ڕاپۆرتی جیهانی

11:03 - 18/04/2020

سیل چییە؟ چ پەیوەندییەكی بە كۆڤید 19 ەوە هەیە؟‌

پەیسەر

گەرچی نەخۆشی سیل مێژوویەكی درێژی هەیەو لە كاتی سەرهەڵدانیدا قوربانییەكی زۆری خستوەتەوە، بەڵام چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە، چارەسەرێك بەرێژەی 40% مردن كەم دەكاتەوە، گەرچی پێكوتەی ئەو نەخۆشییە نزیكەی یەك سەدە (100 ساڵ) پێش لە ئێستا دۆزراوەتەوە، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن پێكوتەكە تەنها بۆ سیل ڕۆڵی نیەو بەرگرییەكی باشیشە بۆ كۆرۆنا نوێیەكە.

 

ئەگەر مرۆڤ سەیری بەشی سەرەوەی باڵی چەپی، نزیك لە شانی بكات ، سەیر دەكات نیشانەیەكی هەڵكۆڵراوی تێدایە لە سەر پێستەكەی، لەوانەیە خۆشی نەزانێت یان بیری نەكەوێتەوە ئەو نیشانەیە چییە، بەڵام ئەوە كوتانێكی سەردەمی منداڵییەو لە ئێستادا ئەوەی ئەو نیشانەیەی هەبێـت شانسێكی گەورەی هەیە، لەبەر ئەوەی پسپۆڕانی بواری بەرگریی جەستە پێیان وایە لەڕێگەی ئەو كوتانەوە جەستە بەرگریییەگی باشی وەرگرتووە لەتایبەتی لە دژی هەموو ڤایرۆسەكان.

ئەو كوتانە نزیكەی 100 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن فەرەنسییەكانەوە دۆزراوەتەوەو لە دژی نەخۆشیی سیل و هەندێك نەخۆشی دیكە لە لایەن ناوەندێكەوە بەناوی (Bacillus Calmette- Guerin) بەرهەم هێنراوە كە كورتكراوەكەی (BCG) و بەو ناوەشەوە لەناو زۆرینەی خەڵكدا بەناو بانگە.  بە پێی توێژینەوەی نوێیەكانی پسپۆڕان ئەو پێكوتەیە بۆ ڤایرۆسی كۆڤید19 زۆر بەسوودە لەبەر ئەوەی بەرگریی جەستە بەهێز دەكات.

ئەم پێكوتەیەی (BCG)یە ساڵی 1921 لە لایەن ئالبیریت كالمیت و كمیل غیران  دروستكراون، كالمیت لە ساڵی 1933 و لە تەمەنی 70 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، پسپۆڕی بواری ڤایرۆس و میكرۆبەكان بووە، بەڵام كمیل لە ساڵی 1961 دا و لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، ئەو پزیشكی بواری ڤێرتنەری بوو، لەوبوارەدا وەك هاوڕێكەی نەیتوانیوە خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنێت.

رۆژنامەی (South China Morning Post) ی چینی بە زمانی ئینگلیزی نوسیویەتی: ئەوانەی كە ئەم پێكوتەیان وەرگرتووە كەمترین كەسیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نوێیەكە مردوون هەروەها پرۆفیسۆر  (Nigel Curtis)  لە پەیمانگای (Murdoch Children's Research Institute )یش كە سەربە زانكۆی ملبورنی ئوسوترالییە نوسیویەتی: ئەو پێكوتەیە 70% ڕێگری لە هەموو زایرۆس و میكرۆبێك دەكات، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بەرگریی نامێێت لە جەستەدا و تەواو دەبێـت، بەڵام ئەو پرۆفیسۆرە ماوەی كۆتایی هاتنەكەی دیاری نەكردووە.

بە پێێ توێژینەوەیەك ئەو پێكوتەیە كاریگەری ئەرێنی هەیە لە سەر كۆئەندامی هەناسەدان، بەرگریی جەستە بەهێز دەكات ، هەموو میكرۆبێك و كەڕووەكان لەناو دەبات، ساڵی 2011 ئەم پێكوتەیە بۆ 2320 منداڵ لە وڵاتەكانی (غینیا، بیساو)لە باشووری ئەفەریقا بەشێوەی هەڕەمەكی بەكارهێنراوە، دوای بەدوادا چوون بۆیان دەركەوتووە كە ڕێژەی مردن بە ڕێژەی 40% كەمی كردووە، پاشان لە ماوەی 25 ساڵدا 150 هەزار منداڵ لە 33 وڵات ئەو پێكوتەیان وەرگرتووە و پاش بەدواداچوون دەركەوتووە 40%ی ئەو منداڵانە تووشی تەنگەنەفەسی توند نابن، بۆ ئەو كەسانەش كە تەمەنیان گەورەیە پێكوتەی (BCG) سوودی زۆری هەیەو تەنگە نەفەسی توند كەم دەكاتەوەو  كاریگەرییەكانی زۆرباشن، توێژینەوەكان دەریانخستووە كە ئەو كەسانەی كە لەوڵاتانەدان كە داهاتیان ناوەندو بەرزەو ئەو پێكوتەیان وەرنەگرتووە ، یان بەرنامەی ئەو كوتانیان پەیڕەو نەكردووە ڕێژەی هەناسەتوندییان زۆرترە لەو وڵاتانەی كە داهاتیان كەمترە بەڵام پێكوتەكەیان وەرگرتووە، هەربۆیە توێژەرەكان پێیان وایە تاكاتی دۆزینەوەی دەرمانی یەكجاریی و بنبڕكەر سوود لەو پێكوتەیە وەربگیرێت و بەردەوامیش بەكاربهێنرێت، لەبەر ئەوەی سوودی زۆرەو هیچ شوێنەوارێكی خراپیش لەدوار خۆی بەجێ ناهێڵێت.

