ڕاپۆرتی جیهانی

02:35 - 16/03/2020

پێكوتەكەی ئەمریكا چی لێهات؟‌

كوردستان ئەحمەد

زیاتر لە هەفتەیەكە گفتوگۆی توند و كێبركێ توند لە نێوان ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمیانیا و چەند وڵاتێكی دیكەی گەورەهێزدا هەیە، دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دۆزینەوەی پێكوتەیەك بۆ كۆرۆنا، هەر وڵاتە و دەیەوێت خۆی پاڵەوانی راستەقینەی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادابێت و خۆی ئەو مژدە خۆشە بە جیهان بگەیەنێت كە پێكوتەی كۆرۆنای دۆزیوەتەوە و بەسەریدا سەردەكەوێت، ئەوە بەدەر لەو قازانجە گەورەیەی كە دەستی دەكەوێت لە فرۆشتنی پێكوتەی كۆرۆنادا.

ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەر لەسەرەتایی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەكەوە ڕایگەیاند: هیچ نیگەرانیەكی ناوێت و باشترین كۆمپانیاكانی بواری پزیشكی وڵاتەكەی راسپێردراوە بۆ ئەوەی رووبەرووی كۆرۆنا ببێتەوە و پێكوتەكەی بخاتە بازارەوە وترەمپ بكەنە پاڵەوانی دژە كۆرۆنا و ئەو پارە خەیاڵیەش بگەرێتەوە باخەڵی خەڵكی ئەمریكا.

ئەمریكا پارە بۆ كۆرۆنا تەرخاندەكات
هەر لەسەرەتادا كۆشكی سپی رایگەیاند: ئەو پارەیەی كە موچەی سەرۆكی ئەمریكایە ، تەرخانكراوە بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  كە برەكەی 8 ملیار دۆلارە و دواتریش كۆشكی سپی رایگەیاند: 3 ملیار دۆلار بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخاندەكات و دواتریش بریار درا 8پۆینت 5 ملیارد دۆلار بۆ هەمان مەبەست تەرخان بكرێت و دوای ئەوەش كۆنگرێس برێك پارەی تایبەتی بۆ ئەو كەسانە دیاریی كرد كە توانای كرینی خواردن و شوێنی مانەوەیان نییە بۆ ئەوەی بە خۆرایی و لەسەر خەرجی دەوڵەت خواردن  بخۆن و برێك پارەش بۆ ئەو كۆمپانیا و شوێنانە دابینكرد كە بەهۆی كۆرۆناوە زیانیان بەردەكەوێت و ئەو پارەیەش وەك قەرزی بێ سوو دەبەخشێتە ئەو لایەنانە و بەشێكیشی وەرناگرێتەوە.

ئایا ئەمریكا پێكوتەی دۆزیوەتەوە؟
لەیەكێك لە تاقیگە بەهێزەكانی واشنتن بە ناوی پەیمانگای كەیزەری هەمیشەیی واشنتن لە ویلایەتی سیاتڵ پێكوتەیەك بۆ كۆرۆنا ئامادەكراوە و وابریارە ئەمرۆ دوو شەممە 16-3-2020 لەسەر 45 گەنج تاقیبكرێتەوە و ئەگەر سەركەوتوو  بوو ئەوا بۆ تەواوی بەركەوتوانی ڤایرۆسەكە بەكار دەهێنرێتو ئەم پرۆژەیە پەیمانگای تەندروستی نیشتیمانی ئەمریكا كە بارەگاكەی لە واشنتنە پشتیوانی تەواوی دارایی دەكرێت.

هەندێك زانیاریی تەندروستی لە پەیمانگاكەوە دەڵێن: پێش ئەوەی پێكوتەكە دژیی كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقیبكرێتەوە لەسەر ئاژەڵەكانی وەك مشك و مەیمون تاقیكراوەتەوە و توانیوتیەتی شوێنی خۆیی بگرێت بەڵام بۆ مرۆڤ هێتر تاقی نەكراوەتەوە.

هەرچەندە بەرپرسی گەورەی ئەمریكا لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێكوتەكەیەوە دەڵێن: ئەوان پێویستیان بە ساڵێك تا ساڵ و نێوێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەرووی ڤایرۆسەكەببنەوە و پێكوتەكەی بدۆزنەوە و چارەسەیریی پێبكەن، بەڵام چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەیان پشتراست كردوەتەوە كە بەڵێ ئەمرۆ پێكوتەی كۆرۆنا لەسەر چەند نەخۆشێك تاقی دەكرێتەوە

 كێ پێكوتەكەی دروست كردووە؟
لە ئەمریكا چەند كۆمپانیایەكی گەورەی بواریی دەرمانسازی كاریی بەرهەم هێنان دەكەن لە دروستكردنی پێكوتەیەكی گونجاو دروست بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئێستاش ئەم پێكوتەیەی كە ئامادەیە بۆ تاقیكردنەوە لەسەر مرۆڤ لە لایەن كۆمپانیاكانی
NIH و Moderna Inc بەرهەمهاتووە، هیچ مەترسی و ریسکێکی تووشبوون دوای بەکارهێنانی پێکوتەکە نییە چونکە پاکە و ڤایرۆسی تیدا نییە، تاقیکردنەوەکە بۆئەوەیە دڵنیابنەوە کە پێکوتەکە هیچ زیانێک ناگەیەنێت ئەگەر هاتوو لەسەر ئاستێکی فراوانتر بەکارهات و توانیان بۆ تەواوی توشبو یان خەڵكی دیكە بەكاریی بهێنن.

