ڕاپۆرتی جیهانی

11:52 - 21/03/2020

جیهان بەرەو كوێ دەچێت؟‌

كوردستان ئەحمەد

یۆڤاڵ نوح هەراری، بیرمەندی گەورەی جیهانیی تەمەن 44 ساڵ‌و نوسەری كتێبە پڕ فرۆشەكانی "21 وانە بۆ سەدەی 21"و "مرۆڤی ژیر، کورتەی مێژووی ڕەگەزی مرۆڤ"و "مرۆڤەخودا، کورتەی مێژووی سبەی"، كە بەیەكێك لەگەورەترین بیرمەندانی دنیای ئەمڕۆ دادەنرێت، لەوتارێكیدا كە لەڕۆژنانەی "تایم" بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات سەرەنجام زانست بەسەر ئەم جۆرە ڤایرۆس‌و تەنگەژانەدا زاڵ دەبێت، بەڵام ئەگەر بنەما سەرەكیەكانی ژیانی مرۆڤ بەهێز نەكرێت‌و کار بۆ نەهێشتنی هەژاریی‌و دەستەبەرکردنی سیستەمی تەندروستی بۆ هەموان بەیەکسانی نەکرێت، پاش كۆرۆناش قەیرانی ترسناكترو سەختر هەڕەشە لەمرۆڤ دەكات.

هاراری لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە چی دەڵێت؟
لەبارەی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پرۆفیسۆر هاراری دەڵێت:جیهان لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، روبەڕوی یەكێك لەگەورەترین روداوەكانی مێژوی هاوچەرخ بوەتەوە، تەنانەت دایە گەورەی تەمەن 98 ساڵەی من، كە جەنگی جیهانی بینیوە، ئەزمونی هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەبیرنایە.ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە لەسەر جیهان.
ئەو دەڵێت ئەمە روداوێكە  كە ئاقیبەت‌و رەهەندی قوڵی ئابوری‌و سیاسی‌و كلتوری بۆ مرۆڤایەتی دەبێت، تا ساڵانێكی درێژخایەنیش، تەنانەت پاش تێپەڕاندنی خودی ڤایرۆسەكەش، كاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت".

ئەم قرۆفیسۆرە باس لەوەشدەكات كە بەراورد بەنەهامەتی‌و بەڵا گەورەكانی رابردووی وەك تاعون، كە زیانێكی قورسی بەسەرتاسەری جیهان گەیاند، ئێستا جیهان بۆ بەگژداچونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەڕوی زانستییەوە زۆر ئامادەتر‌و بەئەزمونترە، بەڵام یەكێتی‌و هاودەنگییەكی جیهانی بۆ بەرەنگاربونەوەی نەهامەتی هاوشێوە پێویستە بەدیبێت، لەبەرئەوەی كۆرۆنا دواهەمین كارەسات نابێت كە بەرۆكی دنیا دەگرێت.

 ئەگەر گۆڕانكارییەكی ریشەیی‌و بنەڕەتی لەهەلومەرجی پڕ لەنایەكسانی ژیان‌و تەندروستیدا بەدینەیەت، ئەوا ڤایرۆسی كوشندەتر لەكۆرۆناو كارەساتی گەورەتر بەڕێوەیە، كە یاریی مرۆڤایەتی بەرەو كۆتایی دەبات و پێدەچێت كارەساتی وەها رووبدات كە دووبار بونەوەی ئەستەمە.
جیهان وەك خێزانێك وایە
هاراری دەڵێت: ئەم جیهانە وەك خێزانێك وایەو دەبێت كەسێكی بەرپرسیار پاراستنی لەئەستۆ بگرێت، ئەمەریكا کە وتی "من چیتر هاوڕێیەكم لەدنیادا نییەو تەنها بەرژەوەندی من بەلای منەوە یەكەم‌و گرنگە"و سەرکردەی زۆربەی وڵاتان سیاسەتێکی پۆپۆلیستانەیان پەیڕەو کرد، ئیتر جیهان بێ خاوەن بوو. ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ بو بۆ بەجیهانی بونی قەیرانە گەورەكانی وەك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، قەیرانەكانی دیكە كە بریارە بەسەر ئەم جیهانەدا بێن و رووبدەن.

