ڕاپۆرتی جیهانی

07:41 - 31/03/2020

سیستمی چ وڵاتێک لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی ڕاگرتووە و بۆ؟‌

پەیسەر

ڕۆژ بە ڕۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاتر بڵاودەبێتەوە و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی تر بووەتە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و ڕێژەی مردنیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەڵام لە هەندێک وڵات ڤایرۆسی کۆرۆنا زوو کۆنتڕۆڵکرا و زۆر بڵاونەبووەوە.

سەنگاپور، تایوان و کوریای باشوور ئەو ولاتانەن کە بە شیوەیەکی زۆر باش ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە و وڵاتانی جیهانیش وەک نمونە دەیانبینن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو وڵاتانە بە چ شێوەیەک ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەوە و ڕێوشوێنی چۆنیان گرتەبەر.

کۆریای باشوور
حکومەتی کۆریای باشوور بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ ڤایرۆسی سارس هەبوو، بە شێوەیەکی زۆر خێرا دەستی بە پڕۆسەی پشکنین کرد و تا توانی پشکنینی بۆ هاوڵاتیانی ئەنجامدا. بەو شێوەیە کۆریای باشوور توانی بە شێوەیەکی زۆر باش رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات. توانی ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون بدۆزێتەوە و خانەوادە و ئەو کەسانەی پەیوەندیان لەگەڵدا هەیە کەرەنتینە بکات.

 

لە لایەکی ترەوە کۆریای باشوور ئەپلیکەیشنێکی بۆ مۆبایلی هاوڵاتیان دروست کرد و بەو شێوەیە دەیتوانی بزانێت ئەو کەسانەی تووشبوون لە کوێوە هاتوچۆیان کردووە. بەو شێوەیە هاوڵاتیان دەیانزانی کەسی تووشبوو بۆ کوێ چووە و خۆیان دەپاراست و سەردانی ئەو شوێنەیان نەدەکرد و حکومەتیش دەستی بە دەرمانڕشتن و پاککردنی ئەو شوێنانە دەکرد.

لە کۆریای باشوور تا ئێستا قەدەغەی هاتوچۆ ڕانەگەیەنراوە و لە هەموو وڵات ٥٠ ناوەندی پشکنین کراونەتەوە و هاوڵاتیان بە شێوەیەکی زۆر خێرا دەتوانن پشکنین بکەن و ئەنجامی پشکنینەکەیان ئاشکرا بکرێت. لەو وڵاتە ئەگەر کەسێکی تووشبوو کەرەنتینە بشکێنێت و بچێتە دەرەوە، بە شێوەیەکی زۆر قوڕس سزا دەدرێت.

کێشەی کۆریای باشوور سەرەتا لەوەدابوو کە نەیانزانی لەکوێوە ڤایرۆسەکە هاتووەتە ناو وڵات و بڵاوبووەتەوە و بەو هۆیەشەوە کارێکی زۆر سەخت بوو کە حکومەت بتوانێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات.

هۆکارێکی تر بۆ ئەوەی کۆریای باشوور وەک نمونەیەک لە سەرکەوتنی کۆرۆنادا لەقەڵەمبدرێت ئەوە  بوو کە ژمارەیەک کۆمپانیا لەو وڵاتەدا ئامێری زۆری پشکنینیان بەرهەمهێنا و لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوکرانەوە و بۆخۆیان دەیانتوانی پشکنینی خۆیان بکەن و لەکاتێکدا کە هاوڵاتیەک پشکنینەکەی پۆزێتیف بوایە، تیمەکانی تەندروستی و فریاکەوتنی خێرای ئاگاداردەکردەوە و بۆ نەخۆشخانە دەگوازرایەوە.

ژماەی دانیشتووانی کۆریای باشوور ٥١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە و بە پێی ئامارە فەرمیەکان نزیکەی ١٠ هەزار حاڵەتی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

تایوان
تایوان لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە دەستی بە ڕێوشوێنی زۆر توند کرد. هەموو گەشتەکانی زەمینی و ئاسمانی ڕاگرت و هەموو دەروازەکانی لەگەڵ چین داخست. لە سەرەتای مانگی شوبات لە هەموو کۆڵان و شەقامە سەرەکیەکاندا تیمی تەندروستی و ئەمنی جێگیرکران و پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان دەکرد و دەستیان بە ڕێوشوێنی زۆر سەختی تەندروستی و ئەمنی کرد.

 

هەروەها لەو وڵاتە هەموو جۆرە پێداویستیەکی خۆپاراستن و پاکوخاوێنی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکران.

١٧ ساڵ لەمەوبەر لە تایوان ڤایرۆسی سارس گورزێکی گەورەی لە تایوان دابوو و ئەو دۆخەی وەک ئەزمونێک قۆستەوە و لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر. بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کەسانی بیانی نەدرا سەردانی تایوان بکەن و هاوشێوەی کۆریای باشوور ئەپلیکەیشنێکیان دروست کرد و ئەوەش سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و لە ئێستادا حکومەتی تایوان سیستمی ١٤ ڕۆژ قەڕەنتینە پەیڕەو دەکات.

ژمارەی دانیشتووانی تایوان نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەسە و لەو وڵاتە ٢٨٣ حاڵەت تۆمارکراون و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

سەنگاپور
لە سەنگاپور لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی زۆر خێرا، هەموو سنورەکانی کۆنتڕۆڵکران و هەموو گەشتێکی ڕاگیران. لە وێستگەکانی هاتوچۆ و فڕۆکەخانەکانی سەنگاپور، سینەما، مۆڵەکان وێستگەی پشکنینی کۆرۆنا جێگیرکران و پشکنین بۆ هاوڵاتیان دەکرا. لە ئیستادا هەموو گەشتەکان ڕاگیراون و سیستمی کەرەنتینە لە هەموو وڵات پەیڕەو دەکرێت.

هەروەها ئەپلیکەیشنێکیان دروستکردووە کە هاوڵاتیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە دەزانن بەر لە دوو کاتژمێر کەسێکی تووشبوو  سەردانی ئەو شوێنەی کردووە یان نە!
ژمارەی دانیشتووانی سەنگاپور ٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە و لەو وڵاتە ٨٠٣ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.