ڕاپۆرتی جیهانی

06:25 - 02/04/2020

ئایا تایبەتمەندی کەسایەتی قوڕبانیەکی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت؟‌

پەیسەر

سوودوەرگرتن لە مۆبایلی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مەبەستی دیاریکردنی جێگاکەی و پەیوەندیەکانی لەگەڵ کەسانی تر و کۆنتڕۆڵکردنی بۆ ئەوەی پابەندی کەرەنتینە بێت، وایکردووە کە مۆبایل ببێتە پۆلیسێکی بچووک لە گرفانی مرۆڤدا و چالاکوانانی بواری ئازادی تاکەکەسی هوشداری ئەوە دەدەن کە بۆ داهاتوو دەوڵەت و دەسەڵاتداران ئەم تەکنەلۆژیایە لەدژی تاکەکانی کۆمەڵگا بەکاربهێنن.

هەرچەندە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە لە زیادبووندایە، بەڵام تا ئیستا نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی کە لە ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت و ئەمەش مەترسیەکی زۆری لەسەر مرۆڤایەتی و جیهان دروست کردووە.

لەبەرئەوەش وڵاتانی جیهان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگا و ڕێبازی نوێن کە یەکێک لەوانەش کۆنتڕۆڵکردنی کەسی تووشبووە لە ڕێگای ئەپلیکەیشنێک لە ناو مۆبایڵی تووشبووەکەدا.

 

هەندێک وڵاتی ئاسیایی وەک چین، تایوان، ژاپۆن و وڵاتانی  دەوروبەریان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەسانی تووشبوو جۆرە ئەپلیکەیشنێکیان بەرهەمهێناوە کە بەو هۆیەوە دەتوانێت ڕێگری لەوە بکات کەسانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندی بە کوێوە دەکات و ئایا شوێنی کەرەنتینەکەی بەجێ دەهێڵێت یان نا؟

حکومەتی چین ئەپلیکەیشنێکی بەرهەمهێناوە کە بە ڕەنگی (سوور، زەرد و سەوز) زانیاری بە هاوڵاتیان دەدات کە ئەو کەسەی سەردانی جێگایەکی کردووە، ئایا تا چ ڕادەیەک ڕووبەڕووی مەترسیەکە بووەتەوە و ئەو جێگایە مەترسیدارە لە ڕووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یان نا؟

میدیاکانی فەڕەنسا باسی ئەوەیان کردووە، حکومەتی ئیسرائیلیش هەموو زانیاریەکی کەسانی تووشبووی کۆکردووەتەوە و دەیەوێت لە ڕێگای تەکنەلۆژیایەکی هاوشێوەدا کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ بکات و هاتوچۆیان سنوردار بکات و رێگری لە شکاندنی کەرەنتینە لە لایەن تووشبووانەوە بکات.

 

یوواڵ نوح هیراری مێژووناس و مامۆستای مێژوو لە زانکۆی ئۆرشەلیم لە گۆتارێکیدا بۆ ڕۆژنامەی فایناشناڵ تایمز هوشیاری ئەوەی داوە کە ئەگەری هەیە ئەم تەکنەلۆژیایە لە داهاتوودا بۆ کەرەنتینەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هاوڵاتیان بەکاربهێنرێت و ئازادی تاکەکەسی بخاتە مەترسیەوە.

لە وڵاتانی ئەوروپاش ژمارەیەک ئەپلیکەیشن بۆ دۆزینەوە شوێنی کەسانی داواکراو و ئەو کەسانەی مەترسی لەسەر دەسەڵات دروست دەکەن، بەرهەمهێنراون. ئەم ئەپلیکەیشنەی کە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆناش ئەوە بە باشی دەردەخات کە دەسەڵات دەتوانێت ئیدی بە ئاسانی کێ بخوازێت دەستگیربکات و چاودێری جموجووڵەکانی بکات.

لە وڵاتی نەمسا لە ئێستادا بۆ ڕێگریکردن لە شکاندنی کەرەنتینە لە لایەن تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەپلیکەیشنێک بەرهەمهێنراوە کە لە ڕێگایەوە لە ڕۆژێکدا چەندین جار داوا لە کەسی تووشبوو دەکرێت کە وێنەیەکی خۆیان بگرن و بۆ لایەنی پەیوەندیداری بنێرن و بەم شێوەیە کەسانی تووشبوو کۆنتڕۆڵ دەکەن کە تێکەڵ بە هاوڵاتیان نەبن.

ڕایان کالۆ زانای ئەمریکی لەمبارەیەوە دەڵێت، هیچ لایەک و کەسێک دژی ئەوە نییە کە تەکنەلۆژیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و نەخۆشیەکانی تر بەکاربهێنرێت، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە دەوڵەتان وەک چەکێک بەکاریبهێنن و ئازادی تاکەکەسی سنوردار بکەن.

ناوەندی هزری ئەمریکاش لەگەڵ ڕایان کالۆ کۆکە و لە بەیاننامەیەکدا باسی ئەوە دەکات، "ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە کە لە لایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سوودبەخشە، بەڵام دەبێتە هۆکارێک کە دەسەڵاتداران بە ئاسانی فەزای تایبەتی تاک کۆنتڕۆڵ بکەن."

 

ڕێکخراوی 'خانەی ئازادی' کە رێکخراوێکی چالاکی ئەمریکایە هوشداری لەمبارەیەوە داوە. مایکڵ ئابرامووینز سەرپەڕشتی 'زانەی ئازادی' دەڵێت، ئەوان نیگەرانن کە ئازادی تاک سنوردار دەکرێت و لە ئەمریکا بینراوە کە دەسەڵات ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدژی ئازادی ڕادەربڕین، زیادکردنی چاودێری و سنوردارکردنی ئازادی تاک بەکاردەهێنێت.

هەندێک ڕێکخراو هێرشی ١١ی ستانبەریان وەبیرهێناوەتەوە کە هێرش کرایە سەر ناوەندە بازرگانیەکانی ئەمریکا و ڕایانگەیاندووە، ئەو کاتەش دەسەڵات لە ئەمریکا بە بیانۆی پاراستنی ناوەندە دەوڵەتیەکان تەلەفۆن و مۆبایلی هاوڵاتیانیان خستووەتە ژێر چاودیریەوە و ئەوەش نیشانەیەکی مەترسیدارە کە تاک لە ئازادیەکانی دووردەخاتەوە.

لە ئەڵمانیاش ڕێکخراوەکان نیگەرانن و ڕایدەگەیەنن، پێویستە لە حاڵەتێکدا هاوڵاتیان لە رێگای مۆبایلەکانیانەوە بخرێنە ژێر چاودێریەوە کە کەسێکی داواکراو هەبێت یان دۆخێکی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت.