ڕاپۆرتی جیهانی

04:20 - 24/03/2020

پێنج به‌ره‌وپێشچوونی مژده‌به‌خش ده‌رباره‌ی كۆرۆنا‌

پەیسەر پرێس

ژماره‌ی مردووه‌كان نه‌وه‌ستا وه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌جیهاندا به‌رده‌وامه‌ له‌ جوڵه‌، له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ كوشنده‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شاری ووهانی چین له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می رابردوو ئاشكرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ سێ مانگه‌ هه‌واڵی مردن به‌هۆی كۆرۆناوه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ره‌وپێش چوونی ئه‌رێنیش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ ترس و شڵه‌ژان و بێئومێدییه‌ی كه‌ له‌م رۆژانه‌دا باڵی به‌سه‌ر جیهاندا كێشاوه‌، ئێمه‌ پێنج له‌و به‌ره‌وپێش چوونانه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو:

1-ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ تائێستا نزیكه‌ی 15 هه‌زار كه‌سه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 4.28% ی ژماره‌ی توش بووان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 350 هه‌زار كه‌سه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س به‌ته‌واوه‌تی چاك بوونه‌وه‌، به‌راورد به‌ نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كانی تر ئه‌م ڤایرۆسه‌ كه‌متر بكوژه‌، ڤایرۆسی سارس له‌ساڵی 2003 بووه‌ هۆی كوشتنی نزیكه‌ی 10%ی توش بووان، هه‌روه‌ها ڤایرۆسی ئیبۆلا له‌ نێوان ساڵانی 2014-2016دا 90%ی توش بووانی كوشت.

2-پزیشكه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ جه‌سته‌یه‌ك كه‌ توانای به‌رگری به‌هێزی هه‌بێت، ده‌توانێت به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا زاڵ بێت به‌بێ به‌كارهێنانی هچ ده‌رمانێك، یان وه‌رگرتنی هیچ چاره‌سه‌رێك، بۆ به‌هێزبوونی به‌رگری له‌ش پزیشكه‌كان ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و خواردنانه‌ بخۆن كه‌ سیستمی به‌رگری به‌هێز ده‌كه‌ن، وه‌ك مزره‌مه‌نی، سیر، بادام، برۆكلی، گێزه‌ر و ماست.

3-روونكردنه‌وه‌ پزیشكیه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌و 100 هه‌زار كه‌سه‌ی چاك بوونه‌وه‌ 99% چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وانه‌ی دۆخی ته‌ندروستیان خراپه‌ زۆر كه‌من.

4-ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌ند جۆره‌ ده‌رمانێك سه‌ركه‌وتووبوون له‌ زاڵ بوون به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا له‌وانه‌ش چاره‌سه‌ری ژاپۆنی كه‌ له‌شاری ووهانی چین تاقیكراوه‌ته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا چین 5 جۆر ڤاكسین تاقی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان له‌مانگی نیسانی داهاتوو ئاماده‌بێت بۆ به‌كارهێنان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی ده‌رمانی ئه‌ڵمانی و یه‌كێكی ئه‌مریكی سه‌رقاڵی په‌ره‌پێدانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنان، كه‌ ئه‌گه‌ر زۆریش بخایه‌نێت له‌هاوینی داهاتوودا تاقیده‌كرێته‌وه‌.

5-ده‌ركه‌وتووه‌ پرۆسه‌ی خۆ كه‌ره‌نتینه‌ كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی تووش بونیان لێده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان، رۆژی دووشه‌ممه‌ بۆ یه‌كه‌م جار ژماره‌ی توش بووان له‌هه‌رێمی لومباردیا ئیتاڵیا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بۆ نیوه‌ كه‌می كرد، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌و هه‌رێمە كاره‌ساتباره‌دا.

رۆشنبیری پێشوه‌خته‌ له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێك دروستكردووه‌، كه‌ توانیویانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش گه‌مارۆی بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكاره‌ خۆپارێزییانه‌ نه‌بوونایه‌ ئێستا ژماره‌ی توشبووان زۆر له‌وه‌ی ئێستا زیاتر ده‌بوو.