ڕاپۆرتی جیهانی

10:05 - 27/03/2020

بەریتانیا لە لێواری مەرگدا‌

كوردستان ئەحمەد

بەهۆی كۆڤید-19 ەوە بەشێكی زۆر لە بەرپرسە باڵاكانی بەریتانیا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون تازەترینیشیان بۆرس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و وەزیری تەندروستی  مات  هانكۆ كە ئەوەش زەنگێكی مەترسیدار بۆ ئەوروپا و بەریتانیا لێدەدات كەپێدەچێت كۆڤید-19 زیانێكی زۆر كەورە بە بەریتانیا بگەیەنێت لە رووی ئابوریی و سیاسییەوە، كە بەچەندین ساڵ بەریتانیا ناتوانێت ئەو كەلێنانە پڕ بكاتەوە كە بە هۆیی ڤایرۆسەكەوە توشی بووە.

بۆرس جۆنسن توشی كۆرۆنا دەبێـت
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: پشکنینی کۆرۆنای بۆ کراوە و ئەنجامی پشکنینەکەشی پۆزەتیڤ بووە، واتە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایەو ئێستا لە ماڵةوە كەرەنتینە كراوە و كار بۆ ئەوە دەكات بەتەواوەتی رووبەرووی ڤایرۆسەكە ببێتەوە.

چەند خولەکێک پێش ئێستا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ئەکاونتی توویتەری خۆی بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردووداو چەند نیشانەیەکی مامناوەندی کۆرۆنای هەبووە و دوای پشکنین دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە.

بۆریس حۆنسن  دەڵێت: "ئێستا خۆی کەرەنتینە کردووە، بەڵام لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەردەوام دەبێت لە سەرۆکایەتیی حکومەت و شەڕی دژ بە ڤایرۆسەکە"، نووسیوویشیەتی "پێکەوە ئەمە تێکدەشكێنین و دەتواننین وەك هەموو جیهان رووبەرویی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە و دەتوانین بە تەواوەتی كۆنترۆڵیشی بكەین.

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "سڵاو هاوڕێیان، دەمەوێت باس لە شتێک بکەم کە ئەمڕۆ روویداوە، ئەویش ئەوەیە من نیشانەی سەرەتایی ڤایرۆسی کۆرۆنام لێ دەرکەوتووە؛ پلەی گەرمی و کۆخەیەکی بەردەوام، لەسەر ئامۆژگاریی سەرۆکی فەرمانگەی تەندروستی، پشکنینێکم کرد کە ئەنجامەکەی ئەرێنی دەرچوو، بۆیە من خۆم جیاکردووەتەوە و لە ماڵەوە کاردەکەم، ئەمەش شتێکی تەواو راستە کە بیکەم و دەبێـ تۆی هاوڵاتیش وەك من بكەیت.

بۆریس وتیشی: "بێ گومان، بەهۆی پێشڤەچوونی تەکنەلۆژیا، من دەتوانم بەردەوامبم و پەیوەندی بە هەموو تیمەکەمەوە بکەم بۆئەوەی رێبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی نیشتیمانی لە دژی کۆرۆنا بکەین دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە لەم کارەدا بەشدارن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ستافی فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانی، شتێکی زۆر دڵگیربوو کە دوێنێ شەو بەشداربووم لە دەستخۆشیکردنی نیشتمانی لە ستافی فەرمانگەکە. بەڵام فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانی بە تەنیا نییە، بەڵکو هێزەکانی پۆلیس و کارمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و مامۆستایان و هەموو ئەوانەی لە خوێندنگەکان کاردەکەن، ئەوانەی لە وەزارەتی کار و خانەنشینکردنن، ئەوانیش بەشدارن. هەوڵی فەرمانگە گشتییەکان ناوازە بووە، هەروەها هەموو تاکێکی بەریتانی کە خۆبەخشانە کاردەکەن، کاردانەوەیەکی ناوازەیان هەبووە".

خۆبەخشەكان روبەرووی  كۆرۆنا دەبنەوە
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێــت: "600 هەزار خۆبەخش بەشدارن لە هەوڵێکی نیشتمانیی مەزن بۆئەوەی خەڵکی لە دەرەنجامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزن، دەمەوێ سوپاسی ئێوە بکەم، دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە هەوڵدەدەن وڵاتەکەمان بە بەردەوامی بمێنێتەوە لە ماوەی ئەم پەتایەدا".

كۆرۆنا دەرباز دەكەین
لەبارەی ئەو دۆخە قورسەی كە بەریتانیای تێكەوتووە، سەرۆک وەزیرانی دەڵێت: گەشبینیی خۆی خستەڕوو کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربازدەبن و دەڵێ "ئێمە لەم پەتایە دەربازدەبین. رێگەی دەربازبوونیشمان بێگومان بریتییە لە جێبەجێکردنی رێکارەکان کە هەمووتان زۆرتان لەبارەیەوە بیستووە، هەروەها چەند زیاتر پابەندی رێکارەکان بین، وڵاتەکەمان خێراتر لەم پەتایە دەربازی دەبێت و خێراتر هەڵدەستێتەوە سەر پێ، دەتوانن كۆنترۆڵی هەموو شتێك بكەن لە وڵاتەكەیاندا.

