ڕاپۆرتی جیهانی

10:24 - 21/03/2020

كۆرۆنا ئیتاڵیا بەرەو كوێ دەبات؟‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی خەم ساردی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و دڵنیاییان لە بەهێزی سیتمی تەندروستی و بەهێزی وڵاتەكەیان لە بەرامبەر هەر نەخۆشیەكدا بەتایبەتی نەخۆشییە گوازراوەكان، ڤایرۆسی كۆڤید -19 بەتەواوەتی تەشەنەی كردو ئێستا هەموو ئیتاڵیای تەنییوە، كە هەندێك سەرچاوە دەڵێن لە ئیتاڵیا كۆڤید -19 لە كۆنترۆڵ دەرچووە و زیانەكانی دەگاتە سەدان هەزار كەس.

ئێستا  یادی 159 ساڵەی یەکگرتنی ئیتاڵیای وردە وردە تێدەپەرێت، ساڵانە چەندین چالاکی جۆراوجۆری فەرمی یادەکە دەکرایەوە ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە ئیتاڵیا رێوشوێنی تەندروستی و خۆپارێزی گرتۆتەبەر و داخراوە، بۆ رێگەگرتن لەتەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە، تەنیا بە باسکردن و ناوهێنانی یادەکە دەكرێتەوە، ویچ چالاكیەك لەو وڵاتە ئەنجام نادرێت.

ئەنتۆنیۆ کۆنتێ، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە یادی 159 ساڵەی یەکگرتنی ئیتاڵیا، لەرێگەی تۆری كۆمەڵایەتی و لە پەرەی تایبەتی خۆی فەیسبووکەوە رایگەیاند: ''هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ ئیتاڵیا پێویستی بەیەکگرتویی نەبووە، با ئاڵای ئیتاڵیا بە سەربەرزییەوە و بەیەکەوە بشەکێنینەوە، بە دەنگی بەرز و سەربەرزیەوە، سروودی نیشتیمانی بڵێینەوە، بە یەکگرتوویی، بەهەموو توانامانەوە و بەیەکەوە، ئەم دوژمنە نەبینراوە، لە ناو ببەین".

ئەنتۆنیۆ وتیشی: "لەم 159 ساڵەدا، ئیتاڵیا دووچاری هەزارەها کێشە بووەتەوە، وەک شەڕی جیهانی و رژێمی فاشی، بەڵام سەربەرزانە هەمیشە توانراوە، بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا سەرکەوتوو بێت''.

یەكگرتنەوەی ئیتاڵیا
بەر لە 159 ساڵ، لە رۆژی 17ـی ئاداری 1861، لەلایەن ڤیتۆریۆ ئێمانوێللێی دووەمی ساڤۆیا، یەکگرتنی ئیتاڵیا راگەیەندرا و رۆماش لەساڵی 1870هاتە ناو یەکگرتنەکەوە و دوای ساڵێک بە پایتەختی ئیتاڵیای یەکگرتوو ناسێندرا، بوو بەو ئیتاڵیا گەورەیەی كە ئەمرۆ بەهۆی ڤایرۆسێكی بچوكەوە بەتەواوەتی گیرۆدەبووە و چۆڵ بووە.

نەخۆشخانەكانی ئیتاڵیا جیهانیان تەنیوە
زۆری ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا و نەبوونی قەرەوێلە، ستاف و پێداویستی پزیشکی دۆخەکەی ھێندەی دیکە سەختتر کردووە، لە نەخۆشخانەكانی ئیتاڵیا  ئەوەش نیگەرانیەكی گەورەی لێكەوتوەتەو، ھەرچەندە ژمارەی دانیشتوانی چین ٢٠ ھێندەی ئیتاڵیایە، بەڵام ئێستا ئیتاڵیا لە زۆری ژمارەی ئەوانەی دەمرن پێش چین کەوتووە و تا رادەیەكی زۆریش ئەگەریی ئەوە دەكرێت ژمارەیەكی پێوانەی گەورە تر تۆار بكات.

بێرگامۆ سەنتەری كۆرۆنایە
ئێستا شاریی  بێرگامۆ لە ئیتاڵیا بووەتە سەنتەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تەنھا یەك قەرەوێڵەش بە بەبەتاڵی نەماوەتەوە، بۆ ئەوەی نەخۆشی لەسەر بخەوێنرێت و  لە یەکەی چاودێری چر نەخۆشەکان دۆخیان زۆر خراپە  پزیشك و ستافی نەخۆشخانەکە ٢٤ کاتژمێر لە کاردان، شەكەتی ماندووبوونێكی زۆریان پێوەدیارە، ئوەەش بوەتە هۆی ئەوەی كە كارەكان بە باشیی دژی كۆڤید -19 لەو وڵاتە بەرێوە نەچێت و رەخنەی توند  لە وەزارەتی تەندروستی بگیردرێت.

