ڕاپۆرتی جیهانی

01:50 - 30/03/2020

ئایا چاكبووەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تووش دەبنەوە؟‌

پەیسەر

ژمارەیەكی زۆر لەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابوون، دوای ئەنجامدانی پشكنین پزیشكەكان ڕایدەگەیەنن كە چاكبوەتەوەو ڕزگاریی بووە لەو ڤایرۆسە، هەر بۆیە ئەو كەسانە دەچنەوە ناو ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو جۆرە كەسانە جارێكی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە دەبنەوە؟ یان ئەوەیە جەستەیان بەرگریی پەیدا دەكات و لەوانەیە تووشی پەتای ئاسایی ئەنفلۆنزا ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنفلۆنزای ئاسایی –هەڵامەت- كۆرۆنا كە هەموو نیشانەكانیان وەكو یەكە بەڵام بە كەمێك جیاوازییەوە جێگەی پرسیار و دڵەڕاوكێیەو تا ئێستاش لای زۆرینەی خەڵك یەكلایی نەبووەتەوە.

 لە یابان چەند حاڵەتێكی دووبارە تووش بوونەوەیان تۆمار كردووە

نموونەكانی یابان:
ئەم دڵەڕاوكێی و نیگەرانییە لەدوای ئەوەهات كە پیاوێكی تەمەن 70 ساڵی یابانی لەژێر چاودێریی پزیشكیدا لە -تۆكیۆ-ی پایتەخت ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جەستەیدا نەماو گەڕایەوە سەرژیانی ئاسایی خۆی، بەڵام پاش چەند رۆژێكی كەم تای لێهات و گەڕایەوە نێو نەخۆشخانە، دوای پشكنین و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان یەكلایی بوویەوە كە ئەو پیاوە دووبارە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، دەسەڵاتدارانی یابانی ڕایان گەیاندووە ئەو پیاوە 70 ساڵییە تاكە كەس نیە كە دووبارە تووشی ڤایرۆسەكە بوبێتەوە بەڵكو لە یابان چەند حاڵەتێكی دیكەی لەو شێوەیان تۆمار كردووە، لێرەدا پرسیارەكە دووبارە دەبێتەوە بەڕاست مرۆڤ دوای چاكبوونەوە دووبارە تووش دەبێتەوە؟

%14 ی چاكەوە بووەكان ئەگەری تووشبوونەوەیان هەیە

گەڕانەوەی ڤایرۆس:
لویس ئەنجوانیس، پسپۆڕیی ڤایرۆس لە پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەكنۆلۆژیا زیندووەكانی ئیسپانیا ڕایگەیاندووە 14% ی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید 19 ن و چاكدەبنەوە  ئەگەری دووبارە تووش بوونەوەی ڤایرۆسەكەیان هەیە، ئەو پسپۆڕە باوەڕی وایە بەشێك لەوانە نەخۆشییەكی دیكەیان هەیە یان تووشی نەخۆشییەكی دیكە دەبن و بەرگریی جەستەیان لاواز دەكات بۆیە كۆڤید 19 ش دەگەرێتەوە لای.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت ڤایرۆسەكە ئەگەر مرۆڤەكە نەكوژێت بەرگری جەستەی زیاد دەكات، بەڵام ئەگەر كەسێك لە بنەڕەتدا خۆی بەرگریی جەستەی لاواز بێت ئەوا ڤایرۆسەكەی بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها دەڵێت دوای چاكبوونەوە بۆ ماوەی 3 مانگ ئەو ڤایرۆسە كاریگەریی لەسەر جەستەجێدەهێڵێت، بۆیە دەبێت ئەو نەخۆشانە زۆر بە وریایی مامەڵە بكەن.

سەرسامی زانایان:
شارەزایان باس لەوە دەكەن كە جەستەی مرۆڤەكان جیاوازن، هەندێكیان پێكووتەیەكیان لە منداڵیدا بۆ بەكار دەهێنرێت، ئیتر تاكۆتایی تەمەنیان بەرگریی جەستەیان لەبەرامبەر نەخۆشییە درمیەكاندا بەردەوام دەبێت، بەڵام هەندێكی دیكەیان دەبێت ساڵانە دووبارەی بكەنەوەو ساڵانەش پێكووتەكە بگۆڕێت بۆ ئەو نەخۆشییەی زۆر باوە لەو ساڵەدا.

هێشتا زۆر لایەنی هەیە بۆ پسپۆڕان و شارەزایان ڕوون نەبووەتەوە

هێشتا نەیانناسیوە:
لەبەر ئەوەی كۆڤید 19 ڤایرۆسێكی نوێیە، هێشتا زۆر لایەنی هەیە بۆ پسپۆڕان و شارەزایان ڕوون نەبووەتەوە، بەتایبەتی ئەوماوەیەی كە هەیە لەنێوان چاكبوونەوەی یەكەم و دووبارە تووش بوونەوەیان، بەڵام ئەوەیان بۆ یەكلایی بووەتەوە با بەڕێژەیەكی كەمیش بێت، چاكبووەكانی كۆڤید19 ئەگەری تووش بوونەوەیان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بەلایانەوە ئەوەیە ماوەكەی كەم بێت، وەك ئەو حاڵەتەی كە لە یابان ڕوویدا.
ئیزادوور مارتینیز، توێژەر لە پەیمانگای كارلۆس لە مەدریدی ئیسپانیا ڕایگەیاندووە ئەوانەی كە بەرگریی جەستەییان بەهێزە ئاساییە لە ماوەی ساڵێك یان دوواندا تووشی نەخۆشییەك ببن، ئەوەش كارێكی سروشتیە. ئەوەشی خستووەتەڕوو كە لەوانەیە مرۆڤ لەسەر یەك دووجار تووشی یەك نەخۆشی یان پەتا ببێت، بەتایبەتی نەخۆشیی ئەنفلۆنزا و گوازراوەكان.

ڤایرۆسەكە نوێیە، ئێمە رۆژانە شتی نوێی لەبارەوە دەزانین

بەرزبوونەوەی كاتی:
مارتینیز باس لەوەدەكات ئەو كەسانەی كە تووشی ڤایرۆسی كۆڤید 19 بوون لەوانەیە چاكبوونەوەكەیان 100% نەبووبێت و ئەنجامەپشكنینەكانیان تەواو ڕاست نەبووبن ، یان لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە نوێیە هێشتا هەندێك شتمان لەبارەوە نەزانیبێت، بۆیە ئەوانەی كە چاكدەبنەوە لەوانەیە دووبارە تووش ببنەوەو پێمان وابێت ڕێژەكەیان بەرزكردبێتەوە، هەربۆیە ئەم حاڵەتانە خوازیاری ئەوەیە لە زاناو پسپۆڕەكان كە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 باشتر بناسن. هەربۆ ئەو مەبەستەیە كە دەزگای گشتی تەندروستی ئەمەریكی (PAHO) ڕایانگەیاندووە: ڤایرۆسەكە نوێیە، ئێمە رۆژانە شتی نوێی لەبارەوە دەزانین، هەربۆیە شتێكی نامۆ نیەو لەوانەشە ئەوانەی كە تووشی دەبن و چاك دەبنەوە گریمانەی تووش بوونەوەیان هەبێت.