وەزیری تەندروستی كۆرۆنا دەگرێت

دوای ئەوەی بۆریس  جۆنسن توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو یەكێكی دیكە لە زیانە هەرە گەورەو كاریگەریەكان كە بەر بەریتانیا كەوت ئەوە بوو كە وەزیری تەندروستی توشی ڤایرۆسەكە بووە ئەوەش بێ هیوایەكی گەورەی لە بەریتانیا دروست كردووە،
لە تویتێکدا وەزیری تەندروستی بڵاویکرەوە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و هەندێک لە نیشانەکانی هەیە، دەشڵێت: خۆی کەرەنتینە کردووە و لە ماڵەوە کارەکانی دەکات.

توشبونی بۆریس جۆنسن و وەزیری تەندروستی لە بەریتانیا زەنگكی مەترسیداریە بۆ ئەوەی بەریتانیا بەخۆیدا بچێتەوە و كاریی زیاتر بكات بۆئەوەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ولاتەكەیدا كەم بكاتەوە ئەوە لەكاتێكدایە بەبەردەوام توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا تا دێت روو لەزیاد بوون دەكات و سەنتەریی شارەكانیشی گرتوەتەوە، كە بەنیسبەت بەریتانیاوە زۆر زۆر گرنگن.

ناوەندی ستراتیژی و لێكۆڵینەوە پزیشكیەكانی بەریتانیا باس لەوەدەكەن كە بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زۆرترین زیانی تەندروستی پێدەگاتپێدەچێت تا مانگی تەمووز ئەو ڤایرۆسە ملیۆنان كەس بەخۆیەوە توش بكات و لەناویان ببات،ئەوەش خەتەرترین ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەریتانیا ناتوانێت بە ئاسانی زاڵبێت بەسەر كۆڤید-19ە دا.

لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن توانای پزیشكی بەریتانیا هەرچەندە لە ئاستی جیهاندا لە پلەیی دووەمدایە بەڵام ناتوانێت بە ئاسانیی رووبەرووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە چونكە سیستمی تەندروستی وڵاتی ناوبراو لە ئاست بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەكەدا بەهێز نییە و هەم هاوڵاتیانی بەریتانیاش هاوكاریی وڵاتەكە نابن بۆ ئەوەی خۆیان لە توشبوانی ڤایرۆسەكە بپارێزنو هەروەها بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆر قەرەباڵخە و سیستمی هاتوچۆ و سیتمی ژیانكردن بەركەوتنی زۆریی تێدا روودەدات ئەوەش دەبێتە هۆیی ئەوەی كە كۆڤید19 بە ئاسانی بپەرێتەوە بۆ خەڵكی.


كۆرۆنا لە كۆشكی شاهانەیە

کۆشکی شاهانەی بەریتانیا رایگەیاند: شازادە چارلزی وێڵز کە مێردی شازادە دایانای کۆچکردووە، پشکنینی پزیشکییەکەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی دەرچوو. هاوکات پشکنینی پزیشکیی هاوژینەکەی بۆ ڤایرۆسەکە نەرێنی بووە.

نیشانەکانی ڤایرۆسەکە بە سووکی لەسەر شازادە چارڵزی تەمەن 71 ساڵ دەرکەوتوون و کۆشکی شاهانە دەڵێت، دۆخی تەندروستیی شازادەکە جێگیرەة هەروەها پشکنین بۆ کامیلا رۆزماری، هاوژینی شازادە چارلز کراوە و دەرکەوتووە کە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە.

بەپێێ راگەیێندراوی کۆشکی شاهانەی بەریتانیا، هەریەکە لە شازادە چارلز و هاوژینەکەی لە قەڵای باڵمۆراڵ لە سکۆتلەندا بە تەنیا کەرەنتین کراون و هێشتاش دیار نییە ڤایرۆسەکەیان لە کوێ و لە کێوە بۆ گوازراوەتەوە.

ئەوەش پەیامێكی ترە بۆ بەریتانیا كە ڤایرۆسەكە دەتوانێت بچێتە هەموو شێوێنێكی ئەو وڵاتەوە و دەبوو پێشتر بەری پێبگیردرایە ئەگەر نا بەو شێوەیەی ئێستا كە هەیە وڵاتەكە توشی ڤایرۆسەكە نەدەبوو.

توشبوانی كۆڤید -19 لەبەریتانیا
لە بەریتانیا تاوەکو ئێستا 11 هەزار و 658 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 578 کەس گیانیان لەدەستداوە و 135 کەسیش چاکبوونەتەوە، دۆخی 163 لە تووشبووەکانیش هەستیارە و ژمارەی دانیشتوانی بەریتانیا 66 ملیۆنە و لەو ژمارەیەش تەنها  9 ملیۆنیان لە لەندەنی پایتەختدا دەژین كە لەندەن لە ئێستادا مەترسیترین شوێنی بەریتانیایە بۆ بڵاو بونەوەی ڤایرۆسەكە.