ڕاپۆرتی جیهانی

03:22 - 25/12/2018

زمانی جەستە هۆكارێك بۆ ڕاست و درووستی گوتەی سیاسییەكان‌

پەیسەر

زمانی جەستەیە یەكێكە لەو ئامرازانەی ڕۆژانە بەركەوتەمان لەگەڵی دەبێت. هەموو ڕۆژێك ئێمە لەكاتی قسەكردندا یان ئەو كەسانەی قسەمان بۆ دەكەن زمانی جەستە بەكاردەهێنن.لەبەر ئەمەش بە بڕوای زمانەوانەكان زمانی جەستە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئاشكرابوونی ڕاست و درووستی گوتەكانمان.قسەكەرەكان دەستەكانیان بەكاردەهێنن، دەموچاو و لاق، یان دەنگە ژێكان دەگۆردرێن.بەپێی توێژیینەوەكان زانایی دەروونناسی ئاشكرایانكردووە 7% قسەكان بە وشە دەردەبڕێت و 38% دەنگەژێیەكان و 55% زمانی جەستە بەكاردەهێنرێت. مێژووی زمانی جەستە دەگەڕێتەوە بۆ ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بە شێوەی زانستی قسەی لەسەر نەكرا تاوەكو ساڵی 1970 پەرتووكێك بە ناوی (زمانی جەستە) لە لایەن جولیویس فاست-ەوە بڵاو كراییەوە، بەڵام نابێت ئەوەمان بیر بچێت پەرتووكەكە سودی لە پەرتووكی(گوزارشتی هەستەكانی مرۆڤ 1872) وەرگرتووە كە چارلییز داروین قسەی لەسەر كردووە سروشی كارەكەشی لە ئاماژە و جوڵانەوەی ئاژەڵانەوە وەرگرتووە.
بەكارهێنەرانی
هەموو مرۆڤێك ڕۆژانە بە ویستی خۆی یان بێویستی خۆی زمانی جەستە بەكاردەهێنێت. وەكو ئەوەی مامۆستا بۆ گەیاندن و فێركردنی خوێندكارەكانی زمانی جەستە بەكاردەهێنێت، پزیشكەكانیش بۆ نەخۆشەكانی، ئەندازیارێكیش بێ بەری نییە لەم زمانی جەستەیە كاتێك ڕێنمایی دەداتە كرێكارەكانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان.
بە شێوەیەكی گشتی ژنان زیاتر دەتوانن زمانی جەستەی بەرامبەرەكانیان بخوێننەوە، چونكە ئەوان بە شێوەی زگماك ئەو هەستەیان هەیە كە دەتوانن بی بەكارهێنانی زمانی قسەكردن، ڕاز و ڕەمزەكان شی و شیتاڵ بكاتەوە.هەربۆیە زۆرێك لە پیاوان ناتوانن درۆ لەگەڵ ژنەكانیان بكەن. لە هەمان كاتدا ژنەكانیش زۆر بە ئاسانی دەتوانن خۆ ڕاگربن و قسە لە پیاوەكان بشارنەوە.زانیان باوەڕیان وایە ئەو هەستەی ژنان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان دایكن، دایكان زۆرجار بە بێ ئەوەی كۆرپەكانیان زمانی قسەكردن بزانن، هەر بە زمانی جەستە لە كۆرپەلەكانیان تێدەگەن.باوەڕیش وایە زۆربەی ژنان  لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەو خەسڵەتەن لە پیاو باشتر دەتوانن ڕێكەوتنەكان ئەنجام بدەن.

