ڕاپۆرتی جیهانی

04:46 - 31/03/2020

زۆر خۆری چ پەیوەندیەكی بە كۆرۆناوە هەیە؟‌

پەیسەر

ئایە پێشبڕكێ دەكەیت بۆ ئەوەی بچیتە سەر بەفرگرەكە و خواردن بخۆیت بەبێ وەستان؟ پێویست بەنیگەرانی ناكات ئەوە كاردانەوەی سروشتی جەستەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نیگەرانی و دوودڵی  كە ئاڵۆزی لە هەستی خواردن دروست دەكەن.

هەستی خواردن دەستەواژەیەكە بۆ دۆخێكی ناجێگیری دەرونی كە كاردانەوە لەسەر خواردن دروست دەكات جا لەشێوەی زیادبوونی حەزی خواردن یان پێچەوانەكەی و نەمانی حەزی خواردن بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ بەشێوەیەكی قورس.

دكتۆرە فەرح حوسێن پزیشكی راوێكاری خواردنە چارەسەر و ئەندامی گروپی یەكێتی ئەوروپا و میسر بۆ نۆرینگە تایبەتمەندەكانی بواری خواردن رایگەیاندووە" ئەوەی ئێستا زیاتر سكاڵای لەبارەوە دەكرێت زۆر خواردن و زیادبوونی كێشی لەشە" دەشڵێت شارەزایانی خۆراكە دەرمان جەخت لەوە دەكەن كە زیادبوونی ئەو رفتارە لەم دوایانەدا پەیوەندی بە نیگەرانی و دوودڵیەوە هەیە كە ئێستا دانیشتوانی جیهانی گرتۆتەوە بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە"

بەجۆرێك كە مێشك دەردانی ئەو مادە كیمیاییانە كەم دەكاتەوە كە پەیوەندیان بەهەستی خۆشگوزەرانیەوە هەیە وەك دوبامین و سیروتونین، بۆیە زۆر كەس بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوە پەنا بۆ خواردن دەبەن بەوە دەگوترێت " خواردنی سۆزداری"

دكتۆر مەروان سالم پزیشكی خۆراكە دەرمان دەڵێت" كارێكی ئاساییە مرۆڤ كە ئێستا هەموو چالاكیە رۆژانەیەكانی وەستاوە رەفتارێك بكات بۆ ئاسودەی تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاتیش بێت، نیگەرانی دەبێتە هۆی ئەوەی مێشك مادەی كورتیزول دەربكات كە دەبێتە هۆی هەستكردنی بە برسیەتی ناراستەقینە بەهۆیەوە چەوری لە ناو جەستە كۆدەبێتەوە"

دەربارەی چۆنیەتی جیاكردنەوەی برسیەتی جەستەیی و برسیەتی سۆزدارانە دكتۆرە فەرەح دەڵێت چەند جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە ئەوانیش " هەستكردن بەبرسیەتی بەشێوەی لەناكاو ئاماژەیە بۆ برسیەتی ناراستەقینە، چونكە هەرسكردن پرۆسەیەكە پێویستی بەكات هەیە بۆ ئەوەی بگەیننە قۆناغی برسیەتی راستەقینە، هەروەك حەزی خواردنی وەك شەكر و خواردنە چەورەكان نیشانەیەكی تری برسیەتی ناراستەقینەن"

لێكۆڵینەوەیەك لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی كە ئەنجامەكەی لەساڵی 2018 لەپێگەی تایبەتی زانكۆكە بڵاوكراوەتەوە ئەوەی دەرخستووە كە نیگەرانی و دوودڵی حەزی خواردن زیاتر دەكات بەتایبەتیش ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی چەوری و شەكریان تێدایە چونكە ئەو خۆراكانە كاردانەوەی تایبەت بە نیگەرانی كەم دەكەنەوە.

مەروان سالم هۆشداری داوە لەوەی كە لەسەر خواردنی سۆزداری ئالودەبین چونكە ئەو كاتە كۆنترۆڵكردنی قورس دەبێت، دەشڵێت ئەوە نەخۆشی نیە بەڵكو تێكچوونی رەفتارە بۆماوەیەكی كاتی بەڵام ئەگەر بەردەوامی هەبوو بۆماوەیەكی دووروودرێژ ئەوە جێگەی نیگەرانیە و ئەگەری گۆڕینی بۆ نەخۆشیەكی دەرونی یان جەستەی هەیە و پێویستی بەچارەسەر هەیە.

بۆ چارەسەری رەفتاری " خواردنی سۆزدارانە" دكتۆرە فەرەح حوسێن ئامۆژگاریمان دەكات كە هاوسەنگی لەنێوان چەندبارەبوونەوەی هەستی برسیەتی و زیادبوونی كێشدا رابگرین ئەویش لەرێگەی ڕووبەڕووبونەوەی برسیەتی بەخواردنی چوار بۆ حەوت ژەمی بچوك بەدرێژایی رۆژ لەگەڵ خواردنەوەی شلەی زۆر چونكە مەعیدە وا لێدەكات مرۆڤ هەست بەتێری بكات، سەرباری قازانجەكانی لەبواری رێكخستنەوەی جەستە بۆ سنورداركردنی نیگەرانی.

شارەزایانی خۆراك جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویست بە خۆ برسیكردن ناكات چونكە رەنگە ئەوە ببێتە هۆكاری زیادبوونی هەست كردن بە نیگەرانی و دوودڵی، دەكرێت لەرێگەی خواردنی میوەوە دۆخی دەرونی مرۆڤ باش بكرێت، هەروەها وەرزشكردن یارمەتی باش بوونی لایەنی دەرونی مرۆڤ دەدات و هاوكاری دەبێت لە زیادكردنی هۆرمۆنی هەست بەخۆشبەختی كردن..