پێكوتەكە چییە؟
پێكوتەكە پێكهاتەیەكی كیمایی بەهێزە، ئەگەر توشبویەك چارەسەر بكات ئەوا دڵنیایی ئەوەدەكات كە بەكار هێنەریی پێكوتەكە جارێكی تر توشی ڤایرۆسەكە نابێتەوە و بەرگری لەشەی دەگەیەنێتە ئاستێك كە توانایی هەبێت بۆ رووبەرووبونەوەی دووبارەی ڤایرۆسەكە

 ئەمریكا خاكی كێ بركێ بەهێزەكان
لەسەرتایی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئەمریكا چەندین كۆمپانیا كارییان بۆ ئەوە دەكرد پێكوتەكەی بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێكوتەیەكی گونجاو نەیتوانییوە رووبەرووی كۆرۆنا ببێتە و و لە ئێستاشدا چەندین كۆمپانیا و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پزیشکی لە کێبڕکێی یەکدیدان بۆ بەرهەمهێنای ڤاکسین یاخود پێکوتە بۆ لەناوبردنی کۆڤید-19 کە.

ئینۆڤیۆ فارماسێوتیکال: ئێمە كۆرۆنا لەناو دەبەین
سەنتەری ئینۆڤیۆ فارماسێوتیکال كە ناوەدی دۆزینەوەی پێكتەی دژە كۆرۆنایە و لە ئێستادا دەیەوێت وەك پاڵەوانی رووبەرووبونەوەی كۆرۆنا خۆیی نیشانبدات دەڵێت: مانگی داهاتوو پێكوتەكەیان  ئامادەدەبێ و لەسەر چەند خۆبەخشێک لە زانکۆی پەنسلڤانیا تاقیدەکرێتەوە، دواتر دەبرێتە شاری کەنساس و مایزووری، هەر ئەم جۆرە ڤاکسینە لە چین و کۆریای باشوور پەرەی پێ دەدرێت و ئەگەر سەركەوتوون بێگومان بەسەر هەموو جیهاندا دابەشیی دەكەن.

 تیمی نیشتیمانی ئەمریكا دژی كۆرۆنا چی دەڵێت؟
لە ئەمریكا تیمێكی نیشتیمانی بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دروست كراوە كە ئەركی دۆزینەوەو سەرپەرشتی كردنی  رووداوەكانی كۆرۆنا و ئامادەكارییەكانی ئەو وڵاتەیە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكەو هەروەها گرتنە بەریی رێوشوێنی تەواوەتی هەیە بەرامبەر بە كۆرۆنا و ئەم تیمە راستەوخۆ پەیوەندی بە كۆشكی سپی و وەزراەتی بەرگری و تەندروستیەوە هەیە.

ئەنتۆنی فاوچی، كە ئەندامی تیمی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە و لەسەر دۆخەكە دەدوێت و دەڵێت: ئەگەر تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانیش بۆ كۆرۆنا لە بەرامبەر ئەو پێكوتەیەدا دروست دەرچوون ئەوا "پێویستمان بە ساڵێک بۆ ساڵیک و نیو هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە بۆ هەموو خەڵک سەلامەتە".

بەكۆی گشتی ئەگەر ئەمرۆ پێكوتەیەك بۆ كۆرۆنا بدۆزرێتەوە ئەوا تا دوو ساڵی دیكە پێكوتەكە دەتوانێت كاریی خۆی بكات و بگاتە دەستی تەواوی ئەو كەسانەی كە توشیی ڤایرۆسەكە بوون یاخود گومان دەكرێت ڤایرۆسەكە كاریگەریی هەبێت لەسەریان.

ئاماریی قوریانیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا
هەتا ئێستا لە سەرتاسەریی جیهان 169 هەزار و 378 كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون و 6 هەزار و 513 كەیشی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەست داوە و لەسەر تاسەریی جیهانیش 77 هەزار و 257 كەس چاك بونەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە هەندێك وڵات توشبوون بە ڤایرۆسەكە تادێت روولە زیاد بوون دەكات وەك ئیتاڵیا وئێران و لە هەنێدك وڵاتیش ژمارەی توشبوان بەڤایرۆسەكە تا دێت كەم دەبێتەوە و نامێنێت وەك وڵاتی چین.