ڕاپۆرتی جیهانی

04:10 - 23/03/2020

مانەوە لەماڵەوە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە توندوتیژی خێزانی زیاد دەکات‌

پەیسەر

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە بووەتە قەیرانێکی گەورە و زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، هاتوچۆی هاوڵاتیانی سنوردارکردووە و بۆ ڕێگریکردن لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە پێویستە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

مانەوە لە ماڵەوەش وایکردووە بەرکەوتن لەنێوان ئەندامانی خێزاندا دروست ببێت و توندوتیژی خێزانی ڕوو لەزیادبوون بکات.

ماڵپەڕی دوێچەڤێلا لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و ئاماژەی بە مەترسیەکانی کەرەنتینە و مانەوە لەماڵەوە کردووە کە بڕیارێکی ناچاریە و پێویستیشە جێبەجێ بکرێت.

 

دیرک بیهرینک حاکمی ویلایەتی بەرلینی ئەڵمانیا دەڵێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتەکان خۆیان بۆ توندوتیژی خێزانی ئامادە بکەن.

دێرک بیهرینک ئاماژەی بەوەداوە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە یەکەمجار لە چین بڵاوبووەتەوە و لە ئیستادا لە ئیتاڵیا بووەتە کارەساتێکی گەورە و لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی مەترسی لەسەر شیرازەی خێزان دروست بکات و ئەوەش وادەکات توندوتیژی خێزانی ڕوو لە زیادبوون بکات.

سابینە ساوبۆرن ئەندامی دەزگای نێوەندکاری ئەڵمانیا بۆ کاروباری خێزانیش بۆ ماڵپەڕی دۆیچەڤێلا قسەی کردووە و وتی، "ئێمە لەوە نیگەرانین کە توندوتیژی لەبەرانبەر منداڵان زیاد دەکات. مندالان بەناچاری لە ماڵەوە و لە داخراوەییدا دەمێننەوە. منداڵان وزەیەکی زۆریان هەیە و پێویستە ئەو وزەیە دەربدەن و لە کەشێکی کراوە و ئازاددا یاری بکەن. بەڵام بە هۆی ئەم دۆخەی کە هاتووەتە پێشەوە و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا منداڵان لەژێر فشارێکی زۆردان و پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئەوەش وا دەکات لە ماڵەوە هەوڵی دەردانی وزەکانیان بدەن و ئەوەش لە لایەن گەورەکان واتە دایک و باوک و خوشک و برا پێگەیشتووەکانیان قبوڵ ناکرێت و منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

یونیسێف هۆشداریدا
ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە ڕێکخراوێکی هاوکاری و پاراستنی منداڵانە هوشداری ئەوەی دا پێویستە منداڵان زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزرێن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی هەموو ڕێکخراو و دەزگایەکی پاراستنی منداڵان کاروچالاکیەکانیان ڕاگرتووە، پێویستە خێزانەکان بە شێوەیەکی باشتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن.

 

کۆرنیلیوس ویلیامس بەرپرسی پرۆگرامی پاراستنی منداڵان لە یونیسێف لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، لە دۆخە قەیراناویەکانی بەم شێوەیەدا منداڵان ڕووبەرووی مەترسی تر دەبنەوە و تووندوتیژی خێزانی زیاتر دەبێت.

ویلییامس سەردەمی نەخۆشی ئیبۆلای وەبیرهێنایەوە و دەلێت، "لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا لە ئەفریقای باشوور منداڵێکی زۆر ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوونەوە و منداڵێکی زۆری کچیش بە هۆی پشتگوێخستنی دەزگا و ڕێکخراوەکان بە زۆر هاوسەرگیریان پێکرا و ژمارەیەکیشیان دەستدرێژیان کرایەسەر و دووگیان بوون کە دواتر ئەنجامەکانی کارەساتەکە ئاشکرابوون.

مەترسی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە ئارادایە
لە لایەکی ترەوە بەهۆی ئەوەی ترس و دڵەراوکێ لەناو خێزاندا بلاوبووەتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری خرابیشی لەسەر دەروونی تاکەکان دروست کردووە و مرۆڤەکان لە کەرەنتینەدان، ئاستی یەکترقبوڵکردنیش کەمبووەتەوە و ناکۆکیەکانیش لەنێوان هاوسەرەکاندا زیادیکردووە.

 

لە وڵاتی چین دوای ئەوەی بڕیاری کەرەنتینە و نەهاتنە دەرەوە درا، زۆر ژن و پیاو لەیەکتری جیابوونەوە و ئەوەش کارەساتێکی ترە کە ئەگەر ڕوحی یەکترقبوڵکردن لەنێوان هاوسەرەکاندا لە ئاستێکی بالادا نەبێت سەرەنجام بە جیابوونەوە و توندوتیژی کۆتایی دێت.

هۆکارێکی تری توندوتیژی خێزانی لە قۆناغە قەیراناویەکاندا ، هەژاریە. ئەو خێزانانەی کە دەرامەتی ڕۆژانەیان کەمە و ئەم بڕیارەی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینە کاریگەری لەسەر ئابوریان دروست کردووە، ڕووبەڕووی فشارێکی دەرونی و دڵەڕاوکێ دەبنەوە کە سەرەنجان توندوتیژی خێزانی لێدەکەوێتەوە.

چارەسەری و دانبەخۆداگرتن
لەم دۆخەدا کە هەموو جیهان و مرۆڤایەتی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەجەنگێت و هەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسین و دەرمان دەدرێت، پسپوڕ و زاناکان چەند رێنماییەکیان بۆ خێزانەکان هەیە.

 

بەر لە هەموو شتێک پێویستە لەم حاڵەتانەدا مرۆڤ دانبەخۆیدا بگریت و مۆڕالی بەرز ڕابگرێت. پێشنیار دەکرێت خشتەیەکی باش دابنرێت و ڕۆژانە کاتی خۆمان بە کتێب خوێندنەوە، یاریکردن لەگەڵ منداڵ، وەرزش و فیلم و گۆڕانی تەرخان بکەین.

هەروەها ئەرکی حکومەتیش ئەوەیە ئاگاداری خێزانە هەژارەکان بێت و پێداویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکات. دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش نابێت، بابەتی تۆقێنەر بلاوبکەنەوە و بە بەردەوامی هەوڵی هێورکردنەوەی کۆمەڵگا و خۆپاراستنیان بدەن.