتەوە كە لە جیهاندا ڕێوشوێنی كەرەنتیەكان برەویان پەیدا كردووە، وەك شارەزایان باسی دەكەن، پەنجا ملیۆن كەس لە چین كەرەنتینە كراوون و ئابڵۆقەی تەندروستیان لەسەر بووە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەتایبەتی -شاری وهان- كە بە نیشتیمانی یەكەمی ڤایرۆسەكە دادەنرێت، هەموو شارەكەیان بەجۆرێك تەوق كرد كە هیچ هاوڵاتییەك بۆی نەبووە بێتە بەر دەرگای ماڵ و شوقەكەی خۆشی. جگە لە وهان هەموو وڵاتی چین كەرەنتینەی جیاوازی تێدا پەیڕەوكراوە، لە ناو ماڵی هاوڵاتی و نەخۆشخانەو ئوتێلەكان پەیڕەوكراون، خاڵی هاوبەشی هەمووشیان وەستاندنی تێكەڵاوی و دروستنەكردنی قەرەباڵغی بووە، تا لەو ڕێگەیەوە بگەنە ئابڵۆقەدانی ڤایرۆسەكە.


پەكین لە 26/1/2020 بۆ ماوەی چواردە رۆژ سەرجەم هاتووچۆكانی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی  ڕاگرت، بە هەمان شێوە فەرەنساو ئەڵمانیاو كەنەدا كەرنتینەیان بۆ هەموو ئەو كەسانە دروستكرد كە هاوڵاتی چینی بوون، یان بە تازەیی لە چین گەڕابوونەوە. ئیتاڵیا15 ملیۆن كەسی كەرنتینەكردووە لەناو ماڵەكانی خۆیاندا تا رۆژی 15 نیسانی داهاتوو. بۆچوونە نێو ناوچەی پارێزگای لۆمباردیا و 14 و پارێزگای دیكە ڕێوشوێنی توندیان گرتوەتەبەرو لە 23 شوباتەوە لەژێر چاودێریی ورددان.
لە وڵاتی ڤێتنام لەناوەڕاستی مانگی شوباتەوە كەرەنتینەی 10 ملیۆن كەس كراوە بۆ ماوەی 20 رۆژ لەبەر ئەوەی تەنها شەش حاڵەتی ڤایرۆس لە نزیك پایتەختەكەیان دۆزراوەتەوە.

لە كۆریای باشوور  3650 كەس لە ژێرچاودێری ورددان و كەرەنتیتە كراون و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە هاوڵاتیانی بیانی نادەن بچنە وڵاتەكەیانەوە. هەروەها كەشتی –دایموند برنسیس-یان كەرەنتینە كرد لە سەرەتای مانگی شوباتی ڕابوردووەوە كە هەڵگری 380 بیانی بوو، دواتر لە ڕێگەی پشكنینەوە 221 كەسیان ڕێگەی چوونە دەرەوەیان پێدرا لەبەر ئەوەی كە یەكلایی بوویەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین. هەموو ئەو هاوڵاتیانەش كە خەڵكی وڵاتەكەی خۆی بوون ب ماوەی 14 رۆژ كەرەنتینەی كردن و دوای ئەو ماوەیە كە بۆیان ڕوونبوویەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین ڕێگەیان پێدان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.


چەند رۆژێك پێش لەئێستاش لە كەناراوەكانی سانفراسیسكۆ كەشتی –گراند برنسیس- كە هەڵگری 3533 كەس بوو لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەری كەشتیەكە، جگە لەوەی كەرەنتینەی ناو كەشتیەكە كراون خروانەتە ژێر چاودێرییەكی وردی پزیشكییەوە، وابڕیارە لە باكووری كالیفۆڕنیا پیادەبكرێن و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام بدرێت، شایانی باسە سەرجەم كارەكانو كەرەنتینەكردنیان لەناو كەشتیەكەدا دەبێت و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوە.

لە ئێستاشدا  لە وڵاتی ئێران و ئتاڵیا  ئەو ڤایرۆسە زۆر بە چڕیی بڵاوبووتەوە، هەر هاوڵاتیەك لەو دوو وڵاتەوە بگەڕێتەوە دەبێت بخرێتە ژێرچاودێریی و كەرەنتینەبكرێت بۆ ماوەی 14 رۆژ، بەو پێیەی كە ئەو ڤایرۆسە لە ماوەی 14 رۆژدا دەردەكەوێـت و ئەگەر كەسێك لەو ماوەیەدا نیشانەكانی لێدەرنەكەوێت ئەوا مانای وایە ھەڵگری ڤایرۆسەكە نیە.

هۆنگ كۆنگ  لە هەموو وڵاتانی دیكە ڕێگەی توندتری گرتوەتە بەر و هەر هاوڵاتییەكی لە چینەوە بگەڕێتەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دەیخاتە كەرەنتینەوەو ئەگەر بەدزییەوە بگەڕێتەوە یان خۆی لە یاساكە بشارێتەوە بۆ ماوەی شەش مانگ ڕایدەگرێت و  دەیخاتە زیندانەوە.
ئیسرائیلیش لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بڕیاری دەركردووە بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی كە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، سویسرا، ئیسپانیاو نەمسا گەڕاونەتەوە بخرێنە ژێرچاودێریی و كەرەنتینە بكرێن، هەموو چوونە دەرەوەیەكیشی قەدەغەكرد، تەنها بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە بیسەلمێنن شوێنێكیان هەیە خۆیانی تێدا كەرەنتینە دەكەن.
وڵاتی یابانیش لە رۆژی 5 ئازارەوە ڕایگەیاندووە هەر هاوڵاتیەكی لە وڵاتی چین یان كۆریای باشوور گەڕاونەتەوە دەبێت بچنە كەرەنتیەكان و بۆ ماوەی 14 رۆژ چاودێریی بكرێن.


لە وڵاتی سلڤادۆریش هەر كەسێك لە ئەڵمانیا و  فەرەنساو كۆریای باشوور و ئیتاڵیاو ئێران گەڕابێتەوە دەبێت بچنە كەرەنتینەكان و پێویستیشی كردووە لەسەر سەرجەم دبلۆماتكارو فەرمانبەرەكانی وڵاتەكەی دەبێت پشكنین ئەنجام بدەن و بۆ ماوەی 30 رۆژ خۆیان كەرەنتینە بكەن، بۆئەوەی وڵاتەكەیان لە هێرشی نادیاری ئەو پەتایە بپارێزن.

بەشێوەیەكی گشتی كەرەنتینە بەیەكێك لە هەنگاوە هەر گرنگ و سەرەكیەكانی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دادەنرێت، هەرچەندە ڕێوشوێنی دیكەش گیراونەتە بەر، لەوانەش لە كوردستان لە هەنگاوی یەكەمدا قوتابخانەو زانكۆو پەیمانگاكان داخران و دواتریش كۆڕوكۆبوونەوە گشتیەكان و لە دوای ئەویش داخستنی دەرگای مزگەوتەكان، كۆتا جاریش سەرجەم دامودەزگا حكومیەكانیش خرانە ڕیزی ئەو چالاكیانەوە كە گیراونەتە بەر بۆ خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا.