ڕاپۆرتی جیهانی

11:34 - 22/03/2020

تسۆنامی نه‌وت چەند ساڵێک رووی ئەو کەرتە دەگۆڕێت‌

پەیسەر پرێس

راپۆرتێكی گروپی (سیتی بانك) جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خواست له‌سه‌ر نه‌وت پاشه‌كشه‌ ده‌كات بۆ ئاستی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ساڵی 2014 دا، گه‌وره‌ترین پاشه‌كشه‌ له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی ناو رێكخراوی هاوكاری ئابوری و گه‌شه‌ تۆمار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ده‌رئه‌نجامه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا، نرخی نه‌وت بۆ خوار 30 دۆلار دابه‌زیوه‌ و شیكه‌ره‌وانیش پێشبینی دابه‌زینی زیاتریش ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی جیهان به‌چڕی ئاستی وه‌به‌رهێنانه‌كانیان كه‌م كردووەته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی"تسۆنامی نه‌وتی رووی ئه‌م كه‌رته‌ بۆ ساڵانێكی دووروودرێژ ده‌گۆرێت، له‌رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك هاوكێشه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی 2014 وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌"به‌پێی شیکردنه‌وه‌ی (ریستاد ئینه‌رجی) ئه‌گه‌ر به‌نموونه‌ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل پلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی رابگه‌یه‌نێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆمپانیای خزمه‌تگوزاریی نه‌وتی فه‌ره‌نسی–ئه‌مریكی (تكنیب ئیف ئیم سی) هه‌مان هه‌نگاو بنێت ئه‌وه‌ ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ زۆرینه‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی جیهان ده‌گرنه‌وه‌.

ئێستا كه‌رتی نه‌وت له‌ یه‌كێك له‌ توندترین قه‌یرانه‌كانیدایه‌ له‌ مێژوودا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ سەدا ٥٥ی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستداوه‌، و سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كان به‌هه‌موو توانای خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند رێكارێك به‌كارده‌هێنن، له‌وانه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خه‌رجییه‌كان، شیكه‌ره‌وه‌یه‌ك له‌ كۆمپانیای (جیفریز)ی تایبه‌تمه‌ند له‌و بواره‌ ده‌ڵێت، پارێزگاریكردن له‌ سه‌رمایه‌كان هه‌موو كۆمپانیاكانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ و بووەته‌ كاری له‌ پێشینه‌ی هه‌موو كۆمپانیاكان، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت پێشبینی كاتی كۆتایی ئه‌و قه‌یرانه‌ بكات.

هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ر قازانج دروست بوون وایكردووه‌، كۆمپانیاكان هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی په‌ره‌پێدان و فراوانكردن هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، یان دوای بخه‌ن كه‌ پێشتر پلانیان بۆ دانرابوو یان خرابوونه‌ سه‌ر سكه‌ی جێبه‌جێكردن، وه‌ك له‌راپۆرته‌كه‌ی سیتی بانك دا هاتووه‌ هه‌موو كۆمپانیاكان گرێبه‌سته‌كانیان له‌ ئێستادا هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ شیكه‌ره‌وانی گروپی یوبی ئێس-ی بواری بانكیی، ئاماده‌یان كردووه‌ سەدا ٥٠ی پرۆژه‌كان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان راگه‌یه‌ندراوه‌ یان راده‌گه‌یه‌ندرێت، ئه‌وه‌ش هه‌موو پرۆژه‌كان له‌ ده‌ریا و وشكانی له‌بواری نه‌وت و غاز ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی تا ئێستا راگه‌یه‌ندراوه‌ سەدا ٢٠ی پرۆژه‌كانی ئه‌م ساڵ بووه‌ و ئه‌وه‌ی تری په‌یوه‌ندی به‌ ساڵانی داهاتووه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كۆمپانیای (ریستاد ئینه‌رجی) جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ و پێشبینی كردووه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی وه‌به‌رهێنانی ئه‌و كه‌رته‌، له‌م ساڵدا لایه‌نی كه‌م 100 ملیار دۆلاربێت، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت وه‌ك ئێستا بمێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌م بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی كورت و مامناوه‌ند دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی پارێزگاری له‌ بودجه‌ی كۆمپانیاكان ده‌كات و له‌ شه‌ڕی مایه‌پوچ بوون ده‌یانپارێزێت.

به‌ نموونه‌ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای ئه‌و بوارەیه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان رایگه‌یاند، چاو ده‌خشێنێته‌وه‌ به‌ پلانه‌كانی له‌بواری وه‌به‌رهێنان"له‌ دۆخێكدا كه‌ بازاڕی نه‌وت، پێشتر به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌".

