ڕاپۆرتی جیهانی

10:28 - 10/04/2020

پنتاگۆن دەربارەی كۆرۆنا چی دەڵێت؟‌

كوردستان ئەحمەد

وەزراەتی بەرگری ئەمریكا ناسراو بە پنتاگۆن لە راپۆرتێكی تایبەتتدا لەبارەی ئەگەریی بڵاو بونەوەی  ڤایرۆسی كۆڤید-19ەوە رایدەگەیەنێت كە ئەوان دوو ساڵ پێش دروست بوونی ئەم ڤایرۆسە هۆشداریی توندیان داوەتە سەرۆكی ئەمریكا و  كۆشكی سپیش ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی وڵاتەكەی ئامادەكاریی بكات بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

لە راپۆرتەكەیدا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا باس لەوە دەكات كە بەوردیی باس لەو كێشانە كراوە كە ئێستا وڵاتانی دونیا بەهۆی  ڤایرۆسیی كۆڤید-19ەوە  دەناڵێن و توشی گرفت بوون، و ئەوانە دەیانزانی كە وڵاتەكەیان و دەیان وڵاتی دیكەش رووبەرووی كۆڤید-19 دەبنەوە.

لە راپۆرتەكەدا دەربارەی ڤایرۆسی كۆرنا دەڵێت: ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند جۆرێکی هەیە لەوانە مێرس و سارس کە پشتر لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە  پێدەچێـت جۆرێكێ نوێی ڤایرۆسی كۆرنا  بڵاو ببێتەوە، قەیرانێک دروست بکات، ئەویش بەهۆی کەمی ماسک و دەزگای هەناسەدانی دەستکرد.

 ترەمپ لەو بارەیەوە چی دەڵێت:

هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا باس لەوەدەكات دوو ساڵ پێش بڵاوبونەوەی كۆڤید-19ە توانیویانە راپۆرتێكی تێرو تەسەل بدەن بە كۆشكی سپی بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هیچ كەسێك نەیدەتوانی پێشبینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی هاوشێوەی كۆرۆنا بكات.

بەڵام پنتاگۆن لە راپۆرتێكی ساڵی 2017دا هۆشداری داوەتە كۆشكی سپی و پێیگوتووە:"رووداوێكی بایۆلۆژی كارەساتبار دەتوانێ هەڕەشە لە خەڵك، ئاژەڵ، رووەك، ژینگە، تەندروستیی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بكات" و، پێویستی بە "كاردانەوەی خێرا و كاریگەر هەیە بۆ ئەوەی زیانە گیانییەكان و ئاكامە خراپەكانی كەمبكرێنەوە".

راپۆرتەكەی پنتاگۆن چۆن باسی نەخۆشیەكە دەكات
 لە راپۆرتەكەدا كە پنتاگۆن دەربارەی كۆڤید-19 ئامادەی كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەگەری بڵاوبوونەوەی "نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسە، بەتایبەتی نەخۆشیی ئەنفلوانزایەكی نوێ" لە هەموو ئەگەرەكانی دیكە "زیاتر رێی تێدەچێت و لەپێشترین ئەگەریشە".

كۆڤیدـ19 نەخۆشییەكە بە خۆگۆڕین یان پەرەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستبووە و یەكێك لەو كۆئەندامانەی كە دەیكاتە ئامانج كۆئەندامی هەناسەی مرۆڤە. راپۆرتەكە لە چەندین شوێن بەناو ئاماژە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، وەك چۆن لە شوێنێكی راپۆرتەكدا هاتووە "نەخۆشیی گوازراوەی كۆرۆنا لە جیهاندا شتێكی باوە".

ئەوە لەكاتێكدایە كە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بوەتە مەترسیەكی گەورەو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پنتاگۆن بەدووری نازانێت ئامرازەكانی دەستنیشانكردن و چارەسەریی ڤایرۆسە باوەكان بۆ ئەو ڤایرۆسە نوێیە كاریگەرییان نەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە بە خێراییەكی زۆر بە هەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە.

هەر لەو راپۆرتەی پنتاگۆندا هاتووە:"بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە یەك كۆمەڵگە دەتوانێ بەخێرایی بۆ قەیرانێكی تەندرووستی بگۆڕێت كە چەندین وڵات دەگرێتەوە و ملیۆنان كەس بەدەستییەوە بناڵێنن، ئەوە جگە لەوەی گرفتی گەورە بۆ هەموو لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگە دروستدەكات. تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكە دەكرێ گواستنەوەی خێرا و سەختییەكەی بێت، ئەگەرێكی بەهێزیش ئەوەیە كاریگەری لەسەر پاراستنی هێزی تەندروستی دروستبكات".

