ڕاپۆرتی جیهانی

01:14 - 06/04/2020

ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی دێت، چۆن و كەی؟‌

پەیسەر

كاتێك نەخۆشییەك دێتە پێشەوە مرۆڤ یەكسەر بیری بۆلای چارەسەر دەچێت، ئەو چارەسەرەش كۆمەلێك پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوانیش بریتین لە چۆن و لە كوێ و كەی چارەسەر دەبێت؟ كاتێكیش كۆرۆنا هاتە پێشەوە هەموو كەس نەیاندەتوانی باوەڕبكەن كە وەها نەخۆشییەك بەم شێوەیەی ئێستا جیهان بە چۆكدا بهێنێت، سەرەڕای هەموو زیانەكان هێشتا پسپۆڕان وشارەزایان بێ ئومێد نەبوون و باوەڕیان وایە چارەسەر دەكرێت و كۆرۆناش كۆتایی دێت، بەڵام چۆن و كەی؟

ئاژانسی –بلومبیرگ-ی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە تیایدا كۆتایی كۆرۆنای دەستنیشانكردووە، ئەوەش چەندین پرسیار لە مێشكی مرۆڤدا دەوروژێنێت سەبارەت بەو نەخۆشییەی كە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەگیرهێناوەو چەندین كەسی نەخۆش خستووەو چەندینی دیكەشی كوشتووە.
بە پێی ئەو وەرگێڕانەی كە (عەرەبی 21) كردوویەتی، لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە ئەو كەسانەی لە نەخۆشییەكە چاكبوونەتەوە لە ملیۆنێك تێپەڕی كردووە، پرسیاری سەرەكی لێرەوە دەست پێدەكات : كەی بە تەواویی كۆتایی دێت؟ لەڕاستیشدا وەڵامەكە لە سەر چەند خاڵێك دەوەستێت ئەویش دڵنیایی تەواوە لەوەی كێ تووشی نەخۆشییەكە بووەو پاشان ئەو پێكوتەیە كامەیە یان كەی بەرهەم دەهێنرێت؟ ڕاپۆرتەكە جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كەرەنتینەی گشتی هاوكارێكی زۆریی دۆخەكە دەبێت هەرچەندە لەڕووی ئابووری و سیاسیشەوە زیانیشی هەبێت، بەڵام كاتێك لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی خوارەوە ورد دەبینەوە دەگەینە دەرئەنجامێك بۆ خۆمان.

1-ئەم بەڵایە كەی كۆتایی دێت؟
هەموو ئەوانەی شارەزاییان لە ڤایرۆسەكە هەیە پێیان وایە كاتێك كۆتایی دێت كە هەموو كەس لە دەستی پارێزراو بێت و كۆمەڵگە نەخۆشی تێدا نەمابێت، ئەمەش لە دوو ڕێگەوە دەست دەكەوێت: یەكەمیان پاراستنیانە، ئەوەش لەسەر ئەو پسپۆڕانە ڕادەوستێت كە بتوانن پێكوتەیەك لە دژی بەهەم بهێنن و لە پێشدا تاقیی بكرێتەوە. هەرچی دووەمیشە دروستكردنی بەرگرییە بۆ دووبارە نەبوونەوەو سەرهەڵنەدانەوەی بەتایبەتی بۆ هەموو ئەو ڤایرۆسانەی كە لەو نەوەیەن، چوون ئەگەر ئەوە دوبارە ببێـتەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كۆمەڵگە تووش دەكاتەوە، بۆیە دەبێـت لەبەرامبەریدا بەرگریی پەیدا بكرێت.

2-تاسەرەتا بوو بۆ بەرگرییان نەكرد؟
 ئەو وڵاتانەی كە ڤایرۆسەكە بەزۆریی تیایاندا بڵاوەی كردووە ئەوانە بوون كە ستراتیژیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەیان بە هێواشی و لەسەرخۆ بووەو زوو نەكەوتوونەتە خۆیان، قوتابخانەو شوێنەگشتیەكانیان دانەخستووە، كۆبوونەوەو قەرەباڵغییان قەدەغە نەكردووە، خەڵكیان لە ماڵەكانی خۆیان گیر نەداوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بتەقـێتەوەو ژمارەیەكی ئێجگار زۆر تووش ببن، بە جۆرێك دامەزراوە پزیشكیەكان دەرەقەتی نەیەن و توانا پزیشكییەكانی وڵاتەكەیان داپۆشێت، لەوێشەوە ژمارەی مردووەكانیان زیاتر بوو.
حاڵەتەكان لەسەر یەك كەڵەكەیان كرد، ماوەیەكی زۆر بەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەدا تێپەڕیی ئەوسا دەسەڵاتدارانی ئەو ولاتانە كەوتنە پاكوخاوێنی و دانانی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزیی و تاقیكردنەوەی هەندێك ڕێگای چارەسەر و ڕێگریی، خەڵكێكی زۆر تووش بوون و بەدوای چارەسەرەوە بوون، ژمارەی نەخۆشخانەكانیان زیادكردو پێداویستیەكانی هەواگۆڕیی و ئەوانی تریان بۆ دابینكرد.

3-كەی تەوقكردن كۆتایی دێت؟
هیچ كەس نابێت باوەڕیی وابێت بە خێرایی و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ژیان ئاسایی ببێتەوە و دەگەڕێتەوە پێش لە ئێستا، لەبەر ئەوەی هەڵگرتنی تەوقكردنی خەڵك هێشتا زووە، چوون هێشتاڤایرۆسەكە لە گەشەدایەو هیچ كەس ناتوانێت گرەنتی دووبارە سەرهەڵدانەوەی نادات، ولاتی چین دوای دوو مانگی تەواو لە كەرەنتینەكردنی تەواوەتی شاری ووهان ئێستا بە هێواشی سەرقاڵی شكاندنی تەوقەكەیە دوای ئەوەی بە تەواوی دڵنیا بووەتەوە لە نەمانی ڤایرۆسە لەو وڵاتەدا و توانیویەتی شێوازەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتەواوی كۆنترۆڵ بكات. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە ئەو ڕێوشوێنانەی چین گرتیە بەر بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە زۆر تایبەت بوو جیاوازبوو لە هەموو ولاتانی دونیا، هەر بۆیە –هانی جیرس- جێگری سەرۆكی پزیشكانی بەریتانی دەڵێت: كەرەنتینەی گشتی دەبێـت تا دوو تا سێ مانگ یان پێویست بكات بگاتە شەش مانگی تەواو.

4-ئەی دوای ئەوە؟
نەخشە ڕێگایەك لەلایەن ژمارەیەك لە پسپۆڕانەوە دیاریكراوە لە ئەمەریكا و لەناویاندا بەڕێوەبەرایەتی خۆراك –سكوت گوتلیب-ی تێدایە، ئەو نەخشە ڕێگەیە باس لەوە دەكات دەرگای قوتابخانەو كۆمپانیاكان بكرێنەوە بەڵام قەرەباغی و كۆبوونەوەی ناپێویست هەر ڕاگیراو بێت، بەردەوام خەڵك هان بدرێت بۆ پاكوخاوێنی  و دوو ركەوتنەوە لە یەكتریی، خەڵك لە نزیك كەوتنەوە و چوونە قەرەباڵغی بترسێنرێت بۆئەوەی جارێكی دیكە ڤایرۆسە نەژییەتەوە، تەوقكردنەكان بەردەوام بن، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە بێت زۆر لایەنی پەیوەندیدار پشتیوان ئەو پلانەیان كردووە.
بە پێی پلانەكە دەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر چاودێریی كۆبوونەوەو بەریەك كەوتنی خەڵك بكرێت ، بەشێوەیەك لەچاو جاراندا دەبێت 75% كەمبكرێتەوە. هەرچۆنێك بێت تاقیكردنەوەكە لە ڕووبەرێكی  فراواندا تاقی بكرێـتەوە، ل هەمان كاتیشدا دەبێت لە وڵاتێكی وەكو ئەمەریكاشدا هەفتانە پشكنین بۆ 750 هەزار كەس بكرێت.

5-پشكنین بۆچی؟
ڤایرۆسەكە زۆر مەترسیدارە، نەك لە بەر ئەوەبێت كە خەڵك زۆر بكوژێت، نەخێر لەبەر ئەوەی پیس و ماندوو كەرە، بە بێ خواستی كەسەكان دەگوازرێتەوە ، هەر لەكاتی سەرقاڵی كاری رۆژانەدا دەگوازرێتەوە ە بێ ئەوەی كەسیان بە خۆیان بزانن، هەربۆیە پشكنینی بەردەوام لەناو خەڵكدا بە شێوەیەكی بەرفراوان پێویستە، ئەمە جگە لەوەی هەركەسێك نیشانەیەكی نزیك لەو ڤایرۆسەی تێدا دەركەوت بە خێرایی پشكنینی بۆ بكرێت.
بەم شێوەیە، لەوانەیە ڕێگریی بكرێت لەوانەی كە تووش بوون و تەوق بكرێن، هەروەها  چاودێریی هەموو ئەو كەسانەش بكرێت كە هەڵس و كەوتی لەگەڵ كردوون، ئەگەر پێویستیشی كرد لە خەڵكیان داببڕن ، ئەوەش لە پێناوی پاراستنی كۆمەڵگەدا بە گشتی.
لە هەمان كاتیشدا كار بكرێت لەسەر هەموو ئەو مادانەی كە دژی ڤایرۆسەكەن بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك سەرهەڵنەداتەوە لە نموونەی ڕشاندنی دەرمان لە شوێنە گشتیەكان، لانی كەم تا ئەو كاتانەی كە هەمووان دڵنیا ببنەوە لە كۆتایی هاتنی ڤایرۆسەكە.
كاتێكیش لایەنی پەیوەندیدار گەشتە ئەو باوەڕەی كە تەوقی نەخۆشییەكە دراوەو دەكرێت خەڵك بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی ئەوسا ئیتر خەڵك بە ئازادیی دەتوانێت هەڵس و كەوت بكەن.

6-كوتان چەندی پێدەچێت؟
لە ئێستادا دەیان كۆمپانیاو زانكۆی جیهان كار لە سەر بەرهەمهێنان و تاقیكردنەوەی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسەكەن، بەڵام هێشتا هیچیان دڵنیایی تەواویان نەداوە كە سەركەوتوو بووبن، لەبەر ئەوەی كوتان و دروستكردنی پێكووتە كاتی زۆری دەوێت و زۆریش ئاڵۆزە، كەواتە نابێت بە خێرایی چاوەڕێ بكرێت، دیارە ئەوەش كاری پسپۆڕانەو لەبەر پاراستنی خەڵك و چۆنیەتی كاریگەرییە لاوەكیەكانیەتی.
بە پێی وتەی شارەزایان ئەو ڤایرۆسانەی (تاج)ین ماوەی (12 بۆ 18) مانگی دەوێت، لە دوای ئەو كاتەوە دەست بە تاقیكردنەوە دەكرێت، لەو بوارەدا پسپۆڕانی دەرمانسازیی هەندێك هونەری تایبەت بە خۆیان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی بگەنە لایەنە زانستیەكەی لەوانەش تێكەڵكردنی (دی ئێن ئەی)ی ڤایرۆسەكە لە گەڵ ئێكهاتەی جەستەیی مرۆڤ و زیاد كردنی مادەی پرۆتینی بۆ ئەوەی بزانن توانای وەڵامدانەوەو كاریگەرییەكانی تاكوێ دەچێت و چەندە؟
ژمارەیەك لەو پسپۆڕانە باوەڕیان وایە كە خەڵك و حكومەتەكانیش هێندە گەشبینی نیشان نەدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانە تاقیكردنەوەن و كەس ناتوانێت 100% بەڵێنی سەركەوتن بدات، یان كات دیاریی بكات و لە كاتی خۆیدا پێكوتەكە بخاتە بەردەست ، یان ئەو كۆمپانیایانە بتوانن لەكاتی خۆی و بەو شێوەیەی كەهەیە بەرهەمی بهێنن، یان بتوانن ژمارەی پێویست ئامادە بكەن.

7-چی بكرێت بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە؟
یەكەم، تا ئێستاش یەكلایی نەبووەتەوە ئەوانەی كە چاك دەبنەوە بەرگریی لەدژی ئەو نەخۆشییە پەیدا دەكەن یان نە، ئاخۆ بۆ هەمیشەیی ئەو بەگرییەیان دەبێت یان نە، بەڵام ئەگەر واش بێت ئەوا ئەوانە بەرگرییان تەنها لە بەرامبەر ڤایرۆسە نوێیەكە (كۆڤید 19) دا پەیدا كردووەو هیچ گرەنتییەك نیە كە توشی ڤایرۆسێكی نەناسراوی دیكە نەبێتەوە، هەرچۆنێك بێت بڕیی تێچوونی ئەو ڤایرۆسە زۆرە هەر بۆنموونەئەو خەرجییەی كە دیاری دەكرێت  75% بۆ چارەسەركردنی تووش بووەكانە بەڵام 91% بۆ دەستنیشانكردنی بەكاردێت.
باتریك فالانس- ڕاوێژكاریی زانستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە مانگی شوباتدا  گوتوویەتی كاتمان پێویستە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێككاری پێوست، بەشی زۆریشی لەسەر ڕێككارەكانی حكومەت دەوەستێت كە چی دەكات بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو دەردە، جەختی لەسەر ئەوەش كردوەتەوە ئەگەر ڕێككارەكان توند نەبن ئەوا كێشەكە زووتر گەورەدەبێت، دەرئەنجامەكەشی ئەوەیە كە قوربانی زۆری لێدەكەوێـتەوە، پاشان سستەمی تەندروستیش دەكەوێتە ژێربارێكی قورسەوە، بەڵام دەبێت خەڵك تووش ببن بۆ ئەوەی بەرگرییان بۆ پەیدا ببێت و ئەوەش زیانی گەورەی لێكەوتەوە  بەڵام هێشتا دەرئەنجامی كۆتایی دەرنەكەوتووە.

8-چی شتێك گۆڕانكاریی بەسەردا دێنێت؟
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە مرۆڤایەتی شانسی هەیە چوون ئەگەرێكی زۆر هەیە كاتێك هاوین دەگاتە بەرەوە لە نیوەگۆی باكووری زەوی ئەو ڤایرۆسەش لەناو بچێت، چوون هەموو ئەنفلۆنزاكان لەو وەرزەدا لەناو دەچن، بەڵام تا ئێستاش ئەوە 100% نیەو ڕوون نیە ئایا گەرما چ ڕۆڵێكی هەیە بۆ لەناوچوونی ڤایرۆسەكەو ئەگەر واش بێت ئایا لە پایزدا ناگەڕێتەوە؟