ڕاپۆرتی جیهانی

04:18 - 25/03/2020

پەناهەندە و کۆچبەران.. چینە هەرە قوربانییەکەی کۆرۆنا‌

پەیسەر

کۆرۆنا لەکاتێکدا بۆ خەڵکانی ئاسایی بووەتە ئافاتێکی ترسناک و کوشندە، ئەی بۆ ئەوانەی ئاوارەن یان لە کامپ و خێمەدان دەبێ چۆنبێ؟

 
هەمیشە لە کاتە ئاساییەکانیشدا، ئاوارەو پەناهەندە و کۆچبەران بە یەکێک لە چینە بێبەش و مەحروم لە خۆشییەکان دانراون، کاتێکیش رەوشە گشتییەکە تێک دەچێ ئەوان هەرزوو لە بیر دەکرێن.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەکان چەند رێوشوێنێکیان گرتەبەر بۆ خۆپارێزی لەناو کەمپەکانی ئاوارەو پەنابەران. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رۆژی ٨ی ئەم مانگە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی گشت پارێزگارەکان و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینی کردووە، داوا دەکات: "کاری پێویست ئەنجام بدەن بەمەبەستی ڕاگرتنی هاتوچۆی ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان بۆ دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و هاتنەوەیان بۆ ناو هەرێم، بە جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەسەریان".

رۆژی ١٧ی ئەم مانگەش کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان UNCHR، بۆ پاراستنی ئاوارەو پەنابەرانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە مەترسی کۆرۆنا، دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی دروستکردنی "شوێنی نوێ بۆ نیشتەجێبوونی ئاوارەکان" کرد.

یەکێکی تر لە کێشەکانی بەردەم ئاوارەو پەناهەندەکان ئەوەیە، لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناتوانرێ بگوازرێنەوە بۆ هیچ وڵاتێکی تر

بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەو کۆمسیۆنە دەڵێن، بەهۆی قەیرانی دارایی و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە سەرتاپای جیهاندا، پڕۆگرامی شوێنی نوێ روبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوەو ئاستی هەماهەنگی و هاوکاری ئەم پڕۆژەیە زۆر کەمە.

ئێستا بەرچاوترین ئاوارەو پەناهەندە لە جیهاندا، ئەوانەی سوریان کە لە وڵاتانی عێراق و لوبنان و تورکیادا بڵاوبوونەتەوەو ئێستا لە بەردەم مەترسییەکی جدیدان چونکە لە هەرکام لەم وڵاتانەشدا کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە.

UNCHR دەڵێ، لە تورکیا تەنیا دەتوانن یارمەتی پێشکەش بە ٣٥٠٠ پەناهەندەی سوری بکەن. ئەمەش بە زەحمەتییەکی زۆرەوە و بڕی یارمەتییەکانیش کەمیانکردووە.

زیاتر لە ٤٠ هەزار پەناهەندە لە سنووری وڵاتانی یۆنان و بولگارستان گیریانخواردووەو چاوەڕێی پەڕینەوەن بەرەو وڵاتانی تر


یەکێکی تر لە کێشەکانی بەردەم ئاوارەو پەناهەندەکان ئەوەیە، لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناتوانرێ بگوازرێنەوە بۆ هیچ وڵاتێکی تر. ئەگەر هەر لە شوێنی خۆیشیان بهێڵرێنەوە، دیسان روبەڕووی کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی دەبنەوە.

ئەم کێشە جدیانەی روبەڕووی ئاوارەو پەناهەندەکان بووەتەوە، لە کاتێکدایە کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان پێیان، تائاستێکی زۆر کەمیکردووە. ئەمەش بە مانای کەمبوونەوەی خۆراک و پێداویستیی رۆژانە دێت کە ئەمە سەرچاوەی سەرەکی ژیانیانە.

رێکخراوە فریاگوزارییەکانی پەناهەندە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەی وڵاتان هەموو سەرقاڵن بە بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکانیانەوە بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا، ئاوارەو پەناهەندەکانی دنیا بە تەواوی لە بیرکراون. بۆ بەهاناوەچوونیش تەنیا کاری رێکخراوەکان بەس نین بەڵکو دەبێ وڵاتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێ کە ئەمەش ئێستا بەردەست نییە.

بۆ ئەو پەناهەندانەی بەرەو ئەوروپا چوون، رەوشەکە دژوارترە. راستا ئەحمەد سەرۆکی (دەستەی ئامنا بۆ بەرگری لە مافی پەناهەندەکان) کە رێکخراوێکی ناحکومیی میسرییە رایگەیاند: ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار پەناهەندە لە سنووری وڵاتانی یۆنان و بولگارستان گیریانخواردووەو چاوەڕێی پەڕینەوەن بەرەو وڵاتانی تر.

ئەم پەناهەندانە بێجگە لەوەی لە بەردەم مەترسی توشبوون بە کۆرۆنان، لە هەمانکاتدا کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە کەس نازانێ چارەنووسیان چی دەبێ، چونکە ئێستا وڵاتانی ئەوروپا هەموو سەرقاڵن بە مەسەلەی کۆرۆناوەو نایانپەرژێتە سەر پرسەکانی تر.
ئەحمەد راستا دەشڵێ: بەڕاستی پەناهەندەکان لەبەردەم کارەساتێکدان و کەس ئەوانی لە بیر نەماوە.