ڕاپۆرتی جیهانی

12:50 - 12/03/2020

جێفریی باسی ئاگربەست دەكات‌

كوردستان ئەحمەد

جێمس جێفریی، بەرپرسی كاروباریی سوریا لە وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا باسیی دۆخی سوریا و ئیدلیب دەكات و دەڵێت: ئێستا دۆخی ئیدلیب ئاڵۆزە و ئەو رێككەوتنەش كە لە نێوان روسیا و توركیادا كراوە، هەمیشەیی نییە، چونكە خواستی  روسیا و سوریا بۆ ئاگربەست لاوازە و پێدەچێت تا كۆتایی بەردەوام نەبێت.

جێفری دەشڵێت: دۆخی ئیدلیب بە جۆرێك نییە كە بە ئاگربەستێك كۆتایی پێبێت، چونكە مەیلی شەر و ئەگەریی رووبەرووبونەوە لەو شارەدا زۆر زۆرە هەر كاتێك بێت دەكرێت، شەرێك لەو نێوەنەدا رووبدات.
 ئەو قسانەی جێمس جێفری لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە دۆخی سوریا و شاریی ئیدلیب بوو لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و وتی: "ئەوان لەو باوەڕەدا نین رووسیا و حکومەتی سووریا لەگەڵ ئاگربەستی هەمیشەییدا بن لە ئدلب".

جێفری دەشڵێت: رووسیا و حکومەتی سووریا چاویان لەوەیە لەڕێگەی سەربازییەوە لە سووریا سەرکەوتن بەدەستبهێنن،دۆخی ئیسدلیب یەكلایی بكەنەوە،  بەڵام ئەمریکا دەیەوێت رێگە لەو ئامانجەی ئەوان بگرێت و هەوڵدەدات کێشەکان لەڕێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییەوە چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی رووداوی گەورەی مرۆیی لە سوریا روونەدات.

ئەمریكا چۆن دەروانێتە ئیدلیب؟
هەرچەندە ئیدلیب جێ نفوسی سەربازیی روسیایە، بەڵام ئەمریكا پێیی وایە كە دەبێت دۆخی ئیدلیب بەشێوەیەكی دیبلۆماسیی و ئاشتیانە چارەسەر بكرێت بە جۆرێك كە دۆخی شارەكە بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت رێگریی بكرێت لە هەر كوشتن و برین و هێرشێك كە بكرێتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی شارەكە.

هەرچەندە ئێستا روسیا و توركیا لەسەر دۆخی ئیدلیب رێككەوتون، بەڵام دۆخەكە بەشێوەیەكە ئەو رێككەوتنە سەربازیانە ناتوانن ببنە هۆی ئەوەی كە سوریا ئارام بێت چونكە بە تێروانینی ئەمریكا دۆخی ئیدلب بە رێككەوتنی سەربازیی چارەسەر ناكرێت، دەبێت بە قۆناغی ئاشتیدا بروات.



لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە سووریا، جێفری ئاماژەی بەوە دا، ئەوان بۆ شەڕی داعش لەوێن و لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەو ئەرکە رادەپەڕێنن و لە سوریا دەمێننەوە ئەوەش بۆ ئەوەیە كە بتوانن كۆتایی بەشەریی داعش و ترسەكانی ئەو رێكخراوە بۆ سەر سوریا و عێراق بهێنن.

ئایا رێككەوتن بەردەوام دەبێت؟
جێمس جێفریی دەڵێت: ئەگەر روسیا و توركیا لەسەر رێككەوتنەكەیان بەردەوام بن و بەڵام گروپە چەكدارەكان لە سوریا خەریكی كردەی سەربازی بن دژی سوریا و هەروەها سوریاش وەڵامی هێرشەكان بداتەوە و دۆخەكە بەشێوەیەك  لێبكەن هێزە بچوكەكان رووبەرووی یەكتر ببنەوە، ئەوا شەریی بەوەكالەتی دوایی رێككەوتن دەگۆردرێت بۆ شەریی راستەوخۆی هێزە گەورەكان و بەم شێوەیەش رێككەوتن هیچ مانایەكی نامێنێت.

دەشڵێت ئەوان لەو باوەرەدان كە رێككەوتنی ئیدلیب دەبێت رێككەوتنێكی ئاشتیانەی دوور لەشەر بێت و گفتوگۆیەكی ریشەیی لە سەر دۆخی ئەو شارە بكرێـت بۆ ئەوەی بەتەواوەتی زاڵبین بەسەر گرفتە مرۆڤایەتیەكەدا و ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی مەدەنی شارەكە لەناو نەچن.

توركیا لەسەر دۆخەكە چی دەڵێت
رەجەب تەیوب ئەردۆغان لەبارەی ئیدلیبەوە دەڵێت: ئەوان لەگەڵ روسیا رێككەوتون بەڵام هێزەكانیان لەنزیك ئەو شارە ناگێرنەوە و هەر هێرشێكیش بكرێتە سەریان بێگومان قبوڵی ناكەن و وەڵامی دەدەنەوە، هەمیشە چاومان لەسەر هێزەكانمانە و دەمانەوێت بە پارێزراویی بمێننەوە.

دەشڵێت ئەوان پابەندی رێككەوتنەكەیان دەبن، و هەركارێك كە پێوییست بێت بۆ پارێزگاریی كردن لە سنوریی  رێككەوتنەكە دەیكەن و پێویستە هێزەكانی دیكەش ئاگاداریی رێككەوتنە كە بن و ئاگریی شەر خۆش نەكەن.


بەشار ئەسەد لە بارەی ئیدلیبەوە چی دەڵێـت؟
ئێستا ئەسەد لە هێرش كردنە سەر سەبازگەكانی توریكا لە ئیدلیب وەستاوە ئەوەش دوای ئەوە هات كە توركیا و روسیا لەبارەی ئیدلیبەوە رێككەوتن، بەڵام بەشار  لەبارەی ئیدلیبەوە دەڵێت ئەو شارە شارێكی سوریە و دەبێت هەر لە دەستی سوریەكان بمێنێتەوە بە جۆرێك كە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەو شارە دەبێت بكەوێتەوە دەست ھێزەكانی حكومەتی سوریا و هێزە دەرەكیەكانی دیكەش دەبێت لەو شارەدا نەمێنن.