په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته‌ ئاژانسی ستاندارد ئه‌ند بورز، بۆ پۆلێنی دڵنیایی ئاستی كوالێتی قه‌رزه‌كانی كۆمپانیای ئیكسۆن-ی دابه‌زاند، هه‌روه‌ها شیكه‌ره‌وان له‌ بی بی سی  كاپیتاڵ ماركێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانیان به‌نزیكه‌ی 22 ملیار دۆلار له‌م ساڵدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌، واتا به‌رێژه‌ی 25 بۆ 30% به‌راورد به‌وه‌ی پلانی بۆ دانابوو، به‌ڵام كۆمپانیای بی پی، پێشبینی ده‌كات وه‌به‌رهێنانه‌كانی به‌ نزیكه‌ی 2 بۆ 3 ملیار دۆلار له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆمپانیای ئار بی سی، به‌رێژه‌ی 4بۆ 5 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانی كه‌م ده‌كات، كۆمپانیای تۆتال-ی فه‌ره‌نسیش رایگه‌یاند، غازی زۆر له‌ ده‌ریای باكور دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ده‌ست به‌ده‌رهێنانی ناكات و چاوه‌ڕێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كه‌رتی وزه‌ باش بێت.

له‌سه‌ر ئاستی كۆمپانیا پشتیوانه‌كان كه‌ خزمه‌تگوزاری لاوه‌كی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن وه‌ك تكنیب ئێف ئێم سی (راپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن پێشبینی نه‌رێنی گه‌وره‌تریان بۆ ده‌كرێت، راپۆرتی سیتی بانك، پێشبینی ده‌كات گرێبه‌ستی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بۆ ئاستی ساڵی 2014 دابه‌زێت.

راپۆرته‌كه‌ی ریستاد ئینه‌رجی، پێشبینی كردووه‌ 20% كۆمپانیا بچوك و مام ناوه‌نده‌كان، كه‌ له‌بواری خزمه‌تگوزاری نه‌وتیی كارده‌كه‌ن مایه‌پوچ بن، به‌پێی راپۆرته‌كه‌ به‌دیاریكراوی كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا و نه‌رویج زۆرتر ده‌گرێته‌وه‌.

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا نرخی نه‌وت پاشه‌كشه‌ی زۆرتری به‌خۆیه‌وه‌ بینی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ترس له‌ پاشه‌كشه‌ی ئابوری جیهان به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆنا كه‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان و به‌شی زۆری كه‌رته‌كانی گرتۆته‌وه‌.
نه‌وت كه‌مترین نرخی له‌ ساڵی 2003 وه‌ تۆماركردووه‌ واتا ئه‌و ساڵه‌ی نه‌خۆشی سارس بڵاوبۆوه‌، ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه‌ وایكردووه‌ شیكه‌ره‌وه‌كان داوا بكه‌ن رێكاری خۆپارێزی زیاتر بگیردرێته‌ به‌ر ئه‌ویش به‌پێشبینی خواستی جیهانی، راپۆرتێكی  بانكی سوسیتیه‌ جه‌نه‌راڵ، ده‌ڵێت خواست له‌سه‌ر نه‌وت 5 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م ساڵ كه‌م ده‌كات واتا 5%ی خواست.

راپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا كێشه‌كه‌ چین نیه‌، چونكه‌ 70%ی خواست له‌ وڵاتانی ناو رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گه‌شه‌ كه‌میكردووه‌، واتە له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازیه‌كانی رۆژئاوا، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌سعودیه‌ زیادیكردووه‌، و بری هه‌نارده‌ی نه‌وتی وڵاتانی روسیا و ئیمارات و كوه‌یت به‌رزبووەته‌وه‌، و بڕی زیاده‌ی خستنه‌ڕوو نزیكه‌ی چوار ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌، به‌پێی راپۆرتێكی بانكی ئوف ئه‌مریكا میریل لینش- و بانكی سوسیتیه‌ جنراڵ، پێشبینی ناكه‌ن هاوسه‌نگی بازاڕ دروست بێته‌وه‌، ته‌نها له‌یه‌ك دۆخدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆری به‌رهه‌می نه‌وتی به‌ردینی ئه‌مریكا بوه‌ستێندرێت، به‌ دیاریكراویش وه‌ستانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كه‌رتی نه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ژێر قورسایی قه‌رزی گه‌وره‌دان، له‌وكاته‌دا لێدانی بیری نوێ به‌ردینی ده‌وه‌ستێت، له‌گه‌ڵ پێشبینی پاشه‌كشه‌ی به‌رهه‌م، به‌رێژه‌ی 4 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌، له‌ ماوه‌ی 12 مانگی داهاتوودا.

له‌كاتێكدا كۆگای جیهانی كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێشبینی به‌رزبونه‌وه‌ی بۆ 900 ملیۆن به‌رمیل له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م ساڵدا، ئه‌وه‌ش واتا نرخ له‌ژێر فشاردا ده‌مێنێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌چاوه‌روانی نیوه‌ی دووه‌م و سێیه‌مه‌، له‌دوای نه‌مانی كاریگه‌ریه‌كانی كۆرۆنا و دابه‌زینی به‌رهه‌می نه‌وتی به‌ردین به‌شێوه‌كی به‌هێز.