رۆبێرتۆ کۆسێنتینی، پزیشكێكی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت: "زۆرێك وا تێگەیشتوون تووشبوون بە کۆرۆنا وەك ئەنفلۆنزایەکی ئاسایی یان وەك نەخۆشی ھەوکردنی سییەکانە، بەڵام ھەڵە تێگەیشتوون، ئەم نەخۆشییە زۆر جدییە و ھەوکردنی زۆر تووندی سییەکانە و زۆریش مەترسیدارە".

باس لەوەشدەكات: "رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ نەخۆش روو لە یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەمان دەکەن، بەو ھۆیەوە بەشی چاودێری چڕمان کردووە بە 3 بەشەوە، ئوەش هێشتا كەمە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەوە لەكاتێكدایە خەڵك و پزیشکەکان گللەییان لەرێکارەکانی حکومەت ھەیە، کە زۆر درەنگ ھەستی بە مەترسیەکە کردووە،کەمتەرخەمی حکومەتیش دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەكەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت بێگومان كارەساتێكی گەورە دەخولقێنێت لە تەواوی ئیتاڵیادا.

لۆرێنزۆ گرازیۆلی پزیشێكی تریی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت: "ھەرگیز لە ژیانمدا ھێندەی ئێستا لەژێر فشاردا نەبووم. ئێمە ١٠٠ پزیشکین لێرە، بەڵام فریا ناکەوین. خەڵکی لەبەرچاومان دەمرن و ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین. دەمێك بوو داوامان دەکرد، ئامادەکاری بکرێت و نەگەینە ئەم دۆخە خراپە."

تەرمەكان نادرێتەوە بەخاوەنەكانیان
ئێستا لە ئیتاڵیا رێگە بە خەڵکی نادرێت سەردانی كەسو كاروو نەخۆشەكانیان بکەن و تەرمەکانیشیان وەرگرنەوە، ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن لەرێگەی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەگوازرێنەوە بۆ گۆرستانەکانو بەشێكیش لە تەرمەكان دەسوتێنرێن.

سەرۆکی حکومەتی ئیتاڵیا، جۆزیپی کۆنتێ،بڕیاریدا وادەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ بۆ 3ـی نیسان درێژ بکاتەوە و پێدەچێت ئەو درێژكردنەوەیەش بەتەواوەتی  زیاد بكرێت بۆ ناوەراستی مانگی نیسان.
شارە گەشتیاریەكان چۆڵ دەكرێن


لە ئیتاڵیا، 35 هەزار و 713 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن، نزیکەی سێ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 25 کەسیش چاکبوونەتەوەو هاتووچۆ بەتەواوەتی لەو وڵاتە قەدەغە كراوە و هیچ كەس ناتوانێت سەردانی ئەو وڵاتەش بكات ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی شارە گەشتیاریەكان بەتەواوەتی چۆڵ ببن و ببنە شارێكی خامۆش.

ڤینیسیا یەکێکە لە شارە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا و جیهان کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەتەواوەتی چۆڵ بووە و هیچ گەشتیارێك لەو شارەدا نابینرێت.

سەرەرای ئەوەی هاتووچۆ لەنێو شارەکە بە بەلەم دەکرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێکی تێدا نییە هەر ئەو تایبەتمەندییەش بووەتە هۆی ناوبانگەکەی، بەهۆی زۆری ئاسەوارە مێژووییەکانیش ناوی لە یونسکۆ تۆمار کراوە و بەدرێژایی مێژوو لەڕووی بازرگانییەوە جێی سەرنجی بازرگانان بووە و یەكێكە لەشارە هەرە گەورەكان كە كاریگەریی ئابوریی لەسەر تەواوی ئیتاڵیا هەیە.

ڤایرۆسەکە زیانی گەورەی بە ئیتاڵیا گەیاندووە؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 405 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەوروپییە گیانیان لەدەستداوە و بەگشتی ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە تاوەکو رۆژی 20-3-2020 زیاتر لە 41 هەزار کەسە، شارەزایان دةڵێن پێدەچێت ژمارەكە بۆ چەندیدن ئەوەندە بەرز ببێتەوە.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە تائێستا گەیشتوەتە سێ هەزار و 405 کەس، بەمەش لەو رووەوە کەوتە پێش چین کە ژمارەی گیانلەدەستدان تێیدا سێ هەزار و 245 کەسە.

لە ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 35 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 405 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 440 کەسیشیان چاکبوونەتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە تەنها لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئیتاڵیا 427 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی جیهان لە ئیتاڵیایە.

بەڵام  لە چین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 80 هەزار و 928 کەسن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70 هەزار و 420 کەسیش چاکبوونەتەوە.


شاری ووهان لە چین بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناودەبرێت، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی چین کۆرۆنا لە چین بە گشتی و لە ووهان بەتایبەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە، لەو شارە لە ماوەی رابردوودا 16 نەخۆشخانەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکران و ئێستا بەهۆی کەمبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکە، سەرجەمیان داخراون.

لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 236 هەزار و 703 کەس، لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 828 کەس گیانیان لەدەستداوە و 86 هەزار و 676 کەس چاکبوونەتەوە.