ڕاپۆرتی جیهانی

12:48 - 17/03/2020

ئەوروپا رووبەرووی كۆرۆنا دەبێتەوە‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی ئیتاڵیا بەتەواوەتی باری نا ئاسایی راگەیاند بەهۆی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی ئەوروپا  مەترسیەكی گەورەی لەسەر ئەوروپا دروست كردووە و لە ئێستاشدا هەموو وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا پلانێكی نوێیان بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داناوە ودەیانەوێت ڤایرۆسەكە كۆنترۆڵ بكەن.

لەدواین ئاگادارییدا سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماكرۆن رایگەیاند: بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەغەی هاتوو چۆ لە تەواوی فەرەنسا رادەگەیەنن و زیاتر لە 100 هەزار سەربازیش بۆ رێگری كردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی وڵاتدا بلاوە پێدەكەن و دەیانەوێت لەماوەی 15 رۆژدا مەترسیەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر وڵاتەكەیان نەهێڵن.

ئیتاڵیا رووبەروی مەترسیەكی گەورە بوەتەوە
تادێت ژمارەیی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئیتاڵیا زیاتر دەبێت و گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئیتاڵیا روو لە زیادبوون دەكات، بۆ ئەوەی زیاتر ڤایرۆسەكە بڵاو نەبێتەوە  ، حكومەتی ئیتاڵیا رێوشوێنی توندی گرتوەتە بەروو تەواوی وڵاتەكەی كەرەنتینە كردووە.

ئەوە لەكاتێكدایە تەنها لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 168 کەس لە ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 631 کەس بەرزبووەوە


ئەگەرچی ئیتاڵیا تووندترین کەرەنتینەی راگەیاندووە، بەڵام بەهۆی درەنگ بڕیاردان بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست، ئیتاڵیا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، وڵاتەكەش بوەتە بەشێك لە سەر ئێشەیەكی گەورە بۆ ئەوروپا .

فەرەنسا رووبەرووی كۆرۆنا دەبێتەوە
هەرچەندە ژمارەیەكی زۆر كەم لە فەرەنسا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و هەتا ئێستاش  چەند كەسێك بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستداوە، تەنها شەش هەزار و 650 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، لەو ژمارەیەش، 148 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسیش چاکبوونەتەوە بەڵام ئەو وڵاتە بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندین رێوشوێنی توندی گرتوەتە بەر و لە تازەترین كاریشدا سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاندووە كە هاتووچۆی سەرتاسەریی بۆ ماوەی 15 رۆژ راگەیاندووە و تا سەرەتایی مانگی نیسان قەدەغە كردنەكە بەردەوام دەبێت ئەوەش بۆ ئەوەیە بە ئاسانی بتوانن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا سەربكەون.

لە تەوا وڵاتتدا رێکارەکانی ئاشکرا کردووە و لە هەندێک ناوچە هاتووچۆی قەدەغەکردووە، پۆلیسیش خاڵی پشکنین دادەنێن تاوەکو دڵنیا بن کەس سەرپێچی ناکات، لە ئەگەری سەرپێچی کەسەکە سزای یاسایی دەدرێت.

کریستۆفێ کاستانەر، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لەوبارەوە رایگەیاندووە، هەندێک هاتووچۆێ نێوان ماڵ و کار، یان کڕینی شتومەک، یان هۆکارێکی تەندروستی لە ئێستادا رێگای پێدراوە، بەڵام داوا لە خەڵک دەکەین، باشترین چارەسەر ئەوەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

بەریتانیا رووبەرووی كۆرۆنا دەبێتەوە
 لە بەریتانیا تا ئێستا تەنها شەش کەس بەهۆی کۆرۆنا لە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە و 382 کەسیش دووچاری ڤایرۆسەکە بوون. و ئەو وڵاتەش وەك تەواوی وڵاتەكانی دیكەی ئەوروپا رێوشوێنی توندی بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتوەتە بەر ئەوە لە كاتێكدایە لە ئیستاشدا وەزیریی تەندروستی بەریتانیا توشی ڤایرۆسەكە بووە و لە ژێر چاودێریی وردی تەندروستیدایە

ئەوروپا سەرجەم سنوورەكانی دادەخات
بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی گەوری لەسەر یەكێتی ئەوروپا دروست كرد و بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی جی7 کە ناسراوە بە حەوت وڵاتە زلھێزە پیشەسازییەکەی جیھان لە رێگای ڤیدۆکۆنفرانس بەرێوەچوو.

بەشداربووانی ڤیدۆکۆنفرانسە پێکھاتبوون لە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و جەستن ترۆید، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و جۆزێپی کۆنتێ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی یابان پێکھاتبوون.

لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بۆماوەی 30 رۆژ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان و پەڕینەوەیان لە سنوورەکان قەدەغە بکرێت، بڕیارەکە سەرجەم  سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا و سنووری شنگن و وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپاش دەگرێتەوەو بڕیارەکە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی بریارەكە ئەو ئەوروپیانەی ئێستا لە ھۆڵیدەن دەتوانن بگەڕێنەوە و ئەو ئەوروپیانەی لە وڵاتانی دیكە ژیان دەکەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا دەتوانن راوێژبکەن بە باڵیۆزخانەكان.

بەپێی بریارەكانی كۆبونەوەكە و سەرکردەی وڵاتانی گروپی جی7 بڕیاردرا ھەماھەنگی زیاتر ئەنجامبدرێت لەنێوان ئەندامانی ئەم گرووپە لەبواری کەرتی تەندروستیدا، وەکو ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و پسپۆڕان و پێداویستی پزیشکی و دۆزینەوەی ڤاکسینی ئەم ڤایرۆسە.

ئەوروپا پارە بۆ كۆرۆنا تەرنخانەدەكات
هەرە كۆبونەوەی ئەلیكترۆنی لوتكەی جی 7  بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا بەدابینکردنی بڕی 25 ملیار یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا  ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، ئاشکرای کرد، ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە 27 وڵاتە ئەوروپییەکان دەگرێتەوەو ئیتاڵیا زۆترین بودجەی بۆ تەرخانکراوە، ڤۆندەرلاین راشیگەیاند "تەندروستی ھاووڵاتییانمان لەسەروی ھەموو شتێکەوەیە".

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لەئەوروپا ecdc تاوەکو ئێستا 17 ھەزار و 430  کەس لە ئەوروپا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و 4 ھەزار و 292 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئایا ئەوروپا دەتوانێت كۆنترۆڵی كۆرۆنا بكات؟
ئێستا چەند وڵاتێك لە ئەوروپا ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن پێكوتە یاخود ڤاگسینێك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بدۆزنەوە و بەتەواوەتی لە ناویی ببەن و لەئیستاشدا هۆڵەندا و ئەڵمانیا بانگەشەی ئەوە دەكەن  نزیكبونەتەوە لە دروستكردنی ڤاگسینێك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەگەر سەركەوتووبن دەیبەخشنە هەموو جبهان.

لەلایەكی تریشەوە ئەو رێوشوێنە توندو تۆڵانەی حكوكەت گرتویەتیە بەر لە تەواوی حكومەتەكانی ئەوروپا ئەگەر ئەوروپیەكان رێنمایەكان جێبەجێ بكەن ئەوا لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەتوانن زاڵبن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا.