ڕاپۆرتی جیهانی

04:26 - 05/04/2020

وڵاتان بۆچوونیان سەبارەت بە دەمامک دەگۆڕن‌

پەیسەر

چەند هەفتەی رابردوو رکابەرییەکی گەرم لەسەر دەمامکی خۆپارێزی هەبوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواستی خەڵک لەسەری لە زۆرێک لە وڵاتانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرەتا ئەولەویەت بۆ کەرتی تەندروستی و کارکەرە سەرەکییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرنا بوو کە لەریزی پێشەوەی شەڕی کۆرۆنادان. ئێستا وڵاتان داوا لەخەڵک دەکەن خۆیان دەمامک بۆ خۆیان دروست بکەن، خواست بەرزەو دەمامک بۆ چەند ملیار خەڵک دەستناکەوێت.

پێشتر هەندێک لێدوان هەبوون کە دەمامکی خۆپارێزی سوودنی نییە، لە کاتێکدا کەسانێک توشنەبوون، پێویست ناکات بیبەستن، گوتاری فەرمی لە هەندێک دەوڵەت لەم هەفتەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەوەش سەرلێشێوانی لەنێو خەڵکدا درووستکردووە، لەنێو ئەو گۆڕانکارییەدا دیارترینیان هەڵوێستی ئەمریکایە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئامۆژگاری ئێستای دەسەڵاتی تەندروستی وڵاتەکەی ئەوەیە، دەمامك ببەستن تەنانەت ئەگەر پارچە قوماشێکیش بێت، کاتێک لەماڵەکانتان دەچنە دەرەوە.

لە بەرامبەردا رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەتا ئێستا لەسەر بۆچوونی خۆی  بەردەوامە، ترسی هەیە لە بەکارهێنانی گشتگیری دەمامک و رووپۆشی خۆپارێزی، هەستێکی هەڵە لای خەڵک دروست بکات بۆ دڵنیایی لە تەندروستی خۆیان، ترسەکە ئەوەیە کە خەڵک رێنماییە بنەڕەتییەکان لەبیر بکەن کە زۆرپێویستن بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە، وەک دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوەی خەڵک، وە شۆردنی دەستەکان.

بەڵام بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی تێدرۆس ئەدهانوم، رۆژی چوارشەمە رایگەیاند، تا ئێستا هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ بەکارهێنانی فراوانی دەمامکی خۆپارێزیی، گوتیشی:"پەتاکە لە پێشکەوتندایە، هەروەها بەڵگەو بۆچوونەکانی ئێمەش".

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و زۆرێک لە وڵاتان رایانگەیاندووە، کە دەمامک دەبێت بۆ پزیشکان و نەخۆشان، وە ئەو کەسانەی بەرکەوتنی راستەوخۆیان هەیە، بەکاربهێندرێت. دەڵێن ئەو بۆچوونەی ئەوان پشت بە راستییە زانستییەکان دەبەستێت.

بەڵام سەبارەت بە لایەنگرانی ئەو بۆچوونەی کە پشتیوانی بەستنی دەمامک دەکات بەشێوەیەکی فراوان، ئەم بۆچوونە بەشێوەیەکی تایبەت سەرەتا ئامانج لێی، خۆلادان بوو لەوەی خەڵکی بەشێوەیەکی خێرا دەمامکی تایبەتی تیمە پزیشکییەکان و نەخۆشان وەربگرن، ئەوەش بەشێوەیەکی سەرەکتی، کێشەی کەمی دەمامک دروست دەکات. رۆژنامەیەکی فەرەنسی دەڵێت (دوودڵی رۆژئاواو پەشۆکانی رۆژهەڵات سەبارەت بە بەکارهێنانی دەمامک کاریگەری دروستکرد لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە). غاو فو سەرۆکی ناوەندی چینی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چاودێری نەخۆشی دەڵێت:"ئەو بۆچوونە هەڵەیەکی گەورەیە لە ئەمریکاو ئەوروپا، کە پێی وایە خەڵک دەمامک نەبەستن".

 

لەو چوارچێوەیەدا گوتاری فەرمی گشت وڵاتانی جیهان، لە چەند رۆژی رابردوو گۆڕا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڵە تێگەیشتنەی زیاد دەبوو لای خەڵکیی، هەڵوێستی پزیشکان بۆ بەستنی دەمامک زیاتر دەرکەوت، ئەم بۆچوونە بەهێزتر بوو بۆ بەستنی دەمامک، بە دەرکەوتنی گریمانەیەکی نوێ کە رایەکی بەهێزەو پێی وایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەرێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە. بەڵام ئەم گریمانەیە تا ئێستا لەرووی زانستییەوە جێگیر نەبووە.

