ڕاپۆرتی جیهانی

02:25 - 28/03/2020

ئایا تووشبووانی کۆرۆنا دوای چاکبوونەوە جارێکیتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبنەوە؟‌

پەیسەر

تا ئێستا لە هەموو جیهاندا نزیکەی ١٣٤ هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، بەڵام پرسیاری ئەوە دەکرێت ئایا تووشبووانی کۆرۆنا دوای چاکبوونەوە جارێکیتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبنەوە یان نا؟

ملان برینکمن ڤایرۆسناس لە ئینیستیتۆی هیلم هوڵتیسی ئەڵمانیا دەڵێت، بە پێی توێژینەکانیان دوای ئەوەی کەسێک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاک دەبێتەوە، لەشێ ئەو کەسە جۆرە بەرگریەک دروست دەکات کە خۆی لەبەرانبەر ڤایرۆسەکە دەپارێزێت.

 

برینکمن ئاماژە بەوەدەکات، ئەو لەوبڕوایەدایە ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە، جارێکیتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبنەوە، بەڵام لەشیان ئەو ڤایرۆسە دەناسێتەوە و سیستمی بەرگری لەشیان دەتوانێت لەدژی ڤایرۆسەکە شەڕ بکات، بەڵام نازانرێت ئایا بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگری لەشی تووشبووەکە کە چاکبووەتەوە دەتوانێت بەرگری بکات یان نا؟

تاقیکردنەوە لە سەر مەیمون ئەنجامدراوە
تاگس شاو ماڵپەڕی فەرمی کەناڵ یەکی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، پزیشک و پسپۆرانی وڵاتەکەیان لە ئیستادا لێکۆلینەوەی زۆر ورد لەسەر ئەم پرسیارە دەکەن.

هەروەها باسی ئەوە دەکات، تاقیکردنەوە لەسەر جۆرێک لە مەیمون ئەنجامدراوە و دوای ئەوەی مەیمونەکە تووشی کۆرۆنا بووە و چاکبووەتەوە، جارێکیتر تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە ، لە کاتێکدا کە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنای پێدراوە.

 

کلینیکی زانکۆی شاری کوڵنی ئەڵمانیا کە ناوەندێکی زۆر باڵایە لە لێکۆلینەوە لەسەر سیستمی بەگری لەشی مرۆڤ سەرنجێکی زۆری خستووەتە سەر ئەم پرسە.

فلورین کلاین ئەندامی کلینیکەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوان سەرقاڵی ئەوەن سیستمی لەشی مرۆڤ بە چ شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە دەبێتەوە و ئەوانیش تا ئێستا نەیانزانیوە ئەگەری هەیە کەسی چاکبوو جارێکیتر تووشی کۆرۆنا ببێتەوە یان نا؟

ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە دەبێت خۆیان بپارێزن
لە زۆر وڵاتی تری وەک چین و ئەمریکاش زاناکانی بواری پزیشکی گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامەی کە کەسی چاکبوو لە ڤایرۆسەکە جارێکیتر تووشی نابێتەوە، بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا لێکۆلینەوە لەسەر ئەوە دەکەن، ماوەی بەرگری لەشی مرۆڤ دوای چاکبوونەوە لەدژی ڤایرۆسەکە زۆر دەخایەنێت یان بۆ ماوەیەکی کەم یان دیاریکراوە.

لی کینگ وان بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ڕێگریکردن لە نەخۆشیەکانی هەناسە لە نەخۆشخانەی هاوبەشی چین و ژاپۆن لە پەکینیش ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە مادەیەکی دژە ڤایرۆس لە لەشیاندا دروست دەبێت، بەڵام ئەویش وەک پسپۆڕانی تر لەوە دڵنیا نییە، ئایا تا کەی لەش دەتوانێت لەدژی ڤایرۆسەکە بەرگری بکات.

 

تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمنەهێنراوە، بەڵام ڕێگایەکی تر تاقیکراوەتەوە کە پلازمای خوێنی تووشبووەکە کە چاکبووەتەوە بۆ چارەسەری کەسێک کە دۆخی خرابە بەکارهێنراوە و ئەنجامی باشیشی بەدەست هێناوە و پزیشکانی ئێرانی لە ئێستادا ئەو ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان بەکاردەهێنن.

هەوڵ دەدرێت تا هاوین ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بدۆزرێتەوە
زاناکانی کلینیکی زانکی کوڵنی ئەڵمانیا تەئکید دەکەنەوە، تا ئەو کاتەی ڤاکسینێک لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزرێتەوە، بە تەنها ئەو کەسانە پارێزراون کە جارێک تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە و ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بە تەنها بە بەرگری لەشی چاکبووەکان ناوێرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە پێویستە خۆیان زیاتر بپارێزین لەبەرئەوەی هیشتا زاناکان دەریان نەخستووە، ماوەی بەرگری لەشی ئەو کەسانە چەندە کە جارێک تووشنی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە.

کۆمپانیای دەرمانسازی (CureVac)ی ئەڵمانی لە دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای نوێ نزیکبووەتەوە و فرانتس هاس سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش پێی وایە کارەکانیان بە باشی دەچنە پێشەوە و هەوڵدەدەن، یەکەم تاقیکردنەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە لەسەر کەسی تووشنەبوو هاوینی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

هەر چەندە تا ئێستا هیچ ڤاکسینێک نەدۆزراوەتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام زۆربەی زاناکانی جیهان پێیان وایە تا ساڵی ٢٠٢١ ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەمدەهێنرێت و کۆتایی بەم قەیرانی دەهێنرێت کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە لە جیهان دروست بووە.