ڕاپۆرتی جیهانی

06:20 - 15/03/2020

کێبڕکێی ئەڵمانیا و ئەمریکا لەسەر ڕاکێشانی کۆمپانیای CureVacی ئەڵمانیی بۆلای خۆیان‌

پەیسەر

لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە خێرای لەجیهاندا بڵادەبێتەوە و ژیانی هاوڵاتیانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پەکخستوور، لە لایەکی ترەوە وڵاتە پێشکەوتووەکان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا دەدەن.

هەرچەندە هەندێک وڵات باسی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک ڤاکسین و ڕێگای چارەسەری دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نەدۆزراوەتەوە کە سەد لەسەد کاریگەری لەسەر ڤایرۆسەکە دروست بکات و لەناوی ببات.

 

بە پێی میدیا ئەڵمانیەکان کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان ئەمریکا و ئەڵمانیادا هەیە کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەم بێنن و ئەوەش لە میدیاکانی ئەڵمانیا و دواتر میدیاکانی جیهاندا دەنگیداوەتەوە.

ماڵپەری داوچەڤێلای ئەڵمانی ڕایگەیاند، کۆمپانیای  CureVacی ئەڵمانیی دوو ڤاکسینی بەهێزی بەرهەمهێناوە کە لە ئیستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت بەهێزترینیان وەک دژەڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە بکرێت.

کۆمپانیای  CureVacڕایگەیاندووە، ئەوان دەتوانن لە نێوان مانگی حوزەیران و تەموزدا دەرمانەکە بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکەن.

بە پێی میدیا ئەڵمانیەکان ڤاکسینەکەی کۆمپانیای  CureVacزۆر بەهێزە و ئەگەری زۆرە وەک باشترین و کاریگەرترین ڤاکسین قبوڵبکرێت.

 

فلیپ هوفمان توێژەر لە کۆمپانیای (CureVac) بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، کە کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینەکە دەکەن و وتی." زانایانی کۆمپانیاکە پێشبینی ئەوە دەکەن، تا هاوین بەتەواوی ڤاکسینەکە پەرەپێبدەن .

کێبڕکێی ئەڵمانیا و ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکە
ئەڵمانیا و ئەمریکا کێبڕکێیانە لەسەر ڤاکسینی ئەو کۆمپانیایە و هەردوولا پارەی زۆریان خستووەتە بەردەم کۆمپانیاکە! ئەمریکا دەیەوێت بەپارە ڕازییان بکات بچنە ئەمریکا و ئەڵمانیاش دەیەوێت ڕازییان بکات بمێنێتەوە.
بەو هۆیەشەوە پێشبینیدەکرێت، ڤاکسینی کۆمپانیای (CureVac) باشترین ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بێت.

داوا دەکرێت ڕێگری لە فڕۆشتنی ڤاکسینەکە بە ئەمریکا بکرێت
هەواڵی ئامادەکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا حکومەت و لایەنەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای دڵخۆش کردووە، بەڵام نیگەرانی ئەوەشی دروست کردووە کە ئەمریکا دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، کۆمپانیاکە بەلایخۆیدا بکێشێت.

بیرند ویستفاڵ ئەندامی پارتی سۆسیالی دیموکراتی ئەڵمانیا و پسپۆڕی ئابوری لە راگەیەنراوێکدا داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا و ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کرد، بە هەر نرخێک بێت ڕێگری لەوە بکات کۆمپانیای (CureVac) بەرهەمەکەی کە دژەکۆرۆنایە بە ئەمریکا بفرۆشێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لێرەدا پرسەکە بەرژەوەندی ئەوروپا و حکومەتی ئەڵمانیایە و پێویستە هەموو وڵاتانی ئەوروپا لەدژی ئەو بڕیارە کار بکەن و ڕێگا نەدەن ئەو بەرهەمە بە ئەمریکا بفرۆشرێت.

ئەو پسپۆڕە ئابوریەی ئەڵمانیا هەروەها داوا دەکات، حکومەتی ئەڵمانیا لە بودجەی گشتی وڵات بەشێک بۆ کۆمپانیاکە دابین بکات و ڕێگری لە فرۆشتنی ڤاکسینەکە بکات.

میدیاکانی ئەڵمانیا باسی ئەوەدەکەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا خۆی داوایەکی ئاڕاستەی کۆمپانیا ئەڵمانیەکە کردووە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە خۆی و ئەمریکا وەک پاڵەوان پیشان بدات و لە لایەکی تریشەوە پارەیەکی زۆریش لە فرۆشتنی ڤاکسینەکەدا بەدەستبهێنێت.

حکومەتی سیویدیش دەرمانێکی بۆ چارەسەری کۆرۆنا پەرەپێداوە
لە لایەکی ترەوە میدیاکانی وڵاتی سوید باسی ئەوەیان کردووە کە ڤاکسینێکی دژەکۆرۆنایان پەرەپێداوە و لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بەرهەمدەهێنرێت.
تی ڤی ٤ی سویدی لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکرد، ئەو دەرمانەی لە وڵاتەکەیان بەکاردەهێنرێت، ناوی (Remdesivir) و لەلایەن کۆمپانیای (Gilead Sciences)ی ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە و پەرەی پێدراوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، دەرمانەکە لەڕێگەی کانۆلاوە بە دەمار دەدرێت بەو نەخۆشانەی حاڵەتەکەیان قورسە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

دەوترێت بەلجیکاش ڤاکسینێکی دۆزیوەتەوە
بە پێی میدیا جیهانیەکان، حکومەتی بەلجیکاش جۆرە ڤاکسینێکی دۆزیوەتەوە کە لەسەر ژمارەیەک نەخۆش تاقیکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک ڕانەگەیەنراوە و پێدەچێت سەرکەوتوونەبووبێت.

تورکیاش بانگەشەیەکی بەو شێوەیەی کردبوو
چەند ڕۆژ لەبەوبەر میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، لە وڵاتەکەیان رێگایەک بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆرنا دۆزراوەتەوە.

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی تەندروستی تورکیا ڕایگەیاندبوو، ئەو تیشکەی کە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت لەسەر کۆرۆنا تاقیکراوەتەوە و لە ٣ چرکەدا ڤایرۆسەکەی لەناوبردووە.

تاقیکردنەوەی زانستی سەلماندوویەتی کە بواری کارۆموگناتیسی و تیشکی بینراو و تیشکی سەروو وەنەوشەیی کاریگەری بایۆلۆژی خرابی ھەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ کە چاو و پێست لەھەموو ئەندامەکانی لەش زیاتر زەرەرمەند دەبن. ئەو تیشکە بە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، لە کاتێکدا کە بۆ نەخۆشەکانیش مەترسیدارە، بۆیە لەوەدەچێت تیشکەکە ڤایرۆسێکی وەک کۆرۆنا و ڤایرۆسە زیانبەخشەکانی تر لەناوبەرێت، بەڵام بێگۆمان کاریگەریەکی زۆر خراب لەسەر لەشی مرۆڤەکان دروست دەکات و پێناچێت سەرکەوتووبێت.