ڕاپۆرتی جیهانی

04:23 - 04/04/2020

لە لینینەوە بۆ گەلگامیش... نهێنی حەزی مانەوە بەنەمری لەلای دەسەڵاتداران‌

پشدەر بابەكر

لە شارستانیەتی میسری كۆن و شارستانیەتی مایا و زۆرینەی شارستانیەتیەكانی تر، پادشاكان دركیان بەوەكردووە كە مانەوەیان لەژیاندا بەزیندووی بۆ هەتاهەتایە رێگە پێدراو نیە، بۆیە هەوڵیانداوە لەرێگەی دروستكردنی شارستانیەتیەوە ئەو خواستەیان بێنەدی شوێنەوارەكان شوێن پەنجەی ئەوانیان هەتا ئێستا بەنەمری هێشتۆتەوە، بەڵام هەندێكی تریان هەوڵیانداوە بە جەستە و روح لەسەر زەوی بەنەمری بمێننەوە، بەئامانجی ئەوەی چێژ لەدەسەڵات وەربگرن بۆ هەتاهەتایە.

گەلگامیش ئەفسانەی گەڕان بەدوای نەمریدا
دوای ئەوەی ئینكدو هاورێی گەلگامیش گیان لەدەست دەدات، گەلگامیش پادشای سۆمەریەكان زۆر بۆی دڵتەنگ دەبێت و كاریگەریەكی ترسناك لەسەر دەرونی جێدەهێڵێت و لەدوای ئەوە رقی لەمردن دەبێت و بڕیاردەدات بەدوای نەمریدا بگەڕێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر هاورێیەكی تری لەبەرچاوی ئەو نەمرێت، لەو داستانە ئەفسانەیەدا كە بەزمانی ئەكادیەكان نوسراوە لەكۆتایی هەزارەی دووەمی پێش زاین سۆمەریەكان باسی چیرۆكێكی ئەفسانەی پادشاكەیان دەكەن كە ئەو هەموو ئازار و نارەحەتیە دەبینێت لەپێناوی گەڕان بەدوای یەك شتدا ئەویش نەمریە، و لەكۆتایشیدا سەرباری ئەو هەموو ماندووبوونە نەیتوانی پێی بگات، لەگەڵ ئەوەی ئەو چیرۆكە ئەفسانەیە بەڵام لەمێژوودا و لەسەر زەوی لەراستیدا چەندین پادشا و شاژن و فەرمانرەوا و سەرۆك دەوڵەت یەك لەدوای یەك خواستی  نەمری و مانەوەی هەتاهەتاییان چۆتە مێشكەوە و مردنیان رەتكردۆتەوە.