لەترسی كۆرۆنا ئەمریكا دەكشێتەوە
هەرچەندە ڤایرۆسەكە بەتەماوەتی بڵاو نەبوبوەوە بەڵام ئەمریكا لە مانگی رابردوودا، بەشێك لە ستافی دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی لە بەغدا و هەولێر كشاندەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو هەنگاوەشی بۆ هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەڕاندەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كردبوو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی هاوشێوەی كۆرۆنا دەتوانێ كاریگەری لەسەر "ئامادەیی و كاریگەری"ی هێزەكانی ئەمریكا دروستبكات.

لەم قۆناغەی ئێستادا بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید-19 لە قەیرانێكی تەندرووستییەوە بۆ قەیرانێكی هەمەلایەنەی جیهانی گۆڕاوە، پێنتاگۆن لە دێری 462ی راپۆرتەكە و لە بڕگەی (هەڕەشەی ستراتیژیی نیشتمانی) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات پەتاكە "لێكەوتەی جیدیی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەبێت"، لەوانەش "ئاكامە سەختە ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی".

ئەم ڤایرۆسە وڵاتانی جیهانی تووشی كێشەی كەمیی كەلوپەلەكانی رێگری، خۆپارێزی و یارمەتیدانی تووشبووان كردووە. زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئێستا بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دادەنرێن كێشەی ئامێری هەناسەدان و كەلوپەلەكانی خۆپارێزییان هەیە، ئەم كێشەیەش خەڵكی ئاسایی و ستافی تەندرووستی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنای گرتووەتەوە.

پێشتریش دوو بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكییان راگەیاند كۆگای ستراتیژیی نیشتمانیی ئەمریكا خەریكە لەو كەلوپەلانە بەتاڵ دەبێت كە بۆ خۆپارێزی لە كۆڤید-19 پێویستن، ئەمەش مەترسیی گەورە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەكە دروست دەكات كە ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات كۆڤید-19 دەتوانێت هەموو شتێك كۆنترۆڵ بكات.

لە كۆی 1 ملیۆن و 600 هەزار كەیسی پشتڕاستكراوی تووشبووی كۆرۆنا و 94هەزار و 573 گیانلەدەستداوی ڤایرۆسەكە كە تاوەكو ئێوارەی یەكشەممە لە هەموو جیهان تۆماركراون، نزیكەی 25%ی تووشبووان و 11%ی گیانلەدەستداوانی ڤایرۆسەكە لە ئەمریكان. بەرزبوونەوەی خێرای ژمارەی تووشبووان گوشارێكی زۆری لەسەر كەرتی تەندروستی ئەمریكا و كۆگای نیشتمانیی كەلوپەلە پزیشكییە سەرەتاییەكان دروستكردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە 2ساڵ لەمەوبەر پێنتاگۆن پێشبینی دۆخێكی وەك ئەوەی ئەمڕۆی كردووە و ئاماژە بۆ ئەوە كردووە كە بەهۆی كەمبوونەوەی كەلوپەلە پێویستەكان كێشە و كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنان و گەرەنتیكردنی ئەو پێداویستییانە دروستدەبێت، لەوانەش ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، دەمامك، دەستەوانە، كەرستەی لۆجستیكی، پێداویستی پزیشكی و هێزی كاری تەندروستی.

بەپێی راپۆرتێكی سەرەتای ئەم مانگەی سكوڵی تەندروستیی گشتیی بلومبێرگ لە زانكۆی جۆن هۆپكینز، ئەمریكا 64 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی هەیە، كە خاوەن هەموو تایبەتمەندییەكانی ئامێرێكی لەوشێوەیەن، جیا لەمە 98 هەزار ئامێری دیكەی هەناسەدانی دەستكردی هەیە كە هەموو تایبەتمەندییەكانیان نییە، بەڵام دەكرێت لە فریاكەوتن سوودیان لێوەبگیرێت.

 قەیرانی دەمامك لە ئەمریكا
ئێستا قەیرانی كەمی دەمامك لە ئەمریكا گەیشتووەتە ئاستێك كە دەست لە دەمامكی وڵاتانی دیكەش ناپارێزێت. هەفتەی رابردوو حكومەتی ئەڵمانیا ئەمریكای بە "نموونەیەكی مۆدێرن لە چەتەیی" تۆماركرد، كاتێك 200 هەزار دەمامكی جۆری N95 كە بڕیاربوو بۆ ئەڵمانیا بگوازرێنەوە، لەكاتی گواستنەوەی نێوان فڕۆكەكان لە تایلەندەوە رەوانەی ئەمریكا كران.

كەمی تەختی نەخۆشخانەكان و ئامێری هەناسەدان دەستكرد كێشەی گەورەی بۆ هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دروستكردووە، كە لەڕووی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆناوە لە پاش ئەمریكا لە پلەكانی دووەم و سێیەم دێن. وەك لە راپۆرتەكەی 2017دا هاتووە "تەنانەت پیشەسازیترین وڵاتەكانیش كێشەی كەمیی تەختی نەخۆشخانە و كەرستەی تایبەتی وەك ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان دەبێت".