هاراریی دەڵێت هەرچەندە كۆڤید -19 لە وڵاتی چین و شاریی ووهانەوە بڵاو بوەتەوە،  بەڵام خێرا بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆوە، بێ ئەوەی كە ولاتانی زیانلێكەوتو هاوكارییەكی هەمەیەلانەیان هەبوبێت‌و تێبكۆشن بەهاوكاری یەكتر بەسەر ئەم بەڵا گەورەیەدا زاڵ بن، لەكاتێكدا چارەنوسی هەموو جیهان زیاد لەهەر سەردەمێک بەیەكەوە گیربووە و وەك تۆنێك یلێهاتووە كە دەیەوێت ببێتە یەك شت.

فرۆكە و كەشتیەكانیش نەبێت كۆرۆنا هەر بڵاو دەبوەوە
هەندێك رەخنەی گشتی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە كە باس لەوەدەكەن كە ڤایرۆسەكە بەهۆی ئامێرەكانی گواستنەوە زیاتر بە جیهانی بووە دەنا ئەوەندەش بەهێز نەدەبوو نەیدەتوانی بگات بە هەموو جیهان.
ئەو پرۆفیسۆرە جولەكە ئەمریكە  دەڵێت "پەتا بڵاوەكان زۆر بەر لەپرۆسەی ئێستای جیهانگیریی توانای بڵاوبونەوەیان هەیە  ملیۆنەها مرۆڤیان لەناو بردووە، لەسەدەی 14دا كە هێشتا فڕۆكە دانەهێنرابو، نەكەشتی گەشتیاریی‌و نەشەمەندەفەر هەبون، تاعون‌و مەرگی رەش لەماوەی 10 ساڵدا لەرۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا رۆژئاوای ئەوروپا بلاوبۆوەو بووە هۆی مردنی 75 ملیۆن تا 200 ملیۆن مرۆڤ.


پرۆفیسۆر دەڵێت:  ئامڕازی گرنگی بەرەنگاربونەوەی ئەو پەتایانە بەدرێژایی چەندین سەدە تەنها نزاو پاڕانەوەی بەكۆمەڵ بو لەپەرستگاو لەبەردەمی پیاوانی ئاینیدا، بەڵام دوعاو پاڕانەوە دادی نەدا تا سەرەنجام زانایان‌و پزیشكان لەسەرتاسەری جیهاندا لەڕێگەی كۆكردنەوەو گۆڕینەوەی زانیارییانەوە توانییان رێگەچارەی ئەم پەتایانە بدۆزنەوە، ئەگەر لەسەدەكانی ناوەڕاستدا خەڵكی هەرگیز نەیانتوانیبێ‌ تێبگەن كە چ شتێك فاكتەری مردنیان‌و بلاوبونەوەی ئەو پەتا رەشە بوبێت، ئەوا زانایانی سەردەمی ئێستا لەماوەی دو هەفتەدا ڤایرۆسی كۆرۆنایان دەستنیشان كرد".

جیهان هیچ سەركردەیەكی نییە؟
ئێستا مرۆڤایەتی خاوەنی سەركردایەتییەكی بەرپرسیار نییە‌و تەنها رێگەی زاڵبونیش بەسەر قەیران‌و تەنگەژەی هاوشێوەدا لەساڵانی ئایندەدا، پێویستی بەچارەسەری راستەقینەی ئازارەكانی خەڵكی هەموو جیهانە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە زۆربەی سیاسەتمەداران تەنانەت لەترۆپكی ئەم قەیرانی كۆرۆنایەشدا، هێشتا هەر بیر لەكۆنترۆڵ كردنی هەرچی زیاتری میللەتان دەكەنەوە، و هیچ بیرۆكەیەكی نێودەوڵەتی بۆ پرسی یەكدەنگی لە لەناوبردنی ڤایرۆسەكەدا نییە.

بەگژداچونەوەی هەژاری‌و بەرزكردنەوەی ئاستی سیستەمی تەندروستی هەموو وڵاتان بەیەكسانی، گرنگترین كارە كە سەركردەكانی جیهان بیكەن بۆ ئەوەی رێگە لەنەهامەتییەكانی داهاتو بگرن.

هەراری دەڵێت "هەموان لەسەرتاسەری جیهان پێویستە دەستیان بەژیانێکی شایستەو سیستەمێکی تەندروستی بەهێز بگات، ئەگەر لەتاران خەڵكی دەستکورتی گەڕەكە هەژارنشینەكان دەستیان بەدەرمان‌و سیستەمێکی تەندروستی‌ ئابڕومەندانە نەگات‌و لانیكەمی خۆشگوزەرانیان بۆ نەڕەخسێت، ئەوا كاریگەری لەسەر چارەنوسی یەک بەیەکی ئەودوای خەڵكی جیهان دەبێت لەهەر شوێنێكی ئەم دنیایەدا بن".