ئامرازەكانی
چاو: یەكێكە لە سەرەكیترین ئامرازەكان لە زمانی جەستەدا چونكە لەڕێگەی ئەم ئەندامەی جەستەوە دەتوانی كلیلی كردنەوەی دەرگاكانی ڕاست و دروستی قسەكانی مێشك ئاشكرادەكات.ئەگەر بێت و چاوەكان بە ئاراستەی سەرەوە كرانەوە، ئەوا ئەو كەسە شتێكی سەرەنجڕاكێشی بیستووە كە مایەیی دڵخۆشیەتی.ئەگەریش چاوەكانی بچووككردەوە ئەوا شتێكی بێزاركەری بیستووە.ئەگەریش زۆرتر ئەو چاوە بچووكبووەوە ئەوا كەسی گوێگر شتێكی بیستووە كە باوەڕی نەكردووە.
برۆكان: ئەگەر كەسێك یەك برۆی بەرزكردەوە ئەوا تۆ قسەیەكت كردووە جێگای باوەڕی كەسی گوێگر نەبووە، ئەگەریش هەردوو برۆی بەرزكرایەوە ئەوا نیشانەی شتێكی شۆكهێنەرە.
گوێیەكان: ئەگەر  كەسێك لە كاتی قسەكردن گوێی خوراند یان گوێی ڕاكێشا ئەوا پێتدەڵێت دۆشداماوە لەوەی نازانێت تۆ چیت دەوێت یاخود گومانی لە ڕاستی وتەكانت هەیە.
نێوچاوان: كاتێك نێوچاوان دەدرێت بەیەكدا وسەیری زەوییەكەی بەرپێی دەكات، ئەوا دەبێت بزانی ئەو كەسە دوودڵ و بە گومانە و نایەوێت ئەو قسانەی گوێ لێبیت كە گووتووتە.ئەگەریش بە ئاراستەی قژ نێوچاوانی بەرزكردەوە ئەوا ئەو كەسە دڵخۆشە.
شان: ئەگەر كەسێك لە كاتی گوێگرتن شانەكانی بەرزكردەوە واتای نازانم و نازانێت باسی چی دەكەیت.
پەنجەكان: ئەگەر كەسێك قۆڵی لەسەر دەسكی كورسیەكە دانا و نووكی پەنجەی كێشا بە كورسیەكە ئەوا كەسەكە تووڕەیە.
لووت: كەسێك لە كاتی قسەكردندا دەستی بۆ لووتی برد ئەوا درۆ دەكات.
دەم: كاتێك منداڵێك درۆ لەگەڵ دایكی و باوكی دەكات، دەكێشت بە دەمی خۆیدا و كەسێكی پێگەویشتوویت دەمی خوراند یان دەستی بۆ دەمی برد درۆ دەكات.
قاچەكان: ئەگەر كەسێك لە كاتی قسەكردن چەند جارێك قاچەكانی بە ئاراستەی شوێنێكی دیاریكراو جوڵاند.مەبەستیەتی بڕوات.

چارلی چاپلین و زمانی جەستە
كێ چارلی چاپلین ناناسێت؟ ئەو ئەكتەرە بەریتانییەی كە لەسەدەی بیست یەكێك بوو لە ئەستێرە بەناوبانگەكانی فیلمە بێدەنگەكان؟ بۆیە چارلی بەناوبانگ بوو بێ ئەوەی هیچ وشەیەك بڵێت بە گۆچانێك و شەپەقیەكەوە دونیای سەرسام كردبوو.ئەوكاتەی چاپلین ڕۆڵی ئادۆڵف هیتلەری دەگێڕا، ویستی بە جیهان بڵێت بەتەنیا وشە دەربڕێن گوزارشت لە ڕەخنە و ئازاری مرۆڤ ناكات، بۆیە جوڵانەوەی دەست و قاچ، ئاماژەكانی دەموچاو، جلوبەرگی جیاوازیش خۆی لە خۆیدا زمانێكە بۆ گەیاندنی پەیامەكان.

زمانی جەستە لای سیاسیەكان
زۆرێك لە سەرۆكەكانی جیهان لە كاتیی تەوقەكردندا هەوڵدەدەن یەكەمین دەستبردن ئەوان بیكەن چونكە دەستی سەرەوە واتایی هێز و دەسەڵاتە، ئەوكەسەی دەستی لەسەرەوەیە، جۆرج بوشی كوڕ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هەمیشە دەستی لەسەرەوە دەبوو، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زمانی جەستەوە بڵێت ئەو هەژموونی بەسەر دەورەبەریدا هەیە. ئاماژەكانی ئەو تەقەكردنە پێمان دەڵێت پەیامەكانم با بگات بە دوژمنان كە ئێمە بەسەر هەموو لایەكدا زاڵێن.