شی هوانگ... ئیمپراتۆری چین یەكەم كەس بووە كە ویستویەتی دوا كەس بێت
ناوی تەواوی یینگ چانج بووە ساڵی 259ی پێش زاین لەدایك بووە و دواتر ناوی شی هوانگ ی لێنراوە كە بەواتای یەكەم ئیمپراتۆری چین دێت، لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات رایگەیاند دەسەڵاتەكەی بۆ ماوەی 10 هەزار نەوە دەمێنێتەوە، و بڕیاریشی دا بەدوای نەمریدا بگەڕێت بۆ ئەوەی خواستەكەی بەدی بهێنێت، دەسەڵاتی رەها و سەروەت و سامان، هێز، شكۆ، دەسەڵات بەسەر وڵاتێكی گەورە بەهاوڵاتیەكانیەوە، بەلای شی هوانگەوە بەس نەبوو، بەڵكو دەیویست هەموو ئەوشتانەی بۆ هەتاهەتایە هەبێت، بۆیە پیاوەكانی و پیاوانی شارەزایی دەنارد بۆ هەموو شوێنێك بۆ ئەوەی مادەیەك یان گیایەكی بۆ بدۆزنەوە كە بۆ هەتاهەتایە لەژیاندا بیهێڵێتەوە، بەڵام تیمە لێكۆڵەرەكانی هەموو جارێك بە دەست بەتاڵی دەگەڕانەوە، لەو سەردەمەدا پادشا چینیەكە پەنای بۆ پزیشكێكی گەورە برد و ئەویش مسی پێدا بۆ ئەوەی بیخوات و پادشا چینیەكە خواردی و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا لەكاتێكدا هێشتا تەمەنی 49 ساڵ بوو، بووە نمونەیەكی تر كە ئەوە دەسەلمێنێت كە كەڵكەڵەی نەمری، مردنی خاوەنەكەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، شوێنەوارناسانی چین لەساڵی 2002 دا 36 تابلۆی كۆنیان دۆزیەوە كە بە زمانی چینی كۆن لەسەریان نوسرابوو ئەو تابلۆیانە لەشوێنی نوسراوە فەرمیەكانی ئێستا بوون و لەمیانی لێكۆڵینەوە لەو تابلۆیلنە چاج لونج لێكۆڵەر لە پەیمانگای هونان بۆی دەركەوت كە دەقەكانی ئەو تابلۆیانە تایبەت بوون بە فەرمانەكانی شی هوانگ و داوای لە ژێر دەستەكانی كردووە لەناوچە جیاجیاكان كە بەدوای مادەی نەمریدا بگەڕێن و وەڵامی هەموو ناوچەكانیش بۆ چانج داوای لێبوردن و نیگەرانی بووە كە دەستیان نەكەوتووە تەنها یەك ناوچە نەبێت بەناوی " لانجیا" كە لە وەڵامەكەیان ئاماژەیان بەوەكردووە كە لەوانەیە مەبەستەكەی پادشایان بەجێهێنابێت و گیایەكیان دۆزیوەتەوە لەشاخێكی هەرێمەكەیان.

كونتیسەی خوێن.... مردن نرخی نەمریە
كونتیسەی خوێن، بە ئەلیزابیس باسوری دەگوترێت، یەكێك بووە لە شازادەكانی مەجەر لەسەدەی شانزەدا، سەر بەبنەماڵەی ترانسیلڤانیا بووە، شازادەیەكی سەربەخۆبووە لەناو شانشینی مەجەر لەسەردەمی خۆیدا، تاوانی خوێناوی بەدرێژایی ژیانی ئەنجامداوە بەمەبەستی گەیشتن بەنەمری، خوێنی زۆری ڕشت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەی، نازناوی كونتیسەی خوێن و " شەرانگێزترین بكوژی مێژووی " لێنرا، ئەو پێی وابوو خواردنەوەی خوێنی ئافرەت و كچی منداڵ نەمری پێ دەبەخشێت، بۆیە دەستیكرد بەخواردنەوەی خوێنی خزمەتكارە بچوكەكانی كە لەكۆشكەكەی كاریان دەكرد ئەوەش بەهاوكاری سێ خزمەتكاری پیاو، خواردنەوەی خوێن تاكە شت نەبوو كە ئەو شازادەیە كردی بەمەبەستی گەیشتن بە نەمری، بەڵكو پێی وابوو كە ئازاردانی پێش كوشتن و خواردنەوەی خوێنەكەیان باشترە.

كونتیسەی خوێن دوای كوشتنی خزمەتكارەكان و كچانی جوتیار و كۆتایی هاتنیان، هەنگاوێكی تری دەست پێكرد كە بریتی بوو لە خواردنەوەی خوێنی چینی كچانی خانەدان و دەست رۆیشتوو كە لەلایەن خانەوادەكانیانەوە بۆ فێروونی ئەتەكیەت، رەوانەی كۆشكەكەی ئەو دەكران، رەنگە پێی وابووبێت كە خوێنی خانەدانەكان كاریگەرترە، ئەو شازادەیە ئەو هەڵەی كرد كە بەهۆیەوە ژیانی كۆتایی هات.

دۆخەكە هەڵگەڕایەوە و هەمووشتێك ئاشكرا بوو و دادگا ناچار بوو سێ پیاوە خزمەتكارەكەی لەسێدارە بدات بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆی پلەی خانەدانی هەبوو لەسێدارە نەدرا، و لەیەكێك لەقەڵاكان زیندانیكرا تا كۆچی دوای كرد، بەوەش هەوڵەكانی بۆ مانەوە بەنەمری كۆتایی بەژیانی هێنا.