بەڕێوەبەری پەیمانگای نەخۆشییە درمەکان ئەنتۆنی فاوتشی، ئەندامی دیاری تیمی کۆشکی سپی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە چەند کاتژمێر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیان کردووە سەبارەت بە مەترسی کۆرۆنا، بە فۆکس نیوزی گوتووە، کە راستییە پزیشکییەکان ئەوە دەردەخەن ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت لە نیوان کەسەکاندا بگوازرێتەوە، تەنها بە قسەکردن لەگەڵ یەک، نەک تەنها بە کۆکە یاخود پژمین.
ئەگەر ئەم بۆچوونە لە رووی زانستییەوە یەکلاییبێتەوەو جێگیر بێت، ئەوا ڤایرۆسەکە لەم رێگەوە بەشێوەیەکی مەترسیدار بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا  تایبەتمەندی ڤایرۆسەکە وایە لە زۆر نەخۆشدا نیشانەکانی دەرناکەون. بە پشت بەستن بەم ئەگەرانە دەسەڵاتی تەندروستی ئامۆژگاری بەپەلەی ئەمریکییەکانی کرد دەمامک ببەستن.

سەرۆکی شارەوانی نیۆرک مەزەندەی ئەم ئامۆژگارییەی کردبوو هەر رۆژی پێنجشەممەی رابردوو داوای لە دانیشتوانی ویلایەتەکەی کرد، دەموچاویان داپۆشن کاتێک لە ماڵەکانیان دەچنە دەرەوە،  ئامۆژگاری کردن بە ملپێچێک یاخو سەرپۆشێک یاخود سەر پێچێک یاخود هەرشتێکی دیکە کە لەماڵەوە دروستیانکردووە، بۆ ئەوەی ناچار نەبن دەمامکی پزیشکی بکڕن، خەڵکی هاندا بە دروستکردنی دەمامک لە ماڵەکانی خۆیان، یاخود هەر پارچە قوماشێک ببەستن، جەختیکردەوە کە زاناکان هانمان دەدەن لەسەر ئەوەی بۆ خۆ لادان لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، دەبێت خۆ پارێزی پەیڕەبکەین و دەمامک ببەستین.

پرۆفیسۆر کی شینگ، پسپۆڕی تەندروستی گشتی لە زانکۆی پێرمنگهامی بەریتانیا رایگەیاند، زۆرێک لە خەڵک بڕوایان وایە بەستنی دەمامک دەیان پاریزێت لە توشبوون بە کۆرۆنا، بەڵام لە واقیعدا سەرچاوەی  پیسبوون کەمدەکاتەوە.
بۆچوونەکەی زیاتر روونکردووەتەوە و دەڵێت، ئەم کارە ئەنجامێک دەدات بەدەستەوە ئەگەر هەموو خەڵک دەمامک ببەستن، وە لەهەندێک حاڵەت دەکرێت دەمامکێکی سادە بەشێوەیەکی باش بەس بێت، لەبەرئەوەی پارچەیەک قوماش گرەنتییە بۆ رێگری و وەستانی پرژان. سەبارەت بەو قسانەی لەبارەی دەمامکەوە دەکرێن دەڵێت :"دەمامک نموونەیی نییە، بەڵام باشترە لەوەی هیچ نەکرێت".

لە ئەڵمانیا پەیمانگای رۆبەرت کوخ دەزگای باڵای تەندروستی گشتیی، هانی هاوڵاتیانیدا، رووپۆشی دروستکاوی خۆیان بەکاربهێنن لە شوێنە گشتییەکان، سەرۆکی پەیمانگاکە لوسار فیلیر گوتی:"بەڵگەی زانستیی بەردەست نییە تا ئێستا لەسەر ئەوەی ئەمە ئاستێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابنێت، بەڵام ئەمە وادیارە قایلکەرە".

لەلایەکی دیکەوە ئەکادیمیای پزیشکی فەرەنسا بۆچوونی خۆی راگەیاند و گوتی:"بەستنی دەمامک دەبێت ببێتە ئیلزامی، لەکاتی چوونە دەرەوەی خەڵک لەماڵەوە،  لەنێو رێوشوێنەکانی دیکەی کەرەنتینەدا".حکومەتی فەرەنسی هانی دروستکردنی دەمامکی جێگرەوە دەدات، جیا لە دەمامکی پزیشکیی بۆ خەڵک. پرۆفیسۆر جیروم سالومون بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستی فەرەنسا رۆژی هەینی گوتی:"هانی خەڵک دەدەین، ئەگەر دەخوازن،  بە بەستنی دەمامکی بەدیل کە بەرهەمی دەهێنن".

لیکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن رۆژنامەی(نایتشر) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، بەستنی ئەو دەمامکانەی کا تایبەتن بە نەشتەرگەریی، رێژەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەمدەکاتەوە لە هەوادا. پزیشک رۆبەرت بیڵ لە پەیمانگەی فەرەنسیس کریک لە لەندەن دەڵێت:"ئەم توێژینەوە، ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، بەڵگەیە بۆ بەستنی دەمامک، پێوستە بەرپرسانی تەندروستی بە خێرایی ئەمە بزانن".