ئەو دەڵێت: سەرهەڵدانی كۆرۆنا یەكێك لەپەیامەكانی هەژاری‌و نەبونی توانای دەرمانی‌و پزیشكی تەواو بووە لەچیندا، رێگەچارەی ئەم قەیرانانەش لەهەموو وڵاتاندا بەدیدی ئەو بریتییە لەوەی سیستەمی تەندروستی بەخۆڕایی یان زۆر هەرزان بێت‌و تەندروستی خەڵكی لەهەموو شوێنێكی جیهان بێ‌ جیاوازی دەستەبەر بكرێت‌و هەوڵ بۆ وشک کردنی رەگ‌و ریشەکانی هەژاری بدرێت.

جیهان خاوەنی یەك سیستەمی بەڕێوەبردن بوایەو سیاسەتمەداران تەنها سودی وڵاتی خۆیان لەبەرچاو نەگرتایە‌و ئەگەر سەركردایەتییەکی جیهانیی كارا لەگۆڕێدا بایە، بەرەنگاربونەوەی نەهامەتیەیكانی وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر ئاسانتر‌و ئەنجامی باشتری دەبوو.

هاوكاریی نێودەوڵەتی نەك كەرەنتینە كردن
هاراریی لە بارەیی كەرەنتینە كردن و جیابونەوەی وڵاتان و گۆشە گیربونی وڵاتەكان لە چێوەیەكی دیارییكراودا هەڵەیەكی گەورەیە بەرامبەر بە كۆرۆنا ڤایرۆس چونكە ئەم ڤایرۆسە وامان لێدەكات ئابوریەكەمان بروخێت و خۆمان توشی گرفتی تازە دەبێت.

هاردیی دەڵێت: هەڵچنینی دیواری بەرز‌و سنورداركردنەوەی بازرگانی‌و هاتوچۆ كردن نییە لەنێوان وڵاتاندا، هەرچەندە كەرەنتینە كردن‌و داخستنی سنورەكان بۆ رێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرنگە لەكورت ماوەدا، بەڵام خۆ گۆشەگیر کردن بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەرەسهێنانی ئابوری‌ لێدەكەوێتەوەو هیچ وڵاتێكیش ناتوانێت بەتەنها پارێزگاری لەهاوڵاتییەكانی بكات لەبەرامبەر پەتاو ڤایرۆسە كوشندەكاندا.

باس لەوەشدەكات ئەم سەدەیە وەك سەدەكانی دیكە نییە واتە وەك سەدەکانی ناوەڕاست‌و سەردەمی هەڵچنینی دیوار نییە، بەڵکو پێویستی بەهاوكاری نێودەوڵەتییە، ئەگەر بێمتمانەیی لەنێوان مرۆڤەكان‌و وڵاتان‌و میللەتاندا دروست ببێت گەورەترین سەركەوتن دەبێ‌ بۆ ئەم ڤایرۆسە".

ئەمە كۆتایی مرۆڤایەتی نییە
هاراری سەرەرای ئەوەی جەخت لەسەر یەك ریزی جیهان دەكاتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بەیەك جار رووبەرووی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە و پێكەوە كار بكرێت بۆ لەناو بردنی ئەو ڤایرۆسە دەنا قەیرانە ئابوریەكەی سەر زەویی بۆ پرسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر مەترسیدارە، ئێستا دەبێت جیهان ببێتە یەك ماڵ و وەك یەك خێزان كە گەورەیەكی هەبێت بەو شێوەیە رووبەرویی ئەو ڤایرۆسەش ببێتەوە.

وە هەروەها دەشڵێت: بەدڵنیایی كۆرۆنا كۆتایی بەنەوەی مرۆڤ ناهێنێت، بەڵام ئەگەر بیر لەهاوكاریی لەئاستی جیهان‌و وشك كردنی رەگ‌و ریشەكانی هەژاری‌و دەستەبەر نەكردنی سیستەمێکی بەهێزی تەندروستی بۆ هەموان نەكرێتەوە بێ‌ جیاوازی، ڤایرۆسی كوشندەتر لەکۆرۆنا چاوەڕوانمانە" و دەبێت رووبەرووی ئەو مەترسییە گەورانە ببینەوە كە توشی ئێمە دەبن .