جەستە و چاوەكان درۆ ناكەن
زمانی جەستە بە تەواوەتی جیاوازە لەوەی كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ڕیچارد نیكسۆن لەكاتی قسەكردندا پەنجەی بە ئاراستەی بینەران ڕادەوەشاند و دەیەویست بە خەڵكی بڵێت ئەو گەندەڵ نییە و كەسێكیش نییە خەریكی فرت و فێڵ بێت.بەڵام كاتێك قسە دەكات لە كۆتایدا دەستی دۆشدامان دەگرێتە باوەشی ئەوەش پێچەوانەی گوتەكانیەتی.

خۆ چەماندنەوەی باراك ئۆباما بۆ ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن

كاتێك سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆباما سەردانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی كرد، لەبەردەم ئیپمراتۆریەتی ژاپۆن خۆی چەماندەوە و وەكو ئەوەی كڕنووشی لێخۆشبوونی بۆ بەرێت.ئەكیهیتۆ كوڕی هیرۆهیتۆیی ئیمپراتۆریش وەكو ئەوەی بەزەیی بە سەرۆكێكی ئەمریكا بێتەوە بە جۆرێكی لە نەوازش لە ئۆبامای دەڕوانی.ئەمكارەش بووە هۆی تووڕەبوونی ئەمركییەكان پێیانوابوو سەرۆكێكی لاوازیان هەیە و بەوكارە "هێزە چەكدارەكانی ئەمریكای شەرمەزاركرد." چونكە باوكی ئەم ئیمپراتۆرە بەرپرسبوو لە هێرشی (پێڕڵ هاربۆر) كە هێرشێكی فرۆكەكانی ژاپۆن بوو بۆسەر كەشتیە جەنگیەكانی ئەمریكا و سەدان كەس گیانیان لە دەستدا.باراك ئۆباما سەرەڕای ئەوەی گەلی ئەمریكا لەبەرامبەر ئەوەی كڕنووشی برد بۆ ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن، بەڵام پسپۆرانی زمانی جەستە باوەڕیان وایە ئەو یەكێكە لەو سەركردانەی كە جیاوازە لە هەموو سەركردەكانی دیكە، ئۆباما خاوەنی كارامەییەكی بەرزی كۆمەڵایەتییە و بە شێوەیەكی نایاب ڕاهێنانی لەسەر زمانی جەستەكردووە و هەمیشە باوەڕی بە خۆیەتی.بە دەنگی بەرز قسان دەكات، ئەوانەی لە دەورەبەریدان بە تامەزۆرییەوە گوێی لێدەگرن.

ترەمپ و زمانی جەستە
دوور لە هەڵوێستە سیاسیەكانی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ زۆرێك لە گوزارشتەكانی جیاواز و كاریگەرە.هەرچەندە بەلایەنی هەندێكی دیكەشەوە ئاكارەكانی زیادڕەوی تێدایە و هەڵسوكەوتەكانی دیكتاتۆریانەیە.
پرۆفیسۆر جێف بیتی كە پسپۆری زمانی جەستەیە دەڵێت" ترەمپ پەرتووكێكی كراوەیە، چونكە گوزارشتەكانی ڕوون و ڕاشكاوانەیە  هەرچەند زۆرێك لە سیاسیەكانی دیكە زۆربەی كاتەكانی خۆیان بە چاوپێكەوتن و دیبەیت بەسەردەبن، لەوێشەوە دەیانەوێت گوزارشتەكانی دەموچاویان بە بزە بشارنەوە.ئەم كارە وادەكات ئێمە نا ئاسوودە بین.لەبەر ئەوەی شتێك دەشارنەوە، بۆیە هەندێك جار زمانی جەستە ئابڕوویان دەبات بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن."
بیتی ئاماژەی بەوەشكردووە كە زۆرجار دەیانەوێت شیكار بۆ گوزارشتەكانی ترەمپ بكەن بۆ ئەوەی گوتەكانی و زمانی جەستە لێكبدەنەوە و بزانن ڕاستدەكات یان نە؟ هەمیشە شكست دەهێنن.ترەمپ چی دەڵێت و زمانی جەستەیشی هەمان شت دەڵێتەوە.لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو هەرگیز ڕاهێنانی بۆ شاردنەوەی زمانی جەستە نەكردووە.
ترەمپ بەوە ناسراوە كە چاو و نێوچاوانی دەهێنێتەوەیەك و دەمی دەكاتەوە.بەتایبەتی ئەو كاتەی كە تووڕە دەبێت.ئەمەش جیاوازە لەو سیاسیانەی كە ڕێگە بە خۆیان نادەن تووڕەكردنەكانیان بە ئاشكرا دەرببڕن. ترەمپ ئەوها دەبینرێت ناتوانێت بەسەر خۆیدا زاڵ بێت، بە پێچەوانەوە ئەمە ئەوپەری زاڵ بوونە.