هەوڵی پادشا و دەسەڵاتداران تەنها بەوە نەوەستان كە هەوڵی مانەوە لەژیان بدەن بۆ هەتاهەتایە بەڵكو هەندێك كەس زانیان ئەوە قورسە و جێبەجێ نابێت و هیچ دەرچەیەك بۆ رزگاربوون لەمردن نیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری نەمری نەبوون،لێرەوە  فكرەی مۆمیاكردن و هێشتنەوەی تەرمەكانیان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ سەرچاوەی گرت ئێمە باسی شارستانیەتە كۆنەكان ناكەین بەڵكو لەمێژووی نوێشدا نمونەی لەو شێوەیە هەن.

ئەگەر روحیشم لەناو دەچێت... پارێزگاری لەجەستەم بكەن
خولیای نەمری لەمێشك و ناخی پادشا و دەسەڵاتداران لەماوەیەكی دووروودرێژەوە هەبووە ئەوەش بەڕوونی لە مۆمیاكردنی میسریەكان دەردەكەوێت، ئەوەی ئێستا دەسەڵاتداران تێیدا سەركەوتووبوون ئەوەیە كەپێویستیان بە هەوڵەكانیان بۆ مانەوە بەنەمری نیە و گەل لەبری خۆیان بەبێ مۆمیاكردنیش بەنەمری دەیان هێڵێتەوە.

مۆمیاكردن پرۆسەیەكی كیمیاییە كە جەستە بۆماوەیەكی دووروودرێژ دەهێڵێتەوە وەك ئەوەی كارین كینی ئەمینداری گشتی نیشتمانی پەیمانگای لامبالاتیری بەریتانی ئاماژەی پێكردووە كە مۆمیاكردنی كاتی پرۆسەیەكە بەزۆری لەكاتی ڕێورەسمی ناشتندا دەكرێت بۆ ئەوەی تەرمەكە بەشێوەیەكی باش بخرێتەڕوو، ئەوەش لەرێگەی بەكارهێنانی مادەی فورمالدیهایدی كیمیایی دوای كەمكردنەوەی كاریگەریەكەی لەرێگەی تێكردنی ئاوەوە، بەڵام ئەوەی بۆ هەندێك سەركردە بەكارهێندراوە ئاڵۆزترە.

بەنمونە تەرمی ڤلادیمێر لینین یەكەم سەركردەی یەكێتی سۆڤیەت ئەگەرچی زیاتر لە 92 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر مردنیدا بەڵام هێشتا تەرمەكەی ماوە ئەوەش بەهەوڵ و چاودێری زانایانی بواری تەرمە مۆمیاكراوەكان، كە جەختیان لەوەكردۆتەوە كە دەكرێت ئەو تەرمە بۆ سەدەكانی داهاتووش بمێنێتەوە ئەوەش لەرێگەی سیانەكردنی بەردەوامەوە كە خەرجی ساڵانەی لەسەر حكومەتی روسیا 200 هەزار دۆلارە.

لینین لەساڵی 1924 لەتەمەنی 54 ساڵیدا كۆچی دوای كرد و سەرەتا بەشێوەیەكی كاتی مۆمیاكرا دواتر بەشێك لەزانایانی روسیا كە لەكارگەری لینین بۆ تاقیكردنەوە زانستیەكان كاریان دەكرد پێشنیاریان كرد تەرمەكەی بۆ هەتاهەتایە مۆمیا بكرێت ئەویش لەرێگەی پارێزگاریكردن لە دیوی دەرەوەی تەرمەكە و ئێسكەپەیكەر و پێستیەوە بەڵام ئەندامەكانی تری ناوەوەی جەستەی دەرهێندران، و مێشكی بردرا بۆ پەیمانگای مۆخ لە روسیا بەمەبەستی زانینی ئاستی توانا نائاساییەكانی وەك ئەوەی زانایانی سەرپەرشتیاری  لێكۆڵینەوە دەیڵێن.

ئەم‌ بابەتە لە ماڵپەری ساسە پۆستەوە وەرگێڕدراوە و لەلایەن پەیسەرەوە لە عەرەبیەوە وەرگێردراوە بۆ کوردی