نەخۆشی سیل، دەردەباریکەشی پێدەگوترێت، بەهۆی بەکتریای مایکۆبەکتریەم توبێرکولۆسیس " Mycobacterium  tuberculosis"  تووشی مرۆڤ دەبێت.
سیل زۆربەی کات تووشی سییەکان دەبێت، بەڵام دەتوانێت تووشی هەموو بەشەکانی دیکەی جەستە وەک گورچیلەکان، بڕبڕەی پشت، مێشک ببێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت زۆربەی جار کوشندەیە. لەرێگەی هەواوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، کاتێک کەسێکی تووشبوو بە سیل دەپژمێت، دەکۆکێت، قسەدەکات و گۆرانی دەڵێت، کەسانی دەوربەری لەرێگەی دڵۆپە هەواکانەوە کە لە دەمی دەردەچن تووشی نەخۆشییەکە دەبن، هەورەها بەم شێوانەی خوارەوەش ناگوازرێتەوە:

1- بە تەوقەکردن ناگوازرێتەوە
2-  بە دەستلێدانی جلوبەرگ و نوێنەکان ناگوازرێتەوە
3- بە ماچکردن ناگوازتێتەوە
نەخۆشی سیل دووجۆری هەیە
سیلی شاراوە:
هەموو ئەوانەی بەکتریاکەیان هەیە تووشی نەخۆشیی سیل نابن، رەنگە تووشی سیلی شاراوە ببن، کاتێک کەسێک تووشی بەکتریاکە دەبێت، سیستمی بەرگری جەستەی شەڕی لەگەڵ دەکات و رێگری لە گەشەکردنی دەکات، لەم حاڵەتەشدا تووشبوو هیچ نیشانەیەکی نابێت و لەمبارەدا نەخۆشییەکە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازێتەوە.

نەخۆشی سیلی ئاشکرا:
ئەگەر کەسێک تووشی بەکتریای تووشکەری سیل بوو، سیستمی بەرگریشی توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی نەبوو، ئیدی بەکتریاکە لەنێو جەستەیدا گەشەدەکات و تووشی نەخۆشییەکەی دەکات، بەمەش نیشانەکانی لێدەردەکەون و لەم حاڵەتەدا نەخۆش توانای گواستنەوەی بەکتریاکەی بۆ کەسانەی دیکە دەبێت.
تووشبووانی ڤایرۆسی “HIV” ئایدز، شەکرە، شێرپەنجە و ئەوانەی دەرمانە نایاساییەکان بەکاردەهێنن، لەوانەن کە سیستمی بەرگریان لاوازە و مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی سیل زیاترە.
کۆکەیەکی وشک بۆماوەی 3 هەفتە یان زیاتر، سنگ ئێشە، کۆکەیەک کە خوێنی لەگەڵ بێت، بێهێزی، دابەزینی کێش، نەمانی ئارەزووی خواردن، لەرزوتا و ئارەقکردنەوە لە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی سیلن.

سیل لەرێگەی پشکنینێکی تایبەتی پێست، پشکنینی خوێن یان بە هەردووکیان دەستنیشاندەکرێت.
چارەسەری نەخۆشیی سیل
سیلی شاراوە چارەسەردەکرێت تەنیا بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە، یان بۆ ئەوەی کەسەکە نەخۆشییەکەی لێدەرنەکەوێت.
بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان لێدەردەکەوێت و نیشانەکانیان هەیە، کۆرسێکی دەرمانی 6 یان 9 مانگی وەردەگرن و پێویستە کۆرسەکە تەواوبکەن و لەکاتی خۆیدا دەرمانەکان بەگوێرەی گوتەی پزیشك بخۆن ئەگەر کەسێک کۆرسی دەرمانەکە تەواونەکات، یان بە تەواوی دەرمانەکان نەخوات بەکتریاکە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و رەنگە بەرگری دژی دەرمانەکان دروستبکات.
پێکوتەی BCG،‌ له‌ ساڵی 1921 ه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ و بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی سیل له‌ سەرانسەری جیهان بەکاردەهێنرێت. لە ئێستاشدا كە ڤایرۆسی نوێی كۆڤید19 پەیدا بووە زۆرێك لە شارەزایان باوەڕیان وایە تا كاتی یەكلایی بوونەوەی دەركانی تایبەت یان پێكەوتەی تایبەت بەخۆی ڤاكسینی (BCG) وەربگرێت، جگە لەوەی سوودی باشی لێوەردەگرێت ، هیچ زیانێكی لاوەكیشی نابێت.