ڕاپۆرتی جیهانی

12:09 - 21/03/2020

ئایا سیر له‌ كۆرۆنا ده‌تپارێزێت؟‌

پەیسەر پرێس

گومانی تێدا نیه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك، ژماره‌یه‌ك ده‌نگۆ له‌ناو خه‌ڵك بڵاوده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی سروشتیی باس ده‌كرێن، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك جار سود و هه‌ندێك جاریش زیانیان هه‌بێت، به‌ڵام كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ هه‌بێت، كه‌ وه‌ك رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌ڵێت، بووەته‌ نه‌خۆشییه‌كی جیهانی ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ شتێكی تره‌.

له‌ كاتێكدا به‌م دواییانه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ كوشنده‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و زۆرینه‌ی زاناكان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ چاره‌سه‌ر، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، تائێستا هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و ڤایرۆسه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ جیهانی پڕكردووه‌ و مرۆڤ سه‌رقاڵه‌ پێوه‌ی.

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی سیر وه‌ك چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆڤید 19 له‌نێوان ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكدا، به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خۆپارێزی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئیمارات رایگه‌یاند، ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت ده‌رباره‌ی خواردنی برێك سیر وه‌ك چاره‌سه‌ری كۆرۆنا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ورد نین.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت سیر به‌ خواردنێكی دروست و سود به‌خش داده‌نرێت، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تێدایه‌ كه‌ دژه‌ میكرۆبه‌ به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی نییه‌ كه‌ خواردنی رێگری له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات.

پێشتر چه‌ندین سودی سیر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی سه‌لمێندراون، به‌ڵام ئه‌و سوودانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ پرسی كۆرۆناوه‌ نییه‌، له‌وانه‌ش سیر سودی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ڵامه‌ت و  كۆكه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیر پێكهاته‌ی " ئه‌لیسین" ی تێدایه‌ رێگری له‌ قژ وه‌رین ده‌كات و ته‌ندروستی موی سه‌ر باش ده‌كات و ره‌گه‌كانی به‌هێز ده‌كات.