ئەردۆگان
سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان یەكێكە لەو سیاسیە ناودارانەی گۆڕەپانی سیاسەت كە زۆرێك لە پسپۆران و زانیان پەلەی ئەوەیانە كە لە ڕێگەی زمانی جەستەوە شیكردنەوە بۆ كەسایەتیەكەی بكەن.
ئەوان توێژینەوەیان كردووە بۆ كەسایەتی ئەردۆگان ئەوەیان بۆ ئاشكرا بووە ئەویش ناتوانێت هەستەكانی بشارێتەوە، دەتوانرێت تەنیا بە هەستكردن بە گۆڕینی دەنگەژێیەكانی  و دەستی، برۆ هێنانەوە یەك، بزەكانی، درك بەوە بكەین ئەم پیاوە دڵخۆشە، دڵتەنگە، یان توڕەیە.
شیكەرەوەكانی زمانی جەستە ئاماژەیان بەوە كردووە، لەسەرەتای هاتنە سەركاری ئەردۆگان نەیدەتوانی بە شێوەیەكی گونجاو زمانی جەستە بەكاربهێنێت.بە تێپەڕبوونی كات توانی زمانی جەستە پەرەپێبدات، ئێستا وایلێهاتووە بە گوزارشتەكانی زمانی جەستە پەیامەكانی دەگەێنێت.بەڵام بەلای هەندێك لە توێژەرانی زمانی جەستەوە هێشتا ماویەتی بتوانێت بە باشی زمانی جەستە بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەی ڕادیكاڵ بڵاویكردۆتەوە، ئەردۆگان هەمیشە بە شێوەیەكی ڕاست دەوەستێت كە بە واتایی(پیاوی خاوەن قسە) و (سەرۆكی مەزن) و (سوڵتان مەزن)دێت.ئەو بەشێوەیەكی لەسەرخۆ قسەدەكات بۆ ئەوەی پێمان بڵێت"متمانەتان پێم هەبێت).
ئەنگیلا مێركل

ژنە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێركڵ بە لای پسپۆرانی زمانی جەستەوە هەمیشە پەنجەكانی دەستی بە شێوەیەكی دیاریكراو تێكدەئاڵێنێت دەیەوێت بە خەڵكی بڵێت" زۆر متمانەیەی بە خۆیەتی."


ڤلادیمێر پوتین

سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین جێگای مشتومڕی بەردەوامی پسپۆرانی زمانی جەستەبووە، ئەو لە كاتی قسەكردندا كەمترین جار زمانی جەستە بەكاردەهێنێت، دەموچاوێكی ڕەق و وشكی هەیە، ناتوانیت لەكاتی قسەكردندا هەست بە گوزارشتەكانی بكەیت، بەڵام ئەو كەسانەی كە لە چاوپێكەوتنی ڕووبە ڕوو لەگەڵی دانیشتوون دەڵێن 60-80%قسەكانی لە رێگەی زمانی جەستەوە دەگەێنێت.